السبت, 2024-11-23, 7.36.53 PM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2008 » أوكتوبر » 4 » ناو و ناتۆرە لێنان
3.34.19 PM
ناو و ناتۆرە لێنان

ناو و ناتۆرە لێنان، نەریتێكی كۆمەڵایەتی ناشیرینە چ سایكۆلۆژییەتێك لە پشتییەوە وەستاوە؟
ناو، پێناسێكە كە هەریەك لە مرۆڤەكان بە هۆیەوە دەناسرێنەوە، خاوەندارێتی لەناودا پارێزگاری لەهەموو سیفەتەكانی ئەو مرۆڤە دەكات، بەڵام زۆرجار دەبینین كە مرۆڤێك لەجیاتی ناوێك زیاتری هەیە پێدەچێت وەك نازناوێكی باش یان خراپ پێوەی لكا بێت، مەرج نییە خودی ئەو كەسەش ئاگادار بێت، ئەم جۆرە ناولێنانەش چەندین هۆكاری هەیە، بەدەر لەهەموو حاڵەتەكان ئەركی سەرشانی هەموو لایەكە، كە پارێزگاری لە ئاكاری كەسانی دەوروبەرمان بكەین، چونكە ناولێنانی كەسێك بەخراپە كۆمەڵێك مانای نێگەتیڤ لەخۆی هەڵدەگرێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم دیاردەیە و دەرخستنی هۆكارەكانی
سەرەتا " خەسرەو محمود" ی فەرمانبەر بەم جۆرە باسی لەناو زڕاندن و ناو لێنان ناتۆرە كرد: یەكێك لەو دیاردە ناشیرینانەی كە لەم كۆمەڵگەیەدا هەیە ناوبردنی خەڵكە بەناوێكی تر بێگومان ئەو ناوەی تر هەرگیز بەمەرامی چاكەو دەرخستنی كەسێتییەكی باشی ئەو كەسە نایڵێن، رۆژانە ئەو ناوانەمان بەرگوێ دەكەوێت و دەیبیستین، خەڵك هەیە تەنها كاروپیشەی ئەوەیە كە بەدوای كەموكوڕی كەسانی دەوروبەریدا دەگەرێت و هەوڵ دەدات خاڵی لاوازیان بۆ بدۆزێتەوە و بیكاتە ناوێك بۆ ئەوەی بڵاوی بكاتەوە و خەڵكی لێ ئاگادار بكاتەوە، بەبۆچوونی من هەركەسێك بەدوای ناوزڕاندن و ناو ناتۆرەلێنانی خەڵكدا بگەرێت دەیەوێت لەو رێگەیەوە كەموكوڕییەكانی خۆی بشارێتەوە و چاوی خەڵكی لەخۆی بەدوور بگرێت، بەبێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوەی تا چەند ئەو كارە بەهەمان شێوەش كاریگەری خراپ دەكاتە سەر كەسێتی خۆی،بۆیە هەمیشە دەبێت رێز لەراوبۆچوون و هەڵسوكەوتی ئەو كەسانەی كە رۆژانە بەریەكەوتنمان هەیە لەگەڵیاندا رێزیان بگرین و بەچاوی نزم لەهیچ كەس نەڕوانین. ئەو جۆرە رەفتارانە هەموو كەسێك دەتوانێت بیكات بەڵام كەسێك لە خەمی كەسایەتی خۆی بێت هەرگیز ناوی كەسێكی تر نازڕێنێت و ناوێكی تری بۆ نادۆزێتەوە، كە كاریگەری بكاتە سەر لایەنی ئەخلاقی، هیچ كەسێك بێ كەموكوڕی نییە، هەریەكێك لە ئێمە لەیەكێك لەلایەنەكانەوە كەموكوڕیمان هەیە، ئەمەش نابێتە ئەوەی كە ئەو كەسە كەسێكی خراپە تا ناوی بزڕێت لەناو كۆمەڵگەكەیدا.
خاتوو" كوردستان عەلی مامۆستای ئامادەیی دەڵێت: یەكێك لەو كردەوانەی كە تاكەكانی ئەم كۆمەڵگەیە خویان پێوەگرتووە ئەم ناوزڕاندن و ناەتۆرانەیە كەلەیەكتری دەنێن، تاكی ئەم كۆمەڵگەیە سیفەتێكی دەتوانم بڵێم تاڕادەیەك جیاوازی هەیە لەكۆمەڵگەكانی تر چونكە هەمیشە حەزی لە بچووكردنەوەی كەسی بەرامبەرە تەنها ئەو فرسەتەی بۆ هەڵبكەوێت هەوڵدات بچوكترین كەموكوڕی بۆی رابگەیەنێت و تەواوی دەوروبەرەكەی لێ ئاگادار بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشی ئامادەیی ئەوەی تێدا نیە بچوكترین رەخنەی ئاڕاستە بكرێت. یەكێك لەهۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ئەم نەریتە من پێموایە هەندێ لەو دراما كوردییانەیە كە زۆر كاریگەری هەیە چونكە لەدرامایەكدا نیە كە كۆمەڵێك ناو و چەمك دوایی نەبێتە وشەی سەر زاری هاوڵاتیان، لەمەوە بگرە تادەگاتە ناتۆرە و ناشیرین كردنی ناو، بەتایبەت دراما كۆمیدییەكان ئەم جۆرە حاڵەتانەی زۆر تێدا دووبارە دەبێتەوە، لەكاتێكدا لەوڵاتانی تر كاتێك درامایەك ئامادە دەكرێت بۆ نمایش كردن لەرووی دەروونی و كۆمەڵناسی و سەرجەم بوارەكانی ترەوە خوێندنەوەی بۆدەكرێت و حساب بۆ بچوكترین وسادەترین حاڵەت دەكرێت، چونكە دراما یەكێكە لەفاكتەرەكانی گۆڕان ئەگەر هاتوو لەسەر بنەمایەكی دروست كاری بۆ كرابێت بەڵام بەداخەوە لەدراما كوردییەكاندا چەندین وشەو ناوی تازە دەبیستین كە دوایی كاریگەری دەبێت لەسەر بینەرانی ئەو درامایە.
"سیروان حەمە نوری" ی چالاك لەبواری راگەیاندنیشدا بەم جۆرە باسی لەكاریگەری ناوزڕاندن و ناو و ناتۆرە كرد لە كۆمەڵگەكەماندا گوتی: من پێموایە كە بچووكردنەوەی ناو یاخود ناوزڕاندن یان دروست كردنی ناتۆرەیەك لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئەو كەسە وەك جۆرێك لەنەخۆشی دەروونی هەبێت ئەگەرنا هیچ یاساو رێسایەك رێگەنادات بەوەی كە لەكەسێتی كەسێكی تر كەم بكرێتەوە بەتایبەت لەرێگەی ناوەوە چونكە ناو یەكێكە لەو شتە زۆر كەسیانەی كە تەنها موڵكی ئەو كەسەیەو هیچ كەس ناتوانێت داگیری بكات، بەڵام لەكاتێكدا لەلایەن كەسێكی ترەوە لە سنووری ناوزڕاندن ناوی دەبات ئەمە پێشێلكردنی هەموو لایەنەكانی كەسێتییە، دەكرێت سنوورێك بۆ خۆمان و كەسانی تریش دابنێین لەكاتی ناوزڕاندن و ناشیرین كردنی ناوی خەڵكدا.
خاتوو "دیمەن كەمال"ی توێژەری كۆمەڵایەتیش سەبارەت بە م پرسە بەم جۆرە خوێندنەوەی بۆ ئەو حاڵەتە كرد: كۆمەڵگەی كوردی لەزۆر لایەنەوە كەموكوری هەیە بەو مانایەی كە هەمیشە چاومان كەمتر لایەنی باش دەبینێت و چاومان كراوەیە بۆ كەموكوڕی هەرچەندە ناوزڕاندن و ناو و ناتۆرە لەهەموو كۆمەڵگەیەكدا هەیە بەڵام بەدیوێك لەدیوەكان ئەم حاڵەتە لە هەندێ كۆمەڵگەدا قورستر یاخود قوڵتر بۆتەوە، چونكە ئەگەر بەوردی بڕوانینە ئەم بابەتە كەم كەس هەیە كە ناوێك یان زیاتری نەبێت، مەرج نیە كە خۆشمان ئاگادار بین، رێدەكەوێت لەلایەن كەسێكی ترەوە ئەو ناوەمان پێ بگات. تاك هەیە لەم كۆمەڵگەیەدا دەیەوێت لەسەر حسابی كەسێتی بەرامبەری، خۆی پیشان بدات كە كەسیكی كراوە و قسە خۆشە بەبێ ئەوەی گوێبداتە ئەوەی كە چەندە لەسەر كەسێتی ئەو تاكە دەكەوێت، چونكە شكاندنی هەركەسێك لەلایەن كەسانی تر لەكاتی بینین و رووبەڕووبونەوەمان ئەو ناوە یاخود ئەو وتانەیان بەبیردێتەوە كەبەرامبەریان گوتراوە،ئەگەر ئەم حاڵەتە بەسەر خۆماندا بسەپێنین دەبێت چەندە حاڵەتێكی نەشاز بێت. بۆیە ئەگەر بەرامبەریش كەموكوڕییەكی هەبوو بەشێوازێك پێی بگوترێت بۆئەوەی بەخۆیدا بچێتەوە نەوەك بەبێ ئاگایی خۆی باسی بكرێت
ئا: ناسك سەعید-سلێمانی
.
Views: 886 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  أوكتوبر 2008  »
إثثأرخجسأح
  12345
6789101112
13141516171819
20212223242526
2728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz