الأربعاء, 2024-05-15, 0.24.33 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2008 » أوكتوبر » 22 » بڕیاری هاوسەرگیری لە ژێر زەبری كوتەكدا
3.36.50 PM
بڕیاری هاوسەرگیری لە ژێر زەبری كوتەكدا


دروستكردنی ژیانی هاوسەرێتی مافی رەوای هەر تاكێكە كە گەیشتبێتە تەمەنی هاوسەرێتی، ژنهێنان و شووكردن پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە خودی ئەو دوو كەسەوە هەیە كە دەبنە ژن و مێردی یەكتری، بۆیە رەزامەندیی و رازی بوونی ئەو كچ و كوڕە، پێشمەرجی یەكەمی ئەو ژیانە داهاتووەیە، ناكرێ كەسێك بێت لە جیاتی كەسانی تر بڕیار بدات، ژن بێنێ یا شوو بكات، ئەمە دەستوەردانە لە وردترین و بچووكترین لایەنی ژیانی كەسیی مرۆڤ.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دیاردەیە لە چاو جاران كەمتر و بەرتەسكتر بۆتەوە، بەڵام هێشتاش دەبینرێ یەكێ لە دەرەنجامەكانی ئەم جۆرە هاوسەرێتییە ناشادبوون و ناكامەڕانی ئەو ژن و مێردەی بە زۆر و بە تۆبزی بەیەكدراون، كە زۆرجار لێكجیابوونەوە و تەڵاقیشەوە لێ دەكەوێتەوە....
ئێستاش لە نێو دێهات و گوندەكانی دەوروبەری شارەكان باوك یان برا بڕیار دەدات كچەكەی یا خوشكەكەی شو بە فڵانە كەس بكات(شەیما ناسر) ژنێكی گەنجی تەمەن(19) ساڵانە و براكەی بە (16) ساڵی داویەتییە خزمێكی دووری خۆی و بۆ خۆی بە ژنی داوە، پاش ئەوەی لەگەڵ مێردەكە مێردەكەی نەحەاوەتەوە، دواجار ناچار بوو زیز بێت و پاشان هەر دوولا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كە تەڵاق بدرێت، لە بارەی هۆی تەڵاق دانەكەی،( شەیما) خۆی دەدوێت و دەڵێ: ئێمە لە خێزانێكداین كە سێ خوشك و برایەكین وباوكمان دەمێكە مردووە، دایكمان بە بێوەژنی لەسەرمان دانیشت و بەخێوی كردین، براكەمان كە لە هەموومان گەورەترە، هەر ماوەی كارێكی دەكرد، بەڵام ئەوە چەند ساڵێكە كورەچیاتی دەكات، براكەم لەگەڵ خزمێكی دووری باوكم بە هاوبەشی خەریكی ئەو كارە دەبن و پەیوەندییەكەیان وایلێدێت كە هەردوولا بەردەوام هاتووچۆی ماڵی یەكتر بكەن، ئیتر براكەم دڵی دەچێتە خوشكی ئەو خزمەمان و حەز لەیەك دەكەن، پاش چەند مانگێك براكەم مەسەلەكەی بۆ ئەو خزمەمان دەكاتەوە، ئینجا هەردوولا رێكدەكەون لەسەر ژن بە ژنی، براكەم بڕیار دەدات من بداتە ئەو، كە(8) ساڵ لەمن گەورەترە و بۆ خۆشی خوشكی ئەو بهێنێ، من رازی نەبووم شوو بەو خزمەمان بكەم، لەبەر ئەوەی لەسەرێكەوە لەمن گەورەتربوو، لەسەرێكی تریشەوە هەر بۆ خۆم حەزم لێی نەدەكرد و جۆری بیركردنەوە و رەفتارەكانیم بەدڵ نەبوو، بەڵام براكەم سووربوو لەسەر ئەوەی كە ژن بە ژنیم پێبكات و تەنیا بشمداتە ئەو، چەند رۆژێك ناخۆشی و ئاژاوەیەكی تووند لە ماڵەكەمان بەرپا بوو، چەند جارێك براكەم بە شەق و مستە كۆڵە تێیهەڵدام، من هەر سووربووم لەسەر رەتكردنەوەوەی كابرا، ئەمجا لە ژوورێك بەستمییەوە و جار جارێك دەهات لێیدەدام و ئەوجا دەڕۆیشت و دەرگاكەی لەسەرم كلۆم دەدا، نزیكەی(10) رۆژێك ماڵی ئێمە تەنیا شەڕ و هەرای تێدابوو، رۆژێك هات بە قسەی خۆش دواندمی و هەوڵیدەدا بە نەرمی رازیم بكات، منیش دەرفەتم وەرگرت هەڵاتمە گەرماوی ماڵەوە كە خۆم بسووتێنم، بەڵام دایكم بە فریام كەوت، بەهەر حاڵ دایكم رازی كردم كە من هەر شوودەكەم جا با شوو بە كەسێك بكەم بە دڵی براكەت بێ باشترە لەوەی خۆم بسووتێنم، هەر چۆنێك بێت ئاخیرییەكەی براكەم بەزەبری كوتەك بە دڵی خۆی بەشووی دام، بەڵام چ شووكردنێك بریا پیاوێكی باشیش بایە، تەنیا مانگی یەكەمم خۆش و بێ قڕە و هەرا بوو، ئیدی دوای ئەو مانگە رۆژانی تاڵیم دەستی پێكرد، هەموو رۆژێك جنێودان و شەڕ و سووكایەتی پێكردن لە ماڵی ئێمە دووبارە دەبۆوە، پاش ئەوەی سێ ساڵم ژیانی تاڵی هاوسەرێتی بردە سەر، ئاخیرییەكەی بە دایكم و براكەمم گوت: یان خۆم دەكوژم و رزگارم دەبێ لەدەست ئەو پیاوە دڵڕەقە بێ ویژدانە، یان دەبێ تەڵاقم بدات و لە دەست لێدان و كوتەكەكانی رۆژانەی نەجاتم بێتن هۆی ناكۆكیمان زۆر بوە لەلایەك من تەمەنم، بچووك بوو ئەزموون و شارەزایی بەرێوەبردنی ماڵم كەم بوو، نەشمەدەتوانی هەڵسووكەوتێكی هاوسەنگی لەگەڵدا بكەم، لەلایەكی تریشەوە كابرا وەك دێوێك وابوو لەبەرامبەرم، وەك نێچیرێكی یەخسیری كەوتبێتە بەردەست وا مامەڵەی لەگەڵدا دەكردم، نە من بۆ ئەو دەگونجام نە ئەویش بۆ من.
(ماجید عوزێر) گەنجێكی ترە كە تەمەنی تەنیا(24) ساڵانە و ساڵێك دەبێ ژنی هێناوە، ئەو دەڵێ: هەر لە دوای تەواوكردنی زانكۆم، باوكم وەك قیروبنێشت پێمەوە نووسا و گوتی: هەر دەبێت كچە مامەكەت بخوازی، سەیر لەوەدایە باوكم و مام چونكە هەردووكیان لە نێوان خۆیان بڕیاریان دابوو كچ و كوڕیان بۆ یەكتر بێتن بۆیە مامم چەندین داخوازیكەری كچەكەی رەتدكردەوە لەبەر ئەوەی بەڵێنی بە باوكم داوە كە كچەكەی خۆی بدا بەمن، هەر چەند سەرەتا خۆم هێناو برد و هەرچی شێرو رێویم بۆ هێنایەوە و گوتم: بابە جارێ حەزناكەم ژن بێنم و ژنم ناوێ، نازانم چی و چی بێ سوود بوو، ئەو هەر سوور بوو لەسە ئەوەی كە برازاكەمی خۆیم بۆ بخوازێت، سەیر لەوەدایە نەمن دڵم دەچووە كچە مامەكەم و نە ئەویش دڵی بۆ من لێیدەدا، تا ژنەكەم بەسەردا ساغ بۆوە چەند جارێك لەگەڵ باوكم بووە ناخۆشیمان، بەڵام بێ سوود بوو ئەو بڕیارەی دابوو ئەگەر بە ناخۆشی و بە كوتەكیش بێت ژنەكەم بەسەردا بسەپێنێ...
ئەگەر چی لە نەوەی ئێستادا بە دەگمەن روودەدات باوك ژن بەسەر كوڕەكەیدا بسەپێنێ، یان باوك و برا كچ و خوشكیان بە زەبری كوتەك بە شووبدەن و ئەوانیش قبووڵی بكەن، لەبەر هۆیەكی زۆر سادە، كە ئەویش ئەوەیە ئێستا دنیا و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان گۆڕاون، بە گوتەی خاتوو(نەرمین سابیر) لە رۆژگارێكی وەكو ئەمڕۆدا بە دەگمەن روودەدات باوك كچەكەی خۆی بە زەبری زۆردارەكی بداتە كەسێكی وەها كە لایق بە كچەكەی نەبێت، بەڵام دیاریشە كە بە یەكجارەكیش بنبڕ نەبووە و هێشتاش لە گوندو لادێ و لە نێو پەیوندییە كۆمەڵایەتییە خێڵەكییەكان ئەو حاڵاتانە دەبینرێن، هۆكاری ئەوەش زۆرە لەوانە جۆری پەروەردە و شەرم و شكۆیی و گەلێك هۆی تریش...
بە بڕوای (ئەمین ئیسماعیل)ی قوتابی بەشی كۆمەڵناسی زانكۆی سەڵاحەدین، ئەم دیاردەیە یەكێكە لە پاشخانەكانی عورف و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی نەوەكانی پێشتر، ئێستا بە كەمی دەبیندرێت، چونكە ئەم جۆرە پەیوەندییانە، بە حوكمی گۆڕانی بونیادی كۆمەڵگە، گۆڕانی ریشەیی بەسەرداهاتوو...
هەروەها پارێزەر( دەشتی) ئەمەی روونكردەوە كە لە رووی یاساییەوە ئەوەی كچی خۆی یان خوشكی بە زۆر و بە زەبری كوتەك بە مێرد بدات، یان ژن بۆ كوڕی بێنێ بە ناچاركردن و زۆرلێكردن(اكراه) دادەنرێت و یاسا سزای بۆ داناوە، خۆ ئەگەر خزمی دووریشی بێ سزاكەی قورستر دەبێ
Views: 749 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  أوكتوبر 2008  »
إثثأرخجسأح
  12345
6789101112
13141516171819
20212223242526
2728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz