الأربعاء, 2024-11-27, 11.17.03 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2008 » أوكتوبر » 13 » پەندێك بۆ هەموو ئەوانەی بیر لەبەدڕەوشتی و كاری خراپ دەكەنەوە
3.02.25 PM
پەندێك بۆ هەموو ئەوانەی بیر لەبەدڕەوشتی و كاری خراپ دەكەنەوە


غەریزە و ئارەزووە سیكسییەكان لە مرۆڤدا هەمیشە دافیع و پاڵنەری ئەوەن كە مرۆڤ تووشی هەڵە و لادان ببێت، ئەو مرۆڤانەی لەو پێناوەدا خۆیان دەدۆڕێنن و تاوان ئەنجام دەدەن، لە بنەمادا مرۆڤێكی لەرزۆك و بێ ئێرادەن، چونكە كاتێ مرۆڤێك لە پێناو حەزێكی كاتیدا دەستی دەچێتە خوێنی مرۆڤێكی تر و لەسەر زەویدا رەشی دەكاتەوە، ئەوە بێگومان ئەوكەسە دڵی بەردینە و ویژدانی خۆشی هەڕاج كردووە، ئەگینا ئەو پاڵنەرەی كە پەلكێشی دەكات بۆ نێو تاوانێك، چۆن دەبێت هەروا بە ئاسانی دوای شەهوەت و غەریزەكان بكەوێت، و تەسلیمی حەزێكی نەخۆش ببێ، خیانەت چەمكێكی هێندە فێزەونە هەمیشە ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن، خودان ناخێكی پیس و چڵكنن و ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع بۆیان بەدی نەهاتووە و نەیانتوانیوە بە رێگایەكی دروست بە دەستی بێنن دێن پەنا دەبەنە بەر خیانەت و ناپاكی، تاكو ئەو مەرامەیان بێتەدی لەم رووداوەدا پیاوێكی بێ ویژدان لە پێناو تێركردنی غەریزەكانیدا مێردی ئامۆزاكەی دەكوژێت و پاشان مەبەستە گڵاوەكانی خۆی جێبەجێ دەكات.

نیازەكانی جەبار
جەبار كوڕی پیاوێكی هەژار بوو جگە لە خۆی سێ خوشكی هەبوون، جەبار تەنیا یەك مامی هەبوو بەناوی"قاسم" قاسم پیاوێكی خواپێداو و دەوڵەمەند بوو، بەڵام لەگەڵ هەندێشدا دڵساف و پیاوی چاك بوو، زۆر یارمەتی عەبدوڵڵای برای دەدا واتە باوكی جەبار، قاسم رۆژانە سەری لە ماڵی عەبدوڵڵا برای دەدا و بە عەلاگەی پڕپڕ خواردەمەنی و دیاری بۆ دەبردن، ئەم قاسمە لە داری دونیا تەنیا خودا كچێكی پێ بەخشیبوو بۆیە زۆر و لەرادەبەدەر ئەو كچەی خۆش دەویست ئەوەندە دڵسۆزی ئایندەی كچەكەی بوو هەر زوو ناردیە بەرخوێندن تاكو لەدوا رۆژدا كۆڵەوار نەبێت، لەم لاشەوە مام عەبدوڵڵا بەهۆی عەقڵی عەشایەرییەوە نەیهێشت هیچ یەكێك لە كچەكانی بچنە بەر خوێندن، تەنیا جەبار چووە بەر خوێندن ئەویش دوای ئەوەی قۆناغی سەرەتایی تەواو كرد وازی لە خوێندن هێنا، هەرچەند قاسمی مامی گووتی كوڕەكەم واز لە مەكتەب مەهێنە ئاخر دوارۆژیت رەش دەبێت، بەڵام جەبار هەر قسەی خۆی دەبیست، و دەیگووت خوێندن بۆچی باشە كێ تائێستا بە خوێندن پێگەیشتووە، من دەچم كار دەكەم ئاوەها باشترە بە ماوەیەكی كەم دەتوانم پارەیەكی زۆرم دەست بكەوێت، ساڵان هاتن و رۆیشتن، كچەكەی قاسم كە ناوی"سوهام" بوو خوێندنی تەواو كرد و بڕوانامەی خۆی وەرگرت، جەباریش كە ئامۆزای ئەم سوهامە بوو بەهۆی ئەوەی لەكاتی خۆیدا وازی لە خوێندن هێنابوو هیچ دواڕۆژێكی نەبوو بێ كاروبێ پیشە لەو ناوە دەسووڕایەوە، بەڵام لەگەڵ هەندیشدا جەبار بەو حاڵەی خۆیەوە مرخی لە سوهام خۆش كردبوو، نیازی وابوو قاسمی مامی سوهامی پێشكەش بكات، بەڵام سوهامێك كە خاوەن بڕوانامەبوو باوكی دەوڵەمەند بوو لە ژیانیدا رۆژێك ناخۆشی نەدیتبوو چۆن رازی دەبوو بە جەبارێكی كۆڵەواری بێ ئیش وكار، ئەو جەبارەی وازی لە مەكتەب هێنابوو هیچ پیشەیەكی نەدەزانی.

سوهام مێردی بەكێ كرد!؟
جەبار زۆر خول و دەوری ماڵی سوهامی ئامۆزای دەدا، تاكو دڵی ئەو كچە بۆ خۆی بباتەوە، بەڵام سوهام هەر حیسابی بۆ جەبار نەدەكرد و هەموو جار پێی دەگووت من برام نییە جەبار تۆ لە جێگای برامی، جەبار زۆری لە دڵی ناخۆش بوو، كە سوهام ئاوا مامەڵەی لەگەڵ دەكات، زۆر كەڕەت جەبار دووبەدوو قسەی لەگەڵ سوهامدا دەكرد كەچی سوهام پێی دەگووت من و تۆ لە خوشك و برایەك زیاتر نین، من بە هیچ شێوەیەك هەستم بۆ لای تۆ ناچێت، و تۆم خۆش ناوێت ئالێرەوە سوهام خان لە زاری خۆیەوە دەیگێڕێتەوە و دەڵێت: جەبار وازی لێنەدەهێنام شەو و رۆژ لە ماڵماندا بوو، دەیگووت سوهام زۆرم خۆشدەوێی بە دەستی خۆم نییە ناتوانم بێ تۆ بژیم شەورۆژ بیرت لێ دەكەمەوە و لە خەیاڵمدای، منیش دەمگووت جەبار بیكە خاتری خودا لەكۆڵم بگەڕێ من ناتوانم مێرد بە تۆ بكەم، چونكە تۆم خۆش ناوێت، رۆژان هاتن رۆیشتن رۆژێكیان دایك و باوكم چووبوونە سەردانی ماڵە خزمێك من هەر خۆم بە تەنیا لەماڵەوە بووم ئەوەندەم زانی جەبار لەسەر دیواری حەوشەوە خۆی فڕێدایە ژوورەوە منیش یەكسەرە بەرەو رووی چووم و گووتم ها جەبار خێرە لە دەرگات نەدا و بەسەر دیواردا هاتویەتە ژوورەوە گووتی نەمویست كەس بزانێ، سوهام گیان خەریكە بۆت شێت دەبم هەموو شەوێك خەونت پێوە دەبینم، فیكر و خەیاڵم هەرلای تۆیە گووتم جەبار بڕۆ دەرەوە خۆت دەزانی من بەتەنیا لەماڵەوەم كارێكی باش نییە تۆ بە تەنیا لەم ماڵەدا لەگەڵ مندا بیت كەوام گووت جەبار دەستی خستە ملم و گووتی ئاخر خۆشمدەوێی بەڕاستی منیش بۆ ئەوەی لەكۆڵی خۆمی بكەمەوە گوتم باشە گەر بەراستی خۆشمت دەوێ بەدایك و باوكت بڵێ یەعنی بە مامە عەبدوڵڵا بڵێ بابێت لای باوكم داخوازی منت بۆ بكات، بەڵام ئێستا لەم ماڵە بچۆرە دەرەوە نەبادا باوك و دایكم بێنەوە ئا بەو فێڵە جەبارم لە كۆڵ خۆم كردەوە، ئێوارەكەی كە دایك و باوكم هاتنەوە راستی مەسەلەكەم پێ گوتن قاسمی باوكم گووتی جەبار چۆن دەتوانێ بە زۆر داوا لە تۆ بكات مێردی پێ بكەی من هەر رازی نابم مێرد بەو برازایەم بكەیت، چونكە ئەو خوێندنەكەی پێ تەواو نەكرا ئێستاش دەست بە تاڵ و بێ پیشە ئەم ماڵ و ئەو ماڵ دەكات، من كچی خۆم نادەم بە ئەو ئەگەر هەزار برازاشم بێت، رۆژان هاتن و رۆیشتن عەبدوڵڵای مامم داوای منی بۆ جەبار كرد بەڵام نە من و نە باوكم رازی نەبووین جەبار هەر چاوی بەسەرمەوە بوو، بەڵام كە زانی تازە من شووی پێ ناكەم هەستا كچێكی مارەكرد كە دووساڵ بە تەمەن لەخۆی گەورەتر بوو.
منیش لە دوای ئەوەی جەبار ژنی هێنا ئیتر بە تەواوی مورتاح بووم و فیكری خۆم ساف كرد كە كەسێكی شیاو هەڵبژێرم بۆ ژیانی خۆم، ئەوە بوو لە كۆتاییدا لەگەڵ كوڕێكدا یەكترمانناسی كە ئەویش دەرچووی زانكۆ بوو، لە خێزانێكی مامناوەندیدا دەژیا بڕیاری هاوسەرگیریم لەگەڵیدا و بووین بە هاوسەری یەكتری

جەبار مێردەكەمی كوشت
ئەو پیاوەی مێردم پێ كرد ناوی"عەلی" بوو هەر لەو شارەدا خانووی بۆ كردم كە ماڵی باوكمی تێدابوو هێشتا دوو هەفتە بەسەر زەواجكردنمدا تێپەڕی نەكردبوو رۆژێكیان لەناكاو جەباری ئامۆزام خۆی كرد بە ماڵەكەمدا منیش بەخێرهاتنم كرد و دانیشت، كەچی دیقەتم دەدا كە زۆر تێمدەڕوانێ لە تەوقی سەرمەوە تا بنی پێم تەماشای باڵای دەكردم ئەو كاتە هێشتا عەلی لە كاركردن نەهاتبۆوە جەبار هەندێ قسەی زبرو ناخۆشی كرد كە هەستیان بریندار دەكردم دەیگووت چۆن تۆم لەدەستدا ئامۆزاگیان، ئێستاش خەون بە خۆشەویستی و باخەڵی گەرمی تۆوە دەبینم منیش لێی توڕە بووم و گوتم عەیب ناكەی جەبار ئەو قسانە دەكەی تۆ ئێستا خۆت ژن و ماڵت هەیە چیت بەسەر منەوە داوە خەریكی ژن و ماڵی خۆت بە پیاوبە ئەو خۆشەویستییە بدە ژنە داماوەكەی خۆت، بەڵام جەبار زۆر بێ شەرمانە دەیگووت هەزاری وەك ژنەكەم بە قوربانی چاوێكت بێت، من قەت ئەو ژنەی خۆم خۆش نەویستووە هەر كاتێكیش كە دەچم لای هەر بە خەیاڵی تۆوە دەچمە لای ئاخ سوهام گیان قەت ناتوانم لەبیرت بكەم، سوهام دەڵێت كە ئەو نیاز خراپیەی جەبارم بیست، گوتم خێرا جەبار لە ماڵەكەم بچۆرە دەرەوە و حەزیش ناكەم ئەوەندە بێیتە ئەم ماڵە، ئەوە بوو ئەو رۆژە جەبار رۆیشت هەمووی هەفتەیەكی پێنەچوو رۆژێكی تر لە كاتی نیوەڕۆدا كە ساتی هاتنەوەی عەلی مێردم بوو لەكار، جەبار خۆی كرد بە ماڵەكەمدا دەمانچەیەكی چواردەخۆری لەبەر پشتی بوو، منیش بەروویدا تەقیمەوە، ها جەبار دیسانەوە بۆچی هاتووی چیت لە گیانی من و پیاوە نەگبەتەكەم دەوێت؟ گووتی هاتووم، پێت بڵێم خۆشمدەوێی من بڕیارێكە و داومە و لێی پاشگەز نابمەوە كە دەبێ تۆ بخوازم! گووتم: هەی شێتی نەزان من مێردم هەیە گووتی با تەڵاقت بدات گوتم: هەی بێ رەوشت لەماڵەكەم بچۆرە دەرەوە ئا لەو ساتەدا جەبار هەڵیكێشایە دەمانچەكەی و كردی بە قژمندا و گووتی: گەر تەڵاقی خۆت لەو پیاوە وەرنەگری چواردەگووللە لە سەرت خاڵی دەكەم منیش تا پێمكرا قیژاندم و گوتم وازم لێبێنە كە من قیژاندم جەبار دەستی كرد بە لێدانم ئالەوساتەدا هەر هێندەم زانی عەلی مێردم كردی بە ژووردا و هەڵیكوتایە سەر جەبار هەر ئەوەندەم زانی جەبار و عەلی تێكگیربوون و زۆریان لە یەكتردا.
لەناكاودا دەنگی فیشەكێكی لەعنەتی دەماری دڵی پچڕاندم، هەموو خەونە جوانەكانی زڕاندم، هێندەم زانی عەلی مێردم كەوتە سەر زەوی و بڵقی خوێن لە دەمی هات جەباریش هەر هێندەی پێكرا بە پەلەپروزێ لە دەرگای حەوشەوە بەپێی خواسی رایكرد منیش بە هەناسەساردی دەستم بە قوڕپێوان كرد، دەوروجیران لێم كۆبوونەوە عەلیمان گەیاندە نەخۆشخانە بەڵام پاش چەند سەعاتێك گیانی سپارد، دوای ئەوەی پرسەی عەلی تەواوبوو، پۆلیس هەر بە دوای جەباردا دەگەڕان دوای دوومانگ جەباری زاڵم و تاوانبار دەسگیركرا و درایە دادگا و حوكمی 20ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، لەم لاشەوە ژنەكەی لە مەحكەمەدا تەڵاقی خۆی وەرگرت، بەڵام ئەوەی لەو بەینەدا رەنج بەخەسار و ماڵوێرانبوو تەنیا من بووم كە ئێستا بە بێوەژنی لە ماڵی باوكمدا رۆژە تاڵەكانی ژیانم تێدەپەڕێنم و زۆر رەشبینم و هیچ هیوایەكم بە ژیانی تازە نەماوە.
سەبارەت بەم رووداوە خاتوو(ڤیان سەلیم) توێژەری كۆمەڵایەتی رای وابوو لەم رووداوەدا ئەوە دەخوێندرێتەوە كە جەبار بووەتە قوربانی هەژاری و نەداری و ئاستی دواكەوتوویی خێزانەكەی ئەم كوڕە خۆی بە شایەنی ئەوە زانیوە كە ئامۆزای خۆی بخوازێ بەڵام هەم قاسمی مامی و هەم سوهامی ئامۆزای بە چاوێكی كەمەوە لەم جەبارەیان رووانیوە، پێیانگوتووە تۆ هەژاری و بڕوانامەت نییە بۆیە موستەهەقی ئێمە نیت هاوشانی ئێمە نیت، ئەمە لە حاڵێكدایە خۆشەویستی ئەو شتانە نازانێ، بەڵام لە هەمان كاتیشدا جەبار كە ژنی هێنا ئیتر بۆی نەبوو جارێكی تر بچێتەوە سەروەختی ئامۆزاكەی بەتایبەتی دوای ئەوەی سوهام مێردی كردبوو جەبار گەورەترین تاوانی دەرهەق بە مێردی ئامۆزاكەی ئەنجامدا كە ئەو هیچ گوناهێكی نەبوو، بۆیە جەبار موستەهەق بەو سزایە بوو كە بەسەریدا سەپا، ئەوەش دەبێ ببێتە دەرسێك بۆ هەموو ئەو كەسانەی بیر لەوە دەكەنە لە پێناو حەز و ئارەزووە ناڕەواكانیاندا پەنا بۆ كاری خراپ و تاوان
Views: 750 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  أوكتوبر 2008  »
إثثأرخجسأح
  12345
6789101112
13141516171819
20212223242526
2728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz