Main » 2009 » فبراير » 10 » كاتێك مریەم هەواڵی مەرگی سەعد دەبیستێت، لە حەمامی ماڵی خۆیان بە ئاگرەوە دەچێتە ناو پرسەی ژنان
4.13.58 PM كاتێك مریەم هەواڵی مەرگی سەعد دەبیستێت، لە حەمامی ماڵی خۆیان بە ئاگرەوە دەچێتە ناو پرسەی ژنان |
كاتێك مریەم هەواڵی مەرگی سەعد دەبیستێت، لە حەمامی ماڵی خۆیان بە
ئاگرەوە دەچێتە ناو پرسەی ژنان، مریەم لە ئیفادەكەی دا بۆ پۆلیس دەڵێ
لەبەر مەرگی سەعدی خۆشەویستی خۆی سووتاندووە، بەڵام هەردوو بنەماڵەكە
ئەوە رەتدەكەنەوە.
شەوی 23لەسەر 24/1/2009، گەنجێكی تەمەن 18 ساڵ بەناوی سەعد سوڵتان، لە
توڕەق كە ئێستا بووەتە گەڕەكێكی هەولێر، لە رێگەی كۆیە-هەولێر وەرگەڕاو
گیانی لەدەستدا. لە دوای نیوەڕۆی رۆژی 24/1/2009 لە یەكەم رۆژی پرسەی
سەعد، كچێكی دراوسێیان، بەناوی مریەم، 17ساڵ، لەناو ماڵەكەی خۆیاندا
سووتا، دوای تێپەڕبوونی هەشت كاژێر بەسەر سووتانەكەیدا گیانی لەدەستدا.
مریەم لە ئیفادەكەیدا بۆ پۆلیس دەڵێت، لە"داخی مەرگی سەعد خۆم
سووتاندووە"، بەڵام بنەماڵەكانیان رەتیانكردەوە كە ئەو كوڕو كچە
یەكتریان خۆشویستبێت.
نەقیب ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەدواداچوونی تووندوتیژی دژی
ئافرەتان، لەهەولێر، بە(رووداو)ی راگەیاند، هەرچەندە مریەم بەسەختی
سوتابوو، بەڵام توانرا قسەكانی وەربگیرێت "مریەم سكاڵای لەدژی كەس
نەبوو، گوتی لە داخی مەرگی سەعد، خۆم سووتاندووە".
سەعد لە پۆلی سێی ناوەندی بوو، وەك هاوڕێكانی باسی دەكەن، سەعد كوڕێكی
كاسب بووەو لەگەڵ خوێندنەكەی كاریشی دەكرد. عەبدولقەهار قانع، كە
هاوڕێی سەعد بووەو رۆژی رووداوەكە بە یەكەوە بوونە، باسی رووداوەكەی
كردو گوتی "سەعد نەفەرێكی دەبرد بۆ كۆیە، گوتی لەوانەیە شەومان بەسەردا
بێت تۆش لەگەڵم وەرە، كاژێر نۆی شەو بوو دەگەڕاینەوە، لەرێگە
ئۆتۆمبێلێك بەرامبەرمان هات، فوول لایتی پێكردبوو، سەعد هاواری بۆ خوا
برد، كاتێك بەهۆش خۆم هاتمەوە، بینیم كەوتووەتە ژێر تایەی ئۆتۆمبێل،
دەستی لەناو دەستم بوو، دەمی لێككردەوە ویستی قسە بكات، بەڵام گیانی
دەرچوو".
لەیەكەم رۆژی پرسەی سەعد دا، كاتێك بنەماڵەكەی خەریكی بەرێكردنی
مێوانەكان بوون، لەو كاتەدا مریەم، كە ماڵیان لە بەرانبەر ماڵی سەعدە،
بە جەستەیەكی ئاگراوییەوە خۆی دەكات بەپرسەی ژناندا.
دوای سووتانی ئەو كچە، ئەوە لەنێو خەڵك دا بڵاوبووەوە كە مریەم لەداخی
مەرگی سەعد خۆی سووتاندووە، تەنانەت لەئیفادەی پۆلیس دا مریەم گوتبووی
لەداخی مەرگی سەعد خۆم سووتاندووە. بیلال كەریم، باوكی مریەم، كە
پیاوێكی شەلە، بەزەحمەت دەتوانێت هەڵبستێتەوە، ئەو قسانەی رەتكردەوەو
گوتی " دوای عەسر بوو مریەم پەرەمێزی پێكردبوو ویستبووی خۆی بشوات،
ئاگری تێبەر بوو، وەك بلێسە ئاگرێك بۆم هات، هەر هاواری دەكرد باوكە
بمكوژێنەوە، گوتم كچم ناتوانم هەڵبستمەوە غاردە ناو پرسەی ژنان، تا
بتكوژێننەوە".
هەروەها سوڵتان جادر، باوكی سەعد، كە ریشی بۆ مەرگی كوڕەكەی هێشتبووەوە،
بەهەموو شێوەیەك ئەو قسانەی رەتكردەوە كە ئەو دووانە خۆشەویستی یەكتر
بووبن. ئەو گوتی سەعد دەستگیرانی هەبوو و بەنیازبوون لەبەهاری ئەمساڵ
بیگوازنەوە "هەرگیز بەئێمەی نەگوتووە دەستگیرانەكەم ناوێ، داخوازی
مریەمم بۆ بكەن".
لەو كاتەی مریەم بە ئاگرەوە خۆی دەگەیێنێتە ناو پرسەكە، هەموو ژنەكان
لە زیڕە دەدەن، براژنی سەعد، كە خۆی بەچاوی خۆی مریەمی بە ئاگرەوە
بینیوەو ئێستاش لەترسی ئەو دیمەنە شەوان خەوی لێناكەوێت، گوتی "مریەم
هاواری دەكرد، بمكوژێنەوە، ئاگرم تێبەربوو"، هەروەها ئەو ژنە دەڵێ "
ئەگەر دەرگا پێشی نەگیرایە، 50ژن دەسووتا، ژنان نەیانوێرا بیكوژێنەوە،
پیاو هاتن كوژاندیانەوە".
نیسانی خوشكی سەعدیش، ئاماژەی بەوەدا لەوكاتە مریەم هەر دەیگووت خوایە
پەشیمانم، خۆ زۆر نەسوتاوم.
بەشێكی زۆر لە ژنەكان ئێستاش ئەو دیمەنانەی سووتانی مریەمیان لەبیر
نەكردووە. كچێكی محەممەد سابیری مامی سەعد، كە لەپرسەكە بووە، تا ئێستا
لە ترسان لەماڵ كەوتووە، محەممەد لەگەڵ گوتنی ئەو قسانە، دەیگووت ئەگەر
بمانزانیایە ئەو كچەی خۆشدەوێت "وامان دەكرد ئەو بنەماڵەیە رازی بێت".
یەكێك لە هاوڕێ قوتابییەكانی سەعد، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ (رووداو)
روونیكردەوە، كە سەعدو مریەم، 7مانگ زیاتربوو، یەكتریان خۆشدەویست،
سەعد جارێكیش چووە داخوازی مریەم، بەڵام باوكی مریەم رازی نەبووە
كچەكەی بداتە كوڕە دراوسێیان، نەوەكو خەڵك قسەیان لە دوا بكات "
ئەوەندەی ئاگاداربم بەتەنیا چووە داخوازی كچەكە، باوكی كچەكە رازی
نەبوو، ماوەیەك وازیان لەیەكترهێنا، پاشان خۆشەویستییەكەیان
دەستپێكردەوە".
بەگوێرەی قسەی ئەو هاوڕێیەی سەعد، لە منداڵییەوە، سەعد ئامۆزایەكی لێ
مارەكرابوو، بەڵام سەعد بەو هاوڕێی گووتووە ئەو مریەمی خۆشدەوێت"كە
سەعد مرد، باوكی مریەم نەیهێشت مریەم بچێتە پرسەی خۆشەویستەكەی، بۆیە
بە ژنێكی دراوسێیانی گووتبوو، خۆم دەسوتێنم".
بەهەمان شێوەی باوكی سەعد، باوكی مریەمیش ئەوەی رەتكردەوە كە كچەكەی
سەعدی خۆشویست بێت. پێیوابوو، ئەو ئیفادەیەی كچەكەی كە گووتوویەتی،
لەبەر مەرگی خۆشەویستەكەم خۆم سوتاندووە، رەنگە بەهۆی ئەوەبووبێ كە
كچەكەی هۆشی لەسەر خۆی نەماوە، بۆیە لە بێئاگایی وای گووتووە "منداڵە،
سوتابوو، قسەی بێ مانای كردووە".
نیسان خوشكی سەعد، كراسێكی رەشی لەبەركردبوو، جگە لەخەمی براكەی وەك
ئەو دەڵێت، داخ لەو قسانە دەخوات كە دوای مەرگی سەعدو سوتانی مریەمی
دراوسێیان هاتە ئاراوە، نیسان پێیوایە سەعد ئاگاداری ئەو كچە نەبووە،
بە هیچ شێوەیەك خۆشی نەویستووە "رەنگە كچەكە خۆشی ویستبێ، بەڵام سەعد
ئاگادار نەبووە، چونكە هەر نهێنیەكی هەبووایە لای من باسی دەكرد، سەعد
جوانترین دەستگیرانی هەبوو
|
Views: 851 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|