الأربعاء, 2024-11-27, 5.05.38 PM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2009 » فبراير » 22 » ئه‌و ئالانه‌م به‌زیندووی‌ نه‌بینییوه‌ كه‌ بۆ دواین ساتی‌ ژیانی‌ پێموت.خۆشمده‌وێیت
3.11.35 PM
ئه‌و ئالانه‌م به‌زیندووی‌ نه‌بینییوه‌ كه‌ بۆ دواین ساتی‌ ژیانی‌ پێموت.خۆشمده‌وێیت


شه‌وێك كه‌ له‌گه‌ڵ‌ شه‌وه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ژیانمدا جیاوازبوو، شه‌وێك كه‌ ته‌واوی‌ هۆش‌و بیرم له‌ژێر ته‌وژمی‌ بیركردنه‌وه‌دا بوو، بیركردنه‌وه‌ له‌و نێهنییه‌ی‌ كه‌ سه‌رده‌مانێك‌و تائێستاش هه‌ر دیلی‌ ئازاره‌كانی‌ بووم. ده‌بێت دوای‌ بیستنی‌ ئه‌م رازه‌ (هه‌ردی‌) چ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ هه‌بێت، ده‌بێت چ قه‌ده‌رێك له‌سه‌ر رێم بێت؟ چه‌ند خۆش ده‌بوو له‌ناخیدا ئیره‌یی‌ به‌و عه‌شقه‌ بهاتایه‌‌و بیوتایه‌ زۆر ئافه‌رین خۆشحاڵم كه‌ هاوبه‌شی‌ ژیانم هێنده‌ كه‌سێكی‌ پیرۆزه‌، تازیاتر بیرم له‌دركاندنی‌ ئه‌و نێهنییه‌ بكردایه‌ته‌وه‌ ئازاره‌كانم زیاتر ده‌بوو، به‌ڵام تائه‌و رازه‌ی‌ نێو سینه‌مم نه‌دركاندایه‌ نه‌مده‌توانی‌ له‌ده‌ست ئه‌و مۆته‌كانه‌ی‌ كه‌ شه‌وانه‌ له‌خه‌وندا هاشاوڵیان بۆ ده‌هێنام خۆم رزگار بكه‌م. وه‌ڕێكه‌وتم به‌ره‌و ئه‌و ژوره‌ی‌ كه‌ هه‌ردی‌ لێبوو، به‌ئه‌سپایی‌ ده‌رگای‌ ژوره‌كه‌یم كرده‌وه‌. هه‌ردی‌ له‌سه‌ر كورسییه‌ك به‌رامبه‌ری‌ كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی‌ دانیشتبوو، هه‌ردی‌ هێنده‌ رۆچوو بووه‌ ناو كاره‌كانییه‌وه‌ كه‌ له‌بوونی‌ من بێئاگا بوو. وتم: هه‌ردی‌ ماندوو نه‌بیت. هه‌ردی‌ سه‌ری‌ به‌لای‌ مندا وه‌رگێڕا‌و سوپاسی‌ كردم‌و وتی‌: پێمبڵێ‌ بزانم له‌گه‌ڵ‌ بیركردنه‌وه‌كانتدا به‌كوێ‌ گه‌یشتیت، بمبوره‌ كه‌ ئه‌م پرسیاره‌ت لێده‌كه‌م مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێتبڵێم ئه‌وه‌نده‌ بیرمه‌كه‌ره‌وه‌ كه‌ داهاتوشت وه‌ك رابردوت لێبكه‌یت، هه‌رچه‌ند من له‌باره‌ی‌ رابردوی‌ تۆوه‌ شتێكی‌ وا نازانم‌و هه‌رگیز پرسیاریش ناكه‌م، چونكه‌ من تۆم خۆشده‌وێت‌و رابردوی‌ تۆ هیچ له‌خۆشه‌ویستیم به‌رامبه‌رت كه‌مناكاته‌وه‌. قسه‌كانی‌ هێنده‌ی‌ تر هێزی‌ به‌به‌رداكردم تاكو بتوانم ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رده‌مانێكه‌ پێوه‌ی‌ ده‌ناڵێنم بوێرانه‌‌و به‌ئومێده‌وه‌ پێی بڵێم. وتم: هه‌ردی‌ ده‌كرێت ئه‌مشه‌و كاته‌كانت بۆ بیستنی‌ رازێك ته‌رخان بكه‌یت، كه‌ له‌م چه‌نده‌ وه‌خته‌ی‌ رابردودا رۆحمی‌ داگیر كردووه‌. هه‌ردی‌ وتی‌: ئه‌گه‌ر تۆ بته‌وێت هه‌زاران شه‌و له‌سه‌ر یه‌ك گوێ‌ بۆ رازه‌كانت راده‌دێرم. وتم: ئه‌گه‌ر پێتخۆشه‌ بابچینه‌ ژوره‌كه‌ی‌ خۆمان تاكو بێ‌ كه‌م‌و زیاد به‌ڕابردووی‌ خۆمت ئاشنا بكه‌م. له‌گه‌ڵ‌ هه‌ردی‌ دا به‌ره‌و ژوره‌كه‌ی‌ خۆمان چووین، هه‌ردی‌ دانیشت‌و منیش رۆشتم ئه‌و سندوقه‌ی‌ كه‌ له‌ناو شته‌ تایبه‌ته‌كانی‌ خۆمدا دامنابوو كردمه‌وه‌‌و ده‌فته‌رێكم لێده‌رهێنا‌و لای‌ هه‌ردی‌ یه‌وه‌ دانیشتم. هه‌ردی‌ سه‌یرێكی‌ كردم‌و ده‌ستی‌ بۆ ده‌فته‌ره‌كه‌ درێژكرد‌و وتی‌: ئه‌گه‌ر له‌وێدا نوسراوه‌ خۆم ده‌توانم بیخوێنمه‌وه‌. ئیتر پێویست ناكات تۆ ئه‌رك بكێشیت. بوونی‌ ئه‌و ده‌ستنوسه‌ هێنده‌ی‌ تۆرانی‌ باران له‌زه‌وی‌‌و هێنده‌ی‌ له‌ده‌ستدانی‌ تاقانه‌یه‌ك لای‌ دایكی‌ ئازاری‌ ده‌دام، تاقانه‌ وشه‌یه‌كی‌ جوانه‌، به‌ڵام بۆمن هه‌میشه‌ تاقه‌ت پڕوكێن بوو. ئه‌و رۆژه‌ ده‌ڵێم كه‌ تاقه‌نه‌كه‌مم له‌ده‌ستدا، ئه‌و تاقانه‌یه‌یی‌ كه‌ خودا هێنده‌ی‌ من‌و هاوڕێكانی‌ خۆشی‌ ده‌ویست، چونكه‌ پاكی‌‌و جوانی‌‌و راستی‌ پێبه‌خشیبوو، به‌ڵێ‌ خوداش عاشقی‌ بوو، چونكه‌ به‌جۆرێك ئه‌و تاقانه‌یه‌ی‌ دروستكردبوو، كه‌ هه‌موو كه‌س خۆشی‌ بوێت، هه‌ربۆیه‌ بردیشییه‌وه‌ بۆلای‌ خۆی‌. من هه‌ر بێده‌نگ بووم‌و وه‌ڵامی‌ هه‌ردیم نه‌دابووه‌وه‌، كه‌ داوای‌ ده‌ستنوسه‌كه‌ی‌ لێكردبووم. وتم: نه‌خێر، هه‌ردی‌ گیان من ده‌مه‌وێت به‌كۆمه‌ڵێك روداوت ئاشنا بكه‌م كه‌ له‌م ده‌فته‌ره‌ی‌ ده‌ستمدایه‌‌و بۆشاییه‌كی‌ گه‌وره‌یان له‌ژیانمدا به‌جێهێشتووه‌. هه‌ردی‌ گیان نامه‌وێت به‌ڵێنت لێوه‌رگرم، كه‌ دوای‌ بیستنی‌ ئه‌م روداوانه‌ له‌جاران زیاتر خۆشتبوێم، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نامه‌وێت ئازارت بده‌م به‌بیستنی‌ ئه‌م رازه‌. حه‌زده‌كه‌م هه‌روه‌ك ئێسته‌ له‌داهاتووشدا پێكه‌وه‌ بژین، چونكه‌ تۆ ئه‌و بۆشاییانه‌ت بۆ من پڕكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ڕابردودا به‌تاریكییان سپاردوم. خۆشمده‌وێیت بۆیه‌ ده‌مه‌وێت له‌رابردووی‌ مندا به‌شداربیت. پێموت: هه‌ردی‌ من ده‌مه‌وێت به‌و هیوایه‌ت بگه‌یه‌نم كه‌ بزانی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ت بۆچی‌ هه‌میشه‌ بێده‌نگه‌‌و بیرده‌كاته‌وه‌. داوات لێده‌كه‌م تاكۆتایی‌ قسه‌كانم بێده‌نگ بیت‌و ته‌نها گوێكانت بۆ بیستن‌و زهنت بۆ بیركردنه‌وه‌ بكه‌یته‌وه‌. من هه‌میشه‌ نه‌فره‌تم بۆ مه‌رگ هه‌یه‌، ئه‌م وشه‌یه‌م كردووه‌ به‌دروشمی‌ خۆم‌و هه‌میشه‌ ده‌ڵێم نه‌فره‌ت له‌مه‌رگ. مه‌رگی‌ وه‌حشی‌، مه‌رگی‌ دڕنده‌، مه‌رگی‌ بێبه‌زه‌یی‌. تۆ ده‌زانیت له‌هه‌موو شوێنێكی‌ ئه‌م دونیایه‌دا رۆژانه‌ هه‌زاران كه‌س ده‌مرێن‌و كه‌س نازانێت بۆ؟ له‌پێناوی‌ چیدا خه‌ڵكی‌ ده‌مرن؟ روداوه‌كان له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستیانپێكرد كه‌ من خوێندكاری‌ قۆناغی‌ پێنجی‌ ئاماده‌یی بووم، خوێندكارێكی‌ زیره‌ك، چالاك، خۆشه‌ویست بووم، نمونه‌ی‌ پاك‌و بێگه‌ردی‌‌و خۆشه‌ویستیم بۆ خوێندن له‌هه‌موو شتێك به‌لاوه‌ گرنگتر بوو. من په‌یمانی‌ خۆشه‌ویستیم له‌گه‌ڵ‌ خوێندندا به‌ستبوو، به‌ڵام رۆژه‌كان به‌نێو دنیایه‌ك له‌ترس‌و گومان له‌دوارۆژی‌ خوێندنه‌كه‌م تێپه‌ڕده‌بوو. من ته‌نها هاوڕێیه‌كم هه‌بوو كه‌ ناوی‌ (ئاشنا)بوو. ئه‌و هاوڕێیه‌م جیاواز له‌خوێندكاره‌كانی‌ دی‌ وه‌ك من بیری‌ ده‌كرده‌وه‌‌و خۆی‌ به‌دیلی‌ خوێندن ده‌زانی‌‌و بڕیاری‌ تا مه‌رگی‌ به‌خوێندن دابوو، رۆژانه‌ من‌و ئاشنا پێكه‌وه‌ ده‌رۆشتین بۆ خوێندنگه‌‌و هه‌ر پێكه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌. رۆژه‌كان هه‌روا تێده‌په‌ڕین‌و له‌گه‌ڵیدا كه‌سێك له‌ڕێگه‌دا تێكه‌ڵاومان ده‌بوو. كوڕێك بوو رۆژانه‌ به‌ئۆتۆمبێلێكه‌وه‌ به‌دوامان ده‌كه‌وت، به‌ڵام به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ وشه‌یه‌ك بڵێت ته‌نها سه‌یری‌ منی‌ ده‌كرد‌و ده‌ڕۆیشت، چه‌ندینجار وشه‌ی‌ نه‌شیاو‌و ناڕێكم پێووت، به‌ڵام ئه‌و ده‌ستهه‌ڵگر نه‌بوو. ساڵ‌ تێپه‌ڕی‌‌و من رۆشتمه‌ پۆلی‌ شه‌شی‌ ئاماده‌یی‌، ئاشنای‌ هاوڕێشم هه‌روه‌ك من توانی‌ نمره‌یه‌كی‌ باش به‌ده‌ستبهێنێت‌و هاوڕێییه‌تییه‌كه‌مان درێژه‌ پێبدا. پشووی‌ ئه‌و ساڵه‌ كۆتایی‌ هات‌و من‌و ئاشنا رێگه‌ی‌ خوێندنمان گرته‌به‌ر، به‌و هیوایه‌ی‌ ساڵێكی‌ دیكه‌ بڕۆینه‌ زانكۆ. مانگێك له‌پۆلی‌ شه‌ش تێپه‌ڕی‌‌و دیسان ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كه‌ به‌ئۆتۆمبێله‌كه‌وه‌ چاودێری‌ ده‌كردین ده‌ركه‌وته‌وه‌. به‌ڕاستی‌ سه‌یربوو به‌لامه‌وه‌ كه‌ كه‌سێك به‌وجۆره‌ هۆگرمان بوو بوو، ده‌بێت پشووی‌ ئه‌م ساڵی‌ چۆن به‌سه‌ر بردبێت، ئه‌و له‌چاودێریكردنمان چی‌ ده‌ستده‌كه‌وت، گرنگترین شت لای‌ من ئه‌وه‌بوو كه‌ بزانم بۆچی‌ به‌تایبه‌تی‌ چاودێری‌ من ده‌كات. له‌سه‌ر پێشنیاری‌ ئاشنا رۆژێك له‌كۆڵانێك خوارتری‌ خوێندنگه‌كه‌مانه‌وه‌ وه‌ستاین تا بزانین چیده‌وێت. كاتێ‌ ئێمه‌ وه‌ستاین كوڕه‌كه‌ش وه‌ستا‌و سڵاوی‌ لێكردین، بێئه‌وه‌ی‌ وه‌ڵامی‌ سڵاوه‌كه‌ی‌ بده‌مه‌وه‌، پێمووت بۆچی‌ به‌دومانده‌كه‌ویت، خۆت دایكت نییه‌ خوشكت نییه‌، چیت له‌ئێمه‌ ده‌وێت؟ كوڕه‌كه‌ش به‌لێوێكی‌ به‌خه‌نده‌وه‌ وتی‌: چۆن دایك‌و خوشكم نییه‌، من خاوه‌نی‌ حه‌وت خوشك‌و دایكێكم‌و ته‌نها كوڕی‌ ماڵی‌ خۆمانم‌و تۆم خۆشده‌وێت. ئاشنا بواری‌ نه‌دا من قسه‌بكه‌م، لێی‌ پرسی‌ ناوت چییه‌؟ كوڕه‌كه‌ وتی‌: من ناوم (ئالان)ه‌،‌و ئێستا بۆماوه‌ی‌ دوو ساڵه‌ عاشقی‌ ئه‌و هاوڕێیه‌تم كه‌ ناوی‌ (ده‌ریا)یه‌. بۆیه‌ ده‌مه‌وێت وه‌ك به‌له‌مێكی‌ شكاو له‌كه‌ناریدا له‌نگه‌ر بگرم. نه‌مده‌زانی‌ چی‌ پێبڵێم، به‌روخساریدا كوڕێكی‌ خراپ دیار نه‌بوو. بۆیه‌ پێموابوو ده‌توانم به‌چه‌ند وشه‌یه‌ك كۆڵی‌ پێبده‌م، پێمووت: ئه‌گه‌ر راستده‌كه‌یت وه‌ره‌ خوازبێنیم. ئه‌ویش وتی‌ ئه‌گه‌ر خۆت رازی‌ بیت من له‌خودام ده‌وێت. له‌دوای‌ ئه‌وچه‌ند خوله‌ك قسه‌كردنه‌ ئه‌و رۆیشت‌و من‌و ئاشناش به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ وه‌رێكه‌وتین‌و تاكو گه‌شتینه‌ ماڵه‌وه‌ له‌سه‌ر وانه‌كانمان قسه‌مانكرد‌و گوێمان نه‌دایه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئالان-دا وتبوومان. بۆبه‌یانییه‌كه‌ی‌ وه‌ك رۆژانی‌ دی‌ به‌ره‌و خوێندنگه‌ وه‌رێكه‌وتم، له‌دوای‌ ته‌وابونی‌ وانه‌كان هاوڕێ‌ له‌گه‌ڵ‌ ئاشنادا گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌. كاتێ‌ رۆشتمه‌ ماڵه‌وه‌ ته‌ماشاده‌كه‌م میوانمان هه‌یه‌، له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆم گۆڕی‌‌و رۆشتم بۆ به‌خێرهاتنی‌ میوانه‌كان، كاتێ‌ كه‌ خه‌ریكبوو ده‌گه‌یشتمه‌ ئه‌و ژوره‌ی‌ كه‌ میوانه‌كانی‌ لێبوو دایكم به‌ره‌و روم هات‌و وتی‌ كچم ئه‌وانه‌ میوانی‌ تۆن، ئه‌وان بۆ خوازبێنی‌ تۆ هاتوون بۆ كوڕێكیان كه‌ تاقه‌نه‌یه‌‌و ناوی‌ ئالان-ه‌. باوه‌ڕمنه‌ده‌كرد، چۆن ده‌كرێت ته‌نها چه‌ند وشه‌یه‌ك بتوانێت ژیانێكی‌ هاوبه‌ش پێكبهێنێت، كه‌ من بۆ خۆرزگاركردن به‌كارمهێنابوو. له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ دایكم ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ كرد بڕیارمدا نه‌چم بۆ به‌خێرهاتنیان، به‌ڵام دایكم به‌زۆر ناچاریكردم كه‌ بڕۆم‌و به‌خێرهاتنیان بكه‌م. هه‌مان شه‌و باوكم بۆ پرسیاركردن ده‌رباره‌ی‌ رازیبوونم به‌و هاوسه‌رگیرییه‌ پرسی‌ پێكردم. منیش پێمووت هه‌رچی‌ تۆ بیڵێیت من واده‌كه‌م. باوكم خۆشبه‌ختی‌ منی‌ ده‌ویست‌و وایده‌زانی‌ كه‌ من خۆشحاڵم‌و شه‌رم رێگه‌منادات بۆیه‌ ده‌ڵێم هه‌رچی‌ تۆ بیڵێی‌ منیش قبوڵمه‌. بڕیاردرا رۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ مه‌راسیمی‌ ماره‌بڕین به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌ڵام به‌بێ‌ قه‌ره‌باڵغی‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م به‌سه‌ر مردنی‌ پورێكمدا تێپه‌ڕی بوو. ئه‌ورۆژه‌ ماڵی‌ ئالان‌و ماڵی‌ ئێمه‌ پێكه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌‌و شیرینی‌‌و پێداویستییه‌كانی‌ تر هه‌موو ئاماده‌كرابوون، به‌ڵام ئالان زۆر به‌په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی‌ مامی‌ ده‌كرد، بۆیه‌ له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خه‌ریكبوو كات دره‌نگی‌ ده‌كرد هاته‌ لای‌ من‌و دایكییه‌وه‌‌و وتی‌: من ده‌بێت بڕۆم به‌شوێن ماممدا، له‌به‌رئه‌وه‌ من ته‌نها ئه‌و شك ده‌به‌م، بۆیه‌ ناكرێت ئه‌و لێره‌ ئاماده‌ نه‌بێت. له‌كاتی‌ رۆیشتنی‌ ئالان-دا من له‌ته‌نیشتییه‌وه‌ وه‌ستابووم، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ بهێنم پێموت: بزانه‌ كه‌ زۆرم خۆشده‌وێیت. ئالان-یش ئاوڕیدایه‌وه‌‌و وتی‌: زۆرم هه‌وڵ‌ بۆ بیستنی‌ ئه‌و وشه‌یه‌ دا، كه‌ ئاواتی‌ له‌مێژینه‌م بوو، ئێستا ئیدی‌ هیچ خۆزگه‌یه‌كم له‌ژیاندا نه‌ماوه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر ئێستا ئه‌م ژیانه‌ش به‌جێبهێڵم باكم نییه‌، چونكه‌ ده‌زانم له‌و دونیا به‌خۆشه‌ویستی‌ تۆوه‌ زیندوو ده‌كرێمه‌وه‌. له‌دوای‌ رۆیشتنی‌ ئالان به‌چه‌ند خوله‌كێك ته‌له‌فۆنیان بۆ كردین‌و وتیان ئالان به‌ئۆتۆمبێله‌كه‌یه‌وه‌ خۆیكردووه‌ به‌ژێر لۆرییه‌كدا‌و حاڵی‌ زۆر خراپه‌. كاتێ‌ هه‌موو رۆشتین بۆ نه‌خۆشخانه‌ ئیدی‌ ئه‌و ئالانه‌م به‌زیندووی‌ نه‌بینییوه‌ كه‌ بۆ دواین ساتی‌ ژیانی‌ پێموت (خۆشمده‌وێیت). بڕواناكه‌م، بڕواناكه‌م ئه‌و گۆڕه‌ی‌ كه‌ من هه‌موو رۆژێكی‌ هه‌ینی‌ به‌بێ‌ ئاگاداری‌ تۆ ده‌چم سه‌ردانی‌ ده‌كه‌م‌و گڵكۆكه‌ی‌ به‌فرمێسك ته‌ڕ ده‌كه‌م ئالان له‌ژێریدا نوستبێت، به‌ڵێ‌ ئه‌و ئالانه‌ی‌ كه‌ چه‌ندین نه‌خشه‌ی بۆداهاتومان كێشابوو. ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر مه‌رگی‌ ئالاندا تێپه‌ڕیبوو كه‌ تۆ هاتیته‌ خوازبێنیم‌و منیش رازیبووم، به‌ڵام پێمنه‌وتی‌ كه‌ من له‌گه‌ڵ‌ یادگاری‌ كه‌سێكی‌ تردا ده‌ژیم، من نه‌مووت كه‌ ده‌بێت حه‌وتوی‌ جارێك سه‌ردانی‌ گۆڕه‌كه‌ی‌ بكه‌م، بۆیه‌ ئیدی‌ ئێستا شتێك نه‌ماوه‌ پێتی‌ بڵێم، من هه‌ر له‌یه‌كه‌مین رۆژه‌وه‌ بیر له‌داهاتووی‌ ئه‌م رازه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌. به‌ڵام ئێستا شتێك نه‌ماوه‌ بیری‌ لێبكه‌وه‌، ته‌نها چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌م كه‌ تۆ چۆن بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ ده‌ده‌یت تا بڵێم خۆزگه‌ به‌زه‌یی‌ خودا ده‌هاته‌ به‌ر كاتێك فرمێسكی‌ چاوی‌ حه‌وت خوشك‌و دایكی مردوویه‌ك خۆڵ‌ له‌زه‌وی‌ ده‌بڕن‌و به‌فرمێسك زه‌وی‌ شه‌قاشه‌قار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گۆشه‌یه‌كی‌ ئه‌و درزانه‌وه‌ ئالان-ه‌كه‌یان به‌زیندووی‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌. (هه‌ردی‌) رویتێكردم‌و سه‌رمی‌ له‌نێو هه‌ردوو ده‌ستیدا جێكردوه‌‌و فرمێسك به‌چاوه‌كانیدا رێژنه‌یان به‌ست‌و به‌گه‌رویه‌كی‌ گیراوه‌وه‌ وتی‌: (ده‌ریا) زۆر خۆشحاڵم به‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌مشه‌و خۆت له‌و مه‌ینه‌تییه‌ رزگاركرد، كه‌ چه‌ند وه‌خته‌ رۆحت ئازار ده‌دات، به‌ده‌رخستنی‌ ئه‌و رازه‌ هێنده‌ی‌ تر له‌به‌رچاوم گه‌وره‌ بوویت، چونكه‌ تۆخاوه‌نی‌ دڵێكی‌ هێنده‌ گه‌وره‌یت كه‌ خوداش توانا ره‌نجاندنی‌ نییه‌، بۆیه‌ هه‌ر ئه‌مشه‌و سوێند به‌خۆشه‌ویستی‌ ده‌خۆم كه‌ منیش وه‌ك تۆ له‌به‌یانییه‌وه‌ رۆژێكی‌ تر ده‌ستپێده‌كه‌م‌و هه‌روه‌ك تۆ بڕیارده‌ده‌م تا مردن ئالان-ی‌ راستی‌‌و به‌وه‌فایی‌ له‌بیرنه‌كه‌م
Views: 629 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  فبراير 2009  »
إثثأرخجسأح
      1
2345678
9101112131415
16171819202122
232425262728
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz