الأربعاء, 2024-05-15, 9.22.51 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2009 » يناير » 28 » لەكاتێك ئەوان خەریكی لێدان و كوتانی ئەو كوڕە بوون و هەر لە نێو حەمامەكەش كوشتیان
4.08.14 PM
لەكاتێك ئەوان خەریكی لێدان و كوتانی ئەو كوڕە بوون و هەر لە نێو حەمامەكەش كوشتیان


كاتژمێر نزیكەی یەك و نیوی شەوبوو، كاتێك گوێم لە زەنگی موبایلەكەم بوو، ترس دایگرتم گوتم: خێربێت بەو درەنگەشەوە دەبێ چ روویدابێ و كێ بێ پەیوەندیم پێوە بكات!؟ كە سەیری موبایلەكەم كرد، هاوڕێیەكم بوو، بە پێكەنینەوە پێی گوتم: خۆ نەخەوتووی؟ گوتم بۆچی روویداوە بۆ بەم درەنگە، نەدەكرا بەیانی پەیوەندی بكەیت، گوتی: نەخێر ئەمڕۆ گوێبیستی رووداوێكی زۆر سەیر بووم مەسەلەكە زۆر گرنگە بیزانی بۆیە حەزم كرد هەر ئەم شەو پێت بڵێم، ئەو لە پەیوەندییەكە هەندێكی لە رووداوەكە بۆ باسكردم منیش بە چاوی خەواڵووەوە ناونیشانی ئەو شوێنەم لێ وەرگرت كە ئافرەتەكەی لێ بوو، بەیانی زوو كەوتمە گەڕان و سۆراخكردنی شوێنەكە تا دۆزیمەوە
كە سەیری روخساری ئەم خانمەم دەكرد، وام دەزانی لەگەڵ رەنگەكانی بەهار دەژی و بە رەنگاڵەیش لە ژیان دەڕوانێت، زۆر حەزم كرد بەسەرهاتەكەی بزانم و چ فاكتەرێك بۆتە پاڵنەر بۆ ئەوەی ئێستا ئەو لەو شوێنە ژیان بەسەر بەرێت، دیارە قسەكردن لەگەڵ هەندێ ئافرەت و گەیشتن بە نێوەڕۆكی بەسەرهاتەكانیان لەو شوێنە و لەنێو ئەم كۆمەڵگایەدا كارێكی ئەوەندە سانا نییە و ماندووبوون و پسپۆریەكی باشی دەوێت، لەگەڵ ئەمەشدا توانیم وا لە(ژینۆ) بكەم كە باسی بەسەرهاتەكەی خۆیمان بۆ بكات،(ژینۆ) لە دایكبووی ساڵی 1982ی شاری سلێمانییە و ئێستا لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر دادەنیشێت، تا پۆلی سێی ناوەندی خوێندووە، بەڵام لەبەر ئەوەی خوشكەكانی دیكە لە قۆناغی بەرزتری خوێندن بوون و كەس نەبوو لە كارەكانی نێوماڵ هاوكاری دایكی بكات، بۆیە لەم قۆناغە خوێندن جێ دەهێڵێت و لە ئیشوكارەكانی ماڵەوە هاریكاری دایكی دەكات، (ژینۆ) لە خۆبایی نەبوو بەڵام زۆر لەخۆی رازی بوو، دەیگوت خۆشەویستی بەلای من شتێكی زۆر جوان بوو، بەڵام ئەوەی بەلامەوە گرنگتربوو راستگۆیی و دڵپاكی بوو، هەر بۆیە زۆر لام گرنگ نەبوو هاوسەری ژیانم ئەوەندە جوان بێت، حەزم دەكرد جوانییەكەی لە راستگۆیی و دڵپاكی و بیركردنەوەیەكی جوان ببینم، زۆر حەزم لە گوێگرتنی گۆرانی بوو هەر لە منداڵییەوە كەوازیشم لە قوتابخانە هێنا لەگەڵ راپەڕاندنی ئیشوكاری ماڵەوە خولیای گوێگرتنی گۆرانیم زیاتر بوو،(ژینۆ) لەسەر قسەكانی بەردەوامبوو، گوتی: رۆژێك كاتژمێر(2)ی دوای نیوەڕۆ دەبوو كاتێك خەریكی شوشتنی حەوشە و بەردەرگای ماڵ بووم، كوڕێك بە ئۆتۆمبێلەكەی بە بەردەرگاماندا تێپەڕی و زۆر سەرنجی راكێشام و سەیرم كرد ئەویش بە هەمان شێوە سەیری منی دەكرد، تا وەكو لە كۆڵان بزربوو هەر سەیرم دەكرد و نەچوومەوە ژوورەوە بەڵام ئەوەندەم زانی ئۆتۆمبێلەكە بۆ دواوە گەڕاوە كە گەیشتە لای من كاغەزێكی بۆ فڕێدام، منیش هەڵمگرتەوە و سەیرم كرد ژمارەی موبایلەكەی بۆ نووسیبووم، دوای چەند كاتژمێرێك پەیوەندیم پێوەكرد، بەڵام موبایلەكەمی هەڵنەگرت و زیاتر لە جارێك زەنگم بۆلێدا، بۆیە ناچار بووم نامەیەك بنێرم پێم گوت: بۆ موبایلەكەت هەڵناگری ئەی تۆ ئەو كوڕە نیت كە خۆت ژمارە موبایلەكەت پێدام، دوای ئەوە ئەو پەیوەندی كردەوە و خۆی پێی ناساندم كەوا قوتابی كولیژی یاسا و رامیارییە لەو رۆژەوە پەیوەندی نێوانمان دەستی پێكرد، زۆرجار لە پەیوەندییەكان باسی پێكەوە ژیانی هاوسەرێتیمان بۆ یەكتری دەكردوو هەندێ جاریش پێكەوە دەردەچووین، ئەو ساتانەی پێكەوە بووین بە جوانترین ساتەكانی ژیانم دەزانی، بەڵام كە ماوەیەك بەسەر پەیوەندییەكەمان رۆیشت هەستم دەكرد زۆر بە ساردی وەڵامم دەداتەوە، كە لەگەڵم دەدوا قسەكانی وەكو جاران نەبوون و خۆشی وەكو جاران نەمابوو، بەڵام دیارە ویست وخواستەكانی من تەنیا هیوایە، كە مرۆڤ لە رۆشناییەكی بچووكەوە لەشتێ دەڕوانێت و بەوپەڕی خۆشەویستی و ئەشق و دڵسۆزییەوە باوەشیان بۆ دەكاتەوە، بەڵام ئاخ بۆ قەدەرونهێنییەكانی كەوا زۆرجار رێگر دەبێت لەبەردەم گەیشتنی مرۆڤ بە ویست وحەز و ئارەزووەكان، دیارە جگە لەم جیهانە و ئەم ژیانە جیهان و ژیانێكی دیكەی پێچەوانە هەیە، كەوا پڕە لە گەردەلوول و تاریكی و گەلێ جاریش ویست و ئارەزووەكانی مرۆڤ بەرەومەرگ و ماڵئاوایی پەلكێش دەكات، بۆیە ناچار بووم سەردانی ئەم كوڕە بكەم، چونكە من راستگۆیانە خۆشم دەویست نەمدەتوانی تەنیا بە قسەكردنی موبایل وازی لێ بهێنم حەزم دەكرد رووبەڕوو لە قسەكردن ببمەوە بەڵام بەداخەوە ئەو هەروەكو جارانی پێشووتر كۆمەڵێك وەڵامی تاریكتر بەڵكو ناخۆشتر لەوەی كە بە موبیل پێی گوتبووم وەڵامی دامەوە ئەمە وایكرد ئومێد بڕاوبووم لە خۆشەویستی ئەو، چیتر نەمتوانی خۆڕاگربم توانا و بەرگەی ئەو ئەشقەم نەما، بۆیە زۆر بە ناچاری بڕیارمدا شوو بكەم هەرچەندە پێشتر بۆ چەندین جار بۆ كوڕێكی ناسیاوی خۆمان هاتبوونە داوام بەڵام من رازی نەبووم شووی پێ بكەم، بۆیە ئەو جارە كە هاتنەوە بۆ داوام وەڵامم وەكو جارانی پێشو نەبوو ئەمجارە بە بەڵێ و رازی بوون وەڵامم دانەوە خانوو ماڵی جیایان بۆ دانام، بە درێژایی رۆژ بە تەنیا بووم چونكە پیاوەكەم ئیشوكارەكەی وابوو، بۆیە بۆ ئەوەی من بە تەنیا نەبم (ئاواز)ی خوشكی پیاوەكەمیان هێنا،(ئاواز) پەیوەندی لەگەڵ كوڕێك هەبوو، لە یەكێك لە ئێوارەكان كەوا هێشتا مێردەكەم لە ئیش نەگەڕابۆوە لەم ئێوارەیەدا (ئاواز) و ئەو كوڕە لەبەردەم دەرگای ماڵی ئێمەدا ژوانیان هەبوو، لەو كاتەی ئەوان خەریكی قسەكردن بوون لەگەڵ یەكتری ، مێردەكەم و خەزوورم و یەكێك لە كوڕەكانی خەزوورم دەهاتن بۆ ماڵی ئێمە، ئەوانیان لەبەردەم دەرگا بینیبوو بەڵام (ئاواز) هەرزوو خۆی كرد بە ژوورێ و ئەوانیش كوڕەكەیان گرت، بەڵام نەیانزانی لەگەڵ من یان لەگەڵ (ئاواز) قسە دەكات، كوڕەكەیان لە گەرماوی ماڵەكە بەندكرد،(ئاواز)ی بێ ویژدانیش پێیانی گوت: ئەو كوڕە ژوانی لەگەڵ (ژینۆ) هەبوو ئەوە خۆشەویستەكەی پێشووی(ژینۆ)یە و بۆ بینینی ئەو هاتبوو، كە من ئەو قسانەم گوێ لێ بوو خەریك بوو شێت بم، لەكاتێك ئەوان خەریكی لێدان و كوتانی ئەو كوڕە بوون و هەر لە نێو حەمامەكەش كوشتیان ئەوانە خەریكی تەرمەكە بوون و ئاگایان لە من نەما منیش ئەوەم بەفرست زانی و رامكرد، چونكە دەمزانی پێش ئەوەی قسەبكەم و راستییەكەیان پێ بڵێم دەمكوژن و ئەو ماوەم نادەن هەروەكو چۆن ماوەی ئەو كوڕە بەسەزمانەیان نەدا كە قسە بكات و راستییەكەیان پێ بڵێت و بزانن و ئەو ئێوارەیە ژوانی ئەوینداری لەگەڵ كێ هەبووە، ئەوە بەسەرهاتی من بوو كەوا زۆر بە كورتی بۆم باسكردی، لەو رۆژەوە تاوەكوئێستا من لێرە ژیانێكی كۆلەمەرگی دەبەمەسەر و ناتوانم تەنانەت بگەڕێمەوە ماڵی باوكیشم چونكە ئەوانیشیان وا تێگەیاندووە كە دوای شووكردنیشم پەیوەندیم لەگەڵ ئەو كوڕە هەرماوە، كە ئەو قسەیە زۆر دوورە لە راستی، بۆیە لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە كەوا بە زووترین كات نهێنییەكان ئاشكرا ببێ و راستییەكان روون بێتەوە بۆ ئەوەی منیش لەم تاوانە گەورەی كەوا بە بوختان بۆیان هەڵبەستووم رزگارم بێت و جارێكی دیكە بتوام بە ئازادی بگەڕێمەوە نێو خانەوادە و خزم و كەسەكانم و ژیان لەگەڵ ئەوان بەسەربەرم.
ئەگەر بە وردی سەیری ئەم بەسەرهاتە بكەین لێرەوە هەڵەكانمان بۆ روون دەبێتەوە، یەكێك كە لە زانكۆ بێ و زانكۆ گەورەترین ناوەندی پێگەیاندن و مەعریفەیە ئەمجۆرە بیركردنەوەی هەبێت، دەبێ خەڵكی نەخوێندەواری وەكو ماڵە خەزوورانی (ژینۆ) چ بیركردنەوەیەكی كوێرانەیان هەبێت، هەڵبەتە لەمە زیاتریان نابێت كەوا بێ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی كوڕەكە لە گەرماوی بكەن و كۆتایی بە ژیانی بهێن
Views: 690 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  يناير 2009  »
إثثأرخجسأح
   1234
567891011
12131415161718
19202122232425
262728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz