Main » 2009 » يناير » 12 » لەنێو فایلەكانی دادگاوە: بەزیـندانی هەتا هەتایی سزا دەدرێت
1.59.53 PM لەنێو فایلەكانی دادگاوە: بەزیـندانی هەتا هەتایی سزا دەدرێت |
كوشتن بە هەر شێوەو جۆرێك بێت، تاوانێكی گەورەو بێزراوە، بەڵام كوشتنێك
ئەگەر بەبێ نیەت و مەبەست، یان بە هەڵەیەكی نا ئەنقەست و هەڵەكەش بەرێكەوت
و بەبێ پلان و نەخشە بێت، وەك تاوان و وەك سەپاندنی بڕواردەی سزاش،
جیاوازە لەو كوشتنەی كە بە ئەنقەست و بەنیازو مەبەستێكی پێشوەختەوەیە،
جاری وا هەیە مرۆڤی تاوانكار ئەوەندە نیاز پیس و گڵاوە، تاوانی هێندە
گەورە دەكات، كە مرۆڤ بتاسێنێ، بۆ نموونە هەروەك لەكێشەی ژمارە (422)ی
دادگادا، كوڕێك كە ناوی (مستەفا حوسێن)ە، بەشێوەیەكی دڕندانە باوكی خۆی
دەكوژێت و پاشان رادەكات، دوای لێكۆڵینەوەیەكی چڕوپڕی دادگا بەپێی مادەی
(406)، بڕگە(أ-ب-د) لەیاسای سزاكان سزا دەدرێت و زیندانی هەتا هەتایی
دەكرێت، جا با بزانین ئەو رووداوە چۆن و لەبەرچی روویداوە.
كوڕێكی لاسارو باوكێكی داماو
(حوسێن تەها) پیاوێكی فەرمانبەرو كاسبە،ئەو جگە لە (مستەفا)ی كوڕی كە
نۆبەرەیەتی، دوو كوڕی تریشی هەیە كەناویان( ئازاد و بەهزاد)ە و لەمستەفا
بەچەند ساڵێك بچوكترن،(حوسێن) جگە لەوەی پتر لە 15 ساڵان فەرمانبەری یەكێك
لە فەرمانگە حوكمیەكانە و مووچەكەشی بەگوێرەی بڕی خزمەتی ساڵانەی
مامناوەندییە، بەڵام لەبەر ئەوەی كرێچییە وكرێی خانووەكەشی بە قەد نیوەی
مووچەكەیەتی، بۆیە لەناچاریان دوای دەوامی فەرمانگەكەی، خەریكی جگەرە
فرۆشتن دەبێت تا بەرەبەری رۆژئاوابوون ، ئەو پیاوە بۆ ئەوەی بژێویەكی
مامناوەندی بۆ ژن و منداڵەكانی دەستبەر بكات جگە لەكاری فەرمانبەرێتی خۆی،
كاری تریش دەكات، (مستەفا)ی كوڕی یەكێك لەكێشە گەورەكانی ئەو پیاوە داماوە
دەبێت، (مستەفا) بە هەرجۆرێك بێت لەدووەمی ناوەندی واز لە قوتابخانە
دەهێنێت، بەڵام كە خوێندن بەجێدێڵێ بۆ ئەوە نا كە كاسبییەك بكات یان تۆزێك
باری سەرشانی ئەو باوكە ماندووەی سووك بكات و یارمەتی بدات، بەڵكو ئەو
بەهۆی ئەوەی كە هاوڕێی خراپ و بێ كاروكاسبی و سەر بەگێچەڵی دەبێت، لەلایەك
فێری بەكارهێنانی مادەی بێهۆشكەر دەبێت، لەلایەكی تریش فشار دەخاتە سەر
باوكی پارەی پێبدات، پێی بچێتە ئەوروپا، بەڵام باوكی قوڕبەسەر پارەی چوونە
ئەروپای لەكوێ بۆ بێنێ، ئیدی زۆری هەوڵی لەگەڵ دەدات، كەچی بێ سوود دەبێت
و كوڕە ناهێتە راێی،باوكە لە ناچاریان بەهەر دەردەسەرییەك بێ لەیەكێ
لەناسیاوەكانی هەندێ پارە قەرز دەكات و (مستەفا)ش هەندێ پارە پەیدا دەكات
و بۆی دەردەچێ، (مستەفا) لەگەڵ چەند برادەرێكی رێكدەكەون، بەقاچاخ ملی
رێگای هاتو نەهاتی ئەوروپا دەگرنەبەر، پاش نزیكەی دوو مانگ لە نەبووی
هەواڵ و سەر و سۆراغ ، (مستەفا) دووبارە دەگەڕێتەوە ماڵ و بەباوكی
رادەگەیەنێت كە سنوورداش كراوەتەوە، باوكی كڵۆڵ دووبار دووچاری شەڕو
ئاژاوەی رۆژانە و گێچەڵی بەردەوامی مستەفا دەبێتەوە، چەند جارێك دەمەقاڵێ
لەگەڵ باوكی دەكات و دەبێتە شەڕیان و دەستدرێژی دەكاتە سەر باوكی و چەند
جارێك لێشی دەدات، باوكە ناچار دەبێ لەبنكەی پۆلیس سكاڵای لەدژی تۆمار
بكات و لەماڵ دەریبكات...ئیتر دوا ئەوەی مستەفا بەدەستەبەری و بەڵێننامە
ئازاد دەكرێت و لەبەندیخانە دەردەچێت.
پلاندانان بۆ كوشتنی باوك
بەندبوونی مستەفا رق و كینەیەكی زۆری لەلا دروست دەكات و وایلێدەكات بیر
لە تۆڵەسەندنەوە بكات، ئیدی دوای هەفتەیەك بیركردنەوەو تاوتووێكردنی
چۆنیەتی تۆڵە كردنەوە لەباوكی، دەگاتە ئەو بڕیارەی كە بۆمبایەكی دەستی(
نارنجۆك) فڕێداتە ماڵی باوكی و بیتەقێنێتەوە و بەو هۆیەوە بیكوژێت و كەسیش
نەزانێت.
ئەوە بوو نارنجۆكێك پەیدا دەكات و خۆی بۆ جێبەجێكردنی نەخشەكەی ئامادە
دەكات، شەوێك كە ئەو كاتەش هاوین دەبێت(حوسێن) لەگەڵ دوو منداڵەكەی تری
لەناو باخچەی ماڵەوە بەیەكەوە دانیشتوون و خەركی تەماشاكردنی تەلەفزیۆن و
شووتی خواردن دەبێ، دوای ئەوەی منداڵەكانی دەچنە ژوورەوەو پاش كەمێك
خەویان لێدەكەوێ، حوسێن دۆشەكێك و سەرینێك دێنێ و هەر لە ناو باخچەكەی
ماڵەوە لێی پاڵ دەداتەوە... ئەو شەوەمستەفا بەوردی چاودێری ماڵی باوكی و
خودی باوكی دەكات.
دوای ئەوەی بۆی دەردەكەوێت كەلەناو باخچەكەدا پاڵ كەوتووە و ئاگای لەم
نییە، لەدیواری ماڵەكەیان نزیك دەبێتەوە دوو پارچە بلوك پەیدا دەكات
ولەسەر یەكیان دادەنێو بەسەر دیوارەكە دەكەوێت، كە باوكی چاوی پێدەكەوێت،
زارەترەك دەبێت و لەناخی دڵییەوە هەست بە ترسێكی گەورە دەكات و دەمی
دەبێتە تەڵەی تەقیو.. ئەو دەزانێ كوڕەكەی چەند لاسارو نابەرپرسیارە، چەند
كەتنكەرە كە شتی نابەجێی لێدەوەشێتەوە، هەر چۆنێك بێت بەزۆر لە خۆكردنێكی
زۆرەوە لەمستەفا دەپرسێ كەبۆچ هاتووەو چی دەوێ ئەو ئیتر باوكی ئەو نییەو
دەستی لێ شووشتۆتەوە.. مستەفا كە دەزانێ لەدڵی خۆیدا چ بڕیارێكی داوە بەو
قسانەی باوكی ناشڵەژێ و هیچیش خۆی تێكنادات، بۆیە بەهێمنی و ئارامییەكی
زۆرەوە وەڵامی باوكی دەداتەوە، دەڵێ: من نەهاتووم جارێكی تر بگەڕێمەوە
ماڵەكەت بەڵكو هاتووم پێش ئەوەی بۆئاخرین جار هەناسە بدەی نیەتی خۆمت بۆ
بەیان بكەم و پێت بڵێم كە تەنها هاتووم بۆ ئەوەی بزانی كە دەتكوژم، بزانی
كە كێ دەتكوژێ و چۆنت دەكوژێ، حوسێن بڕوای نەدەكرد كە مستەفا ئەو قسانە
بەڕاستی دەكات، چونكە ئەو جگە لەوەی پارەی بۆ قەرز كردووەو خۆی تووشی
چەرمەسەری و قەرزداری كردووەو پاشان بێحورمەتیشی بەرامبەر كردووە، چیتری
لەو كوڕە لاسارە قازانج كردووە، بۆیە هەڕەشەكانی بەهەند وەرنەگرت، ئەو
لەدڵی خۆیدا ئەوەی دانا بوو كە دیسان لێیان ببێتە شەڕو كوڕەكەی دەستدرێژی
بكاتە سەر، ئەو لەو لێكدانەوەو خەیاڵانانە بوو كە مستەفا پێی گوت: وا من
رۆیشتم و خوداحافیزی لەدنیا بكەو فاتیحە لەسەر روحت بخوێنەو شەهادەش بێنە،
مستەفا لەسەر دیوارەكە هاتە خوارەوەو نارنجۆكەكەی لەگیرفانی دەرهێناو
پەیمەكەی لێڕاكێشاو رایگرت تانزیكەی 10 مەترێك دووركەوتەوە لە حوسێن،
هەروەها راوەستا بوو بیری لە قسەكانی كوڕەكەی دەكردەوەو سەری لێ سوڕمابوو
ئەوەندەی پێنەچوو لەپڕ لرمەی تەقینەوەیەك كۆڵانەكەی هەژاندو تۆزێك خۆڵ و
پڕشكی ئاگرو دوكەڵی بارووت لەماڵی حوسێن هەڵسان لەگەڵ تەقینەوەی
نارنجۆكەكە ئەهلی گەڕەك بە تێكڕا رژانە دەرەوە، هەر كەسەو دەیپرسی چی بوو،
ئەو دەنگە گەورەیە لەكوێوە هات!؟.
دوای چەند خولەكێك زانرا كە تەقینەوەكە لەماڵی حوسێنی دراوسێیان بووە،
خەڵك بەپەلە چوون بۆ ماڵی حوسێن رۆیشتن.. ئەوەندەی پێنەچوو دەنگۆی
بەركەوتنی حوسێن بڵاوبۆوە پاش هاتنی تیمی فریاكەوتن و تیمی پۆلیس و ئاسایش
زانرا كە تەقینەوەكە بەهۆی نارنجۆكێك بووەو حوسێنیش دەستێك و لاقێكی
لەسەرووی چۆكییەوە پەڕییەو لەشیشی وەك بێژنگ بەساچمە دابێژراوە، ئەوەی
سەیربوو ئەوە بوو كە خەڵك كە پرتاو چوونەتە ژوورەوە بزانن چییە، حوسێن
دەنگی لێ بەزربۆتەوە و گووتویەتی مستەفا كوشتمی مستەفا كوشتمی.. چوار پێنج
كەس گوتیان گوێیان لەدەنگی حوسێن بووەو بەپەلە رایانكردۆتە لای و
هەڵیانگرتۆتەوە، ئەو چوار پێنج كەسە كە دراوسێیان دەبن داوا لە خەڵك دەكەن
بەپەلە ئۆتۆمبێلێك ئامادەبكەن تا بیگەیەننە نەخۆشخانە.. ئەفسەری تیمەكە
دەستبەجێ ناوی مستەفای كوڕی لای خۆی تۆمار دەكات وهەرچی زانیارییەك پێویست
بێت لای خۆی دەینووسێت، ئینجا حوسێن بەئۆتۆمبێل دەگەیەننە نەخۆشخانە و
یەكسەر دەیبەنە ژووری نەشتەرگەری لەوێ پۆلیسی فریاكەوتنی ناو نەخۆشخانە بە
فریای ئەوە ناكەوێت گوفتاری وەربگرێت جا كە دەیبەنە ژووری نەشتەرگەریش
دوای نیو كاتژمێر مانەوە لەناو هۆڵی نەشتەرگەری، تەرمی حوسێن دەهێننە
دەرەوە.. بە هەرحاڵ دوای ئەوەی هەواڵ بەخزم و كەس و كاری حوسێن دەگات
ئەوانیش رێورەسمی بەخاك سپاردن و گڵدانەوەی هەردوو منداڵە بچوكەكەی
راییدەكەن، پۆلیس بەدوای مستەفادا دەگەڕێت و پاش چەند رۆژێ دەستگیر دەكرێت
و لە بەندیخانە تووند دەكرێت، دوای شەش مانگ لێكۆڵینەوەو تاوتووێ و
دادگاییكردنی مستەفا، دادگا تاوانەكە لەسەر مستەفا ساغ دەكاتەوەو
بەزیندانی كردنی هەتا هەتایی سزا دەدرێت و بڕە پارەیەكیش بۆ دوو منداڵە
ناكامەكەی حوسێن كە دەكاتە براكانی مستەفا وەك قەرەبووكردنەوە دەسەپێننە
سەر تاوانبار، بەمجۆرە دادگا سزای ئەو تاوانبارەی بەزیندانی هەتا هەتایی
دا.
|
Views: 608 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|