السبت, 2024-11-23, 6.56.02 PM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2009 » يناير » 8 » بۆچی نەوال مێردەكەی تەڵاقدا؟!
2.34.52 PM
بۆچی نەوال مێردەكەی تەڵاقدا؟!

كەم نین ئەوپیاوانەی كە تا لەكوردستان بوون هەرچی توانایان هەبوو،هەموو هەوڵێكیاندا، چی پارەو پولیان هەبوو، هی خۆیان و خێزانەكانیشیان بەخەرجیاندا تا بگەنە ئەوروپای بەهەشتی سەرزەمین، لێرەش لە كوردستان، دایك و باوك و ژن و منداڵەكانیان بە یەكجارەكی لەبیركرد، ئەمجۆرە بەسەرهاتانە راستە تاڵ و سوێرن، راستە بەئێش و ئازارن و زۆر سەیرو نامۆ دێنە بەرچاو و زەین، بەڵام راستەقینەشن و لێرە لەم وڵاتەدا روویانداوە، ئەم بەسەرهاتەش بەسەرهاتی سەر هەڵگرتنی پیاوێكی خاوەن ژن و سێ منداڵە، كە دوای سێزدە ساڵان لە بەجێهێشتنیان كەچی ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئاوڕی لێنەدانەوە و خۆی نەكردەوە بە خاوەنیان چۆن رۆیشت و بەجێیانی هێشتن هەر ئاوا رۆیشت.


رۆژی ئۆغركردن
نەوال خێزان و هاوسەری ئەو پیاوەیە كە باسی دەكەین ناوی (كارزان)ە، ئەم ژنە لەتەمەنی 19 ساڵی مێردی بە (كارزان) كردووە، تەنها سێ منداڵی لێبووە دوو كچ و كوڕێك (نەوال) پتر لەسێزدە ساڵە بێ مێردو بنەوان ژیان دەباتە سەر، ئێستا كوڕەكەی جێگەی باوكی گرتۆتەوەو ئەو پیاوی ماڵەكەیە، با( نەوال) خۆی چۆنیەتی سەفەری مێردەكەی بگێڕێتەوە، باسی دەردەسەرییەكانی خۆیمان لە سایەی نەبوونی و بێ پیاوی بۆكات:
سەرەتا (نەوال) سەبارەت بەسەفەری مێردەكەی بۆ ئەوروپا بەمشێوەیە هاتە ئاخاوتن و گوتی: كە مێردەكەم رۆیشت منداڵەكانم بچووك بوون، كچەكانم تەمەنیان لەنێوان یازدە ساڵی و نۆ ساڵیدا بوون، بۆخۆشم كە مێردم بە كارزان كرد تەمەنم تەنها نۆزدە ساڵان بوو، پیاوەكەم دەمێك بوو شەیدای سەفەركردن بەرەو هەندەران بوون شەو رۆژ هەر لەخەیاڵیدابوو، پێش سەفەركردن كاروكاسبیەكی باشی هەبوو، خانووی خۆمان هەبوو، بەتێروتەسەلی دەژیاین، بۆی باسكردم دەیەوێ سەفەر بكات، هەوڵێكی زۆرم لەگەڵید كە بۆ ئەو ناگونجێ بەجێمان بێڵێ، چونكە خاوەن سێ منداڵەو منیش هێشتا جاحێڵم، دوای ئەو كێ مەسرەفمان لێبكات، كە من هیچ كارو وەزیفەیەكم نییە، بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر بڕیاری خۆی و هەموو جارێكیش كەباسەكەمان بكردبایەوە دەیگوت سەرێكەو هێناومە نایگێڕمە دواوە. بە هەرحاڵ جاری یەكەم لەگەڵ قاچاخچییەك و چەند هاوەڵێكی خۆی ملی رێگەی قاچاخیان گرتەبەرو من و منداڵە بچووكەكانیشی جێهێشت ئەو جارە پارەیەكی وەهای نەبردبوو، بای هێندەشمان لەدەست هەبوو تاماوەیەك خۆمانی پێ بژێنین، بەڵام دوای مانگێك گەڕایەوە كوردستان، هۆی گەڕانەوەكەی گیرانی بوو لە توركیا و سنورداش كرابوونەوە، ئەم جارە قاچاخچییەكی دیكەی پەیداكرد و بە نزیكەی شەست گەڵا رێككەوتبوو تاوڵاتی فەرەنسای ببات ئەوە بوو خانووەكەمانی بە هەڕاج كردن فرۆشت و ئێمەی خستە كرێچیاتییەوە، ئەوەی مابۆوە بۆ ئێمە تەنها ناو ماڵەكە بووە، لەگەڵ هەندێ وشكە پارە، ئەو جارە كە رۆیشت زۆر لە خۆی دڵنیابوو كە دەگاتە شوێنی مەبەست، بەر لەرۆیشتنی هەزار سوێندو قورئانی خوارد هەر ئەوەندەی بگاتە ئەوروپا، ئیدی كار بۆ راكێشانی ئێمەش دەكات، هەرچۆنێ بوو، پتر لەچوار مانگان هەواڵی نەبوو، لەپڕ رۆژێك لەسەنتەرێكی تەلەفۆنكردنەوە پەیوەندیم پێوەكرا كە مێردەكەم ئەمرۆ ئێوارە دیەوێ قسەت لەگەڵدا بكات.
ئێوارە لەكات و شوێنی خۆیدا بووم قسەم لەگەڵی كرد و پێیڕاگەیاندم كە جارێ گەیشتۆتە یۆنان و لەم مانگەدا دەگاتە وڵاتێكی ئەوروپی، واڕێكەوتین هەفتەی جارێك پەویەندیم پێوە بكات، كەچی هەفتەی جارێك بووە چەند مانگێك جارێك لەو ماوەیەدا چەند جارێك پارەی بۆ ناردین لە بۆ كرێی خانوو و خەرجی رۆژانە سەرفی بكەین، ئێمە تا دووساڵان بەمشێوەیە گوزەراندمان، ئیدی دوای دووساڵەكە، هەواڵی بڕا، منیش ناچار لەبێ پارەییان خانووەكەم چۆڵكرد و چوومەوە ماڵی باوكم ژوورێكیان دامێ، باوكم و براكانم خەرجی خۆم و منداڵەكانمیان دەكێشا، هەرچەند هەوڵم دەدا بزانم لەكوێیە و چی دەكات و بۆ پەیوەندیمان پێوە ناكات سوودی نەبوو هیچ سۆراغێكی نەبوو، رۆژ دوای رۆژ منداڵەكانم گەورە دەبوون و خەرجیان زیاتر دەبوو، چوار ساڵ بەسەر رۆیشتنیدا رەتبوو، رۆژێك پەیوەندی پێوەكردمەوە كە تەلەفۆنم لەگەڵی كرد زۆرم قسەو گازاندە پێگوت و زۆر سەرم خستە سەری ، بەكورتی فشارێكی زۆرم بۆ هێنا ئەویش سەد سوێند و قورئانی دەخوارد گوایە لەو ماوەیەدا بەناهەق گیراوەو حوكم دراوە، تازە ئازادكراوە، باشە دەی ئیدی لەمەودوا بەتەمای چی؟ گوتی هەركە كاروباری رەسمیم رێكبوو هەوڵدەدەم راتانكێشم، وەكو دەڵێن خۆ قسە گومرگی لەسەر نییە، ئەو قسانەش وەكو هی جاران بوون پێشتر چەند تەلەفۆن و پەیوەندی پێوە دەكردین ئەمجارەش هەروا، من شەوانە بەتەنها و كەساسی لەدیار ئەو منداڵانەو بەخۆشی و ناخۆشی بەساغی و نەخۆشیانەوە ئێشكم دەگرت و بۆ حاڵی خۆم هۆن هۆن فرمسێكم دەباراند و دەگریام، لەگریان زیاتر چ تواناو دەسەڵاتێكی ترم نەبوو، لەسایەی سەری بابم و براكانم لەدەربەدەری و مەلولی و هەژاری و دەستكورتی رزگارمان بوو بوو، بەڵام منداڵ هەمیشە پێویستی بە باوك بوو، باوكێكیش ئاوا بێ رەحم و بەزەیی و بێویژدان، منداڵی دڵ بەكێ خۆش دەكات .
ئەگەرچی باوكم و براكانم لەلایەك و دایكە میهرەبانەكەشم لەلایەكی دیكە نەیاندەهێشت ئەو منداڵانەم هەست بەبێ باوكی و مەلولی بكەن، چونكە لەپێنج برایان تەنها من كچیان و تاقانەیان بووم، بۆیە ئەوان نازیان زۆر دەكێشام و پشتگیریان لێدەكردم باوكم هەموو جارێ دەیگووت كچم دەبێ بمبوری ئەوەی تۆ لەخەم و خەفەت و بێ مێردی دەیچێژێ هەموو خەتای منە، ئەگەر من تۆم نەدابایە مێردێكی وەها سفڵەو بێوەفا ئێستا رۆژت بەم رۆژە نەدەگەیشت... ئاخر تەلەفۆنی كارزان پتر لە سێ ساڵی خایاند ئینجا جارێكی تر تەلەفۆنی كردەوە بەڵام ئەمجارە چەندی كردو كۆشا قسەم لەگەڵ نەكرد.
هەفتەیەك خەریك بوو، وەڵامیم نەدایەوە ، لەوەندە زیاتر گوتم پێی بڵێن من تازە ئەوم ناوێت و هیچ پەیوەندییەكی بەمنەوە نەماوە، نەمێردی منەو نەباوكی منداڵەكانم، چی لێبكەم گوێی لێبگرم كۆمەڵە درۆیەكی دیكەم بۆ بكاتەوە؟ دیسان وەك جاری جاران كۆمەڵێ فروفیشاڵم بۆ هەڵبەستێت و بهۆنێتەوە و بەڵێن و پەیمانی درۆی لێببیستم، پێی بڵێین دوا مۆڵەتی ئەو ئەو مانگەیە دەبێ خۆی یەكلایی بكاتەو، ئەگینا بڕیاری خۆمم داوە..
(نەوال) لەسەر قسەكانی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: راستییەكەی بڕیارمدا بچمە دادگاو تەڵاقی خۆمی لێوەربگرم ئەوە بوو دوای مانگەكە هیچ سۆراغێكی نەبوو، منیش لەگەڵ باوكم و براكانم بڕیارەكەی خۆمم تاوتوێكرد و گوتم : من تازە بڕیاری خۆمم داوە و بڕاوەتەوە لەلام، ئەوانیش كە سووربوونی منیان بینی گوتمان چیت پێ باشە بیكەو ئێمەش لەگەڵ تۆین، ئەوەبوو چوومە دادگاو داوام لەسەر مێردەكەم تۆمار كرد.. دوای چوار مانگ تڵاقنامەم وەرگرت و بەیەكجارەكی دەستم لێی بەردا، رۆژێك نزیكەی هەشت مانگ بەسەر وەرگتنی تەڵاقنامەكەمدا رۆیشتبوو لەرێی سەنتەرێكی تەلەفۆناتەوە پەیوەندی پێوەكردم منیش لەوەختی پەوەندیكردنەكە چوومە شوێنی تەلەفۆنكردنەكە و دوای چەند خولەكێك تەلەفۆنی بۆ كردم و منیش هەڵمگرت و درەفەتم پێینەدا هیچ قسەیەك بكات و تەنها گوتم ئیدی ژنی تۆنیم، پەیوەندی ژن و مێردایەتی من و تۆ كۆتایی پێهات، لەو رۆژەوە ئەو مێردە درۆزنەم تەڵاقدا
Views: 593 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  يناير 2009  »
إثثأرخجسأح
   1234
567891011
12131415161718
19202122232425
262728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz