الخميس, 2024-05-16, 6.24.41 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2009 » يناير » 24 » دوای پانزە ساڵ لەجیاتی تاوانباری راستەقینە كەسێكی دیكە دەكرێتە تاوانبار و دەگیرێت
1.36.22 PM
دوای پانزە ساڵ لەجیاتی تاوانباری راستەقینە كەسێكی دیكە دەكرێتە تاوانبار و دەگیرێت


رۆژێكی خۆشی وەرزی بەهار بوو، كات چێشتەنگاوبوو كە(مستەفا) لە ناو ژوورێكی بنكەی پۆلیس راگیرا، راگیرانەكەش زۆر سەیر بوو، یەكسەر دەستیان كەلەپچەكرد و بردیانە ژووری راگرتن و دەستبەسەركردن و لەوێ كە بردیانە ژوورەوە، كە ژوورێكی مەیلەو بچووكی چۆڵ بوو، لایەكی كەلەپچەكەی دەستیان كردەوە و لەشیشێكی پەنجەرە ئاسنینەكەیان ئاڵاند و تووندیان كردەوە و دەرگایان لەسەر داخست، هۆی چی بوو دەستگیركرا، چی كردبوو، بۆ پێیناڵێین و بۆچی وەها رەفتاری لەگەڵدا دەكەین؟ ئەو پرسیارانە بوو كە(مستەفا) وەڵامەكەی نەدەزانی كابرا دڵتووند و خەفەتبار، گێژ و سەرسووڕماو، بێ ئەوەی هیچ تاوانێكی كردبێت، دەبێ دنیا چی بەسەر هاتبێت، هەزار و یەك پرسیاری لە خەیاڵیدا دروست دەبوون و هەمووشی بێ وەڵام دەمانەوە.
بۆچی دەستگیركرا
لەمەڕ هۆی دەستگیركردنی، ئەو لێكۆڵەرەوە دادییەی كە پێی وابوو دەبێ ئەو گومانلێكراوە دەمودەست بێ دواكەوتن بگیرێت هۆكاری دەستگیركردنەكەی بەمشێوەیە بۆ گێڕاینەوە و گوتی: سەرەتا كە من سەیری ناوەكەیم كرد و تەماشایەكی خۆیم كرد، لەگەڵ ئەو ناوەی كە گومانم لێدەكرد هەر بە لێكدانەوە بەراوردم كردن و زۆرم پێ سەیربوو، چۆن دەبێ ئەمە ئەو تاوانبارە بێ كە بە تاوانی كوشتنی كەسێك تاوانبارە و (15)ساڵیشە هەڵاتووە، ناچار بۆ دڵنیابوون لە راستی ناوەكان، بە كابرام گوت: تۆزێك لە دەرەوە چاوەڕێی بكە تا كارەكەت بۆ تەواو دەكەم، كە چووە دەرەوە (فایلی تاوانی كوشتنەكەم كرد كە هاتە بەردەستم، بە وردی سەیری ناوی تاوانبارم كرد، ناو چوارینە و سەیرێكی ناسنامەكەیشم كرد و لەگەڵ ناوی ئەو پیاوەم بەراوردكرد، كە گومانم لێ كردووە، دەبینم هەمان ناو و هەمان ساڵی لە دایكبوون بوو، سەیر لەوەدابوو ناوی خێزانیشیان ، ناوی خێزان و باوك و باپیری خێزانیشیان هەر وەكو یەك بوو، تەنیا وێنەیان تۆزێك جیاوازی هەبوو، ئەو جیاوازییەشم بۆ بەسەر چوونی ئەو ماوەیە درێژە كە پانزە ساڵ بوو گەڕاندەوە، فایلەكەم بردە لای ئەفسەری بنكە و ئەویش تەواو دیقەتی دایە و گوتی وەڵلا هەمان ناون: دیارە ئەوە خۆیەتی بە پەلە پەل نووسراومان بۆ دادوەری لێكۆڵینەوەكرد كە بەڵێ تاونباری هەڵاتوومان لە فڵانە كێشە دەستگیركردووە، تەواوی فایلەكەشمان لەگەڵ ناسنامەی كابرا بۆ دادوەر نارد، ئەویش بڕوای پێهات و فەرمانی دەستگیركردنی دا، كە كابرامان گرت سەرەتا تەنیا دۆش دامابوو، لای وابوو هەڵەیەكمان كردووە و ئێستا نا ئێستا بۆمان دەردەكەوێ كە هەڵەین و ئیدی ئازادی دەكەین بەڵام لەناو ژوورەكە وەك دەستبەسەركرا و زۆر مایەوە، ئێمەش بۆ تەواوكردنی لێكۆڵینەوە بانگی ژووری لێكۆڵیینەوەمان كرد، پێمان گوت : كە تۆ كابرایەكت كوشتووە، كابرا كردییە هەڵڵایەك ئەوسەری دیار نەبێت، هاواری دەكرد: كوڕە بابە وەڵڵا ئێوە بەسەهوو چووینە، من(15) ساڵ زیاترە لە ئێرانێ بوویمەو تازە بەتازە بە ناخیری گیانم هاتوومەتەوە ئاخر دەمگوتە خزمان كاكە ناگەڕێمەوە، بابە ناگەڕێمەوە، هەر فایدەی نەبوو وازیان لێنەهێنام، دەفەرموو ئەوە هاتوومەتەوە لەسەر هیچ و خۆڕایش گیرایمەوە پێشم دەڵێن پێش(15) ساڵان كابرایەكت كوشتووە، زۆری تری گوت و زۆرتریش كردیە هەڵڵا و هۆریا ، بەڵام ئێمە گوێمان پێنەدا و رەوانەی لای دادوەرمان كرد، كابرا خەریكبوو شێت دەبوو لە پێش دادوەر گوتی: جەنابی حاكم ئاخر ویژدانتان بێت من لە كوێ خەڵكم كوشتووە، كێم كوشتووە، بۆچی من(15) ساڵە لێرە بوویمە؟!
ئاخر بۆ پێم ناڵێن ئەو كەسەی كە كوشتوومە كێیە و ناوی چییە و بۆچی خزم و كەسوكاری بانگ ناكەن بزانن من دەناسن، من دەیانناسم ئیدی دادوەریش بەشێویەكی فەرمی قسەكانی وەرگرت و دادوەریانە تۆماركرا و تۆمەتەكەی بۆ ئاراستەكرد و پێی گوت:
(15) ساڵ پێش ئێستا لە سنووری فڵان بنكەی پۆلیس و لە فڵانە گەڕەك تاوانی كوشتنی پیاوێكت ئەنجامداوە و دوای دەستگیركردنت توانیت رابكەی و خۆت ون بكەیت، ئەو كێشەیە كاتی خۆی فڵان دادوەر لێكۆڵیینەوەی لێكردووە و لە فڵانە بنكەی پۆلیس بووە و تۆش دوای دەستگیركردنت هەڵاتووی و فڵانە كەست كوشتووە ئیتر كابرا رەوانەی بەندیخانەی گشتی كرا و سەر لە نوێ پەڕاوی بۆ نوێ كرایەوە و دووبارە دەستكرایەوە بە لێكۆڵینەوە.
كابرا چۆن كوژراوە
گوایە(مستەفا) و كابرای كوژراو كە ناوی(سەمەد) بووە لە ناو ماڵی(سەمەد) دەبێتە شەڕیان و (سەمەد) چەقۆیەكی پێدەبێت و بۆ(مستەفا)ی رادەوەشێنێ و برینێكی سووكی لێدەكات و برینداری دەكات، ئیدی بە چەقۆیان بۆی دێت و دەیەوێ بیكوژێت،(مستەفا)ش كە بەرگری لەخۆی دەكات، و هەوڵدەدات لەبەر دەستی هەڵبێت(سەمەد) دەرفەتی پێنادات و دەبێتە زۆرانبازی مان و نەمان، لەبەر ئەوەی(مستەفا)لەو بەهێزتر و بەخۆوەتر و زەبەلاحتر دەبێت (سەمەد) ناتوانێ بەرزەوتی بكات ، ئیتر(مستەفا) دەمانچەیەكی پێدەبێت و لێی دەردێنێت و گوللەیەكی لەسەری دڵی دەدات و كابرا دەموودەست دەكەوێتە سەر زەوی و گیان دەدات، لەگەڵ ئەم زۆرانبازی و هاتوو هاوار و دەنگی تەقەیان دەر و دراوسێ پێدەزانێ و هەموویان لە دەوری ماڵەكە كۆدەبنەوە كاتێك(مستەفا) بە پەلەپەلێ و شپرزەییەوە، بە گێژ و وێژییەوە، رادەكاتە دەرەوە خۆی دەرباز بكات كە لە كۆسپەی دەرگا كە ئاودیو دەبێ ساتمەیەك دەكات و بەردەبێتەوە، بە جۆرێ هەم دەمانچەكەی لە دەست بەردەبێتەوە هەمیش لەنگەر و هاوسەنگی خۆی لە دەست دەدات، خەڵكەكەش ئەمە بەدەرفەت دەزانن و راوی دەنێن و دەیگرن و بەرزەوتی دەكەن و كە پۆلیس دێت تەسلیمی پۆلیسی دەكەن.
هۆی ئەو شەڕ و ململانێیەش ئەوەبوو كە(مستەفا) پەیوەندییەكی خۆشەویستی لەگەڵ خۆشكی(سەمەد) هەبووە و ئەو رۆژە كە چۆتە ماڵیان لەسەر داوای خۆشكەكەی بووە، بۆ ئەوەی دووبەدوو بۆ خۆیان دابنیشن تەگبیر بكەن كە كەی و چۆن بێتە خوازبێنی و ئەو شتانەی پەیوەندی بە پێداویستی و دابوونەریتی خوازبێنییەوە هەیە... رێكەوتیش وا دەبێ ئەوان بەیەكەوە دادەنیشن،(سەمەد)ی برای ئەو رۆژە جانتا گیرفانییەكەی لە ماڵ لە بیر دەكات و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جانتاكەی ببات كە پارەی گیرفان و كاغەز و ناسنامەی خۆی تێدا دەبێ كاتێك دەگەڕێتەوە خوشكەكەی و (مستەفا) بەیەكەوە دەبینێت، كە دانیشتوون، و خەریكی گفتوگۆن، چاوی تاریك دەبێ و وەكو گورگێكی بریندار پڕی دەداتێ و دەبێتە شەڕیان تا دواجار بە كوژرانی(سەمەد) و گیرانی(مستەفا) و دواتر هەڵاتنی تەواو دەبێ، ئەو كێشەیەش وەك دۆسیە دەمێنێتەوە و (15) ساڵ بەسەر هەڵڵاتنی(مستەفا)دا رەتدەبێ و كەس نازانێ سەروسۆراخی چی بووە.
دەركەوتنی راستی
دادوەر كە تێبینی نكۆڵی كردنی تەواوەتی و یەكجارەكی(مستەفا) دەكات لەو تۆمەتەی كە خراوەتە پاڵی، بڕیار دەدات قسەكانی بەهەند وەربگیرێت و بە چاوێكی تر سەیری كێشەكە بكات تاوەكو زووتر و راست بگاتە بنج و بنەوانی (قسەكانی مستەفا).
چونكە لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكەی كە پۆلیس پێش(15) ساڵ كردوویەتی سەرنج دەدا كە(مستەفا)دانی بە تاوانەكەی ناوە و وێنەی لە بەرگیراوەی ناسنامەكەشی لێدراوە و تەواو وەكو ناسنامەكەی ئەو(مستەفا)یەیە كە ئێستا دەستگیرە و نكوڵی دەكات، ئەی دەبێ هۆی ئەو نكوڵی كردنەی لە چییەوە بووبێ، بۆیە بڕیار دەدات پەنجە مۆری وەربگیرێت و لەگەڵ ئەو پەنجەمۆریی كە لە دۆسییەكە دراوە بەراورد بكرێت، دوای دوو رۆژ دەرەنجامی پەنجە مۆرەكە دێتەوە و بە راپۆرتێك دادوەر ئاگادار دەكرێتەوە كە وەكو یەك نین كە چاوی پێدەكەوێ سەری سووڕ دەمێنێ و بڕوا ناكات، لەمەوە گومانێكی قوڵ لەلای دروست دەبێ، بڕیار دەدات لێكۆڵینەوەی رووبەرووی بە درێژی لەگەڵ بكرێتەوە و پاشان وێنەی تۆماریشی لە فەرمانگەی باری شارستانی (ناسنامە) داوا بكرێت و بەوردی لێكۆڵینەوە لە باری خێزانی ئەو (مستەفا)یە و ئەو(مستەفا)یەی كە گوایە لەیەك جیان بكەن، بنكەی پۆلیس بە چڕی بە دوای جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا دەچێ و دەرەنجام وێنەی تۆماری خێزانی هەر دوو(مستەفا)ش كە دێتەوە هەموو ئەفسەر و رێپێدراوەكانی بنكەی پۆلیس سەرسوڕما و دەكات واقیان وڕدەمێنێت كە چۆن شتی وا دەبێت دوو كەس هەردووكیان ناوی چواریینەیان و ساڵی لە دایكبوون و ناوی سیانی خێزانیشان وەكو یەك بێ، بەڵام خوشك و براكانیان جیاوازبن، دەرەنجامەكە بۆ دادوەر دەنێرن و ئەویش بە وردی سەیری دەكات و بۆ هەموولایەك روون دەبێتەوە كە ئەو(مستەفا)یەی گیراوە ئێستا ئەو(مستەفا)یە نییە كە بكوژی راستەقینەیە، بۆیە بڕیار دەدات كە(مستەفا) ی دەستگیركرا و و گومانلێكراو ئازاد بكرێت، كابرا دوای مانەوەی مانگێك لە بەندیخانە ئینجا لە بەندیخانە دێتە دەرەوە و بڕیار دەدات، لە كوێ هاتووە دووبارە بگەڕێتەوە ئەوێ و ئاوارەبێتەوە و تا ماویشە نەیەتەوە.
دەرەنجام
لە جیهانی تاواندا هەندێك جار رێكدەكەوێ كەسێك بە گومانی ئەوەی بە كەسی تاوانبار دەچی بەتایبەتی ئەگەر لەدەست عەدالەتی دادگاش هەڵاتبێ، هەندێ خاڵی بەیەكچوو لە نێوانیاندا هەبێ و دەستگیریش بكرێت، جارێ وا دەبێ زۆری پێدەچێ، تا بێتاوانی كابرا دەردەچێ بەڵام بە دیهێنانی عەدالەت و دەركەوتنی راستیش شایانی ئەوەیە كە قوربانی بۆ بدرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە دواجار راستی بەدەركەوێت.
Views: 650 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  يناير 2009  »
إثثأرخجسأح
   1234
567891011
12131415161718
19202122232425
262728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz