السبت, 2024-11-23, 7.28.23 PM Welcome Guest |
|
Main » 2008 » ديسمبر » 14 » بۆچی گەنجان ژن ناهێنن؟
2.49.05 PM بۆچی گەنجان ژن ناهێنن؟ |
لە كوردستان، ئێمە بۆ كوولتور و
خەڵكی دیكە دەژین، نەك بۆخۆمان." ئەمە قسەی (هیمداد عادل)ـە كە تەمەنی 26
ساڵە و تاوەكوو ئێستا ژنی نەهێناوە. كەی ژن دەهێنی؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە
كە كاتێك تەمەنت لە 25 ساڵ تێدەپەڕێت خەڵك بەردەوام دووپاتی دەكەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا كە هۆكارەكان بۆ خەڵك ڕوون دەكەیتەوە، بەڵام بەردەوام ئەم
پرسیارە هەر هەیە و لێتی دەكەن. ساڵ بە ساڵ لە كوردستان ژمارەی ئەو
كەسانەی كە تەمەنیان لە 25 ساڵ تێپەڕیوە و تاكوو ئێستا ژنیان نەهێناوە، لە
زیادبووندایە. "هەولێر" گفتوگۆ لەگەڵ چەند كەسێك دەكات، كە تەمەنیان لە 25 ساڵ تێپەڕیوە و تاكوو ئێستا ژنیان نەهێناوە. (ئومێد
نەجات) كە تەمەنی 29 ساڵە، ماوەیەك پێش ئێستا لە كارگەی قیر كاری دەكرد،
بەڵام ئێستا بێكارە. ئەو دەیگوت: "من ئامادەم و حەزیش دەكەم ژن بێنم،
بەڵام گرفتی هەرە گەورەم ئەوەیە كە خانووی خۆم نییە و ناشتوانم خانوو بە
كرێ بگرم، ئەگەرنا خانووی خۆم هەبووایە سبەی ژنم دەهێنا". (ئومێد)
نایەوێ ژن بێنێ و لەگەڵ دایكوباوكی بژی، لەبەر ئەوەی پێی وایە
ئازادییەكانی سنووردار دەبن. هەروەها رای وایە پاش ئەوەی ژنی هێنا، ئەگەر
لە ماڵی دایكوباوكی بمێنێتەوە، ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی دەمەقاڵێی
بەردەوام لە نێوان دایك و خێزانەكەی. ئەو دەیگوت: "ئەوكاتە دەبێ دایكوباوك
لە خۆت زیز بكەیت، یان هاوسەرەكەت، بۆیە حەز بەم جۆرە گرفت و ژیانە ناكەم". "كاتێك
برایە گەورەكەم ژنی هێنا لەگەڵ ئێمە مایەوە، پاش ماوەیەكی كەم بەردەوام
دەمەقاڵێی بێمانا دروست دەبوو لە نێوان دایكم و براژنم". (عەبدولخالق
حەسەن)ـی تەمەن 32 ساڵ، كە فەرمانبەری حكوومەتە و داهاتی مانگانەی نزیكەی
350 دۆلارە، دەیگوت: "ناتوانم ژن بێنم، چونكە تەنیا مارەكردن و گواستنەوەی
نزیكەی 5 هەزار دۆلاری دەوێت، لەگەڵ ئەوەش ئەگەر بتوانم ژنیش بێنم نامەوێ
لەگەڵ ماڵەوە بژیم". (عەبدولخالق) پێی وایە ئەگەر كارێكی باشت نەبێ، لەگەڵ خانووی سەربەخۆ، ئەوا ناتوانی خێزانێكی سەركەوتوو بنیات بنێی. بە
پێی ئاماری دادگەی هەولێر، مانگ لە دوای مانگ ڕێژەی تەڵاق لە هەولێر زیاد
دەكات و زۆربەی ئەوانەی كە داوای تەڵاق دەكەن ئەو ژن و مێردانەن كە تازە
هاوسەرگیرییان كردووە. بە گوێرەی هەمان ئامار، هۆكارەكان روون
كراونەتەوە بۆ: نەبوونی خانوو، كەمیی داهات، لاوازیی باری ڕۆشنبیری،
دەستتێوەردانی دایكان و باوكان لە ژیانی كور و كچەكانیان، بۆیە دادگە داوا
لە حكوومەت دەكات كە گرفتی خانوو بۆ گەنجان چارەسەر بكات. لە لایەن
خۆیەوە (عەبدولخالق حەسەن) ڕەخنەی ئاڕاستەی حكوومەتی هەرێم كرد و گوتی: "
تەنیا خەڵكی دەوڵەمەند سوودمەند بوون لەو شوقانەی كە دروست كراون ". ئەو
پێی وایە ئەگەر حكوومەت چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەی خانووبەرە نەدۆزێتەوە،
ئەوا لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم وڵاتە دووچاری گەورەترین گرفتی كۆمەڵایەتی
دەبێت. " هیچ تاقەتم نەماوە لەم كولتوورە سەپێنراوە بێمانایە، من
دەستگیرانم هەیە هەفتەی جارێك یان دووجار بە نهێنی و بە تەلەفۆن قسەی
لەگەڵ دەكەم، لەبەر ئەوەی ماڵی ئەوان حەز ناكەن قسە لەگەڵ كچەكەیان بكەم
تاوەكوو نەیگوازمەوە، تێناگەم ئەوە دەستگیرانمە یان دوژمنمە." ئەمەی سەرەوە قسەی (هیمداد عادل)ـی تەمەن 26 ساڵانە، كە فەرمانبەرە لە زانكۆی سەڵاحەددین. ئەو
وەك خۆی دەیگوت، نایەوێ جارێ دەستگیرانەكەی بگوازێتەوە، تاوەكوو كارێكی
باش نەدۆزێتەوە و خانووی خۆی نەبێ یان توانای ئەوەی هەبێ خانوو بە كرێ
بگرێت. (هیمداد) دەیگوت: "لە كوردستان، ئێمە بۆ كولتوورو خەڵكی دیكە دەژین، نەك بۆ خۆمان".
|
Views: 603 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|
|
Our poll | |
|