الخميس, 2024-05-16, 4.43.15 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2009 » يناير » 8 » ئەو ژن و مێردەی لە بری مردن زیندانی ژیانیان هەڵبژارد
3.12.30 PM
ئەو ژن و مێردەی لە بری مردن زیندانی ژیانیان هەڵبژارد


هەر كەسێك لە ئێمە لە گەڵ دەوروبەرەكەیدا بە جۆرە پەیوەندییەك پێكەوە بەستراوینەتەوە، كە ئەم پەیوەندییەش بە پێی شێوازی پەروەردە كردنمان و ئاستی رۆشنبیری و كەسایەتی ئەو تاكە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت،لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندیانەدا لێبوردن دەبێتە خەسڵەتێك و دواتر لە سەر بنەمای ئەو خەسڵەتە كەسەكان جیا دەكرێنەوە،لە بەرامبەر هەر هەڵەیەك یاخود خیانەتێك كە بەرامبەرمان دەكرێت ئەگەر هاتوو لێبوردن لە ئاسۆی هزر و بیركردنەوەمان كشایەوە ئەو كات رق پانتایی ژیانمان داگیر دەكات، بەڵام لە كاتێكدا كە بە لێبوردن شەپۆلە تاڵەكانی ژیان كەمكەینەوەو بتوانین تاوانباران بە دادگای ویژدان بسپێرین بۆچی بە رق و تۆڵە ژیان قێزەون بكەین و ئایندەی كەسانی تریش پڕ بكەین لە ترس و گومان و تۆقاندن؟،بۆ نموونە لە ئەزموونی ژیانی ئاسۆدا لێبوردن بە دی دەكەین لە بەرامبەر گەورەترین خیانەتی هاوسەرەكەیدا كە ئەویش نوستنە لە ئامێزی كەسێكی تردا،ئاسۆ رق و توڕە بوونی خۆی دەخواتەوە لە پێناو بەردەوامی ژیانی هاوسەرە خیانەت كارەكەیدا وەك ئەوەی لەم بەسەرهاتەدا پێی ئاشنا دەبن.

پێكەوەنانی خێزان و ژیانێكی ئارام
پێكەوە نانی خێزان و دروستكردنی ماڵ و فەراهەمكردنی ژیانێكی ئارام وەك چۆن خەون و خولیای هەموو گەنجێكە،لەو سەردەمەشدا یەكێك بوو لە خەونە رەنگینەكانی ئاسۆ، كە ئەو كات تەمەنی لە 25 ساڵ تێپەڕی كردبوو، رەنگو روخسارێكی روون و قەد و باڵایەكی جوان و چاو و برۆی رەش چەندە روخساری ئەم كوڕە گەنجەیان جوان كردبوو نەرم و نیانی و بێدەنگی و رەوشت بەرزی رەونەقێكی تریان بەم جوانییە دابوو، وەسف و سەناو باسی ئەقڵ و ئەخلاقی ئەم كوڕە لای دۆست و دوژمن لە سەر زاران بوو،مام غەریبی باوكی ئاسۆ هەرچەندە پیاوێكی دەست كورتیش دەبێ زۆر جاران دەڵێت:خۆزگە كوڕەكەم كەسێكی بۆ خۆی دەستنیشان كردایە شەرت بێ ئەگەر بە قەرز و قۆڵەش بێ ئەو حەزەی بۆ بێنمە جێ،ئیتر رۆژگار تێدەپەڕن و ئاسۆ كە شۆفێری یەكێك لە فەرمانگەكان دەبێ دڵی دەچێتە سەر كچێك كە لەو فەرمانگەیە فەرمانبەرە و ئاسۆ هاتووچۆی پێ دەكات بەناوی (فەریدە)،بە دزە نیگاو ئاماژەی هەستیار زۆر شت لە چاوی یەكتریدا دەخوێننەوە زۆر جار لە رێگا پرسیاریان لە یەك دەكرد و وەڵامەكانیان دەكردە پێوەری بۆیەك گونجان،تا ئەوەی رۆژێك ئاسۆ گرێی دڵی خۆی دەكاتەوە بۆ فەریدە و ئەویش رازی دەبێت،ماوەیەك بەسەر پەیوەندی نهێنی و پر لە عەشقی نێوانیاندا تێدەپەڕێ و ئاسۆ ئەم باسە لە ماڵەوە دەدركێنێ دایك و باوكیشی خۆشحاڵ دەبن تا ئەو كاتەی دەبیستنەوە ماڵی فەریدە زۆر دەوڵەمەندن و زەحمەتە داواكارییەكانی ئەوان بە تەرازووی ئەم هەژارییەی ماڵی مام غەریب بپێورێ .سەرئەنجام پێداگری ئاسۆ لە سەر عەشقەكەی و خۆشەویستی ئەم پیرەژن و پیاوە ئەختیارە بۆ كوڕەكەیان وایان لێ دەكات پێ لە جەرگی خۆیان بنێن و مل بۆ هەر داخوازییەك كەچ بكەن كەماڵی فەریدە داوای بكەن و بڕیار دەدەن بچنە داخوازی،باوكی فەریدە رازی دەبێ كچەكەی بە مێرد بدات بەو مەرجەی ئاسۆ خانووی سەربەخۆ و ماڵی تەواوی هەبێ،ئاسۆ بڕە پارەیەكی بە موچەی فەرمانبەری كۆكردبووەوە و هەندێكیشی قەرز كردوو دایك و باوكیشی لە بەر خاتری كوڕە تاقانەكەیان خانوویەكیان بە كرێ گرت و خانووەكەی خۆیان بۆ ئاسۆ چۆڵ كرد،ماڵ دانراو فەریدە بۆ ئاسۆ گواسترایەوە،سەرەڕای ئاوارە بوونی دایكوباوكی و قەرزاری زۆر بەڵام خۆشەویستی فەریدە هەموو خەمێكی لە دڵی ئاسۆدا كاڵ كردبووەوە،لۆمە و تانەی خەڵكی كە زۆر جار بە فەریدەیان دەوت :پاش چەند ساڵ خوێندن و چاوەڕوانی مێردی بە كەسێكی هەژاری وەك ئاسۆی شۆفێر كردووە، زەڕەیەك لە عەشقی فەریدەی كەمنەكردەوە،ژیانێكی ئارام و عەشقی بەردەوامی نێوان ژن و مێردێك بەهەشتێكی لە ماڵێكدا فەراهەم هێنابوو،هەردووكیان بە رۆژ دەچوونە فەرمانگە و شەوانیش لە ئامێزی گەرمی یەكتریدا ژیانیان دەگوزەراند...
سەرهەڵدانی گومانێك لە دڵی ئاسۆدا
ژیان و گوزەرانی ئەم دوو دڵدارەی دوێنێ و ئەم دوو هاوسەرە هەروا بە ئارامی تێدەپەڕی تا ئەو كاتەی فەریدە پاش سكپڕبوون وادەی منداڵبوونی نزیك دەبێتەوە و لە فەرمانگەكەی بۆ ماوەی ساڵێك مۆڵەتی دایكایەتی وەردەگرێ،ئاسۆش هەموو رۆژێك دەچێتە سەر كارو هاوسەرەكەشی بە تەنیا لە ماڵەوە بە جێ دێڵێ،رۆژێك ئاسۆ دەمەو ئێوارە دەگەڕێتەوە هەست بە بۆنێكی خۆش و نامۆ دەكات لە ماڵەكەیدا سەرەتا وا هەست دەكات كە میوانیان هەبووە، بەڵام ئەم بۆنە رۆژانە دووبارە لە ماڵەكەیدا و بە تایبەت لە ژووری نوستندا هەستی پێ دەكرێت،بێ ئەوەی هیچكامیان لەم جۆرە بۆنەیان هەبێ یان كڕیبێتیان ئەمەش وا دەكات كە ئاسۆ بێ ویستی خۆی چاوی گومان بخاتە سەر هاوسەرەكەی و بە دوای ساحێبی ئەو بۆنە نامۆیەدا بگەڕێ،هەفتەیەك پێش منداڵبوونی فەریدە بۆنەكە دەبڕێتەوە و گومانەكانی ئاسۆش وردە وردە بەرەو رەوانەوە دەچن تا ئەوەی رۆژێك كەسێك بە ژمارەیەكی نەناسراو پەیوەندی بە ئاسۆوە دەكات و هەر ئەوەندە دەڵێت كە(تۆ چۆن قبووڵ دەكەیت ژنەكەت لە باوەشی كەسێكی تردا بێ و خۆشت بەدوای كاروكاسبیدا وێڵیت بۆ ئەوەی ئەو خێزانە نمەك حەرامەت بەختەوەر بكەیت هەوڵ مەدە بزانی من كێم چونكە نامدۆزیتەوە،بە جددی بیر لە قسەكانم بكەرەوە )ئیدی لە پاشان تەلەفۆنەكەی دادەخات و دواتر هەرچەندە ئاسۆ پەیوەندی پێوە دەكاتەوە تەلەفۆنەكە داخراوە.
ئاشكرابوونی خیانەتەكانی فەریدە
دوای ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە نادیارە ئاسۆ یەكێك لە هاوڕێ نزیكەكانی كە لە هەمان كاتدا دراوسێشیان بوو بە ناوی عوسمان رادەسپێرێ تا چاودێری ماڵەكەی بكات،نزیكەی شەش مانگ تێ دەپەڕێ هیچ شتێك دەر ناكەوێ و ئاسۆش قسەكانی كابرای نەناسراو بە درۆ و بوهتان دادەنێت تا ئەوەی چێشتەنگاوێك عوسمان پەیوەندی بە ئاسۆوە دەكات و پێی دەڵێ كە هەر ئەو كات بگەرێتەوە ماڵەوە و پیاوێكی بێگانە لە ماڵەكەیدایە و لە لایەن فەریدەوە پێشوازی لێ كراوە،دەستوبرد ئاسۆ دەگەڕێتەوە و بێ ئەوەی كەس هەست پێ بكات لە سەر دیوارەوە ئاودیوی ماڵی خۆی دەبێت،لە ژووری نوستنەوە گوێی لە دەنگە دەنگێك دەبێت و لەوێدا دەگاتە سەرچاوەی راستییەكان و هەر ئەو كات چەند ساتێك دۆش دادەمێنێ كە چ هەڵوێستێك بنوێنێ وا بە گوێی خۆی دەنگی قریشكە و تریقانەوە و نوستنی ژنەكەی لەگەڵ پیاوێكی نا مەحرەمدا دەبیستێت،دەچێت لە شوێنێك خوی دەشارێتەوە تا پیاوەكە لە ماڵەكەی دەچێتە دەرەوە،یەكسەر دەچێتە لای فەریدە و باڵی دەگرێت فەریدە رەنگی دەپەڕێ و زمانی تێكەڵ دەبێ و نازانێ چی وەڵامی مێردەكەی بداتەوە،لەو كاتەدا ئاسۆ دەمی دەگرێت و پێی دەڵێ(باسی هیچم بۆ مەكە، بەگوێی خۆم هەموو شتەكانم بیست و بە چاوی خۆم هەموو راستییەكانم بینی، هەتا ئێستا خۆشم ویستووی ئیستاش هەر ئەو خۆشەویستیە وام لێ دەكات كە حەز بە مردنت نەكەم،ئەگەر نا ئیستا حەقی كوشتنت هەیە،هەستە خۆت بپێچەوەو هەرچیت پێ دەڵێم وا بكە،تازە ژیانی من و تۆ تەواو منداڵەكەش كە نازانم لە منە یان لەو پیاوەیە با لای تۆ بێ،دەچێتەوە لای باوكت دەڵێیت:تۆراوم و شتێك هەیە دەمێكە لێتانی دەشارمەوە من و ئاسۆ پێكەوە ناگونجێین و چەند جار لێی داوم و ئاوهام لێ دەكات و ئاوای لێ كردووم، بۆیە ناتوانم لەگەڵی بژیم و ئیتر تەحەمولم نەماوە و دەبێ لێی جیا بمەوە،لەوە زیاتر هەر شتێك بڵێی بە زەرەری تۆ دەشكێتەوە باوكت بزانێ چیت كردووە تۆ دەكوژێو منداڵەكەش دەفەوتێ .لە ویژدانەوە سوپاسم بكە كە ئەوەندە باشم لە گەڵتا لە ناخەوە نەفرەتت لێ دەكەم كە ژیانی منت بۆ باوەشی پیاوێكی تر تێك دا،ئیتر حەز ناكەم بتبینم).
جیابوونەوە و پەردەپۆشكردنی نهێنییەكان
پاش ئەوەی فەریدە لە گەڵ باوكیدا قسە دەكات و باس لە خراپی ئاسۆ دەكات و لە دادگا داوای جیابوونەوە تۆمار دەكرێت بە تۆمەتی ئەوەی كە ئاسۆ سۆز و عاتیفەی كەمەو ماڵ و منداڵی پێ بەخێو ناكرێت و دڵی پیسەو چەندین تۆمەتی تر تەنها بۆ ئەوەی بە بێ كێشە ئەم ژن و مێردە لە یەكتری جیا ببنەوە،لە رۆژی دادگایی كردندا باوكی فەریدە لە هۆڵی دادگادا توڕە دبێت و بەرامبەر بە ئاسۆ دەست دەكاتە جنێو دان و دەڵێ(جەنابی دادوەر من هەر لە سەرەتاوە ئەم كوڕە م نەدەكەوتە بەردڵ دەمزانی ئەم رەش و رووتە ماڵ و منداڵی پێ بەخێو ناكرێت، كچی من شایەنی سواڵكەرێكی وا نەبوو،بەڵام ئاخ هیچ لە گەڵ بەختو نێوچەواندا ناوترێ) ئاسۆ لەوەڵامی ئەو قسانەدا هیچ ناڵێت تەنها فەریدە بە دادوەر دەڵێت: قوربان ئێمە بڕیارمانداوە لە یەك جیا بینەوە خۆمان باشتر دەزانین كە چی باشە،دادوەر بڕیاری لێك جیابوونەوەی دەركرد و بەم جۆرە ماڵێكی پڕ لە عەشق و خۆشەویستی و ئارام شێواو خیانەتی فەریدەش بە شاراوەیی لە نێوان خۆی و ئاسۆ و عوسمانی دراوسێیاندا مایەوە، دوا جار فەریدە نامەیەك دەداتە ئاسۆ و كۆمەڵێك شتی نەزانراو ئاشكرا دەكات كە تێیدا نوسیبووی(بمبەخشە...سوپاست دەكەم كە رۆحی منت لە مەرگ رزگار كرد،دەمەوێت شتێكت پێ بڵێم كە دەبوایە یەكەم رۆژی ئاشنایەتیمان بمگوتایە، من لەگەڵ ئەو پیاوە نامەحرەمەدا پێش ئەوەی تۆ بناسم خۆشەویست بوین و بە سەدان ژوانمان ساز كردووە عاشقی بووم و عاشقم بوو، پێش ناسینی تۆ چەند جارێك هاتە خوازبێنیم باوكم رازی نەبوو مێردی پێ بكەم،رۆژگار لە یەكی كردین و هەزاران خۆزگە لە ناخماندا زیندە بە چاڵ كرا، ئەو خیانەتانەی لە تۆم دەكرد زیندوو كردنەوەی ئەو خۆزگانە بوون، با ئەم نهێنیانەش وەك باقی كارە خراپەكانی ترم لات نهێنی بن .رقم لە خۆم دەبێتەوە،پێم خۆشە بمرم).
دەر ئەنجام
خوێندنەوە و ئاشنا بوون لەم بەسەرهاتە پەیامێكمان ئاراستە دەكات ئەویش ئەوەیە كە تەنها سنگ فراوانی و لێبوردن دەتوانێ توند و تیژی و خوێن رشتنمان لە بیر بباتەوە،ئەم ژن و مێردە لە جێگەی مردن بۆ ژنەكەو زیندان بۆ پیاوەكە ژیانیان بۆ هەردوو لا هەڵبژارد لێبوردنی ئاسۆ تەنها لە پێناوی درێژەدان بوو بە ژیانی كەسێك كە گەورەترین خیانەتی لێكردبوو،ئەمەش مانای خۆشەویستی ژیان دەگەیەنێ بۆ ئەو كەسانەی كە لێبوردن دەكەنە پێشەنگ لە ژینیاندا، لە هەر بارێكدا و بۆ هەر رووداوێك ئێمە لە نێوان دوو ئەگەرداین یان ئەوەتا پێكەوە تەباین و یان ناتەباین و پێكەوە گونجانمان ئەستەمە و هەندێ جار ئەم ناتەباییە خیانەتی لێ دەكەوێتەوە،لێرەدا ئەگەر توانیمان لە كاتی ناتەباییدا بڕیاری جیا بوونەوەیەكی عاقڵانە بدەین لە جێگەی كوشتن و خوێن رشتن ئەوا ئێمە ئەركێكی مرۆڤانەمان بە جێ هێناوە و مومارەسەی كارێكمان كردووە كە بە هۆیەوە مرۆڤایەتی بەرەو ئاسودەیی هەنگاو دەنێ و توند و تیژی و بڕیاری كۆتایی هێنان بە ژیانی كەسێكی تر لە هزرماندا كاڵ دەبێتەوە
Views: 801 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  يناير 2009  »
إثثأرخجسأح
   1234
567891011
12131415161718
19202122232425
262728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz