الأحد, 2024-11-24, 0.00.55 AM Welcome Guest |
|
Main » 2009 » فبراير » 8 » بۆچی نەجیبە رفێندرا؟
1.22.21 PM بۆچی نەجیبە رفێندرا؟ |
دوایین رۆژی دادبینی و دوایین دانیشتنەكانی دادگاش بوو كە لەتیف بەسەرو
ریش تراشراوی و قاتێكی خاوێن و تازەوە هێندرایە ناو هۆڵی دادگا و
لەبەردەم دەستەی دادوەران راگیرا، سەرۆكی دادگا هەموو بەڵگەكانی خستە
بەردەم دەستەی دادگاو یەكە یەكە دەخوێندرایەوەو هەڵدەسەنگێنرا، یەكێ لە
بەڵگەكانی راپۆرتی پزیشكی بوو كەدەیسەلماند دادخواز نەجیبە دوای
ئەنجامدانی پشكنینی سەرجێی هێشتا كچەو دەستكاری نەكراوەو پەردەی كچێنی
نەدڕاوە، لەتیف لەدڵیخۆیدا ئەوەی بە خاڵی بەهێز دەزانی، بۆ خۆی
والێكیدایەوە كە ئەم بەڵگەیە نیاز پاكی ئەو دەسەلمێنێ و ئەو كچەكەی
نەڕفاندووە، بەڵگەشی ئەوەیە كە دەستی لێنەداوەو كاری سەرجێی بەهیچ
جۆرێك لەگەڵ نەجیبە نەكردووە، هەروەها گوفتاری لەتیف كە لە بنكەی پۆلیس
وەرگیرا بوو ئەویش خوێندرایەوە تیایدا لەتیف گوتوویەتی بەهیچ شێوەیەك
دەستی لەكچە نەداوە، بەڵكو هەردووكیان رێكەوتوون لەسەر ئەوەی بچنە ماڵە
پورێكی لەتیف بۆ ئەوەی دایك و باوكی ناچار بكەن رازی بن كچەكە بدەنە
لەتیف، كە دادگاش گوفتاری لەتیفی دووبارە تۆماركردەوە هەمان قسەی
پێشووتری دووپاتكردەوە، بەڵام ئەمجارە ئەوەی بۆ زیادكردو گوتی: تازە من
لە رقی دایك و باوكی جارێكی تر ناچمە خوازبێنی ئەو كچە، چونكە كە چووم
نەیاندامێ كە بەگرتنیشیاندام دیسان بڕوایان پێنەكردووم، ئیتر نازانم
چیان لێبكەم، باوكی نەجیبەش بانگ كرا ژوورەوە بۆئەوەی گوفتارەكانی
ئەویش دووبارە وەربگرێتەوە، باوكی نەجیبە لەبەردەم دادوەران گوتی: من
كچی خۆم بە هیچ شێویەك نادەمە ئەو كوڕە چونكە، رام لەرەوشتی نییەو
پێشتر شاگردی خۆم بووە چۆن كچی خۆم بدەمە شاگردم ، نایدەم، لەگەڵ ئەوەش
كە پێی رازی نەبووم كەچی لەژێرەوە كچەكەمی هەڵخەڵەتاندبوو بەناوی
خۆشەویستییەوە سەد بەڵێنی پێدابوو كە زانیم خیانەتی لێكردووم دەرم كرد،
ئینجا نوێنەری داواكاری گشتی خوێندنەوەی خۆی بەیان كرد و داوایكرد كە
سزا بدرێت، لەبڕی ئەو كارە تاوانییەی كەكردوویەتی، پاشان پارێزەر
بەرگری لێكرد و داوای بەخشینی لەدادگا دەكردو دەیویست بیسەلمێنێ كە
بریكاردارەكەی تاوانێكی نەكردووەو بەهەڵە دەستگیركراوە ئینجا دووبارە
نۆرە درایەوە بە تۆمەتبار لەتیف، كە تەواوی رووداوەكە وەكو خۆی
بگێڕێتەوە ، لەتیفیش بەمشێوەیە لەبەردەم دادگا رووداوەكەی باس كردو
گوتی: نزیكەی ساڵێك دەبێ نەجیبەم خۆشدەوێت، راستە كچی وەستامە بەڵام،
چی تێدایە ئەگەر كچی وەستاكەم خۆشبوێت و نیازی هێنانیم هەبێ،هەرچەندە
ئەگەر مەبەستم بایە هەر لەسەرەتای پەیوەندی نێوان من و نەجیبە دەمتوانی
بەنیازی خراپەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكەم بەتایبەتی كە نەجیبە لەنێو
چوار دیواری ماڵەوە بوو، تەنانەت بۆ كاتژمێرێكیش نەیدەتوانی دەرەوە
ببینێ، هەڵخەڵەتاندنی نەجیبە بۆ كەس ئاسان نەبوایە بۆ من ئاسان بوو،
كەداوای خوازبێنی نەجیبەم لە باوكی كرد خەریك بوو بمخوات، هەزار جنێو و
قسەی ناشیرنی پێگوتم، نەمزانی تاوانەكەم هەر ئەوەندەبوو كە كچەكەیم
بەدڵسافی و نیاز پاكی خۆشویستووە، نەك هەر كچەكەی نەدامێ بەڵكو دەریشی
كردم و نان بڕاوی كردم، بۆیە منیش لە رەقی ئەو هەڵسوكەوتەی بڕیارم دا
ناچاری بكەم كچەكەیم لەژێر فشاردا پێبدات و بیخەمە هەڵوێستێكەوە كە
نەتوانێ داواكارییەكەم پشتگوێ بخات، ئەوە بوو رۆژێك ژوانم لەگەڵ نەجیبە
داناو پێمگوت وەرە باپێكەوە تەكبیری رۆیشتن بكەین و بچنە شوێنێك ئینجا
هەواڵ بۆ باوكت بنێرین و بڵێین یان ناێینەوە یانیش رازی دەبی لەسەر
زەواجمان، ئەویش گوتی باشە بەس من دەترسم، گوتم مەترسە من لەگەڵت دەبم،
ئەوە بوو ماڵی پورێكمان دەستنیشانكرد و گوتم كچێك هەیە من و ئەو دێینە
لاتان بەمیوانداری و باسی زەماوەندو دوارۆژی خۆمان دەكەین و شوێنی
گفتوگۆمان نییە رەنگە تا ئێوارە درەنگ بمێنینەوە، ئەوانیش گوتیان قەیدی
ناكە، كە رۆیشتین رێكەوت وابوو ئەوان دوای نیوەڕۆیەكەی سەیرانیان هەبوو
لە سەیرانگەی دوكان كە گەیشتبوونە ئەوێ گوتیان ئەمشەو نایەینەوە، منیش
گوتم پێش ئێوارە ئێمە دەردەچین و بۆ خۆم دەرگاكانتان كلیل دەدەم گوتیان
باشە، منیش گوتم نەجیبە ئەوە دەرفتە هەواڵدەدەمە باوكت پێیان ناڵێم
لەكوێین ئەمشەویش ناچینەوە گوتی: باشە، ئێمە تەگبیرەكەمان بەمشێوەیە
بوو و سەرییگرت كەچی باوكی هەر ئەو شەوە شكاتی لێكردم و لەبنكەی پۆلیس
فەرمانی دەستگیركردنم دەرچوو، مەسەلەكە هەر ئەوەندەیە و هیچی تری تێدا
نییە.
گوفتاری نەجیبە
دوای ئەو قسانەی لەتیف، بانگی نەجیبە كراو پرسیاریان لێكرد راستی
مەسەلەكە چۆن بوو؟
ئەویش زۆربەی قەسەكانی لەتیفی دووپاتكردەوە، بەڵام گوتیشی راستە لەگەڵی
رۆیشتم بەڵام بە ئارەزووی خۆم لەگەڵی نەچووم بەڵكو هەڵیخەڵەتاندم و بە
ئۆتۆمبێلێك هاتە دوام گوتی: وەرە سواربە ئێستا دتهێنمەوە كە گەیشتینە
ماڵی پوری گوتی من تۆم رفاندووە بۆ ئەوەی باوكت ناچار بكەم رازی بێ
لەسەر زەماوەندی من و تۆ،منیش گوتم: بەڵام من بەم كارەی تۆ رازی نیمەو
ئەوە رەنگە بەكوشتنم بدات، وەرەوە داخوازیم ئەگەر باوكم هەر رازی نەبوو
دەستم لێهەڵگەرەو بۆ خۆت كچێكی تر بخوازە، گوتی نا وازت لێناهێنم و هەر
دەبێ رازی بێ و مەمنونیش بێ، من كەسایەتیەكەی دەشكێنم و وایلێدەكەم
بەهەموو مەرجێكم رازی بێت، ئەو شەوە بەزۆر هێشتمیەوە و ناچاری كردم لەو
ماڵە پورەی بمێنمەوە هەرچەندە دەستیشی لێنەدام، تا بەیانی باوكم چوو
شكایەتی كرد بۆیە دەڵێم راستە من رازی بووم لەسەر ئەوەی شووی پێبكەم،
بەڵام رازی نەبووم لە ماڵ هەڵبێم یا بەدوایدا بكەوم و بەندم بكات و
ناچارم بكات لەماڵی خەڵكی تر بەتەنها بمێنمەوە .
حوكم دان
دوای هەڵسەنگاندنی بەڵگەكان و تۆماركردنی وتەی لایەنەكان و
خوێندنەوەكانی داواكاری گشتی بۆ پارێزەری بەرگری، دادوەران چەند
خولەكێك لەنێو خۆیاندا كۆبوونەوە بۆ ئەوەی باشتر یاساكان و بەڵگەكان
تاوتووێ بكەنەوە ئینجا حوكم بدەن، پاش گفتوگۆی نێوان ئەندامانی دادگا
لە دادوەران لەنێو خۆیاندا گەیشتنە بڕیارێك ئینجا لایەنەكانی دادگاو
تۆمەتباریان بردەوە ژووری دادگاو دوای هەڵسانەوەی ئامادەبووان دادگا
بڕیاری خۆیدا بە زیندانیكردنی تۆمەتبار لەتیف لەسەر ئەوەی كەتاوانی
رفاندنی كچێكی ئەنجام داوە، بەڵام پێشیان گوت ئەگەر بتوانی كچەكە
بخوازێ حكومەت دەگۆڕێ، لەتیفیش كە گوێی لەو حوكمە قورسە بوو گوتی:
وەڵڵا ئەگەر پانزە ساڵیش بگیرێم تازە ناچمە خوازبێنی ئەو كچە
|
Views: 578 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|
|
Our poll | |
|