الأربعاء, 2024-11-27, 10.55.58 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2008 » أوكتوبر » 18 » دوو گەنج دەبنە قوربانی خۆشەویستی كچێك
4.11.27 PM
دوو گەنج دەبنە قوربانی خۆشەویستی كچێك

مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە لەم روانگەیەشەوە پەیوەندیەكان پێكەوەمان دەبەستێتەوە، هەر پەیوەندیەكیش گرنگی و پیرۆزی خۆی هەیە و بە ڕاستگۆیی و وەفا بەرامبەر بە یەكتری دەتوانین پیرۆزییەكانی بهێڵینەوە، لێرەوە وەك چۆن پەیوەندی خۆشەویستی پێویستی بە راگرتنی هەست و سۆزی كەسی بەرامبەر و پابەندبوونێكی رۆحی بە بەڵێن و وەعدەكانەوە هەیە بە هەمان شێوەش بایەخ و گرنگی هاوڕێیەتی لە نێوان تاكەكاندا پێویستی بە یەكتر خوێندنەوە و بەخشین و ئەمەك و وەفاداری هەیە، بۆ پاراستنی پیرۆزی ئەم پەیوەندییە، هەرچەندە زۆر جار بایەخی خۆشەویستی كەسێك لە ناخماندا زیاترە تا كەسێكی تر، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا پێویستە هاوسەنگی ئەو پەیوەندییانە راگرین بۆ ئەوەی لە ژیاندا نەكەوینە ناو هەڵەیەكەوە كە دواتر بە دەیان ساڵ پەشیمانی قەرەبووی ئەو هەڵەیەمان بۆ نەكرێتەوە،وەك ئەوەی كە لە ژیانی هەردیدا روویداوە پاش ئەوەی عاشقی كچێك دەبێ بە ناوی نازەنین و دوای ئەوەی خۆشەویستترین هاوڕێی كە شێروانە دڵی خۆشەویستەكەی بۆ خۆی رادەكێشێ و داگیری دەكات،ئیتر هەردی بەرگەی ئازاری ئەم هەڵسوكەوتە نامۆیەی هاوڕێكەی ناگرێت و دەستی بە خوێنی سوور دەبێت و ناچار پاشماوەی ژیانی لە كونجی زینداندا بە سەر دەبات.



هاوڕێیەتی نێوان هەردی و شێروان
شێروان كە لە خێزانێكی دەوڵەمەند پەروەردە بوو بوو لە بەرئەوەی تاقانە بوو برای حەوت خوشكان بوو، لە ماڵەوە هەرگیز دڵیان نەدەشكاند و هەر شتێكی بویستایە دەست وبرد بۆیان جێبەجێ دەكرد و هەر ئارەزوویەكی هەبوایە بۆیان دەهێنایە دی، ئەم بەناز پەروەردەكردنەی كاریگەرییەكی وای لە سەری بە جێ هێشتبوو كە زۆر جار لەگەڵ هاوڕێكانیدا خۆسەری دەكرد و دەبوایە قسە هەر قسەی خۆی بوایە،لە هەمان كاتدا لە ناو هاوڕێكانیدا هەر لە منداڵیەوە كەسێك بووبووە هاوڕێی هەمیشەیی و نەیدەتوانی ساتێكیش بێ ئەو بژی و سەرجەم كارە نهێنی و ئاشكراكانی لە لای ئەو باس دەكرد و شەو و رۆژ ژیانیان بەیەكەوە بوو كە ئەویش (هەردی)بوو هەرچەندە بارودۆخی ژیان و باری خێزانی ئەم دوو دۆست و هاوڕێیە لە یەك جودا بوو سەرەڕای ئەوەی هەردی لە خێزانێكی هەژار لە دایك بوو بوو باوك و دایكێكی ئیختیار و سێ براو دوو خوشكی هەبوو بە كرێكاری و دەردەسەری شانبەشانی خوێندنەكەی ژیانی دەگوزەراند بەڵام هاوڕێیەتییەكی بەهێز و دوور لە هەر بەرژەوەندییەك سەرجەم ئەو جیاوازییانەی كاڵ كردبووە وە،ئەم دوو هاوڕێیە لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا ئامادەییش تەواو دەكەن لە سەر یەك كورسی دادەنیشن و لە یەك پۆلدا دەخوێنن، هەمیشە و لە هەموو بوارەكاندا هاودەم و هاوكاری یەكتری دەبن تا ئەوەی پۆلی شەشەمی ئامادەیی تەواو دەكەن و هەردووكیان نمرەیەكی زۆر باش بە دەست دێنن لە یەك بەش لە كۆلێژی ئەندازیاری دەبنە قوتابی..
زانكۆ و گۆڕانی ژیان بەرەو ئاڕاستەیەكی تر
ژیانی ئەم دوو هاوڕێ خۆشەویست و دڵسۆزە لە زانكۆدا زیاتر پەرەدەسێنێ و سنووری هاوڕێیەتیشیان لە گەڵ چەند كەسێكی تر فراوان دەكەن كە یەكێك لەو كەسانە كچێك دەبێت بە ناوی (نازەنین)،هاوڕێیەتییان دەگاتە ئاستێك لە پیاسە و گەشت و چوون و هاتنەوە و تەنانەت لە كافتریا و لە ناو پۆلیشدا هەمیشە وەك دەستەیەك دەردەكەون و پێكەوە ژیانی رۆژانەیان بەڕێدەكەن، ئیدی سەرەڕای خوێندنەكەیان گرنگییەكی تەواو بە پەیوەندییەكانی نێوانیان دەدەن، لەو ماوەیەشدا هەڵس و كەوت و ناز و جوانی و ئاخافتنە رێكوپێكەكانی نازەنین بە تەواوی سەرنجی هەردی رادەكێشن و كاتێك بە خۆی دەزانێ كەوتۆتە ناو گێژاوی عەشقێكەوە كە ئەمسەر و ئەوسەری لە هەژاری و نەداری هەردیدا پەنگ دەخواتەوە، بۆیە زۆر جار ئەم نەبوونی و نەدارییەی وای لێ دەكات نەوێرێ هەست و خۆشەویستی خۆی بۆ نازەنین دەربڕێ لێرەدا تاكە ئاسۆیەك كە تابلۆی حەز و هیواكانی خۆی تیا ببینێتەوە و رازە قەتیسماوەكانی دڵی تیا واڵابكا و بیانگێڕێتەوە، شێروانی هاوڕێیەتی،هەموو راستیەكانی پێ دەڵێ و شێروانیش هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازێ و بەم جۆرە هاوڕێیەتی نێوان شێروان و هەردی و نازەنین لە لایەك بەردەوام دەبێ و عەشق و خۆشەویستی هەردیش بۆ نازەنین رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر پەرە دەسێنێ تا ئەوەی دەگەنە قۆناغی كۆتایی زانكۆ و هەردی جامی صەبری لێی دەڕژێ و لە نامەیەكدا خۆشەویستی شاراوەی چەند ساڵەو هەموو راز و نیازەكانی بۆ نازەنین دەردەبڕێ، نامەكە دەداتە دەستی و خۆی كۆلێژ بە جێ دێڵی و دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. لە ناو نامەكەدا بۆی نوسیبوو(بەناوی جوانترین عەشق و بە هیوای ئایندەیەكی بەختەوەر...سڵاوێك لە هەناسە گەرمەكانی منەوە بۆ نیگا جوان و سیحراوییەكانی تۆ..سوپاس بۆ چاوە جوانەكانت كە خۆیان بە خوێندنەوەی وشەكانی منەوە سەرقاڵ كردووە..سوپاس بۆ دڵت ئەگەر لە گۆشەیەكیدا جێگەیەك بۆ خۆشەویستی من بكاتەوە..نازەنین گیان خۆشم دەوێیت ...مرۆڤ كە یەك دڵی هەیە، هەمیشە ناو كڕۆكی دڵی پڕدەكات لە عەشق و خۆشەویستی ئەو كەسەی كە دەیەوێت بیكاتە شاسواری خەونەكانی و كەنارو لێوارەكانی دڵیشی بە خۆشەویستی هاوڕێكانی پڕدەكاتەوە،هەرچەندە تۆ لە كەنارەكانی دڵمدا وەك هاوڕێیەك تا ئیستا مەقامێكی گەورە و شوێنێكی تایبەتیت هەبووە بەڵام لە ئیستاوە پێم خۆشە ناخی دڵم پڕ بكەم لە عەشق و خۆشەویستی تۆ بۆ ئەوەی تا مردن نازت هەڵگرم، هیوادارم رێگە بە دڵت بدەی خۆشی بوێم بۆ ئەوەی هەست بە بوونی خۆم بكەم. تكایە تەنیاییم فەرامۆش مەكە...هەردی).
دوای ئەوەی نازەنین نامەكە دەخوێنێتەوە بۆ رۆژی دواتر هەردووكیان پێكەوە دادەنیشن و پاش گفتوگۆ نازەنین خۆشەویستی هەردی قبوڵ دەكات بەڵام تاكە بەربەستێك لە بەردەم بە یەك گەیشتنیاندا نەبوونی و هەژاری ماڵی هەردییە كە ئەویش لای خۆیەوە بڕیار دەدات كار بكات و حەز و ویستەكانی خۆشەویستەكەی (نازەنین)بێنێتەدی.
مارەكردنی نازەنین و كوشتنی شێروان
ساڵ دەسوڕێ و پاش دڵنیا بوون لە وەعد و بەڵێنەكانی نازەنین لە گەڵ تەواوكردنی كۆلێژدا هەردی دەچێتە ناوەچەیەكی دوورە دەست بۆ كاری مقاولات و هەموو كاتی خۆی تەرخان دەكات بۆ ئەوەی پارەو سامانێكی وا كۆ بكاتەوە كە بتوانێ بە روو سووری بچێتە داخوازی، زیاتر لە ساڵێك بە بەردەوامی كار دەكات و پاش ماوەیەك پارەیەكی باش كۆ دەكاتەوە و لە كاتێكدا لە بیری ئەوەدا دەبێت كە بە زووترین كات بە خۆشەویستەكەی بگات، شێروانی هاوڕێی پەیوەندی پێوە دەكات و پێی رادەگەیەنێت كە بە نیازی ژن مارەكردنەو بۆ ئەو مەبەستەش هەردی دەعوەت دەكات،سەرەتا هەردی بە هەم هەواڵە زۆر خۆشحاڵ دەبێت و لەگەڵ گوتنەوەی وشەی پیرۆزە پیرۆزەدا سەرقاڵی وتنەوەی جوانترین دێڕە بۆ پیرۆزبایی كردن لە خۆشەویستترین هاوڕێی. شێروان راز و نیازی تێدەگەیەنێت كە دڵگران نەبێت بەوەی لەگەڵ (نازەنین) رێك كەوتوون و ئەو كچەی كە مارەی دەكات نازەنینە، ئیدی لەو كاتەدا هەردی واقی وڕدەمێنێ، ئەژنۆكانی شل دەبن و دنیا رەنگاو رەنگەكەی و خەون و هیواو ئومێدەكانی لە بەر چاوی تێكەڵ دەبن و هەر ئەوەندەی پێ دەكرێ بە شێروان دەڵێ(قەد لە ژیانم چاوەڕوانی خیانەتی ئاوهام لێ نەدەكردی دێمەوە قسەت لە گەڵ دەكەم ئێستا بە تەلەفۆن هەموو شتێك ناگوترێ) و مۆبایلەكەی دادەخات، پاش چەند رۆژێك هەردی دەگەڕێتەوە و دەچێتە ماڵی شێروان و داوا دەكات كە پێكەوە پیاسەیەك بۆ دەرەوەی شار بكەن بۆ ئەوەی لە سەر ئەو مەسەلەیە بدوێن و لە یەك تێبگەن لە رێگە هەردی بە شێروانی هاوڕێی دەڵێ: خۆت دەزانی من و تۆ چۆن بوین بەرامبەر بە یەكتری ئاگاداریشی كە من لە بەر خاتری عەشقی نازەنین خۆم دەربەدەر كرد و شەو و رۆژم ناوەتە سەر یەك،چۆن ویژدانت قبوڵی كرد خیانەت لەو هاوڕێیەت بكەیت و زەواج لەگەڵ نازەنین بكەیت؟ خۆ دەتزانی ئەو بەڵێنی بە من دابوو و چەندەم خۆش دەویست)لەو كاتەدا شێروان رادەوستێ تەماشایەكی ناوچەوانی هەردی دەدات و دەڵێ(گوێ بگرە هەردی،نازەنین ئێستا دەزگیرانی منە و رازی نابم لە ئێستا بە دواوە بە هیچ شێوەیەك ناویشی بێنی لە بەر ئەوە دەست لەو خەیاڵانە هەڵگرە نازەنین بە رەش و رووتێكی وەك تۆ رازی نابێ )لە گەڵ ئەو قسانەدا هەردی بەرچاوی رەش دەبێت و دەمانچە دەردێنێ و بە سێ گوللە كۆتایی بە ژیانی شێروان دێنێ و پاشان هەڵدێ بۆ شاری بەغدا، لەوێ هێزەكانی پۆلیس دەیگرن و زیندانی دەكەن، هەردی دادگایی دەكرێت و دادوەر بە 25 ساڵ زیندانی حوكمی دەدات و شێروانیش ئەڵقەی دەزگیرانی نازەنین دەباتە ژێر گۆڕەوە، لەو لاشەوە نازەنین لە گەڵ كوڕێكی هەندەرانیدا ژیانی هاوسەری پێك دێنێ و، ئەزمونی ژیانێكی نوێ دەكات و شەوە سوورەكانی خۆی لەوێ دەگوزەرێنێ..
دەرئەنجام
لە ژیاندا هەوڵدان بۆ فەراهەمكردنی ژیانێكی خۆش بۆ ئەوی تر جا چ هاوڕێ بێت یان خۆشەویست پەیوندییەكانی نێوانمان پتەو تر دەكات و لێبوردن بەرامبەر بە هەر هەڵەیەك كە بەرامبەرمان دەكرێ پتەوی بەهێزی ئەو پەیوەندییە دەپارێزێت كاتێك شێروان باز بە سەر عەشقی خۆشەویستترین هاوڕێی دادەدات و دڵی خۆشەویستەكەی بۆ خۆی داگیر دەكات ئاساییە كە هەردی پێی توڕە بێت و تا ئاستێك دڵی لە هاوڕێكەی بڕەنجێ، بەڵام بڕیاری كوشتن كارێكی ناڕەواو ئەسەفە و بە هیچ شتێك ناتوانێ قەرەبووی ژیانی كوڕێكی تاقانە بكاتەوە كە برای حەوت خوشكە و بە دەریایەك دڵۆپی فرمێسكی پەشیمانی جەرگی سوتاوی دایك و باوكێك تیمار ناكرێت،دەكرا هەردی و شێروان پێشتر هەردوكیان دڵی نازەنینیان بكردایەتە سەر پشك بۆ ئەوەی لە لایەكەوە ئازادی بۆ كچێك بگێڕینەوە كە سەربەستە لەوەی بڕیار لە سەر ئایندە و چارەنووسی خۆی بدات، ئەو كات بە لێبوردنێك كێشەكان دەگەڕانەوە باری ئاسایی خۆیان و رۆحی شێروان نەدەبووە قوربانی ودەستی هەردیش بە خوێنی خۆشەویستترین هاوڕێی سوور نەدەبوو، هەردی هاوڕێكەی كردە قوربانی عەشقێك كە ئێستا تەنیا وێنەیەكی خەیاڵی نازەنین وەك تارماییەك لە زینداندا بە بەرچاویا دێت و دەچێ
Views: 751 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  أوكتوبر 2008  »
إثثأرخجسأح
  12345
6789101112
13141516171819
20212223242526
2728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz