الإثنين, 2024-04-29, 0.46.46 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2008 » أوكتوبر » 18 » براكەم لەپێناو حەز و ویستی خۆی ئایندەی سووتاندم
3.32.25 PM
براكەم لەپێناو حەز و ویستی خۆی ئایندەی سووتاندم

من لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووم كە باوكم كۆچی دوایی كرد، بۆیە ئەركی بەخێوكردنی ماڵ كەوتە ئەستۆی دایكم و دوو برا گەورەكەم كە تەمەنیان ( 13-15) ساڵان بوو، بەهەتیوی و نەبوونی و هەژاری توانیم قۆناغەكانی سەرەتایی و ئامادەیی ببڕم، تا گەیشتمە پەیمانگا، براكەم دڵی بە (چنار)ەوە بوو كە ئامۆزای خۆمان بوو، چنار كچی ماڵ بوو برایەكی هەبوو بەناوی (دیار) پۆلیس بوو، براكەم و چناری ئامۆزام دڵیان بەیەكەوەبوو و یەكتریان خۆشدەویست، نزیكەی 5 ساڵ دڵیان بەیەكەوە بوو، لەو ماوەیەدا لەبەر خراپی باری ئابووریمان، براكەم نەیتوانی بچێتە خوازبێنی، دوای ئەوەی كە باریی داراییمان كەمێك باشبوو بیرمان لەوەكردەوە كە بچینە داوای ئامۆزاكەم بۆ براكەم، ئەوەبوو چەند خزمێكی خۆمان نارد بۆ داوای ئامۆزاكەم، ئەوانیش پێیان خۆشبوو كە ژن بدەنە ئێمە، بەڵام بەو مەرجەی كە ئێمەش ژنیان پێبدەین (واتا ژن بەژن) بكەین، ئێمە (ژن بەژن)مان پێباش نەبوو، چونكە پێشتر تاقیكردنەوەیەكی دیكەمان هەبوو، لە (ژن بەژن)ی دیكەدا بۆ خوشك و برایەكی دیكەم لەگەڵ خزمێكی خۆماندا تووشی كێشەبووین و هەمووی ساڵێكی پێنەچوو دوای چەندین كێشەوگرفت و بگرەو بەردە فەشەلی هێناو تەڵاق بەتەڵاقمان كرد، بۆیە نەمانویست بۆ جارێكی دیكە لەكونێكەوە مار دوو جار پێوەمانەوە بدا. بەڵام براكەم و ئامۆزاكەم یەكتریان خۆش دەویست، ئامادەنەبوون واز لەیەكتری بهێنن و سووربوون لەسەر ئەوەی كەدەبێ بۆیەكبن. براكەم لەپێناو چناردا ئامادەبوو هەموو شتێك بكا (ئەگەر لەسەر حیسابی ئێمەش بێت)، ماڵی مامم داوای خوشكێكی منیان كرد بۆ (دیار)ی كوڕیان، خوشكەكەم سێیەم ساڵی زانكۆی بوو، بەهەموو شێوەیەك ئەوەی رەتكردەوە كە شوو بە(دیار) بكات و هەڕەشەی ئەوەی كرد كە خۆی دەكوژێ یان خۆی دەسوتێنێ ئەگەر هات و بەزۆر بیدەن بەشوو، براكەم كە ئەم هەڕەشەیەی خۆشكمی بیست نەیتوانی زۆری لێبكات، بەڵام هەڕەشەی ئەوەی لێكرد كە تاهەتایە دەبێ دابنیشێ و نەهێڵێ شووبكات! خوشكم ئەمەی بەلاوە ئاسایی بوو، ئەوەی گرنگ بوو بەلایەوە ئەوەبوو كە شوو بە (دیار)نەكات، ئاخر خۆ لەسەر هەقبوو، ئەو لە زانكۆ بوو هێشتا خوێندنی تەواونەكردبوو، هەروەها (دیار)ی بەبرای خۆی دەزانی و بەهیچ شێوەیەك دڵی نەدەچووە سەری، لەلایەكی دیكەوە ئاستی رۆشنبیریان لە یەكەوە دووربوو، (دیار) پۆلیس بوو، جگە لەوە كەسێكی بیرتەسك و كۆنەپەرست و دڵپیسیش بوو، ماڵیان زۆر داخراوو بیرتەسكبوون و ئازادییان بەكچ نەدەدا، زۆر پابەندبوون بە دابونەریتە كۆنە تەقلیدییەكانی كۆمەڵگاوە. وەكو رۆژی روناك دیاربوو كە ئەگەر ئەو خوشكەم بدرێ بە دیار ئەوا ئایندەیان باش نابێ و چارەنووسیان هەر تەڵاق و جیابوونەوە دەبێ..
ماڵی مامم كە زانیان خوشكم رازی نابێ و قسەكردن لەگەڵیدا بێسوودە، ئینجا داوای منیان كرد بۆ (دیار)، ئەوەی گرنگ بوو بەلای ماڵی ماممەوە ئەوە بوو كە تەنها ژن لە ئێمە بخوازن و ژن بەژن بكەن! هەروەها براكەشم تەنها ئەوەی بەلاوە گرنگ بوو كە خۆشەویستەكەی بخوازێ و بەئاواتەكەی خۆی بكات ئەگەر هەموو خوشكەكانیشی باجەكەی بدەن!! من یەكەم ساڵی پەیمانگام بوو نەمدەویست بچمە ژیانی هاوسەرێتی و باری خێزانەوە، بەڵكو دەمویست خوێندنەكەم تەواوبكەم، براكەم بەقسەی خۆش هەوڵیدا رازیم بكات، ئەو دەیگووت "دیار كوڕێكی خراپ نییە، ئەگەر خراپیش بێت هەر ئامۆزای خۆمانە" بەڵام سوودی نەبوو من نەچوومە ژێر بارەوە، كە زانی هەوڵەكانی لەگەڵ مندا بێئەنجام مایەوە، دەستی كردە هەڕەشەكردن و گوتی"دەبێ هەمووتان پیربكەم و تاهەتایە نەهێڵم شووبكەن". كێشەوگرفت رووی لەماڵی ئێمەكرد، شەڕو ئاژاوە كەوتە ماڵمانەوە، دایكم نەخۆشی دڵی هەبوو بارودۆخی خراپبوو، برا عاشقەكەشم هەر لە هەوڵی كێشەكەی خۆیدابوو. ماڵی مامم زۆر كەللە رەق و یەك لابوون، براكەم لەوان خراپتر. ماڵی مامم بەهیچ شێوەیەك رازینەبوون كە ژن بدەنە براكەم تەنها لە رێگەی ژن بەژن نەبێ! ئەوان دەیانگووت یان (ژن بەژن) دەكەین یان ژنتان پێنادەین! براكەمیش بەهیچ شێوەیەك ئامادەنەبوو دەسبەرداری خۆشەویستەكەی بێ..هیچ رێگە چارەیەكمان نەبوو، هەموو گوشارەكان كەوتنە سەرمن، تەماشای وەزعی ماڵم دەكرد، دەمگووت شتێكی خراپ دەقەومێت، لەوە ترسام كەدایكم جەڵتە لێیبدا، یان براكەم تووشی كێشەوگرفتێك ببێت، شیرازەی ماڵی ئێمە بەتەواوی تێكچووبوو، برا لە ماڵدا وەكو سەگی هاری لێهاتبوو رقی لە هەموومانبوو ماڵی بۆئێمە كردبووە زیندان، نان و خەوتنی لێحەرامكردین. بۆ كۆتایی هێنان بەكێشەكەو لەپێناو حەزو ویستەكانی براكەمدا بەناچاری خۆم كردە (كبش فیدا)و رەزامەندیم نیشاندا كە شوو بە (دیار)بكەم. زۆریش دڵنیابووم كە پێكەوە ناگونجێین و ئایندەمان باش نابێ، بەڵام هیچ چارەیەكی دیكەم نەما، چەند مەرجێكم هەبوو ئەویش ئەوەبوو كە رێگەم بدەن خوێندن تەواوبكەم و دوای ئەوەی خوێندن تەواو دەكەم دەوامی خۆم بكەم و كەس رێگریم نەكات لەو بارەیەوە. دیارو ماڵی دیار بێ یەك و دوو بەو مەرجانەی من رازیبوون، ئەو ساڵە یەكەم ساڵی پەیمانگام بوو، دوای چەند هەفتەیەك، مارەبڕین و دواتر شایی و زەماوەند دەستیپێكردو ژن بەژنی كرا..
براكەم بەخۆشەویستەكەی شادبوو، منیش بوومە خێزانی (دیار)، هێشتا چەند هەفتەیەك بەسەر گواستنەوەكەمدا تێپەڕنەببوو، (دیار)ی هاوسەرم هەرچی ژمارەی موبایلی برادەری كوڕم هەبوو لە پەیمانگا لەناو هاندەكەمدا سڕییەوە، ئەمە یەكەم كێشەبوو كە كەوتە نێوانمانەوە. دواتر داوای لێكردم كە واز لە خوێندن بهێنم. هێشتا مانگێك بەسەر بەڵێنەكانیدا تێنەڕیبوو كەچی لێی پەشیمان بووەوە، بەڵام من كۆڵم نەداو ئامادەبووم هەمووشتێك بكەمە قوربانی خوێندنەكەم. لەبەر ئەوە بووە دەمەقاڵێمان و بەتۆراوی گەڕامەوە بۆ ماڵی باوكم، كەمن گەڕامەوە بۆ ماڵی باوكم، بۆ رۆژی دواتر (دیار)یش هاتە ماڵی باوكم و خوشكەكەی خۆی بردەوە "هەرچەندە ئەوان هیچ كێشەیەكیان لەنێواندا نەبوو". بەمجۆرە هەردوو ژن (من و چنار) هەریەكەمان گەڕاینەوە بۆ ماڵی باوكمان و 15 رۆژ تۆراین. دواتر چەند خزمێك كەوتە نێوانمانەوەو هەردوولامانیان ئاشتكردەوە، بەو مەرجە گەڕامەوە لای مێردەكەم كە رێگریم نەكا لە خوێندنەكەم، رۆژ هات و چوو، نزیكەی هەشت مانگ لای مێردەكەم مامەوە، پەیوەندی نێوانمان رۆژبەرۆژ خراپتر دەبوو، خەسووشم هاتە ناو كێشەكەوەو مامەڵەی خراپبوو لەگەڵمدا، زۆربەی ئیش و كاری ناوماڵ كەوتبووە سەر من، بەڵام هەر لێم ناڕازی بوو، ئەوان داوایان لێدەكردم كەواز لەخوێندن بهێنم و خزمەتی ئەوان بكەم. من دووەم ساڵی پەیمانگام بوو، بەیانی تا كاتژمێر (2-3)ی پاشنیوەڕۆ لە دەوام بووم، كە دەهاتمەوە خەسووم بۆڵەبۆلی دەكرد بەسەرمداو بەگاڵتەپێكردنەوە دەیگووت (فەرشی سووری بۆ راخەن مامۆستا هاتەوە) هەروەها بەوە تاوانباری دەكردم كە گوایە ئیشوكاری ماڵ ناكەم و هەرخەریكی خەوو خوێندنم، ئاخر من (6-7) كاتژمێر لە دەرەوەی ماڵبم چۆن هەموو ئیش و كاری ماڵم پێبكرێت!؟، مێردەكەشم بەقسەی دایكی دەكرد، رۆژێكیان مێردەكەم تەلەفونی بۆ خوشكەكەی (واتا براژنەكەم)كردو پێیگوت (كە بەهیچ شێوەیەك ئیشوكاری ماڵ نەكاو هەقی بەسەر هیچەوە نەبێت) ئەمەش لە بەرامبەر ئەوەدابوو كە گوایە من ئیشوكاری ماڵ ناكەم بۆیە دەبێ ئەویش نەیكا، براژنەكەشم عەقڵی منداڵبوو بەقسەی براكەی كرد، ئیتر براژنەكەم وەكو پادشای لێهاتبوو لەماڵەوە دەبوایە دایك و خوشكەكانی دیكەم خزمەتیان بكردایەو وازی لەئیشوكاری ناوماڵ هێنا، بەمەش كێشە كەوتە نێوان براكەم و براژنەكەم و ماڵەوەمان. ئیتر ژیانی من و مێردەكەم، براكەم و خێزانەكەی بەتەواوی شێواو تێكچوو، لەماوەی سێ چوار مانگدا دوو سێجار تۆرام و گەڕامەوە بۆ ماڵی باوكم، براژنەكەشم هەروەها..لەو ماوەیەدا خوا كوڕێكی پێبەخشیم، براكەمیش بەهەمانشێوە خوا كوڕێكی پێیان بەخشی..كێشەو گرفت لەماڵی ئێمەدا نەدەبڕایەوە تا دواجار تۆرام و گەڕامەوە بۆ ماڵی باوكم، كەمن تۆرام (دیار)یش خوشكی خۆی بردەوە..كە هاتمەوە بۆ ماڵی باوكم مێردەكەم منداڵەكەمی لێسەندم، منداڵی براكەمیش لەلای خۆیەتی و من دەبێ بەخاوەنی بكەم، ئێستا ئێمە دوو دایك لە بینین و خۆشەویستی جگەرگۆشەكانمان بێبەشكراوین، من ئێستا مندالێ براكەم بەخێو دەكەم، براژنەكەشم منداڵەكەی من بەخێو دەكات!! لەراستیشدا هیچ چارەیەكمان نەماوە. ئەوە بۆ ساڵێك دەچێ منداڵەكەی خۆم نەبینیوە، براكەشم رێگەم پێنادات كە بیبینم، براژنەكەشم بەهەمانشێوە. ئێمە هەردووكمان بووینە قوربانی براكانمان و لەپێناوی حەزو ویستەكانی ئەواندا ئایندەمان سوتاو بەگەنجێتی ئاوامان بەسەر هات. ئێستا براكەم داوای تەڵاق بەتەڵاق دەكات، بەڵام مێردەكەم قبووڵی ناكاو رازی نییە. ئێمەش كەوتووینەتە نێوان دوو بەرداشەوە، بەرداشی براو بەرداشی مێرد، بەهەردووكیانەوە دەمانهاڕن..ئێستا براكەم پەنجەی خۆی دەگەزێ و پشیمانی دەردەبڕێت! بەڵام دوای چی!؟
Views: 790 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  أوكتوبر 2008  »
إثثأرخجسأح
  12345
6789101112
13141516171819
20212223242526
2728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz