Main » 2009 » يناير » 8 » پڕوپاگەندە و قسەو قسەڵۆكی نێو قوتابیانی زانكۆ
3.07.14 PM پڕوپاگەندە و قسەو قسەڵۆكی نێو قوتابیانی زانكۆ |
دیاردەی پڕوپاگەندە و قسەوقسەڵۆك رۆژانە لێرەو لەوێ بەر گوێمان دەكەوێ،
زۆرجاریش بەمەبەستی ناو زڕاندن و ئیرەیی بردن بە یەكترییە، هەنوكەش ئەم
دیاردەیە بەشێوەیەكی فراوان خزاوەتە نێو ناوەندەكانی خوێندن و بەتایبەتیش
كۆلێژ و پەیمانگاكاندا لە كاتێكدا ئەو ناوەندانە شوێنی پێگەیاندنی،
تاكەكان بۆ كۆمەڵگا هەروەكو(سۆنیا عەبدولڕرحمان)ی قوتابی كۆلێژ دەڵێت:
كاتێ قوتابی دێت بۆ زانكۆ دەبێ فێری ئەوە ببێ چاكە و خراپە لێك
جیابكاتەوە، چونكە ئەو دەبێتە رێ نیشاندەری تاكەكان لە دەرەوەی زانكۆ،
ئەمەش كێشەیەكی دیكەیە زۆر جار ئێمەی كچان تووشی ترس دێین نەوەك قسەمان بۆ
هەڵببەسترێت، چونكە حاڵەتی لەو جۆرەمان زۆر بینیووە كە جێگەی داخن لە
شوێنێكی وەكو زانكۆ ئەو شتانە هەبێ، كەواتە دەبێ ئەوانەی دەرەوەن چ بكەن و
بڵێن؟ پێم وایە نابێ گلەیی لە خەڵكی سادە بكەین.
ئا: دڵگەش مزوری
كوتلە و كوتلەكاری كوڕان و كچان
(دلاوەر فەتاح) كە قوتابی پەیمانگای تەكنیكی هەولێرە لەو بارەیەوە دەڵێت:
پڕوپاگەندەو تۆمەت هەڵبەستن لە ناو قوتابیانی زانكۆدا لە لوتكەدایە، ئەوەش
لەمیانەی پیاسە و دانیشتنەكانی قوتابیاندا گەرماوگەرمی بەخۆیەوە دەبینێ و
باس و خواسەكانیش لە بازنەی پەیوەندی نێوان كوڕان و كچان و زیاتر باسی
(تەقدیم و رەفزە) ئەمەش، وەكو نیچمە دیاردەیەكی لێهاتووە و كوڕ لای كچ
تۆمەت بۆ كوڕ هەڵدەبەستێ كچیش لای كوڕ تۆمەت بۆ كچ هەڵدەبەستێ بەڕای من
هۆكارەكەی پەیوەندی بەلایەنی دەروونییەوەیە ، هەندێ جاریش باسی رەوشتی
قوتابییەك دەكرێت، گوایە قوتابییەكی كەم رەوشتە بۆ ئەوەی پەیوەندی
قوتابیان لەگەڵیدا بپچڕێت زۆرجاریش قوتابیان دەبن بەكۆمەڵ كۆمەڵ لە شێوەی
كوتلە دیاردەكەون هەر كوتلەیە و پڕوپاگەندە بۆ لایەنی خۆی دەكات كە ئەوانە
خاوەنی هێزن یانیش خاوەنی جوانین و شتی لەو شێوەیە، بۆیە ركابەرایەتییان
لە نێواندا دروست دەبێ و تۆمەت بۆ یەكتری هەڵدەبەستن، پڕوپاگەندەش لە دژی
یەك بڵاودەكەنەوە.
شكاندنی كەسایەتی كچان
هەروەها (مینا حوسێن) ی قوتابی كۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووریش نیگەرانی خوی
لەم مەسەلەیەدا نیشاندا كاتێك گوتی: وەكو كچێك من ناتوانم لەگەڵ رەگەزی
بەرامبەرم زۆر قسە و هاموشۆ بكەم، تەنانەت لە ترسی پڕوپاگەندە ناتوانم لە
یانەی كۆلێژ قاوەیەكیش پێكەوە بخوێینەوە، چونكە پڕوپاگەندەی زۆر بڵاو
دەكرێتەوە لە سەر كچان ، پێش چەند ساڵێك وا بڵاوبووەوە كە وێنەی ڤیدیۆیی
كچێكی كۆلێژی خۆمان بڵاوبۆوتەوە بەشێوەیەكی نادروست لەگەڵ كورێكدا، كە
ئەمەش هیچ بنەمایەكی نەبوو و هیچ شتێكمان نەدیت، بەڵام پروپاگەندەكە
كارتێكردنی خۆی لەسەر كەسایەتی كچەكە هەبوو بووە هۆی ئەوەی خۆی بگوازێتەوە
شوێنێكی دیكە، ئەمەش سروشتی تاكی ئێمە پیشاندەدات، كە بەردەوام بەدوای شتی
بێ بایەخەوەیە(مینا) لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێت: تاكی كۆمەڵگەی ئێمە
پێویستی بەبەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری زیاترە بۆ نەهێشتنی
دیاردەی لەو شێوەیە.
قوتابی كۆلێژی ئەدەبیات( بژار خدر)یش دەڵێت: زۆرجار لەم كۆلێژەدا
پڕوپاگەندەی وابڵاوبووەتەوە، مرۆڤ شەرم دەكات بیگێڕێتەوە، زۆربەی كاتیش
ئەم پڕوپاگەندانە لەوانەیە راست نەبووبن، بەڵام پڕوپاگەندە هەر
پڕوپاگەندەیە كە بڵاوبۆوە كاریگەری دەبێ بە زۆریش كچان دەكاتە مەبەست بۆ
شێواندنی كەسایەتی كچێك لە نێو قوتابیاندا، لێرەشدا زەرەمەندی یەكەم ئەو
كەسە دەبێت كە پڕوپاگەندەكەی بۆ هەڵبستراوە یانیش لە خوێندن دوور
دەكەوێتەوە، ئەمەش كارێكی چەپەڵە و كۆمەڵگە نەخۆش دەكات و ئەو كەسانەی بەو
كارە هەڵدەستن كەسی گێرە شێوێنن و لە رووی دەروونیشەوە نەخۆشن و دەبێ
ئەوانە سزا وەربگرنن چونكە ئەوانە كەسایەتی خەڵكی دەشێوەن.
جێگەی داخە
(پەرژین یەعقوب)یش كە قوتابی كۆلێژی زمانە هەر لەو بارەیەوە دەڵێت:
بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە لە دژی كەسێكی دیاریكراو بێگومان كارێكی نا
شایستەیە، ئەگەر لە شوێنێكی وەكو بازاڕ و گەڕەكە میللییەكانیش شتێكی
هاوشێوە رووبدات لەوانەیە تا ڕادەیەك نۆرماڵ بێت، بەڵام جێگەی داخە كە لە
كۆلێژەكاندا پڕوپاگەندەی زۆر بڵاودەبێتەوە فلان كچ رەفزی دایە فلانە كوڕ
فلانە كوڕ رەفزی وەرگرت یان ئەو كچە پەیوەندی خۆشەویستی هەیە لەگەڵ ئەو
كوڕە یان ئەو كچە رەوشتی ئاوایە ، لەوانەشە وانەبێ پەیوەندییەكە تەنیا
هاوڕێییەتی بێت و كۆمەڵێك بەرژەوندی زانستی و هاوبەش كۆیان بكاتەوە، ئیدی
قسەڵۆك و پروپاگەندە گەلێك زۆرن لە كۆلێژی پەروەردەش قوتابی(پشتیوان
عەزیز) گوتی: ئەوەی من ئاگاداریم زۆرجار پڕوپاگەندە لە نێو قوتابییانی
زانكۆدا بڵاودەبێتەوە، ئەو پڕوپاگەندانەش زیاتر لەسەر پەیوەندی نێوان
قوتابییانە، بۆ نموونە ئەگەر قوتابییەكی كوڕ داوای پەیوەندی خۆشەویستی لە
كچێك بكات و ئەو كچەش ئەكسێپتی نەداتێ ئیدی دەنگوباسەكە بڵاو دەبێتەوە، تا
دەگاتە ئەو رادەیەش بە پیتی(R) بانگی دەكەن، لە هەندێ حاڵەتدا كچ هەیە
ئەمە دەقۆزێتەوە، كاتێ داوای پەیوەندی خۆشەویستی لێدەكرێت یەكسەرە رەفز
دەدات تەنیا بۆ ئەوەی خۆی وا پێشانی قوتابیانی دیكە بدات گوایە داواكاری
زۆری لەسەرە و مەرغوبە.
بەڕاستی زۆرێك لە قوتابیان لە كۆلێژەكاندا ئەوەندەی خەریكی شتی لەو
شێوەیەن ئەوەندە خەریكی خوێندنەكە نین، دەتوانم ئاماژە بەوەش بدەم هەندێ
جار حاڵەتی سەیر روودەدات بۆ نموونە قوتابی كوڕ هەیە دەچێ لە ناو
توالیتەكانی كۆلێژدا ناو و ژمارەی موبایلی كچان لە دیوارەكەی دەنووسێ،
ئەمەش حاڵەتێكی سەیرە بۆ شێواندنی كەسایەتی یەو گرفتیش دروست دەكات.
هەر لە هەمان كۆلێژمامۆستا(سەڵاحەدین حەیدەر) بۆمان هاتە ئاخاوتن و
لەسەرەتا دا تیشكی خستە سەر پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی و بە
پەیوەندییەكی كزی دایە قەڵەم و گوتی: پەیوەندییەكە تەنیا لە كاتی گوتنەوەی
وانەكاندا بوونی هەیە و بەدەر لە مە پەیوەندی نییە، بۆیەش مامۆستاكە تووشی
ئەم بەزمە نابێتەوە، بەڵام لە نێو قوتابیاندا ناكرێ نكۆڵی لێبكرێت، ئێمەش
وەكو مامۆستا پشتگیری قوتابیانی خۆمان دەكەین و ئامادەشین هەر كێشەیەكیان
هەبێ بۆیان چارەسەر بكەین، بەمەرجێ گەر كێشەكە رێگری، كردبێ لە
خوێندنەكەی، چونكە بێگومان ئەو قسەڵۆكانە خۆی دەبێتە گرفتێك لە بەردەم
خوێندنی قوتابیاندا، كە ئەوەش جێگەی نیگەرانی یەـ، پێش هەر شتێ قوتابی بۆ
خوێندن و زانست دێت بۆ ئێرە بۆ داهێنان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و
رۆشنبیری خۆیی و كۆمەڵگەی، مامۆستا(سەڵاحەدین) لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەشی
گوت: بەڕای من هۆكارەكانی ئەم دیاردەیە زۆرن یەك هۆكار نییە لەوانە ئاستی
رۆشنبیری تاكەكانی كۆمەڵگە رۆڵی خۆی هەیە، هەروەها ئاستی رۆشنبیری قوتابی
كە ئەویش تاكێكە لە تاكەكانی كۆمەڵگەی ، لە هەمان كاتدا هۆكارێكی دیكەش
هەیە ئەویش نەبوونی پرۆگرامی خوێندنی دروستە واتە پروگرامێكی تۆكمەمان
نییە بۆ خوێندن كە قوتابی بۆ خۆی رابكێشێ، بەڵكو ئەو پڕۆگرامەی ئێستا
هەمانە كەم و كوڕی زۆری تێدایە و قوتابی لە خۆی یاخی دەكات و ناچار خۆی بە
شتی لاوەكییەوە خەریك بكات.
|
Views: 614 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|