الأربعاء, 2024-11-27, 11.18.20 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2008 » ديسمبر » 16 » تارماییه‌كانى ئه‌و
2.15.31 PM
تارماییه‌كانى ئه‌و


عومه‌ر جه‌لال

نیگایه‌كى له‌ نێو دوكه‌ڵى جگه‌ره‌كه‌ى ده‌ستمدا به‌ جێماوه‌ ، زۆر سات به‌ خه‌یاڵى رۆژانى پۆله‌كانى زانكۆ رامانێك ده‌مباته‌وه‌ بۆ ئه‌ودیوى خه‌نده‌ شه‌رمنه‌كانى ئه‌و و گوناهه‌ سپییه‌كانى خۆم، ئه‌و كتێبێك بوو زه‌رد وه‌ك ره‌نگى به‌جێماوى من له‌ ژیان،  په‌ڕه‌كانى بۆنى ته‌نهایى منى لێده‌هات له‌ساتى گڕ گرتندا، شه‌پۆله‌كانى ئاو به‌و هه‌موو ساده‌ییه‌وه‌ نه‌ده‌گه‌یشته‌ شه‌پۆله‌كانى ئه‌و له‌ ساتى توڕه‌بووندا،  من له‌ سه‌ره‌تاى ناسینى ئه‌وه‌وه‌ به‌شه‌رمه‌وه‌ ئاو ده‌خۆمه‌وه‌ و له‌به‌رده‌م باراندا وه‌ك به‌رد خۆم رووتده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ په‌شیمانى، ئه‌و په‌ڕاوه‌م وه‌ك كتێبێكى پیرۆز هه‌ڵگرتووه‌ و كه‌ به‌ده‌ست خه‌تى ئه‌و نووسراوه‌ چه‌نده‌ رقم له‌ عه‌شقه‌، به‌رگى ئه‌و (میترۆیه‌م) له‌ته‌ك وێنه‌ شه‌رمنه‌كانمدا هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ ئه‌و بۆ یه‌كه‌م جار پیشكه‌شمى كرد.
من كه‌سێكى به‌جێماو له‌ كۆڵانه‌كانى منداڵى و خووگرتوو به‌ هه‌نگاوه‌كانى ئه‌و بۆ هه‌ركوێ بێت ئاراسته‌م په‌یوه‌سته‌ به‌ خه‌ونه‌كانى ئه‌و، ده‌ستێكم به‌ نیگه‌رانییه‌كانى خۆمه‌وه‌ گرتووه‌ و ده‌ستێكى دیكه‌م ونبوو له‌ نێو جه‌نگه‌ڵستانى پرچى تۆ له‌ رۆژه‌ پایزییه‌كانى ته‌مه‌نى عیشقى شكست خواردووى خۆم، دوكه‌ڵى تارمایى گه‌لێك ژووره‌كه‌مى لێوانلێو كردووه‌ له‌ بۆنى ئه‌و،له‌ سپێتى جانتاكه‌ى كه‌ ته‌ژى بوون له‌ فرمێسكى من ،ژووره‌كه‌م سیخناخه‌ به‌هه‌نگاوى ئه‌و، هه‌نووكه‌ بۆنى ئه‌و چه‌پكه‌ نێرگزه‌ى كه‌ به‌ده‌سته‌كانییه‌وه‌ زه‌رد ده‌بوون كتێبخانه‌كه‌مى ئاوێته‌ كردووه‌ به‌ بۆنى خۆى. دایكم ده‌رگاى ژووره‌كه‌م لێده‌كاته‌وه‌و ده‌مبینێت چه‌نده‌ له‌قۆناغى منداڵییه‌وه‌ نزیكم وده‌رنه‌چووم له‌وانه‌ ماتماتیكییه‌كانى ئه‌زموونى ژیانم وئیدى به‌ بێده‌نگى ده‌ڵێت :
-كوڕم ئه‌م هه‌موو زامه‌ سه‌خته‌ چیه‌ به‌ رۆحته‌وه‌ ؟ ئه‌م هه‌موو كتێبه‌ تۆزلێنیشتووانه‌ى ته‌مه‌نتى كردووه‌ته‌ قوربانى ره‌نگه‌كانى بێهووده‌یى،دڵنیام ( ئه‌و) تارماییه‌ وهه‌رگیز نییه‌ ئه‌گه‌ر ده‌بووه‌ بۆ ساتێك ده‌هاته‌ شانشینه‌ غه‌مگینییه‌كه‌ت و ده‌سته‌كانى ده‌گرتى له‌م خه‌ره‌نده‌ تاریكه‌ى بۆنى ژووره‌كانى دۆزه‌خى لێدێت رزگارى ده‌كردى.
هاوڕێكانم به‌ شۆخییه‌وه‌ پێم ده‌ڵێن :
-ئه‌م هه‌موو ئازاره‌ بۆ كێ ؟ ئه‌م هه‌موو سوتانه‌ كێ ده‌یبینێت جگه‌ له‌ بێكه‌سی تۆ ؟ وه‌ره‌وه‌ بۆ نێو زینده‌گى و به‌تارماییه‌كانى ئه‌و بڵێ ماڵاوا ، به‌ ئه‌ندازه‌ى تابلۆیه‌كى منداڵانه‌ ره‌نگت نه‌ماوه‌، كه‌ى ساتى گۆشه‌گیرى و پشتكردنه‌ له‌ ژیان.
هه‌میشه‌ غه‌مى من له‌وه‌دایه‌ ئه‌وانى دى ناتوانن بمخوێننه‌وه‌، كێشه‌ى من ئه‌وه‌نده‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ رۆحه‌وه‌ نیو هێنده‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ئاسووده‌ى ئه‌م ژیانه‌ ساده‌یه‌ كه‌ مرۆ بووه‌ته‌ ئامێرى ده‌ستى خۆشگوزه‌رانى.
من به‌ دیار ته‌نیایى خۆمه‌وه‌ دانیشتوم و ئاره‌زوومه‌ شكسته‌ جوانه‌كانى خۆم بنووسمه‌وه‌ په‌یامێك بنێرم بۆ ئه‌و هاورێ شكستخواردووانه‌ى كه‌وه‌ك من به‌ده‌ستى گرى عه‌شق پارچه‌ پارچه‌ بوون و پێیان بێژم :
پێویسته‌ ئێمه‌ى عاشق په‌یكه‌رێك له‌ تارمایى درووست بكه‌ین و كتێبى پیرۆزمان ئه‌و نامانه‌ بێت به‌ترسه‌وه‌ ده‌مانوسی و ئاینمان عه‌شق بێت و نیشتمانیشمان ئه‌و ژوانگه‌ بێت كه‌ بۆیه‌كم جار یه‌كدیمان تێدا بینى، عه‌شق فێرى ئه‌وه‌مان ده‌كات میهره‌بانبین به‌رابه‌ر به‌ سروشت و له‌ته‌ك به‌فر به‌سانایى بپه‌یڤین، قه‌شه‌نگى عه‌شق له‌وه‌دایه‌ فێرى زمانى ئاومان ده‌كات و به‌نه‌مریى ده‌مانهێڵێته‌وه‌، هیچ شتێك به‌ئه‌ندازه‌ى عه‌شق سه‌خت نییه‌ و هیچ شتێكیش به‌ئه‌ندازه‌ى عه‌شق مرۆ به‌هێز ناكات و بێ هێزیشی ناكات.
به‌گومانم له‌ بۆنى گیا، ره‌شبینم به‌رابه‌ر به‌ ده‌ریا، بێده‌نگم وه‌ك خۆَڵ له‌ ئاست (با) ، له‌ ته‌نیشت خۆمه‌وه‌ دانیشتوم له‌و تارماییانه‌ راماوم كه‌ بۆنى تۆیان لێدێت، ئه‌شێ بۆنى تۆ ئاوێته‌ى سه‌رجه‌م هاوكێشه‌كانى ژیان بووبێت جگه‌ له‌ كتێبه‌ بێكه‌سه‌كانى من، ژیانى من زۆر به‌ سانایى گوزه‌ر ده‌كات له‌ته‌ك تارماییه‌كانى تۆ ، خه‌ونه‌كانى من له‌ نزیك ماڵى دڵت چرۆى كردووه‌ و ئاسمانێك له‌ یاده‌وه‌رى ده‌ستى گرتووه‌ و وه‌ك هه‌ژارێك له‌ده‌رگاى دڵت ده‌دات و چاوه‌ڕوانى دواین په‌یڤى تۆیه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ژیان، منێك پارچه‌ بوو له‌ هزرى تۆ هیچم نییه‌ جگه‌ له‌و نووسینه‌ سادانه‌ نه‌بێت كه‌ به‌ترسه‌وه‌ ده‌مخوێندنه‌وه‌ و فه‌رامۆشت ده‌كرد ،  ئه‌وه‌ى كه‌ منى هێشتووه‌ته‌وه‌ له‌م ژیانه‌ بێهوده‌یه‌ ته‌نیا تارمایى ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌یه‌ كه‌ تواناى ئه‌وه‌ى داومه‌تێ هه‌ست بكه‌م له‌ژیانێكدام كه‌ بۆنى مه‌رگى لێدێ
Views: 1083 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  ديسمبر 2008  »
إثثأرخجسأح
1234567
891011121314
15161718192021
22232425262728
293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz