السبت, 2024-11-23, 7.13.41 PM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2009 » يناير » 25 » بڕیارێكی هەڵە.. سەری باوك و كچێك دەخوات
1.46.28 PM
بڕیارێكی هەڵە.. سەری باوك و كچێك دەخوات

بڕیارێكی هەڵە.. سەری باوك و كچێك دەخوات
باوك بەوە ناسراوە كە خەمخۆرو شەكەتی بەخێوكردنی منداڵەكانیەتی و هەمیشە لەخەمی ئەوەدایە كە ئایندەیەكی گەش و دوارۆژێكی باش بۆ منداڵەكانی مسۆگەر بكات، بەم واتایە باوك كەسێكی میهرەبان لە خۆبوردووی ناو خێزانەو ئەركی هەرەقورسی بەرپرسارێتی ماڵی لەسەر شانە كە كاركردنی بەردەوام و بێوچانە، بەڵام باوكیش هەیە چ لەبەر نەزانین و جەهالەتی خۆی بێت یان لەبەر بیرتەسكی و دواكەوتویی بێت، لە هەر بوارێك و بەهەر رێگەو شێوازێك بێت زوڵم و زۆری لەمنداڵێكی یان زیاتری دەكات، بۆ نموونە رێگەنەدان بە كچ بەتەواوكردنی خوێندنەكەی و قەدەغەكردنی لە بەردەوام بوونی، ئەمە نموونەیەكی سەیرو تاك و تەنها نییە.
بەڵكو دەیان نموونە لەو جۆرە باوكە لەم كۆمەڵگەیەدا هەیە، ئەم كێشەیەش كە دەیخەینە بەردیدەی خوێنەران بۆ وەبیرخستنەوەو ئیدانەكردنیەتی، هەروەها بۆ ئەوەی تێبگەین كەهەموو مرۆڤێك مافی ئەوەی هەیە درێژە بە خوێندنی خۆی بدات و باوكان بەتایبەتی ئەوانەی دژ بەچوونی كچانن بۆ قوتابخانە و پەیمانگاو كۆلێژەكان، ئەو راستییە بزانن كە باوكایەتییەكەیان رێگەیان پێنادات ئەو مافە لە منداڵەكانیان زەوت بكەن.. بەڵكو بەپێچەوانەوە پێویستە هاوكارو یارمەتیدەریان بن


بڕیاری خۆكوشتن و بەجێهێشتنی نووسراوێك
پاش نیوەڕۆبوو كە دەرودراوسێی ماڵی (هەمزە) لە حەوشەو بەردەرگای ماڵیان گردببونەوەو داخ و ئەسەفیان دەكێشا لەمردنی كچێكی جوان و جاحێڵی وەك (سۆلین)، هەمزە كەتەلەفۆنی بۆ كرابوو، دوای چەند ساتێك ئۆتۆمبیلەكەی لەبەردەم ماڵەكەی خۆیان راگرت و بەهەڵەداوان و رەنگێكی پەڕیوەوە لە ئۆتۆمبیلەكە دابەزی و وەك بروسكە خۆی گەیاندە حەوشەی ماڵەكەیان، كەچاوی بەتەرمی ساردو سڕی كچە 18 ساڵییەكەی كەوت، رەنگی بەبەرەوە نەماو تاسا، باوەڕی نەدەكرد كچەكەی مردووە، لێی نزیكبۆوە و دەستی خستە بان سەری، بەهێواشی و نەرمی بانگی كردو، گوتی كچم سۆلین، چیە ، چیتە، بۆ لە هۆش خۆت چووی بۆ قسە ناكەی،هەڵسە بەئاگاوەرەوە من بابتم ، ئەدی نامناسییەوە، ئەها ئەو هەموو خەڵكەش هاتوونە لێت بپرسن.. ئەو بێ ئەوەی هەست بەخۆی بكات كچەكەی دەلاواندەوەو خەڵكەكەش هۆن هۆن فرمێسكیان لەچاو دەهاتە خوارەوەو زگیان بە باوكە نەزانەكە و كچە جوانە مەرگەكەیان دەسووتا، دڵتەنگ و غەمبار و داخباربوون بۆ ئەو كارەساتەی بەسەر ئەو باوك و كچەدا هاتبوو...
حەلیمی دایكی سۆلین بە فرمێسك رشتن و خەم و حەسرەتەوە كارەساتی خۆكوشتنی كچەكەی بەمشێوەیە بۆ دەگێڕاینەوە... دوای كەمێك وەستان، ئنجا پرسیاری ئەوەمان لێكرد كە كچەكەی بۆچی و چۆن خۆی كوشت؟
ئەویش لەوەڵامدا گوتی: كچەكەم تازە پێینابووە دوا قۆناغی پۆلی شەشەم و ئاواتی ئەوە بوو ببێتە ئەندازیار، تابڵێی كچێكی زیرەك و بەتواناو عاقڵ بوو، ئیشی ئەو ماڵەی هەموو بۆ رادەپەڕاندم و خوێندنی خۆیشی دەكرد و هەمیشە یان یەكەم یان دووەم بووە لە قوتابخانە، باوكی هەمیشە دەیگوت: تا پۆلی شەشەم لێت دەگەڕێم بخوێنی، ئیدی لە خوێندنت دادەبڕێنم كچ كەی هی خوێندنە، كچ هی ئەوەیە لەماڵ بێت و خزمەتی براو دایك و باوك، یان مێردی بكات، سۆلینیش بەدڵ و بەگیان دەیخوێندو هەموو جارێكیش كەباوكی باسی وازهێنان لە خوێندنی دەكرد ئەو لەمن دەپاڕایەوە كە تكا لە باوكی بكەم رازی بكەم واز لەو بێنێ، نەبێتە كۆسپ لەبەردەم خوێندنەكەی،منیش زۆر هەوڵم لەگەڵ دەدا.
بەڵام دیاربوو ئەو بڕیاری خۆی دابوو، كە تاقیكردنەوەكان دەستیان پێكرد بە هەر حاڵێك بێت تاقیكردنەوەی دا و هەموو رۆژێك كە دەگەڕایەوە پێی دەگوتم دایە بەخوا زۆر باشم وەڵام داوەتەوە، كۆلێژی ئەندازیاریم مسۆگەرە، كەتاقیكردنەوەكان تەواوبوون و ناو دەرچوو، باوكی رێی لێگرت ونەیهێشت بچێتە كۆلێژ.. دوو هەفتە هەوڵمان لەگەڵیدا بێ سوود بوو، كچەكە بێ ئومێد بوو زانی باوكی لە بڕیاری خۆی پەشیمان نابێتەوە، چووە ژوورەكەی خۆی لە نهۆمی سەرەوە دەرگای لەسەر خۆی كلۆم دا، گۆرەویەكی درێژی ئافرەتانی هێنابوو توند ملی خۆی پێی گرێدا بوو،گرێیەكی زۆر تووندو بەهێزیشی لێدابوو، تەنانەت لەكاتی پەلە قاژەشدا پێدەچێ هەوڵی داوە، لەملی خۆی بكاتەوە بەڵام نەیتوانیبوو، خۆی لێدەرباز بكات و لەملی خۆی بكاتەوە، بۆیە خنكاندبووی، بەڵام پێش خۆ خنكاندنی كاغەزێكی نووسیبوو براكەی خوێندبوویەوە تیایدا ، نووسبووی ( باوكە ئۆباڵی منت بە ئەستۆ، بەناهەق رێم لێدەگری خوێندنی خۆم تەواو بكەم، چ رەوای هەقە ئەو مافەم لێ زەوت دەكەی، چەند خۆم و دایكیشم هەوڵمان لەگەڵ دای لەبڕیاری خۆت پەشیمان نەبوویەوە، بێئومێدت كردم، ئەوە منیش بڕیارمدا ئەو ژیانە رەتبكەمەوە كە تۆ پێم رەوا نابینی....
ئینجا كە براكەی بۆ شتێك چوو لەدەرگای ژوورەكەیدا بانگی كرد، وەڵامی نەدایەوە، جارێك دووان و دەمێك دووان، ترسی گەیشتبووێ، بانگی من و براكەی تری كردبوو، دەرگایان شكاند، كە چووینە ژوورەوەو چاومان گێڕا بینیمان لەنزیك مێز توالیتەكەی ملی را بۆتەوەو كەوتووە و گۆرەویەكی لەملی خۆی گرێداوە، گۆرەویەكەمان لەملی كردەوە قیتمان كردەوە، بەڵام ئەو دەمێك بوو مردبوو، ئیدی بەگریان و فیغان و لەخۆدان براكانی هێنایانە خوارەوەو لە حەوشەیان دانا، كە هەواڵمان دایە باوكیشی، ئەویش هات كە لەباوەشی خۆی گرت و زانی مردووە، دەستی بەلاواندنەوە كردو ئەو خەڵكەی ئەوێی هەموو گریاند، دوای چەند ساتێك تەرمەكەی لەدەستی بەربۆوەو ئەویش رەنگی تێكچوو رشایەوەو بەربۆوە سەر زەوی و دەمودەست مرد، بە رەفتارو بڕیارە هەڵەكەی سەری خۆی و كچە جاحێڵەكەشی خوارد.
ئاخر چی تێدابوو ئەگەر كچە خوێندنی تەواوكردبایە، زۆر جار دەمانگوت باشە بۆ رێنادەی بۆ خۆی بچێتە زانكۆ؟ دەیگوت كچ و زانكۆیان نەگوتووە، پێم عەیبە هەر بەراستیش لەو بڕوایەدابوو كە چوونە زانكۆی كچ عەیبە، بەهەرحاڵ كچەكەش ناهەق بوو كە خۆی كوشت، نەدەبوایە بەوشێوەیە وەڵامی هەڵەی باوكی بداتەوە، دەیتوانی ساڵی یەكەمی كۆلێژ دوابخات تا ئێمە لەرێی خزم و كەسان هەوڵماندەدا رازی بكەین، بەتایبەتی زۆر بەقسەی برا گەورەكەی دەكرد.
بەهەرحاڵ تازە هەردووكیان چوونە رێگەی هەق و ئەو دنیایەیان بەجێهێشت، هەرچی بڵێین بێ سوودە.
Views: 817 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  يناير 2009  »
إثثأرخجسأح
   1234
567891011
12131415161718
19202122232425
262728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz