Main » 2008 » ديسمبر » 6 » كچان حەزدەكەن شاسواری خەونەكانیان چۆن بێت؟
2.43.36 PM كچان حەزدەكەن شاسواری خەونەكانیان چۆن بێت؟ |
هەمو كچێك لەژیانیدا بیر لەداهاتووی خۆی دەكاتەوە، بەوەی كە ئایا كوڕێكی
چۆن دەبێتە هاوسەری ژیانی تاكو خەمەكانی لەبیربباتەوە.تۆ بڵێی چی
لەچارەنووسی نووسرابێت، ئایا بەو كەسە دەگات كە خەونی پێوە دەبینێت یان
قەدەر بریاری خۆی داوە و بە پێچەوانەی خواستەكانی دەبێت.ژیان رۆژێك و
هەفتەیەك نییە، بۆیە تێگەیشتن لەنێوان هەردوو لا دا سەرەكیترین هۆكارە
تاكو چرای بەختەوەریان روو لەگەشی بكات و بەفری خەمەكانیان
بتوێتەوە.لەوانەیە چارەنووسەكە لەوە خۆشتربێت كەپێشبینی دەكەن، زۆرجاریش
ئاڕاستەی خەونەكان پێچەوانە دەبێتەوە و ئەوەی نایانەوێت روودەدات.ئێمە
لێرەدا بیروڕای چەند كچێك وەردەگرین بۆ زانینی ئەو نهێنیانەی كە لە ناو
دڵیان دایە و خەونی پێوە دەبینن.
جگەرە نەكێشێت و مەشروب نەخواتەوە
شارا پێی وایە مەرج نییە هاوسەری ژیان بەحەزی خۆت بێت بەڵكو لەچارەنووسی
نووسراوە.ئەو حەز دەكات كوڕێك بێت نوێژ بكات و رۆژو بگرێت، جگەرەكێش نەبێت
و مەشرووب نەخواتەوە. لەبنەماڵەیەكی ناسراو بێت و خاوەنی كەسایەتییەكی
بەرز بێت، توورە و دڵپیس نەبێت، خۆشی بووێت و رێزی بگرێت.
زۆر منی خۆشبووێت
شاناز بەم شێوەیە رای خۆی دەربڕی: یەكەمجار منی زۆر خۆشبووێت، خیانەتم لێ
نەكات و راستگۆ بێت، رەفتاری وەك من بێت. بەڵام من لەو بروایەدام ئەو
كەسەنییە یان دەگمەنە، چونكە بڕوا زۆر كەم بووە لەنێوان كچان و كوڕاندا،
ئەمەش وادەكات نەتوانن ئەو كەسە بدۆزنەوە كە بەدوایدا دەگەڕێن.
دڵی لێم پیس نەبێت
بەپێی قسەكانی ڤیان، هەموو كچێك حەزدەكات پیاوی خەونەكانی زۆر خۆشی بوێت و
ئەمە خەونی هەموو كچێكە، بەڵام شتی گرنگتریش هەیە، لەوانە دڵی لێی پیس
نەبێت، بڕوای پێی هەبێت و رێزی لێ بگرێت. لای ڤیان جوانی روخسار زۆر
كاریگەر نییە بەقەد رەفتار و سروشتی كەسەكە لەبەرئەوەی جوانی تەمەنی
كورتە، بەڵام سروشتی مرۆڤ ناگۆڕێت.
هەموو مافەكانم دابین بكات
ئەڤین لەم بارەیەوە گوتی: حەز دەكەم ئەم پرۆسەیە لەدوای قۆناغی زانكۆ بێت،
دەمەوێت ئەو كەسەی دەبێتە هاوبەشی ژیانم كەسایەتییەكی بەهێزی هەبێ، ئەو
كەسە تارادەیەك رۆشنبیر بێت و سەرنجراكێش و رێك بێت. ئەگەر لایەنی ماددی
زۆر باشیش نەبێت لای من نابێتە كێشە بەس دەبێت پێداویستییەكانم دابین
بكات. لەكۆتایدا شتێك ماوە كە من زۆر پێم گرنگە، ئەویش رێزگرتنە
لەكەسایەتیم و دابینكردنی هەموو مافەكانم.
رەوشت بەرز و رۆشنبیر بێت
بێخاڵ ئاماژەی بەچەند لایەنێك دا كەدەیەوێت لەكەسی بەرامبەریدا هەبێت
بەوەی رۆشنبیر بێت، تاڕادەیەك جوان بێت، رێزی لێ بگرێت و خۆشی بووێت.
بتوانێت ژیانی بەڕێوە ببات، رەوشت بەرز بێت و پەیڕەوی رێنماییەكانی
پەروەردگار بكات، جگە لەمانەش بێخاڵ حەزدەكات ژیانێكی ئاسوودەی بۆ
برەخسێنێت.
بە تەمەن لەخۆم گەورەتر بێت
بەهەمان شێوەی ئەڤین، خومار حەزدەكات لەدوای تەواو كردنی زانكۆ ئەو كەسە
بدۆزێتەوە كەخەونی پێوە دەبینێت.خومار بەم شێوەیە رای خۆی دەربڕی:
خوێندەواری هەبێت و بیروبۆچوونەكانی لەمنەوە نزیك بێت.جوانیش گرنگە بەڵام
لەهەموو شتێك گرنگتر نییە. ئەو كەسە دڵپیس و رەزیل نەبێت، بەتەمەن لەخۆم
گەورەتر بێت، پەیوەندی كۆمەڵایەتی باش بێت و كەسێكی دوورە پەرێز نەبێت.
جوانی و ناشرینی لای من گرنگ نییە
فرمێسك یەكێكی تر بوو لەو كچانەی دەربارەی ئەم بابەتە قسەی بۆ كردین.
فرمێسك لەژیانیدا كەسێك هەیە كە خۆشی دەوێت، ئەو پێی وایە خۆشەویستی
گەورەترین سەرمایەی ژیانە لەهەموو شتێك گرنگترە و تەنیا هۆیە بۆ
بەختەوەری.لای فرمێسك، ئەوە گرنگ نیە كە ئایا كوڕەكە هەژارە یان
دەوڵەمەند، جوانە یان ناشرین، قوتابییە یان كاسبكار، گرنگ ئەوەیە یەكتریان
خۆشبوێت و بەیەكەوە رووبەڕووی گرفتەكانی ژیان ببنەوە.
لەمانای خەندە و فرمێسكەكانم بگات
تەمەن بە دەم پێكەنینەوە و بەم شێوەیە رای خۆی دەربڕی: كەسێكی رۆشنبیر
بێت، لەمانای خەندە و فرمێسكەكانم بگات، دەم بەخەندە بێت، بۆخۆی بژیت بۆ
خەڵكی نەژیت، نەزۆر جوان بێت و نە زۆریش ناشرین، حەزدەكەم كوڕەكە ئەسمەر
بێت، چونكە بەڕای من ئەو كوڕانە زۆر سەرنجراكێشن.
لەهەڵەكانم ببورێت
ریشما حەز دەكات ئەو كەسەی كە هەڵی دەبژێرێت ئەو ئەركانەی كە لەسەر
شانیەتی جێبەجێیان بكات وەك: خۆشەویستی، رێزگرتن لەهەستەكانی، رێگری لێ
نەكات و لەهەڵەكانی ببورێت، یارمەتی بدات لەبەڕێوەبردنی ئەركی خێزانیدا،
لەهەستەكانی بگات و برینداری نەكات.دوا جاریش ریشما ئاماژەی بەوە دا كە
ئارەزوو دەكات كوڕەكە هەشت تا نۆ ساڵ لەخۆی گەورەتر بێت.
وەفادار بێت
كەپرسیارەكەمان ئاڕاستەی دالیا كرد، تا ماوەیەك وەڵامی نەداینەوە، وەك
ئەوەی تا ئێستا بیری لێ نەكردبێتەوە، دواتر هاتە قسە و گوتی(خەونی من
ئەوەیە لەداهاتوودا كوڕێكی وەها ببێتە هاوسەرم كە تەواوكەری من
بێت،وەفادار و راستگۆ بێت و دڵپیس نەبێت، تێگەیشتن لەنێوانماندا هەبێت و
لەهەڵەكانی یەكتر ببورین.
كەسایەتییەكی دیاری هەبێت
لەكۆتاییدا ئەڵوەن بەچەند وشەیەك كۆتایی بەم ریپورتاژە هێنا گوتی:
حەزدەكەم پیاوی خەونەكانم كەسایەتییەكی دیار بێت لەناو كۆمەڵگادا، لێم تێ
بگات و دوارۆژێكی ئاسوودەم بۆ تەرخان بكات.
|
Views: 752 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|