Main » 2008 » ديسمبر » 26 » با پەندو عیبرەت لەبەسەرهاتی ئەو پیاوە خیانەتكارە وەربگرین
1.40.37 PM با پەندو عیبرەت لەبەسەرهاتی ئەو پیاوە خیانەتكارە وەربگرین |
خێزان قەوارەیەكە تایبەتمەندی و پیرۆزی خۆی هەیە، بناغەی هەموو
كۆمەڵگەیەكش لە خێزانەوە دەستپێدەكات، چەندە خێزان،(بە گشتی) تەندروست و
بێ كێشە بێت ئەوەندەش كۆمەڵگەیەكی تەندروستمان دەداتێ.
ئەگەر چی بەدیهێنانی خێزان سەد دەرسەد تەندروست و بێ كێشمە مەسەلەیەكی
رێژەییە، بەڵام هەندێ پێوەر و بەها هەن ئەگەر لە خێزاندا هەبوو، دەتوانین
بڵێین ئەو خێزانە بەشێوەیەكی باش خاوەن قەوارەیەكی تەندروستە، لەو
پێوەرانەش سەروەربوونی بەهای راستگۆیی، دەستپاكی و دڵسۆزی ئەندامانی خێزان
بۆ یەكتر، هەروەها لە هەمووشی گرنگتر لەخۆ بووردەیی و كۆشش و ناپاكی
نەكردن.. بە داخەوە زۆرجار یەكێ لە ئەندامە سەرەكییەكانی خێزان(كە ژن و
مێردە)، لەو پێوەرانە لا دەدات و دەبێتە سەرچاوەیەكی سەرەكی كێشە بۆ ئەو
خێزانە، ئەو كێشەیەی كە لێرەدا دەیخەینە بەرچاوی خوێنەران، نموونەیەكە بۆ
راستی گرنگی بوونی ئەو پێوەرانە و بەڵگەش كە ئەگەر لە یەكێ یا زیاتری ئەو
پێوەرانە لاماندا دووچاری چ كێشەیەكی گەورە دەبینەوە و چۆنیش شێوازی
خێزانێك تێكدەدەین و كێشە بۆ خۆمان و كۆمەڵگەش دروستدەكەین، ئەویش بەهۆی
ناپاكی كردنی پیاوێكە لە خێزانەكەی دواجار تیاچوونی خۆشی.
خێزانێی بەختەوەر و ئاسۆیەكی گەش
چەند مانگێك بەسەر رووداوێكی دڵتەزێندا رەتببوو، كاتێك زانیمان پیاوێك
بەهۆی بوونی پەیوەندییەكی نا دروست و لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزانداری
لەگەڵ كچێكدا كوژراوە... ئەو پیاوە ئەگەرچی خاوەن ژنیش بووە، بەڵام ئیدی
دوای ساڵانێك كە پێشتر پەیوەندی لەگەڵ كچێكەوە هەبووە و دووبارە
گەڕاوەتەوە سەر خوەكەی جارانی و پەیوەندی لەگەڵ بەستۆتەوە پاش ئاشكرا
بوونی بەیانییەكی زوو لەسەر كارەكەی بەر چەقۆ دەدرێت و دەكوژرێت، یەكێ لە
خزمە نزیكەكانی خێزانی ئەو پیاوە هەندێ لەو وردەكاری ئەو رووداوەمان بۆ
دەگێڕێتەوە و بەمشێوەیە كوشتنەكەیمان بۆ باس دەكات و دەڵێ:
(ئەو پیاوە ناوی( عەباس)بوو، گەنجێكی رێك و قۆز بوو، كە كوژرا لە
تەمەنی(24) ساڵیدا بوو، هێشتا خوێنی هەرزەكارێكی دڵتەڕی عاشقی تێدەگەڕا و
پیاوێكی بە زەوق و شەوق بوو، ئەگەر چی یەك ساڵ بوو ژنیشی هێنابوو، خاوەن
منداڵێكیش بوو من و( عەباس) جۆەر خزمایەتییەك و برادەرایەتییەكیش كۆی
دەكردینەوە، هەردووكمان وەستای ئاسنگەری خانوو بووین و بەیەكەوە كارمان
دەكرت و وەكو دوو شەریك و دوو هاوڕێش بەیەكەوەبووین ، ئەو ژنەشی كە
هێنابووی هەر خزمی خۆم بوو، من هەوڵمدا خزمایەتییان لە نێواندا دروست
ببێ،(عەباس) پێش ئەوەی ژن بهێنێ ماوەیەك بوو كچێكی خۆشدەویست و دوو جاران
چووبووە خوازبێنی ماڵی كچە نەیاندایێ، تەنیا لەبەر ئەوەی بە دەنگووباسی
بوونی پەیوەندی نێوانیان زانی بوو، بۆیە لە رقی ئەو دەنگۆیانە خوازبێنی
(عەباس)یان ، رەتكردۆبۆوە، ئەویش لە داخی ئەوان پەیوەندییەكەی نەدەپچڕاند
و وازی لە كچەكە نەدەهێنا.
ماڵی كچە ماڵێكی داخراوی زۆر كەللە رەق بوون كە زانییان هەر واز ناهێنێ،
رۆژێك رێی پێدەگرن دەبێتە شەڕیان ئەو بە تەنیا و ئەوانیش سێ كەس،(عەباس)
لەوان دەدا و ئەوانیش لە(عەباس) دەدەن، تاوەكو خەڵك لێكیان دەكەنەوە
سەروپۆتەڵاكی یەكتر لە خوێن وەردەدەن، ئەمە وامان لێدەكات ئێمە فشاری زۆر
بێنین بۆ(عەباس) و كچەكەی لە پێش چاو ڕەش كەین و تاوەكو دەستبەرداری بێت،
ئەویش بە ناچاری بە گوێمان دەكات و واز لە كچە دەهێنێ، ماڵی كچە وەكو
سزایەك بۆ كچەكە جگە لەوەی كە ئەوەندەی لێدەدەن ماركوژی دەكەن، هەرچی
داخوازیەكیش كە دەهاتە خوازبێنی رازی نەدەبوون و دەیانگوت كچەكەمان بە
مێرد نادەین، بەهەرحاڵ بۆ ئەوەی بە تەواوی كچەكەی لە بیربچێتەوە كچێكی
خزمی خۆمانمان پێدا، خوا هەڵناگرێ سەرەتا خێزانێكی بەختەوەر و پڕ
كامەرانیان هەبوو، ژن و مێرد یەكتریان خۆشدەویست و بەو پەڕی تەبایی دەژیان
تا منداڵێكی خنجیلانەشیان بوو، بەڵام دوای ماوەیەك دیسان بەزمەكە
دەستیپێكردەوە...
دروستكردنەوەی پەیوەندی
دیارە مرۆڤ كە خێزانی پێكهێنا دەبێ دڵسۆزیش بێت بۆ ئەو خێزانە و رێز لە
مافی هاوسەرەكەشی بگرێت و ناپاكی لێنەكات، راستە ئەزموونی خۆشەویستییەكی
سەرنەكەوتوو ئەزموونێكی تاڵ و ناخۆشە، بەڵام مانای كۆتایی هاتنی بە دنیاش
نییەن شتێكی مەحاڵ نییە نەتوانێ كاریگەرییەكانی نەهێڵێ، بەڵام وەك ئەو
خزمەی(عەباس) بۆمان دەگێڕێتەوە و جەختی لەسەر دەكاتەوە كە(عەباس) هەڵەیەكی
وایكرد كە سەری خۆی تیا بە فەتارەت بداتن ئەو لەسەر گێڕانەوەی ئەو رووداوە
دڵتەزێنە بەردەوام بوو و گوتی: رۆژێك من و(عەباس) لەسەر كاربووین كە باسی
ئەو كچە لە نێوان من و (عەباس) هاتەوە گۆڕێ و پێی گوتم: دەزانی خەریكە
دیسان برینم بكۆڵێتەوە، منیش گوتم بۆ؟ گوتی: چیت لێبشارمەوە،وەڵڵا دوێنێ
فڵانەكەسم بەڕێكەوت بینیووە، هەردووكیشمان سەرمان لەو رێككەوتە سوڕما و
ئاگامان لە كەس نەما هێندەی تەماشای یەكتر بكەین، كە بینیم، بە چاو
تێیگەیاندم كە ماڵیان لەو ناوەیە واتە لە نزیك ئەو شوێنەی كە یەكتریمان
بینی، دیارە ماڵیان لە شوێنی كۆنیان نەماوە، منیش دووربەدووری بە
دوایانكەوتم تا ماڵەكەیانم ناسی، لە دوێنێیەوە خەو نەچۆتە چاوم هەر بیری
لێدەكەمەوە... ئیتر منیش كە گوێم لە قسەی بوو، زۆر هەوڵم لەگەڵیدا كە واز
لەو باسە بێنێ و ئەو هەڵەیە نەكاتەوە جارێكی تر ئەو پەیوەندییە زیندوو
بكاتەوە و پێم گوت:(عەباس) كاكە تۆ تازە ژن و منداڵت هەیە، ژنەكەی خۆت
خۆشدەوێ و ئەویش تۆی خۆشدەوێت، واز لەو منداڵكارەییە بێنە با تووشی
بەڵایەك نەبین، ئەو شتە تازە كۆن بوو بە كەڵكی ئێستای تۆ نایەت، تۆ كە كوڕ
بوویت براكانی نەیانداێی، ئیدی ئێستاكە كە خاوەن ژن و منداڵیت چۆن
دەتدەنێ...مەگەر نیازێكی ترت هەبێ، ئەوەش نازانم، بەڵام ئەوەندە دەزانم و
زۆریش دڵنیام ئەگەر ئەو كارە بكەی كۆتاییەكەی باش نابێت.
من دوو سێ رۆژان بەردەوام هۆشداریم دەدایێ بڕواشم نەدەكرد بە پێچەوانەی
قسەكانم رەفتار بكات.. بەڵام دیارە ئەو بڕیاری خۆی دابوو، لە دڵی خۆیدا
گوێی بەم قسانەی من نەدابوو، یەك دوو هەفتەی پێچوو، بۆم دەركەوت یەكتر
دیتنیان گەیشۆتە رادەیەك دووبارە پەیوەندییە كۆنەكەیان ژیاندۆتەوە و ناوە
ناوەش لە بازاڕ یەكتر دەبینن و بەیەكەوە بازاڕ دەكەن.
منیش بە هاوسەرەكەم گوت بەڵكو هۆشداری بداتێ و كاری لێبكات و هەڕەشەی
زیزبوونی لێبكات بەڵكو دەست لەو رەفتارەی هەڵبگرێت، ئەویش وایكرد و
جارێكیش زیزبوو، بەڵام توانی ئاشتیكاتەوە و گەڕاندیەوە، كەچی ئەو لەسەر
پەیوەندییەكەی خۆی هەر بەردەوام بوو، ئەوە بوو كاتێك خێزانەكەی سەردانی
ماڵی باوكی دەكرد، ئەوەی بەدەرفەت دەزانی و ماڵی خۆیانی دەكردە جێ
ژوانیان، كە ئەو شتانەی بە من دەگوت بەڕاستی سەرم سووڕما دەماو پێمدەگوت:
ئاخر براكەم تۆ بۆچی ئاكامی ئەو كارەت لێك نادەیەوە و تێی ناگەی، كوڕە
رەنگە سەرت تیابچێ، كە چی فشەی بەو قسانەم دەهات و دەیگوت عەشقێك ئەگەر نا
سۆری تێدانەبێ هەر عەشق نییە و پیاو نابێ لە هیچ شتێك بترسێت... بە هەر
حاڵ دواجار توشی تەڵەكە بوو، بەیانییەكی زوو لە خانوویەكدا كارمان دەكرد،
خانووەكە سێ نهۆمی بوو، ئێمە لە نهۆمی سێیەم بووین و ئەویش لە نهۆمی
خوارەوە بوو، كاتێك لە پڕ گوێمان لە دەنگی ناڵەو هاوار بوو، كە بە پەلە
هاتینە خوارەوە ، دیتمان(عەباس) لەو گۆڕە كەوتووە و لەشی خەڵتانی خوێن
بووە، یەكسەر رامانكردە دەرەوە و ئۆتۆمبێلسێكی جۆری پیكاب بە خێرایی لە
كۆڵانەكە بۆی دەرچوو كە یەك دوو زەلامی تێدابوو، كەسمان نەبینی و
نەناسییەوە، بۆیە بە پەلە گەڕاینەوە لای(عەباس) و هەر هێندەی پێگوترا (
ئەوان بوون براكانی فڵانەكەس)، لەوەندە زیاتر چیتری پێنەگوترا و لە هۆش
خۆی چوو، زانیمان لەگەڵ كێی بوو، بە پەلە خستمانە ناو ئۆتۆمبیل و
گەیاندمانە نەخۆشخانە، بەڵام ئەو لە رێگادا تەواو بوو، دیارە لەو ماوەیەش
ژنەكە زانیبووی كە ئەو كچەی هێناوەتەوە ماڵەوە ئەویش تۆرابوو، داوای
تەڵاقی لێكردبوو، هەواڵمان بۆی نارد، ئەوانیش هاتنە نەخۆشخانە و
تەرمەكەیان بردەوە بەڵام كەس و كاری ژنەكەی خۆیان نەكردە خوێنگری و خوێنی
هەروا بە فیڕۆ چوو، ئاخیرییەكەی نەشزانرا كێ بوو ئەوانەی دابوویانە
بەرچەقۆ و چۆن وایانلێكرد، نەشمانزانی چارەنووسی كچەكە بەچی گەیشت، كابرا
سەری تیاچوو ماڵیشی كاول بوو
|
Views: 712 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|