الثلاثاء, 2024-05-14, 4.26.56 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2008 » أوكتوبر » 31 » لەسەر نیگای كوڕێك بۆ كچێك كێشەیەكی گەورە سەریهەڵدا
5.11.54 PM
لەسەر نیگای كوڕێك بۆ كچێك كێشەیەكی گەورە سەریهەڵدا

مرۆڤ بوونەوەرێكە حەزی بە تێكەڵاو بوون هەیە و مەیلی بۆ رەگەزەكەی تر دەجوڵێ و رەگەزی بەرامبەری وەك پێویستییەك تەماشا دەكات، بەڵام رادەی تێكەڵاوبوونی هەر دوو رەگەز(نێرو مێ) بەندە بەو قەیرانەی كە لە كۆمەڵگەكەیاندا لەسەریانە، لە هەندێ كۆمەڵگەدا ئازادییەكی زۆر بەو تێكەڵاوبوون و پەیوەندییە دراوە، لە هەندێكی تردا ئازادییەكی كەمتر و لە هی دیكەشدا بە تەواوەتی گەمارۆ دراون، لە كۆمەڵگەی ئێمەدا رادەی تێكەڵاوبوونی كوڕ و كچ لە سنوورێكی زۆر تەسكدایە، بەتایبەتیش لە شوێنە میللیەكاندا، ئەم رووداوەش رێك گوزارشت دەكات لە چۆنییەتی پەیوەندی نێوان كچ و كوڕ لەو گەڕەك و شوێنانە كە بە شوێنێكی میللی دادەنرێن.
بەیەك گەیشتنی كچ و كوڕێك
ماڵی(وریا) پتر لە (6) ساڵ بوو لەو گەڕەكەدا بوون، خانووەكەیان، جیا لە خانووەكانی تر، دوو نهۆمی و بەرز بوو، خانوویەكی خۆش و گەورەبوو و دەیڕوانییە سەر زۆربەی خانووەكانی تری دراوسێیەكانیان(وریا) بەخۆی تەمەنی(19) ساڵێك دەبوو، گەنجێكی كاسب و رێك وپێك، بوو لە قۆناغی ناوەندییەوە وازی لە خوێندن هێنابوو بۆ ئەوەی یارمەتی باوكی بدات، لەگەڵ براكانی تری لە بەڕێوەبردنی ئەو كۆگایەی كە بەیەك دووكەس بەڕێوە نەدەبرا كاری دەكرد ئەوان جگە لە خانووەكەی خۆیان خانوویەكی دیكەشیان هەبوو، بەڵام بچوكتر بوو پێشتر دابوویان بەكرێ باوكی(وریا) ئەو خانووەی بۆیە كڕی بوو، وایدانابوو هەر كاتێك ژنی بۆ (وریا) هێنا، ئەو خانووەی پێبدات خانووەكە چەند ماڵێك لەخۆیان دوور بوو.
ئەو كرێچییەی كە تیایدا بوو، چووە لای باوكی(وریا) و ئاگاداری كردەوە كە سەری مانگی داهاتوو خانووەكەیان بۆ چۆڵ دەكات، ئەوەبوو پێش ئەوەی چۆڵ بێت، برادەرێكی باوكی( وریا) داوای خانووەكەی كرد، بۆ ناسیاوێكیان كە دوای چۆڵ بوونی بیداتە ئەوان، ئەویش رازی بوو، كاتێك كرێچییەكە رۆیشت ئەوان هاتن و لەسەر كرێ و كۆمەڵێك شتی تر رێككەوتن لەگەڵ باوكی(وریا) ئەو خێزانە پێكهاتبوو لە سێ كوڕی گەنج و دوو كچ یەكێكیان لە تەمەنی(20) ساڵی دابوو ناوی(لەنجە) بوو، ئەویتریش(10) ساڵان بوو، ئەوە جگە لە دایك و باوكیشیان، كوڕی گەورەیان ناوی(هەڵمەت)بوو، زەلامێكی(28) ساڵەی تووند رەفتار بوو خوشك زۆریش لە ماڵەوە فشاری خستبووە سەر خوشكە گەورەكەی و كەسێكی تا بڵێی دڵپیس بوو، كاتێك كە ماڵی(لەنجە) هاتنە خانووەكەیان رۆژی هەینی بوو (وریا) لە ماڵەوە بوو، چونكە ئەو رۆژانی هەینی نەدەچووە سەر كار، كاتێك ئۆتۆمبێلیكی بارهەڵگر ماڵەكەی هێنا، ئەو هاتە دەرەوە، بەو مەبەستەی ئەگەر یارمەتیان بوێ، یارمەتیان بدات، ئەندامانی ماڵی( لەنجە) كاتێك هەموویان لە ناو ئۆتۆمبێلەكە هاتنە خوارەوە (وریا) چاوی بە (لەنجە) كەوت لەگەڵ بینینی (لەنجە) چاوی رۆشن و دڵی كرایەوە، بێئەوەی بەخۆی بزانێ هەستی بۆ ئەو جوڵا، بە رێكەوت لەبەردەم ماڵەكەیان (لەنجە) ئاوڕی دایەوە چاوی كەوتە سەر (وریا) و بۆ چەند ساتێكی بروسكە ئاسا لەیەك رامان و سەیری یەكتریان كرد(وریا) لە ئاوڕدانەوەی(لەنجە) بروسكەنامەیەكی بە چاوەكانی بۆ(لەنجە) ناردو ئەویش یەكسەر هەستی بەو دیقەت و نیگا پڕ لە ئاماژانەكرد و گۆڕانێك بەسەر دڵ و دەروونی داهات و بزەیەكی كەوتە سەر لێو..
دروستبوونی كێشە
گێڕانەوەی ئەو ساتانەی كە(وریا) تیایدا سەرنجی (لەنجە)ی دەدا، وا باشترە لە زاری (وریا) خۆی ببیستین و بزانین دواتر چی روویداوە(وریا) بەمشێوەیە باسەكەی بۆ گێڕاینەوە و گوتی: كە(لەنجە)م بینی زۆر كە یفخۆش و دڵ پڕ لە هیوا بووم، نازانم چ شتێك بەرەو لای ئەو كێشی كردم، چەندی دیقەتیم دەدا هێندەی دیكە لەلام شیرین دەبوو، هەستم بەخۆشییەكی زۆركرد كە ماڵی ئەو كچە بوونەتە كرێچیمان ، یان راستتر بڵێم دەبنە دراوسێمان من لەو سەیركردن و تەماشاكردنە بووم، كەدیتم برا گەورەكەی، بە دەمووچاوێكی گرژو مۆنەوە، بە زمانێكی پڕ هەڕەشە و گوڕەشەوە، زۆر بە رەقی لێی خوڕیم و پێی گوتم:
ها چییە نەتبیستووە ماڵ بێتە ناو خانوویەك، خۆ گورك نین، وا تەماشامان دەكەن و دیقەتمان دەدەن... هێندێك قسەی تریشی كرد، بەڵام نەیدەزانی كە خانووەكە هی ئێمەیە، منیش لەسەر خۆگوتم نەگورگن و نەدەشتانخۆین، هاتووم ئەگەر پێویستیتان بە یارمەتی هەبێ، یارمەتیتان بدەم.
گوتی: نەیارمەتی تۆمان دەوێ و نەدەشمەوێ لێرە راوەستی.
(لەنجە) لە دوورەوە بە چاو تێیگەیاندم كە بڕۆم، كە ئاوڕی دواوەی دایەوە لە خوشكەكەی را خوڕی و بەنا و بانگی كرد كە لەو ناوە نەمێنێت و خەریكی رێكخستنی كەلوپەلەكانی ژوورەوە بێ، هەر بەهۆی ئەو بانگ كردنەشەوە بوو كە زانیم كچەكە ناوی(لەنجە)یە ئای كە ناوێكی خۆش بوو بە هەرحاڵ كە دیتی دووبارە ئاوڕ لە خوشكەكەی دەدەمەوە شەقەزللەیەكی لە روومەت دام و خوێن لە لووتم هات لەگەڵ زەبری شەقە زللەكە، ئیتر منیش وەڵامیم دایەوە بووە شەڕە مست و لێكدانمان.
كە براكانم زانیان بە پەلە پرۆزێ هاتنە دەرەوە و ئەوانیش لەشەڕەكە تێوەگلان، باوكی ئەوانیش كەوتە ناو شەڕەكە وایلیهات پەنا برایە بەر خوتورمە و دەسكە خاكە ناس و نازانم چی، من لەلایەك خوێن لە لووتم دەهات، لەلایەكی تریش شتێك بە سەرم كەوت و شكا، ئەوانیش خوێن لەسەریان دەچۆڕا، بە هەر حاڵ تا لێككراینەوە زۆری پێچوو، هەتا(پۆلیس) نەهات بە تەواوەتی شەڕەكە نەكوژایەوە ئیدی دوای ئەوە باوكیشم بە مەسەلەكەی زانی و كار گەیشتە بنكەی پۆلیس، ئەو رۆژە تا نزیكی ئێوارە خەریكی ئەو كێشەیە بووین، كە باوكم و دراوسێكانمان هاتن ئەوجا بۆ هەر دوولا رۆن بووەوە كە ئێمە خاوەنی خانووەكەین و شەڕەكەش لەسەر چی بووە و كێ خەتابار بووە.. پاش ئەوەی هەموولایەك بە مەسەلەكەیان زانی ، ئەوجا هەوڵی ناوبژیوانی و پێك هاتنەوەدرا، كە هاتینەوە ماڵەوە مامەكانیشم هاتن و بابم و مامی گەورەم بانگیان كردم و پێیان راگەیاندم كە یان جارێكی تر بە هیچ شێوەیەك لە دوور و نزیكەوە سەیری ئەو كچە ناكەی یانیش ئەگەر دڵت گرتوویەتی داوای بكە تا ئێمەش بچینە داخوازی، گوتم بڕۆنە داخوازی، سەیر لەوەدایە كە ماڵی ئێمە بۆ رۆژی دوایی لەگەڵ چەند پیاو ماقوڵێكەوە چوونە داخوازی ، ئەوان گوتیان: چەند رۆژێكی تر وەڵامت دەدەینەوە كەچی ئەوەی چاوەڕوانمان نەدەكرد و هەرگیز بیریشمان بۆی نەدەچوو ئەوە روویدا، ئەو ماڵە هەر ئەوشەوە، بێ ئەوەی كەس پێیان بزانن، نزیك بەربانگ ئۆتۆمبیلیان هێنابوو ماڵەكەیان باركردبوو و رۆیشتبوون.. ئەوسا و ئێستاش نەمدەزانی بۆچی رۆیشتن و بۆچی ئەو هەڵوێستەیان نوان
Views: 764 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  أوكتوبر 2008  »
إثثأرخجسأح
  12345
6789101112
13141516171819
20212223242526
2728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz