Main » 2008 » أوكتوبر » 26 » دابڕان و خەمی رۆژگار عەشق و ئاسوودەیی سەمیرە دەخنكێنن
2.29.32 PM دابڕان و خەمی رۆژگار عەشق و ئاسوودەیی سەمیرە دەخنكێنن |
ئا: ئومێد عەلی فەتاح لە هەر كوێیەكی ئەم دونیایەدا بین و بۆ هەر مەبەستێك بژین بە دوور نابین
لە خەم و ئازار و كێشە، چونكە ئەمانە لەگەڵ دروست بوونی ژیاندا هەبوون و
ئەو چەكەی كە مرۆڤ دەتوانێ دژیان بە كاری بهێنێ تەنها ئارامگرتن و
هەوڵدانە بۆ پڕ كردنەوەی شتە لە دەست چووەكانی ژیانمان،سەرەڕای ئەوەی نابێ
نكوڵی لەوە بكەین كە دڵی مرۆڤ توانایەكی سنوورداری هەیە بۆ بەرگەگرتنی خەم
و پەیوەستە بە ئیرادەی مرۆڤەكانەوە و لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە،
هەندێ جار خەمی وا روو لە ژیانمان دەكات كە رۆژی سەد جار پێوەی دەمرین و
زیندوو دەبینەوە، بەڵام ئەو كاتەی ئەو خەمە ژوورەكانی دڵمان پڕ دەكات لە
ئازار و دیواری سەبرمان بە سەر ئاسۆی بیر و ئیرادەماندا دەڕووخێنێ، تەنها
وشەیەك دەمێنێتەوە بۆ گوتن كە ئەگەر بە فریا بكەوین بە هاوڕێكانمانی بڵێین
و بۆ دواجار ماڵئاواییان لێ بكەین وەك ئەوەی بە سەر سەمیرەی ناسك و
نازداردا هات...
سەرەتای ئەوینێكی پاك
سەمیرە كچێكی رۆح سووكی قسە خۆش، لە ناو هاوڕێكانیدا خۆشەویست و هەمیشە
نازداری دایە و بابەی بوو، دوو خوشك و برایەكی هەبوو،ئەوكات تەمەنی نۆزدە
ساڵ بوو كاتێك كە نەوزادی ناسی،یەكتر ناسینی نەوزاد و سەمیرە قەدەرێكی
سەیر بوو كە هەمیشە باسیان لەو قەدەرە دەكرد كە ئەم دوو دڵەی پێكەوە
بەستەوە تەنانەت خۆشیان باوەڕیان نەدەكرد كە وا بە ئاسانی ببنە هاوڕێ و
دواجار خۆشەویستی یەكتری ....
سەمیرە لە گەڵ ژمارەیەك لە دەستەخوشكەكانی رۆژێك لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە
لە رێگا كوڕێك لە دوایەوەدەڕوات و بە هێواشی بانگی دەكات (كچە جوانەكە كچە
جوانەكە لە گەڵ تۆمە وەڵام بدەوە) كاتێك كچەكان ئاوڕدەدەنەوە نەوزاد
ئاماژە بۆ سەمیرە دەكات كە مەبەستی ئەوە، هەر لەو كاتەدا سەمیرە بە روویدا
هەڵدەشاخێ و پێی دەڵێ (ها چیت دەوێ؟ منت بۆچیە؟ تۆ دەزانی من زۆر رقم لەو
كوڕانەیە كە رێگە بە كچان دەگرن؟!) نەوزاد لەو كاتەدا هەوڵ دەدات بۆی روون
كاتەوە كە هیچ مەبەستێكی خراپی نییەو داوای خۆشەویستیشی لێ ناكات، تەنها
كارێكی تایبەتی پێیەتی بەڵام بێسوود دەبێ و سەمیرە لە گەڵ هاوڕێكانیدا
بەجێی دێڵن، بۆ شەوەكەی قسەكانی نەوزاد سەمیرە دەخاتە ناو خەیاڵاتێكی
قوڵەوە كە وایلێ دەكات بڕیار بدات بۆ رۆژی دواتر ئەگەر بیبینێتەوە قسەی
لەگەڵ بكات تا بزانێ ئەو كوڕە چی دەوێ، ئیتر لەگەڵ دەستپێكردنی رۆژێكی نوێ
و رۆیشتنی سەمیرە بۆ قوتابخانە لە رێگا هەمان كوڕ دەبینێتەوە، كە لێك نزیك
دەبنەوە پێی دەڵێ (ببورە دوێنێ ئیشت هەبوو؟)ئەویش پێی دەڵێ بەڵێ، من ناوم
نەوزادە ناتوانم لێرەدا ئیشەكەمت پێ بڵێم بەڵام داوات لێ دەكەم بە هەڵە
لێم تێ مەگە و حەز دەكەم لە شوێنێكی تر دوور لە چاوی خەڵكی یەكدی ببینین
بۆ ئەوەی بە تەواوی لێم تێبگەی، ئیتر سەمیرەش ناوی خۆی پێ دەڵێ و بۆ
ئێوارەكەی دەچنە شوێنێكی ئەمین و نەوزاد پێی دەڵێ (بمبەخشە زۆر ئەزیەتم
دای،دڵگران مەبە ئەگەر بڵێم زۆریك لە هاوڕێكانم بە جوانی تۆ سەرسامن چەند
رۆژ لەمەو پێش دەیانگوت كەس ناتوانێ قسە لە گەڵ ئەو كچەدا بكات زۆر لە خۆی
رازیە منیش گرەوم لەگەڵدا كردن كە هەوڵ دەدەم بتكەمە هاوڕێی خۆم ئێستا زۆر
بە پاكی پێت دەڵێم كە ئەگەر تۆ رازی بیت هەم گرەوەكە لەوان دەبەمەوە و لە
لایەكی تریشەوە مادام ئەوەندە كچێكی رۆشنبیری بەدەم داواكەی منەوە هاتی
هاوڕێیەتی تۆ دەبێتە گەورەترین دیاری بۆ من لە ژیانمدا،ئیتر لێرەوە
هاوڕێیەتی نێوان سەمیرەو نەوزاد دەست پێدەكات تا دوا جار هێندە پەیوەست
دەبن بە یەكەوە لە دووری یەكتری ئارامیان لێ دەبڕێ و رازی عەشقیان بۆ
یەكتری دەكەنەوە و دەبنە دوو دڵدار بە كۆمەڵێك خەونی رەنگا و رەنگ و
عاشقانەوە...
ئاشكرابوونی پەیوەندییەكەیان و دابڕانێكی كاتی
خەون و هیواكانی ئەم كچ و كوڕە رۆژ بە رۆژ زیاتر پەرە دەسێنێ بەردەوام لە
ناو دەریای خۆشەویستی یەكتریدا دەتوێنەوە تا وای لێدێت زۆر جار نەوزاد
دەچێتە ماڵی پووری كە دراوسێی ماڵی سەمیرە بوون لە یەكێك لە ئێوارەكاندا
بە مەبەستی سازدانی ژوانێكی عاشقانە بە دزە نیگا و تەماشاكردنی دوور بە
دوور دەچێتە لای ماڵی سەمیرە و لەو كاتەدا سەمیرە دێتە دەرەوە و لە ناو
دونیای عاشقانەی خۆیاندا نوقم دەبن، باوكی سەمیرە لە بازاڕ دێتەوە و هەستی
پێدەكات بۆیە زۆر لە سەمیرە تووڕە دەبێت و چاودێریەكی تووند دەخاتە سەری و
پاش چاودێریەكی زۆر و ماوەیەكی دوورودرێژ رۆژێك سەمیرەی كچی لە گەڵ
كورێیكدا كە نەوزادە لە یەكێك لە باخەكانی شار پێكەوە دەبینێت ئیتر جامی
سەبری لێی دەڕژێ و بە قسەی سووك و هەڕەشە لێكردن دەیباتەوە ماڵەوە و لەوێش
تا بتوانێ لێی دەدات ئیتر دوای ئەوە سەمیرە پەیوەندی بە نەوزادەوە دەكات
كە با تا ماوەیەك بەردێك لە سەر مەوزوعەكە دابنێن ئینجا دواتر نەوزاد بێتە
داخوازی بۆ ئەوەی بێ ترس بتوانن لە ژێر ساباتی ئەوینێكی نەبڕاوە و لە
چوارچێوەی خێزانێكدا پێكەوە بژین، نەوزاد بەم قسانە رازی دەبێت و لە
چاوەڕوانی ئەو رۆژەدا رۆژو مانگ و ساڵ دەژمێرێ،هەرچەندە ئەم كارە بۆ
هەردوولا زۆر زەحمەت بوو، بەڵام ناچار بوون لە پێناوی ژیانێكی هەتا هەتایی
و پێكەوە بوونێكی بەردەوام دان بە خۆیاندا بگرن و ئازاری دووری نێوانیان
قبوڵ بكەن و بۆ ماوەیەك لە یەكتری دوور بكەونەوە
كۆچ بۆ هەندەران و مردنی سەمیرە
لە بەر ئەوەی سەمیرە تاقە براكەی لە هەندەران و لە وڵاتی سوید ژیانی بە
سەر دەبرد و ئیقامەی سیاسی هەبوو بڕیاری دابوو ماڵەوەیان بباتە هەندەران و
ئیتر ئەم خێزانە پاشماوەی ژیانیان لەوێ بە سەر بەرن،ئەم هەواڵە لە كاتێكدا
مژدەیەكی گەورە و ئایندەیەكی مسۆگەر بوو بۆ ئەم خێزانە لە هەمان كاتدا
خەمی دابڕانێكی قوڵ و مەرگی عەشقێكی پاك بوو بۆ سەمیرە كە دوای بیستنی
شەورۆژی بە گریان بە سەر دەبرد، كاتێكیش كە نەوزاد ئەم هەواڵە لە زاری
سەمیرەوە دەبیستێت رۆژی لێ دەبێتە شەوی تاریك و دەست و برد دەنێرێتە
داخوازی سەمیرە، بەڵام باوكی سەمیرە نەك هەر رازی نابێ بیداتە نەوزاد
بەڵكو و جڵەوی حوكمی پیاوسالاری خۆی تووندتر دەكات و لەوێدا بڕیار دەدات
كە یا ئەوەتا دەبێت بیداتە برازایەكی خۆی بە ناوی (هاوكار) یان دەبێ لە
گەڵیان بچێتە هەندەران،سەمیرە بە هیچ شێوەیەك رازی نابێ شوو بە نەوزاد
نەبێ بە هیچ كەسی تری بكات هەر لە بەر ئەوە بە هاوكار رازی نابێ و بڕیار
دەدات بچێتە هەندەران بەو ئومێدەی لە ئایندەدا نەوزادیش بتوانێت بچێتە
ئەوێ و ئەگەر لە دوارۆژەكانی تەمەنیشیاندا بێت بە عشق و ئەوینی یەكتری شاد
بن و ئاواتیان بێتە دی،رۆژێك پێش سەفەركردن بەبەهانەی ئەوەی كە ماڵئاوایی
لە دەستە خوشكەكانی دەكات دەچێتە ماڵی نەوزاد و لە وێدا تێر تێر یەكتری بۆ
دوا جار لە ئامێز دەگرن و جۆشی دڵ و رەوتی فرمێسكیان چریكەی دەچێتە ئاسمان
و لەوێدا دوو دڵدار لەگەڵ گوتنەوەی وشەی خودا حافیزیدا بەڵێنی عەشق و
وەفاداری نوێدەكەنەوە كە هەرگیز بۆ ساتێكیش یەكتری لە بیر نەكەن و
نەوزادیش بەڵێن دەدات كە پاش تەواوكردنی خوێندن كە ئەوكات قوتابی قۆناغی
سێیەمی كۆلێژ بوو بچێتە هەندەران بۆ لای خۆشەویستەكەی،پاش ماوەیەك لە
گەیشتنی ئەم خێزانە بۆ وڵاتی سوید پەیوندی نێوان نەوزاد و سەمیرە لە رێگەی
ئینتەرنێت و تەلەفۆنەوە هەر بەردەوام دەبێت تا دواجار باوكی دەزانێ هەر
پەیوەندیان ماوە، بڕیار دەدات كە بیداتە كوڕێكی كوردی دانیشتوی ئەو وڵاتە،
هەرچەندە سەمیرە ناڕازی دەبێت بەڵام باوكی هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكات ئەگەر
شووی پێ نەكات، پاش ماوەیەك سەمیرە دەبێتە هاوسەری ئەو كوڕە و دوو مانگ بە
سەر هاوسەرگیریان تێپەڕ نابێت، بەیانییەك دەبینن سەمیرە لە ناو خەوێكی
قوڵدا ماوەتەوە و دەستی بە كۆچێكی ئەبەدی كردووە و لە سەر سەرینەكەی بە
خەتێكی كاڵ نوسیوویەتی (ماڵئاوا خۆشەویستەكەم نەوزاد)،پاشان تەرمەكەی
دەبردرێتە نەخۆشخانە و پاش لێكۆڵینەوە دەردەكەوێ كە سەمیرە لە ئەنجامی
خەمۆكییەكی زۆرو چەشتنی ئازارگەلێكی بە سوێ دڵی راوەستاوە واتا سەكتەی دڵی
لێیداوە بەمجۆرە سەمیرەش بوو بە یەكێكی تر لەو هەزاران دڵدارەی كە بە
بێدەنگی ژیاو بە كپی عاشق بوو و بە خەمێكی زۆرەوە بە هێمنی چاوەكانی لێكنا
و سەری نایەوە....
دەرئەنجام
ئەم بەسەرهاتە ئەو راستییەمان بۆ دەسەلمێنێت كە عەشق و خۆشەویستی
سنوورەكان كاڵ دەكاتەوە و دووریەكان ناناسێت، هەرچەندە دوو دڵ لە یەكتر
دوورخەینەوە ناتوانین زەڕەیەك لە عەشق و ئەوینیان كم بكەینەوە،ئەگەر چی
رۆژانە بەدەم زۆر خەم و دەردەوە دەتلێینەوە بەڵام دەردی دووری و لێك
دابڕان سەخت ترین زامە لە ژیانی هەر كەسێكدا،دەبێ ئەو راستیە قبوڵ بكەین
كە كاتێ باوكێك رێگر دەبێ لە بەر دەم كچەكەیدا بۆ ئەوەی ژیانێكی سادە لە
گەڵ خۆشەویستەكەیدا هەڵبژێرێ كچەكەی خۆی دەكاتە قوربانی مەرگێكی
قورس،هەرچەندە خۆكوشتن و خۆسوتاندن بڕیارێكی هەڵەیە بەڵام هەڵەیەكی
گەورەتر ئەو بڕیارە دروست دەكات كە ئەویش بڕیاری زاڵمانەی لێك جیاكردنەوەی
دوودڵ و سەپاندنی دەسەڵاتی پیاو سالاریە بەسەر هەستی ناسك و نازداری
كچەكانماندا،ماوەتەوە بڵێین بابەس بێ لە گۆڕنانی خەونە ئاڵو واڵاكان و
كوشتنی عەشق و دەست خستنە بینەقاقای ئاسودەی
سةرضاوة ميديا طولاَن
|
Views: 1769 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|