الأربعاء, 2024-05-15, 9.00.12 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2009 » يناير » 12 » دەمەقاڵییەكی بچووك.... رووداوێكی گەورەی لێكەوەتەوە
1.47.13 PM
دەمەقاڵییەكی بچووك.... رووداوێكی گەورەی لێكەوەتەوە


لە كۆمەڵگەی ئێمەدا باوە كە زۆر جار دەمەقاڵی و مشتومڕێكی بچووك رووداوێكی گەورەی لێبكەوێتەوە و چەندین كەسی تێدا بكوژرێت.. هۆی تەشەنەكردنی رووداوەكەش تەنیا هەڵچوونێكی دەروونی كاتی و دەموودەستی یەكێك یان دووانە، ئەم رووداوەش ئەگەرچی ماوەیەكی بەسەرداچووە، بەڵام رووداوێكی راستەو لەم شارەدا روویداوە.. سەیر لەوەشدایە هەڵگیرسێنەری ئاگری رووداوەكەش ژنی پیاوێك لە پیاوەكانی رووداوەكە بووە و دواتر كارەساتێكی گەورەی خوڵقاندووە... بەهەرحاڵ مەبەست لە گێڕانەوەی ئەم رووداوە راستەقینەیە تەنیا وەرگرتنی پەند و عیبرەت و وەرگرتنی جۆرێك لە هۆشیاری و ئەزموونە كە فێربین زوو هەڵنەچین و یەكتریش قبوڵ بكەین، ئەگەر ئەو یەكتر قبووڵ كردنە، تاڵیش بێت، چونكە هەموو كێشەیەك دەكرێ بە زمانێكی خۆش و بە هێمن و كەمێك دانبەخۆداگرتن چارە بكرێت.
شت كڕین و لێكحاڵینەبوون
(یونس) یەكێك لە شایەت عەیانەكانی ئەو رووداوە بووە، ئەو نزیكەی چەند مەترێك لە رووداوەكە دووربوو، بۆیە ئاگاداری ساتەكانی كوشتنەكەیە، لەبەر ئەوە بە باشمانزانی ئەو بۆ خۆی رووداوەكەمان بۆ بگێڕێتەوە(یونس) ساتە دژوارەكانی رووداوەكەمان بەمشێوەیە بۆ وەسف دەكات دەڵێ: كات پاشنیوەڕۆ بوو، دنیا سارد و بایەكی وشكی دەهات، من دووكانی فرۆشتنی نایلۆن و سۆندەی ئاوم هەبوو، كابرایەكیش عارەبانەیەكی هەبوو، بەخۆی و باوكی تەماتە و خیار و پەتاتەیان دەفرۆشت، هەموو رۆژێك لە نزیك دوكانەكەی من شوێنێكیان بۆ خۆیان گرتبوو و بەیانیان دەهاتن و ئێواران دەگەڕانەوە ماڵەوە، لەولا تریشمانەوە ریزە خانوویەك هەبوو، چەند ماڵێكی لێبوو... ئەو پاشنیوەڕۆیە لە ئافرەتەكانی یەك لە ماڵانە، هاتە لای عارەبانەكە و مامەڵەی دوو كیلۆ پەتاتەی كرد دیار بوو نرخی پەتاتەكەی پێ گران بوو، بۆیە تۆزێك بۆڵە بۆڵی كرد و بەنا بە دڵی و هەڵچوونێكی ئاشكراوە، دوو كیلۆی كڕی و رۆیشت، دوای كاتژمێرێك پیاوێك هات و هەر هێندەمانزانی لەگەڵ كابرای پەتاتە فرۆش كردیە هەرا مشتومڕێكی گەورە، كابرای پەتاتە فرۆش كە باوكیشی لە دیاری راوەستابو، بەخۆی و بە باوكی چەندی هەوڵیاندا بۆ كابرای روونبكەنەوە كە ئەوانە پەتاتەكەیان جوان و باش و تۆزێك بە گرانتریان كڕیوە، بۆیە نرخەكەیان گرانترە، چەندی گوتیان قسەیەكی هەڵەمان بە ژنەكەت نەگوتووە و ئەگەر لە نرخەكەی ناڕەزای وەرە با پارەكەت بدەینەوە، بێ سوود بوو، كابرا لە كەلی شەیتان نەدەهاتە خوارەوە، هەموو هەوڵێكیان بێسوود بوو، ئێمەش چووینە ناوبژیوانیان، هەر بێسوودبوو، ئیدی كەوای لێهات كۆتایی هێنان بە گرفتەكە لە دەست ئێمە دەرچوو، كابرای پەتاتە فرۆشیش لە توانای نەما و بە توندی وەڵامی مێردی ژنەكەی دایەوە لەمەوە مشتومڕەكە تەشەنەی كرد و یەخەی یەكتریان گرت و تێكگیربوون و كەوتنە سەر و پۆتەلاكی یەكتری، هەر هێندەمان زانی مێردی ژنەكە دەمانچەیەكی دەرهێناو گوللەیەكی لە سینگی كابرای پەتاتە فرۆش دا و بەریدایەوە سەر زەوی و یەكسەر هەڵات، باوكی كە لەوێ بوو، كە چاوی بە دیمەنی گوللە پێكەوتنی كوڕەكەی و پاشانیش دوای كەمتر لە خولەكێك مردنی، كەوت، چاوی ئەبڵەق بوو، واق و ڕما و و دەمی وەك تەڵەی تەقیو وابوو، نەیتوانی تەنانەت وشەیەكیش دەرببڕێت، هەر لەو ساتەدا كەوتە سەر زەوی و لە هۆش خۆی چوو، ئیتر خەڵك كۆبۆوە و بووە قەرەباڵغی و پاشان پۆلیس هات و تەرمەكە گەیەندرایە نەخۆشخانە، ئەم خێزانە كەوایان بەسەرهات بڕیاریاندا تازییە دانەنێن ، پاش هەشت رۆژان برایەكی مێردی ژنەكەیان كوشت و دوژمنداریان دەستپێكرد.
هەڵاتنی ژنەكە و دواتر تەڵاقدانیشی
(یونس) لەسەر گێڕانەوەكەی بەردەوام دەبێ و دەڵێ:
ژنەكە ناوی (ناهیدە)بوو، كە دیتی رووداوی كوشتنەكە تەشەنەی كردووە بە تەواوەتی ترسی گەیشتێ، بەتایبەتی كە بۆ هەموو لایەك روون بۆوە كە بەفیتی ئەو بوو ئەو شەڕ و دوژمندارییە هەڵگیرسا، جگە لەوەش هەڕەشەی كوشتن لەویش كرا، بۆیە سەری خۆی هەڵگرت و چووە شارێكی تر كە ماڵە ئامۆزایەكی لێبووە، ژنە نزیكەی سێ مانگان خۆی لەو ماڵە حەشاردا تا كێشەكە بە تەواوەتی یەك لا نەبۆوە بڕیاری گەڕانەوەی نەدا، ئەوەبوو بە هەوڵی خێرخوازان و خزم و ناسیاوان توانرا سوڵحیان لە نێواندا بكرێت، لە سوڵحەكەدا ماڵی كابرای پەتاتەفرۆش كچێك و بڕە پارەیەكیان وەرگرت ئینجا لە ماڵی(ناهیدە) خۆشبوون.
مێردی(ناهیدە) چووە دووی و هێنایەوە، بەڵام لەسەر داوای ماڵی پەتاتە فرۆش دەبوو(ناهیدە) تەڵاق بدرێت، ئینجا لەم و لەوانیش بە تەواوەتی خۆش دەبن، كابرای مێردیشی ناچار بوو تەڵاقی بدات.
چۆنیەتی هەڵكردنی فیتنەكە
لەمەڕ چۆنیەتی هەڵكردنی ئەو فیتنەیە (یونس) وای پێباش بوو مێردی ناهیدە كە ناوی(جاسم) بوو خۆی چۆنیەتی سەرهەڵدانی كێشەكە بگێڕێتەوە، ئەوەبوو كە چووینە لای(جاسم) دەمێ ساڵ بوو (ناهیدە) ی لەلا نەمابوو، تەڵاقی دابوو، ژنێكی دیكەی هێنابۆوە، ئێمەش داوامان لێكرد، كە بەسەرهاتەكەمان بۆ بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی لە زاری خۆیەوە بیبیستین.
ئەویش بە خەفەتێكی زۆرەوە ئاهێكی هەڵكێشا و دەستی بە گێڕانەوەی بەسەر هاتەكە كرد و گوتی: ئەو رۆژە دنیا زۆر سارد بوو، بۆیە لە رۆژانی تر زووتر چوومەوە ماڵەوە كە گەیشتمەوە هێشتا دانەنیشتبووم(ناهیدە) دەستی بە پرتە پرت كرد و گوتی: ئەدی تۆ هەروا بێدەنگ و زمان بەسترای ناڵێی بۆ وا رەنگت تێكچووە و شپرزە دیاری، دەبینی چ بێدەسەڵات و بێدەرەتانێكی... ئیدی دەستی پێكرد و نەیبڕییەوە بە خۆشی ژنێكی زۆر بڵێ و بە كێشە و گێچەڵ بوو، رۆژ نەبوو لەگەڵ دەر و دراوسێیان گێچەڵێك یا گۆبەندێك نەنێتەوە، منیش خوا خوام بوو دەمی داخەم و لە كۆڵ خۆمی كەمەوە، گوتم: دەی خانم بڵێ چی بووە دیسان... گوتی:
ئەو پەتاتە فرۆشە گرانزانە لە هەموو خەڵكی بازاڕ دوو كیلۆ گرانتر پەتاتەی دایمێ، چەندی گوتم بە هەرزانترم بدێ، نەمیدایێ منیش گوتم: ئێ نەتیدایێ چی بكەم، لای ئەو نەتكڕیبایە و بڕۆیشتایە لای دووكاندارێك ، ئەو قسانە لای ئەو ژنە نەیخوارد، دەستی پێكردەوە وەك پیرێژنی دۆ لێ رژاو بۆڵە بۆڵەكەی نەبڕاندەوە ئاخیرییەكەی كە زانی هیچ گوێی پێنادەم گوتی: ئاخر هەقتە وا خۆت كڕ كەی، ئەو لە ژێرەوە چاوی لێدەكردم و شەڕی پێدەفرۆشتم منیش كە رووم نەدایێ بۆیە لە رقان بە گران پێیفرۆشتم.... ئیدی چەندی دیكەی لەو قسە هاندەرانە كرد منیش لە گیانی خۆم تەقیم و هەستام چوومە لای كابرا، ئەوەبوو بووە دەمەقاڵیمان پاشان بووە شەڕمان راستییەكەی هەڵە لە من بوو، چونكە كابرای پەتاتە فرۆش بەخۆی و بە باوكی زۆر بە نەرمی و هێمنی هەوڵیاندا هێورم بكەنەوە و مەسەلەكەم تێبگەیەنن، تەنانەت پارەكەشیان دامەوە و رازی بوون پەتاتەكەشیا نەدەمەوە تەنیا بۆ ئەوەی گڕەگڕ و مشتومڕەكە كۆتایی پێبێت، بەڵام ئیدی ئەوەبوو لە دەستم دەرچوو، جا كە رووداوەكە روویدا یەكسەر هەڵاتم، بەڵام پێش ئەوەی بە یەكجاری خۆم لەو ناوە ون بكەم خۆم گەیاندە ماڵەوە و بە (ناهیدە)م گوت: باشە خانم ئێستا خۆ ئۆقرەت گرت، دڵت ئاوی خواردەوە، ئاسوودە بووی، ئەوە پیاوێكم بۆ كوشتی، جا لە هەمووی سەیرتر چ دەڵێ باشە: جا كوشتت كوشتت بە جەهەندەم با وانەكات تا نەكوژرێ، تۆش بۆچی وا خۆت سەغڵەت كردووە و منەتم بەسەردادەكەی...
كەوای گوت: چاوم تاریك بوو دەمم كەفێ كرد و دەموودەست دوو گوللەم لەسەر یەك بۆ هاوێشت بەڵام پێینەكەوت، ئیدی كردیە قیژە و هاوار بەسەر پەیژەكان كەوت و هەڵاتە سەرییان، جا لە بەر ئەوەی شتەكە بە هەڵەهات و ئەوانیش هەستیان بە غەدر دەكرد، بۆیە تازییەیان دانەنا و هەر پاش چەند رۆژێك برایەكی منیان كوشتەوە، تەنانەت كە سوڵحیشمان كرد و كچێكیشمان دانێ، باوكی پەتاتە فرۆشەكە چونكە لەبەر چاوی ئەو كوڕەكەیم كوشتبوو، یەك دووجار كە رێككەوتی یەكتریمان كرد، دەمانچەكەی لێهەڵكێشام و بەدوام كەوت، پاشان بە هەوڵی هەموو لایەك كێشەكەمان بە یەكجاری بڕاندەوە بەو مەرجەی(ناهیدە) تەڵاق بدەم، بەڕاستی ئەوەی پێكردم ئەو ژنە فیتنەكارە بوو، رانەوەستا تا ئەو كەتنەی پێیكردم و پیاوێك و برایەكم تیاچوو خۆشی بە تەڵاقدان داو كچێكی نازداریشمان كردە بە دەل خوێن.... ئەمە گەورەترین هەڵە بوو كە من لە ژیانمدا كردم، ئەوەی چووش چوو چەند گران و بە قیمەت بوویێت تازە قەرەبوو ناكرێتەوە، پەشیمانیشم بەڵام چ سوودی هەیە.
Views: 537 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  يناير 2009  »
إثثأرخجسأح
   1234
567891011
12131415161718
19202122232425
262728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz