الأربعاء, 2024-11-27, 11.14.49 AM Welcome Guest |
|
Main » 2009 » مايو » 5 » بوَ دڵ رهق بوویت ؟
6.44.14 PM بوَ دڵ رهق بوویت ؟ |
هەموو مرۆڤێك كاتێك لەدایك دەبێت چارەنوسێك پێشوازی لێدەكات كە بەبێ
خواستی ئەو مرۆڤە هەنگاو دەنێت، پێناچێت لەهەموو چركەساتەكاندا پێش
هاتەكان بەپۆزەتیڤی بۆمان بێتە پێشەوە، بیستومانە لەم كۆمەڵگەیەدا زۆربەی
كات رەگەزی مێ توشی گرفت و نەهامەتی بۆتەوە بەڵام چیرۆكی ئەم جارەمان
تەواو پێچەوانەوەی چیرۆكەكانی ترمانە كە باسی نەگبەتیەكانی كچێك یان ژنێكی
دەكرد.. (ئاراس) یەكێكە لەو كەسانەی كەلەهەندەران دەژی بۆ كەمكردنەوەی
خەمەكانی حەزی كرد چیرۆكی ژیانی خۆیمان بۆ باس بكات، هەروەك خۆی ئاماژەی
پێكرد ((بۆ رەوینەوەی خەمەكانم باس لەگرفتەكانی ژیانی تایبەتی خۆم دەكەم))
بێگومان بە باسكردنی كێشەكەی ئێمەشی بەرەو دنیای پر لەفرمێسك ودڵتەنگی
برد، ئاراس بەم جۆرە دەدوێت: من هەروەك دایكم باسی دەكرد لەرۆژێكدا
لەدایكبووم كە بەفرو سەرمایەك بووە لەوانەیەرۆژی بەوشێوە ساردو ناخۆشە لەو
جۆرە دووبارە نەبێتەوە. باوكم لەخێزانێكی دەوڵەمەندی ئەم شارە گەورەببوو،
بۆیە كاتێك دایكمی هێنابوو خانوویەكی وەك دیاری پێشكەش كردووە و كردویەتی
بە ناوی دایكمەوە، پاش ساڵێك لەزەماوەندكردنیان خوای گەورە كچێكیان دەداتێ
و بۆچەند ساڵی دواتریش خوای گەورە منیان پێدەبەخشێت (منێك كە هەموو ژیانم
پڕاوپرە لەخەم و ناخۆشی)بەهەرحاڵ من لەپۆلی شەشی سەرەتایی بووم كاتێك
راپەرینی ساڵی (1991) دەستی پێكرد هەموومان وەك خەڵكی ئەم كوردستانە بۆ
پاراستنی ژیانمان ئاوارەبووین و روومان كردە ناوچەی شارباژێر، ئەو كاتە
دایكم تووشی نەخۆشیەكی سەخت ببوو كە گورچیلە ی گرتبۆوە، ئاوهەوای ئەوكاتەش
زیاتر كاریگەری لەسەر هەبوو،رۆژ بەرۆژ تەندروستی بەرەوخراپتر دەڕۆیشت
تاوای لێهات تەواو هیلاكی كرد، باوكیشم نەیدەزانی چۆن چارەسەری بكات، بەو
دەردە سەرییە گەیشتینە سنوور و لەوێدا خەڵك بەسیم دەپەرینە ئەو بەرە بۆ
وڵاتی ئێران، بینیمان خەڵكێكی زۆر وەستاون و چاوەڕێی پەرینەوە دەكەن و
خەڵكی لەبەر پەڕینەوە و ناڕەحەتی خۆیان چەندین جار تووشی شەڕ دەبوونەوە،
باوكم هەوڵی زۆریدا بەڵام بێ سوود بوو، بۆ پەرینەوەی خۆمان باوكم بڕە
پارەیەكی زۆریدا بەپیاوێك و ئێمەی پەڕاندەوە.
كاتێك چووینە ئێران، باوكم دەستوبرد دایكمی گەیاندە نەخۆشخانەیەك. پاش
مانەوەی بۆماوەی چەند رۆژێك لەو نەخۆشخانەیە كەمێك تەندروستی باشتر بوو،
بەڵام لەبەرئەوەی درەنگ فریای چارەسەر كردن ببوو زۆر بەداخەوە دوای چەشتنی
ئازارێكی زۆر دایكم گورچیلەكانی ئاوسا بوون و هەربەو نەخۆشیە لەئێران كۆچی
دوایی كرد.
پاش مانەوەمان لەئێران، ئێمەش وەك خەڵكی تر بۆ كورستان گەڕاینەوە، دوای
چەند مانگێك باوكم بیری لەژنهێنان كردەوە، ئەوە بوو كچێكی مامی خۆی مارە
كرد. ئیتر لێرەوە داماوی من و خوشكەكەم دەستی پێكرد، ئەو كات من لەپۆلی
یەكی ناوەندی بووم كە هێشتا چاكەو خراپەی خۆمم لەیەكتر جیانەدەكردەوە كە
رۆژانە توشی ئەو هەموو خەمە دەبوومەوە. باوكم كە ژنی هێنا لەبەرچاوی ئێمە
پێی گووت دەبێت ئەم دوو منداڵە وەك منداڵی خۆت سەیریان بكەیت و بەئێمەشی
گووت دەبێت پێی بڵێن دایە.!!! وا هەستی دەكرد بەمە سۆزوخۆشەویستی
لەنێوانماندا چەكەرە دەكات، نازانم بۆچی پەی بەوە نەدەبرد خۆشەویستی دایك
لەچ كەسێكدا دروست دەبێتەوە؟
هەفتەیەكی نەخایاند بەسەرهاتنی ئەو ژنە بۆ ماڵمان دوای چوونە دەرەوەی
باوكم لێمان توڕە دەبوو و ئیشی پێدەكردین، چەندین جار لەسەرئەوەی بەگوێمان
نەدەكرد داغی دەكردین. ئێمە ئەم گرفت و لێدانەمان بۆ باوكم باس نەئەكرد،
بەڵام پاش ماوەیەكی زۆر بۆمان باسكرد، چونكە باوەژن پێی گووتبووین بەهیچ
شێوەیەك لای باوكمان قسە نەكەین ئەگەرنا زیاترتان لێدەدەم، ئێمەش لەترسی
ئەوە نەدەوێراین پێی بڵێین. تا رۆژێك پێمان گووت و ئەویش توڕە بوو و
زۆریشی لە ئێمە دا، هەموو چارەسەركردنی باوكم بۆ ئەم مەسەلەیە
(رێناس)خوشكم بدات بەشوو، بەراستی (رێناس) ی خوشكم زۆر منداڵ بوو باوكم
بیری لەوەكردەوە كە بیدات بەشوو بۆئەوەی لەماڵ دووری بخاتەوە، رێناسی دا
بە برازایەكی خۆی، منیش هەرلەدوای ئەوە شوێنم لەو ماڵەدا لەق بوو، هەر
رۆژەی بەبیانوویەك باوەژنەكەم لێی دەدام تاوای لێهات باوكیشم كەوتە لێدانی
من. دوای چەندین جار دەركردن و هاتنەوەم بۆ ماڵ هەمووی بێسوود بوو.. باوكم
لەمەكتەب دەری هێنام و كاری پێدەكردم شەوانیش كە دەڕۆیشتمەوە، باوەژنەكەم
بەبیانووی ئەوەی گوایە من شەرم دەكەم بەجیا خواردنی بۆ دادەنام و
نەیدەهێشت لەگەڵیاندا نان بخۆم، رۆژێك باوكم پێی گووتم بچم بۆ بازاڕ شت بۆ
باوەژنەكەم بكڕم منیش نەمتوانی بچم، چونكە نەخۆش بووم، باوكم زۆر توڕە
بوو، بڕیاریدا لەماڵ دەرم بكات لەوكاتەوە تا ئێستا نەچوومەتەوە ماڵەوە و
تا دوو سێ ساڵیش هەر لەسەر جادە دەخەوتم لەدوای ئەوە پەنام بردە بەر ماڵی
خاڵێكم و ئەویش رازی بوو كە بچمە ماڵیان. خزمەكانمان نەیاندەزانی من لەماڵ
دەركراوم، پەیوەندیم بەكەسیانەوە نەكرد تا باری تەندروستیم زۆر شێوا و
نەمتوانی خزمەتی خۆم بكەم. پاش ماوەیەك تەندروستیم بەرەوباشتر رۆیشت و
ویستم جارێكی تر ماڵی خاڵم بەجێ بهێڵم بەڵام خاڵم بەهیچ جۆرێك رازی نەبوو
من كاری وا ئەنجام بدەم، تەنانەت لەسەر ئەوەش رازی نەبوو كە لەبەرامبەر
ئەو رەفتارەی باوكمدا گفتوگۆی لەگەڵدا بكات تا رێگە بدات من بچمەوە ئەو
ماڵە، چونكە دەیزانی سودی نابێت.
بۆماوەی هەشت تا دە مانگ كارم كرد، توانیم پاشكەوتێكی كەم بۆ خۆم بنیات
بنێم، (شێروان)ی خاڵم نزیكەی (15) ساڵ لەدەرەوە بوو، بۆیە هانی دام كە
منیش بیر لە دەرەوە بكەمەوە، شیروان زۆر یارمەتی دام تا گەیشتمە وڵاتی
بەریتانیا. راستە ئازارو مەینەتی زۆرم چەشت تا گەیشتمە دەرەوە، بەڵام
سوپاس بۆ خوا بەهەرشێوەیەك بێت رزگارم بوو، ئێستا لە بەریتانیا ژیان بەسەر
دەبەم و لەگەڵ ئەو هەموو خراپەی باوكم و ژنەكەی لەگەڵیاندا كردم تا ئێستاش
بۆ چەندین جار پەیوەندیم پێیانەوە كردووە، بەڵام ئامادەیی ئەوەیان
تێدانییە وەڵامم بدەنەوە، سەرەڕای هەموو شتێك باوكم هەرچی لەسەروەت و
سامان هەیەتی بەناوی باوەژنەكەمی كردووە راستە دوورم لەكوردستان بەڵام بە
روح و هەست هەر لەوێم، شەو و رۆژ ئەم خەمە بەرۆكم بەرنادات و لەگەڵمدا
دەژی، چەندین جار ویستومە كۆتایی بەژیانم بهێنم، دواجار پەشیمان
بوومەتەوە، دەپرسم تۆ بڵێی باوكێكی لەم چەشنە بوونی هەبێت؟
بۆ قسەكردن لەسەر گرفتەكانی (ئاراس) (نەوزاد كریم)ی توێژەری كۆمەڵایەتی
بەم شێوەیە بۆمان هاتە قسە:ژیانی ئاراس نمونەی چەندەها گەنجی ئەم
كۆمەڵگەیە، ئاراس بۆئەوە چۆتە دەرەوەی وڵات تا كەمێك لەخەمەكانی سارێژ
بێت، بەڵام كاریگەری ئەو گرفتانە ئەوەندە زۆرە تا ئێستا رەنگدانەوەی لەسەر
بیركردنەوە و رەفتاریدا هەیە.دەبێت مرۆڤ ئەوەندە خۆی تەسلیم بەگرفتەكان
نەكات چونكە هەریەكێك لەئێمە بەشێوەیەك لەشێوەكان گرفتی خێزانیمان هەیە،
لەرووی ئابووری یان كۆمەڵایەتی و چەندین بواری تر، ئەمانە نابنە هۆی ئەوەی
كەلەڕووی دەرووینەوە بمان روخێنێت، مرۆڤ دەبێت ئیرادەی زۆر بەهێز بێت و
رۆحی بەرەنگاربوونەوەی تێدابێ، بەتایبەتی كەسێكی وەك ئاراس كە لەدەرەوەی
وڵاتیشە، ژانسی زیاتری لەبەردەمدایە، پێدەچێت چەندین گەنج لەو خراپتر ژیان
بگوزەرێنن، بەڵام ئەوەی ئاراس كردوویەتی بەباسكردنی بابەتەكەی كارێكی
زۆرباشی كردووە، چونكە دەربڕینی هەست و گرفتەكانی ناو دەروون خۆی لەخۆیدا
هەنگاوێكە بۆ رەوینەوە و چارەسەركردن، بە ئاراس دەڵێم بەردەوام بە
لەپەیوەندی كردن لەگەڵ باوكتدا رۆژێك هەر وەڵامت دەداتەوە و دەگاتە
قەناعەتێك و پەشیمان دەبێتەوە لەو هەڵانەی كەلەبەرامبەر تۆ و خوشكەكەتدا
كردوویەتی.
|
Views: 557 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|
|
Our poll | |
|