Main » 2008 » أوكتوبر » 22 » پیاو بۆچی خۆشەویستی دەكات
3.22.29 PM پیاو بۆچی خۆشەویستی دەكات |
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا جورئەتی زۆری دەوێ كەسێ خۆی بخاتە ناو دەریای
خۆشەویستی و بتوانێ بە ئاسانی مەلە بكات و نەخنكێت، چونكە دەبینین خەریكە
خۆشەویستی مانا پیرۆزكەی لە دەستدەدات كچان و كوڕان متمانەیان بە یەكتری
نامێنێ.
خۆشەویستی مەم و زین، فەرهاد و شیرین نموونەی خۆشەویستی پاك و بێگەردمان
پێشاندەدەن لە رابردوودا، بەڵام ئەو خوشەویستییەی ئەمڕۆ لە كۆمەڵگەكەماندا
بڵاوە بۆ تێركردنی ئارەزووە شەهوانییەكان و مەرامی دیكەیە، ئەمەش بۆ خۆی
كێشەیەكی كۆمەڵایەتی خەتەرناكە، هەر بەو هۆیەشەوە زۆربەی خۆشەویستییە
راستەقینەكانیش دەرەنجام دەبنە خۆشەویستییەكی چەپێنرا، بێگومان ئەم بابەتە
باس و خواسی زۆر هەڵدەگرێ، بۆیە لەسەر ئەم تەوەرە چەند گەنجێكمان هێنایە
قسە.
سەرەتا(سەربەست سوڵتان مزوری) قوتابی كۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری هاتە
دوان و گوتی: خۆشەویستی بریتییە لە هێزێكی كاریگەر كە دەروونی مرۆڤ داگیر
دەكات و دوولایەنەش رەنگ دەداتەوە ئەمەش لە كاتێكدادەبێت كە ئەم
خۆشەویستییە لەسەر بناغەی وەفا و راستگۆیی بنیاتنرابێ، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ
تێبینی دەكرێت خۆشەویستی ناوەڕۆكە پیرۆزەكەی لەدەست داوە تەنیا وەكو ناو
بۆ مەبەستی تایبەتی بەكار دەهێنرێت، (سەربەست) دەڵێ: ئەمڕۆ خۆشەویستی بە
چەند مانایەكی دیكە پێناسە دەكرێت وەكو بێ وەفایی، نەخۆشی كۆمەڵایەتی و
سەرچاوەی دروست بوونی كێشەی كۆمەڵایەتییە، ئەمڕۆ زۆر كەس بوونەتە قوربانی
دەستی ئەوانەی خۆشەویستی تەنیا بۆ كات بەسەربردن و ئارەزووەكانیان
بەكاردێنن و یاری بە هەست و سۆزی چەندین مرۆڤی پاك و بێگەرد
دەكەن(سەربەست) هۆكاری ئەو بێ رێزییەی بەرامبەر خۆشەویستی دەكرێت
گەڕاندەوە بۆ دووركەوتنەوەی گەنجان لە كلتوری نەتەوەكەمان و گوتی: كلتووری
ئێمە، كە ناسراوە بە، پاكی و راستگۆیی و جوامێری خاوەنی چەندین داستانی
پیرۆزی دڵدارییە، لەلایەكی دیكەوە هۆكاری ماددیش كاریگەری خۆی هەیە ئەمەش
بە نیسبەت ئافرەتەوە كاریگەرە زۆر جار دەبینین پیاوێك خۆشەویستەكەی لە
دەستداوە بەهۆی ئەوەی نەیتوانییوە داواكاری كچەكە جێبەجێبكات لە زێڕ و
ئۆتۆمبێل و خانوو، ئەمەش وایكردووە پیاوانیش بە هەمان ئاڕاستە دا
بڕۆن(مزوری) لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێ: پیاو و ئافرەت هەردوولا تۆمەتبارن
لە بێ وەفایی ئەمەش بەپێی حاڵەت دەگۆڕێ، هەروەها زۆر جاریش دەبینین لەیەك
كاتدا كچێك زیاتر لە پەیوەندییەكی هەبووە و كوڕیش بە هەمان شێوە.
(ئاشنا ئیبراهیم)ی فەرمانبەر تەمەن(25) ساڵە دەڵێ: خۆشەویستی ئەو وشە
جوانەیە كە لەوانەیە مرۆڤ نەتوانێ بە چەند دێڕێك گوزارشتی لێبكات، مرۆڤ
بەهۆی خۆشەویستییەوەیە دەژی، خۆشەویستی یەكێكە لە پێداویستییە
مەعنەوییەكانی مرۆڤ وەك چۆن جەستە پێویستی بە خواردن و خواردنەوەیە، بەڵام
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە خۆشەویستی لای زۆركەس بووەتە شتێكی بێ مانا
دەبینین كەسێك لە رۆژێكدا چەندان دڵ دەكڕێت و دەفرۆشێت یاخود لە ژێر ناوی
پیرۆزی خۆشەویستییەوە كەسێ ئارەزووەكانی خۆی پڕ دەكات و كچەكە بە بەڵێن و
پەیمان و سوێند هەڵدەخەڵەتێنێ لە كۆتایشدا كچەكە تووشی گرفتی دەروونی و
كۆمەڵایەتی دەبێت، ئەمەش دڵپاكی كچان دەردەخات، بۆیە پێویستە كچان لەم
سەردەمەدا زۆر وریای خۆیان بن و هەڵنەخەڵەتێن ، چونكە تەڵەی زۆریان بۆ
دادەنرێت، لە درێژەشدا(ئاشنا) دەڵێ: كوڕانی ئەم سەردەمە زۆربێ وەفان
بەرامبەر خۆشەویستی رۆژانە چەندان نموونە دەبینین و دەبیستین، كە لە
زۆربەیاندا كوڕ دەستپێشخەرە لە بێوەفایی كردن.
لەلایەكی دیكەوە(دیاری محەمەد شەریف) قوتابی پەیمانگەی مەڵبەندی
مامۆستایانی هەولێر دەڵێت: بە نەمانی خۆشەویستی ژیانیش نامێنێ وەك كەلاوەی
لێدێت، بەڵام ئەمڕۆ مانا ئەسڵیەكەی خۆی لە دەستداوە و بەرەو مانایەكی دیكە
رۆیشتووە بە هەڵە تێگەیشتن لە خۆشەویستی لەلایەن كەسانێكەوە وایكردووە
كۆمەڵە كەسێك خۆشەویستی بكەن بە رێگەیەك بۆ گەیشتن بە ئارەزووەكانیان
هەروەها ئەوانەش كە دوێنێ متمانەیان بە خۆشەویستی هەبوو ئەمڕۆ كۆمەڵێ
پرسیاریان لا دروست بووە خەریكە ئەوانیش باوەڕیان بە خۆشەویستی
نامێنێ،(دیاری) هۆكاری ئەوەشی بۆ رۆڵی راگەیاندن گەڕاندەوە وگوتی:
راگەیاندن كاریگەری نێگەتیڤ و پۆزەتیڤی هەیە، بەڵام لاوانی ئێمە زیاتر
لایەنە نێگەتیڤەكەیان وەرگرتووە، زۆر جار كوڕێك كەوتۆتە داوی ئەشقی
كچێكەوە لە بەر ئەوەی زۆر خۆشی ویستووە ئامادەی هەموو قوربانی دانێك بووە
بۆیە كچەكەش ئەم هەلەی قوستۆتەوە بۆ بەدیهێنانی ئارەزووەكانی خۆی و بە
پیاوێكی گێلی لە قەڵەم داوە.
(شلێر محەمەد) یش كە قوتابییەكی تەمەن(21) ساڵە دەڵێت: خۆشەویستی وزەیەكی
لەبن نەهاتووە و ژیان بەهۆیەوە بەردەوامی دەبێت و بە خۆشەویستیشەوە جوانە
و مرۆڤ لە رۆژگاری ئەمرۆدا رێچكەیەكی نادروستی گرتووەتەبەر لە هەمبەر
خۆشەویستی دا و تووشی هەڵەی گەورە هاتووە، خۆشەویستی بۆتە كاڵا لە بازاڕدا
و نرخیشی زۆر هەرزانە، ئەمەش غەدرێكی گەورەیە لە خۆشەویستی دەكرێت،
پێویستە لاوانمان بەخۆدا بچنەوە لە هەمبەر خۆشەویستدا.
پێشان مەم بۆ زینەكەی خۆی بەخت دەكرد، بەڵام مەمی ئێستا زۆر بە ئاسانی
زینەكەی واز لێ دێنێ و كەسێكی دیكە دەخاتە دڵی خۆیەوە، دەربارەی
هۆكارەكەشی(شلێر) گوتی: پێشان كۆمەڵگە سادەبوو خەڵكیش دڵیان پاكبوو لە
یەكتر پەیوەندی كۆمەڵایەتییان بەهێزبوو، بەڵام ئێستا بارودۆخ جیاوازە و
دونیا گۆڕاوە، خەڵك بە دوای ئارەزووەكانی دا دەگەڕێت بێ جیاوازی جۆری
رەگەز، هەروەها كوڕان و كچان لە بەرامبەر خۆشەویستی بێ وەفان راستە هەندێك
كوڕهەن خۆشەویستی بۆ چەند كارێكی تایبەتی دەكەن، بەڵام كچیش هەیە بێ
وەفایە و تەنها بۆ كات بەسەربردن خۆشەویستی دەكات پێم وایە لەبەر ئەوەش
كوڕ و كچ هەردووكیان دەبنە قوربانی.
جیاواز لە ئەوانی دیكە( حەسیبە كەمال) قوتابی تەمەن(23) ساڵ دەڵێت:
خۆشەویستی بە مانا رۆمانسییەكەی هیچ بنەمایەكی نییە، ئەگەر پێش هاوسەرگیری
بێت تەنانەت كارێكی ناڕەواشە بە نیسبەت كۆمەڵگەوە، چونكە ئەمڕۆ كەسی
راستگۆ زۆر كەمە، ئەمڕۆ زۆر زەحمەتە تۆ كەسێك بدۆزیتەوە كە لە خۆشەویستی
تێبگات و متمانەی پێ بكەی، بەڵام دوای هاوسەرگیری بێت ئەوا متمانە و
راستگۆیی هەیە بەم شێوەیەش دەتوانن هەموو شتێك بۆ یەكتری بكەن، هەروەها
گوتی: رۆژانە ئێمە چەندان چیرۆكی خەمناك لەلاپەڕەی رۆژنامە و گۆڤارەكان
دەخوێنینەوە، كە زۆر لە كارەسات خراپترن، ئەمەش بەهۆی ئەو ناڕەزاییەیە كە
بەرامبەر خۆشەویستی دەكرێت، كە بۆ مەبەستی دیكە بەكاردەهێنرێت مەبەستە
راستەقینەكەی پشت گوێ خراوەیان لە یادكراوە، كە تێركردنی لایەنە
رۆحییەكەیە، لێرەشدا كچ و كوڕ دەبنە قوربانی خۆشەویستی چەوت و هەڵە.
(هەژار ساڵح) ی فەرمانبەریش دەڵێت: خۆشەویستی شتێكی پیرۆزە لە ژیاندا،
پێویستە نرخ و بەهاكەی بزانین، بێگومان خۆشەویستی ئەگەر پاك و بێگەردبێت
بە هیچ نرخێك ناكڕێت، خۆشەویستی ئەگەر قوربانی دانی تێدانەبێ ئەوا
خۆشەویستی نییە، گەڕان بە دوای پارەو ماددەدا وایكردووە هەموو شتێك ببێت
بە پارە زۆر جاریش بۆ گەیشتن بە كاری سیكسی پەنا دەبرێتە بەر خۆشەویستی،
لە هەندێ حاڵەتی لەم شێوەیەدا ئافرەت دەبێتە قوربانی حەزەكان(هەژار)
ئەوەشی گوت: مەرج نییە هەمووكات ئافرەت ببێتە قوربانی، بەڵكو زۆر كات
كوڕیش دەبێتە قوربانی ، پیاو هەیە بەراستگۆیی كچێكی خۆشدەوێ بەڵام خیانەتی
لێدەكات جا بەهەر هۆكارێ بێت، واز لە كوڕە دێنێ و لە ئەنجامدا
خۆشەویستییەكەی دەخنكێت.
دواجاریش توێژەری كۆمەڵایەتی(وشیار ئەحمەد ساڵح) لەسەر تەوەرەكەمان بەو
جۆرە هاتە قسە: خۆشەویستی جۆرێكی بەهێز پەیوەندی كۆمەڵایەتییە، مرۆڤ بێ
خۆشەویستی ناتوانێ ژیان بەریتە سەر، چونكە پێداویستێكی روحییە بۆ مرۆڤ،
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم سەردەمەدا خۆشەویستی بەشێوەیەكی ناتەندروست،
پەیڕەو دەكرێ، دەبینین زۆرێك لەو گەنجانە خۆشەویستی دەكەن بەهۆكارێكی
دادەنێن بۆ دامركاندنەوەی حەزە چەپێنراوەكان، بێئەوەی گوێ بە هەست و سۆزی
بەرامبەر بدرێت، كە متمانەی داوە پێی ئەمەش كۆمەڵگە تووشی نەخۆشی خەمۆكی و
نەمانی متمانە بە یەكتری دەكات، كە ئەمەش هۆكاری زۆری لەدوایە گرنگترینیان
زاڵبوونی(غەریزە)ی سیكسی بەسەر تاكدا، هەروەها زۆر سەیركردنی فیلمە
سێكسییەكان، كە ئەمڕۆ تاك زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ دەستی بكەوێت چ لە رێگەی
سەتەلایتەوە بێ یان مۆبایل و ئینتەرنێت، لەلایەكی دیكەشەوە هۆكاری
ئابووریش كاریگەری خۆی هەیە بۆ نموونە هەندێك لە كچان خۆشەویستی لەگەڵ
كەسانی دەوڵەمەنددا دەبەستن واتە خۆشەویستی لە پێناو سامان و پارە دا
دەكەن(وشیار) ئەوەشی روونكردەوە كە خۆشەویستی بە چەند قۆناغێكی جیاوازدا
رەت دەبێ بەپێی تەمەن و گوتی: هەر قۆناغە و جۆرێك پێداویستی خۆی هەیە لە
قۆناغی منداڵیدا پێویستی بە خۆشەویستی دەوورووبەری هەیە لە دایك و باوك و
هاوڕێیەكانی و لە قۆناغی هەرزەكاریدا خۆشەویستی بریتییە لە تێركردنی
لایەنی سێكسی و لە قۆناغی پێگەیشتنی تەواودا خۆشەویستی لەسەر بنەمای لێك
تێگەیشتن و سۆزداری دادەمەزرێت، خۆشەویستی پەیوەندییەكی رۆحی نێوان دوو
خۆشەویستە بەڵام سێكس پەیوەندییەكی جەستەییە، ئەو خۆشەویستییەی لەسەر
بنەمای سكس رێكخراوە بە كۆتایی هاتنی پەیوەندییە جەستەییەكە خۆشەویستیەكەش
كۆتایی پێدێت، خۆشەویستی لەسەر بنەمای هاوسۆزی و متمانە و تێگەیشتنەوە
دروستە وەكو نموونەش كاتێ پیاوێ هاوسەرەكەی نەخۆش دەكەوێ بۆ ماوەیەكی درێژ
ئەو پیاوە لەگەڵ هاوسەرەكەی دەمێنێتەوە بە درێژایی نەخۆشییەكەی بێ ئەوەی
هاناش بۆ ژنی دووەم ببات، تەنانەت خزمەتیشی دەكات، بۆیە لەبەر ئەوەی پیاو
لە كۆمەڵگەی ئێمە باڵادەستە هەمیشە ئەو دتوانێ خۆشەویستی دوور لە واتای
خۆی بەركابێنێ
|
Views: 1869 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|