الثلاثاء, 2024-05-14, 8.00.08 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2008 » أوكتوبر » 4 » چیرۆكی ئەو ئافرەتەی دووجار بووە قوربانــــی كەللەڕەقی باوكی
3.31.53 PM
چیرۆكی ئەو ئافرەتەی دووجار بووە قوربانــــی كەللەڕەقی باوكی



چیرۆكی ئەو ئافرەتەی دووجار بووە قوربانــــی كەللەڕەقی باوكی

سەرەتای نەهامەتییەكان
كە دایكم مرد من تەمەنم 13 ساڵان بوو، لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی بووم، مردنی دایكم دەرگای قوتابخانەی بەروویمندا داخست، باوكم لەقوتابخانە دەریكردم و بەمەش ئەركی بەڕێوەبردنی ماڵ و سەرپەرشتی خوشك و برا بچووكەكانم كەوتە ئەستۆی من، كە لە قوتابخانە دەریانكردم وامزانی دەرگای ژیان و ئومێد لەمن داخراو ئاوات و خەونەكانم بوونە بڵقی سەرئاو، ئێستا هاوپۆلەكانم هەندێكیان بوونەتە مامۆستا، هەندێكی تریان فەرمانبەرن و خاوەن گیرفان و بوونی خۆیانن، كەچی من چاوەڕێی هەزار دینار لەم و ئەو دەكەم..
دوای مردنی دایكم كاری من تەنها سەرپەرشتیكردنی خوشك و برا بچووكەكانم و چێشت لێنان و جل شۆرین و چوارچێوەی ماڵبوو، دڵنیانەبووم لە ئایندەی خۆم و نەمدەزانی چ قەدەرێك چاوەڕوانم دەكات، شووكردن و ژنهێنان سونەتی ژیانەو هەموو كچ وكوڕێك دەبێ سواری ئەو شەمەندەفەرە بێت، ئەمە ئەگەر هاتوو لەسەر بنەمایەكی راست و دروست بنیاتنرابوو، ئەگینا بەپێچەوانەوە كارەسات و نەهامەتی و دەردەسەری لێدەكەوێتەوە، تەمەنم گەیشتبووە 17 ساڵان، باوكم رۆژێك پێیڕاگەیاندم كە دەبێ شووبكەم و چیتر بە كچێتی نەمێنمەوەو (گەورەبوومە). من هێشتا بیرم لەوە نەكردبووە، كە بچمە ژیانی هاوسەرێتییەوەو ئەو خەونەی لە مێشكی مندابوو جارێ زوو بوو بۆ بەدیهێنانی، ئەو رۆژەی هاتن بۆ خوازبێنیم من لەگەشتوگوزاربووم بەبۆنەی ئاهەنگی نەورۆزەوە، ئاگام لەهیچ نەبوو، بۆ ئێوارە كە هاتمەوە باوكم پێیگوتم كە بۆ خوازبێنیم هاتووە و دەبێ رازیبم. گوتم جارێ شووناكەم و خزمەتی خوشك و برا بچوكەكانم دەكەم، هێشتا كوڕەكەشم نەبینی بوو باوكم دەستی كردە هەڕەشەو گوڕەشەو گوتی(خوا یەكەو نابێ بەدوو هەر دەبێ شوو بەو كوڕە بكەی، چۆن لەقسەم دەردەچی!؟)، من سەرەتا ناڕازیبووم، بەڵام ماڵەكە هەر وازیاننەهێناو چەند جارێكی تر دەهاتن و خەڵكی دیكەیان لەگەڵ خۆیان دەهێنا بۆ رازیكردنم، ئەوە بوو هەرچۆنێك بێت رازییانكردم كە شوو بەو كوڕە بكەم. وەستان بە رووی باوكم، موناقەشەكردنی، یان بەقسەنەكردنی و سەرپێچیكردنی بڕیارەكانی، بۆخۆی تاوانبوو لەوانەبوو كوشتنیشی بەدواوە بوایە، بۆیە هێشتا نەگیشتبووەمە 18 بەهار خۆم لەنێو جەنجاڵی و كێشەو گرفتی ماڵە خسوودا بینییەوە، دوای دووساڵ خوا كوڕێكی پێبەخشین.
لە زیندانی ماڵە باوكەوە چووم بۆ زیندانی ماڵە مێرد، زیندانە كۆنەكە جەلادی نەبوو ئێشوئازاری كەمتر بوو، هەرچۆنێ بێ ماڵە باوكەو دەبێ قبووڵیبكەین، بەڵام زیندانی نوێ، جەلادەكەی دەڕندەو بێرەحم بوو، ببوورن ئەو زیندانە نوێیە زیاد لە جەلادێكی هەبوو، مێردەكەم جەلادێكی كەمێك بەرەحم بوو، بەڵام دایك و دوو خوشكی مێردەكەم لە جەلادی و دڵڕەقی و خراپیدا وێنەیان نەبوو، من لە زیندانە نوێكەدا جگە لە مێردەكەی خۆم سێ مێردی دیكەم هەبوو، كە بریتیبوون لە دوو خوشك و دایكی مێردەكەم، سەرەتا من و مێردەكەم هیچ كێشەیەكمان لەنێواندا نەبوو، مێردەكەم زۆر رێزی لێدەگرتم و خۆشمیدەویست، بەڵام دوو خوشكەكەی و دایكی زۆر خراپبوون، مێردەكەشم لە جیاتی ئەوەی پشتگیری من بكات وبەرگریم لێبكات، بەپێچەوانەوە دەچووە پاڵ دایك و خوشكەكانی، مێردەكەم كە ئێوارە لە كار دەگەڕایەوە بەیانی زوو بێئەوەی دەموچاوی بشوات دەچووە سەركار، ئێوارەش هەرچی پارەی هەبوو دەیكردە دەستی ماڵی باوكی و یەك فلسی بەمن نەدەدا، سەرەتا خۆم راگرت و هیچم نەوت گوتم بەڵكو خۆی باشببێ و هەست بكات، بەڵام سوودی نەبوو رۆژ لەدوای رۆژ دایكی و خوشكەكانی لەگەڵمدا خراپتردەبوون و هانی مێردەكەمیان دەدا لەدژم، مێردەكەشم زۆر بێدەسەڵات بوو بەرامبەر ئەوان، بەڵام بەرامبەر من ببووە پاڵەوان، دایك و خوشكەكانی بییانگووتبایە ماست رەشە، ئەویش ئەشهەدوبیلای بۆ دەكردن. لەبەر منداڵە ساواكەم زۆر دانم بەخۆداگرت، بەڵام "جام كە پڕبوو لێی دەڕژێ"، منیش لەوەزیاتر نەمتوانی بەوشێوەیە ژیان ببەمەسەر بۆیە داوای ماڵ جیابوونەوەم كرد.
تەقینەوەی كێشەكە
كەداوای ماڵی جیام لە مێردەكەم كرد، خەسووم و هەردوو خوشكی مێردەكەم لە مێردەكەم زیاتر بەم داوایە تێكچوون، ئەوان بەهەموو شێوەیەك دژی ئەمداوایە وەستانەوە، مێردەكەشم ملكەچی دایكی و خوشكەكانی بوو هیچی لەدەستنەدەهات، بەڵام بۆگیانی من هەموو شتێكبوو، مێردەكەم لەبەر گوشارەكانی دایكی و خوشكەكانی بەم داوایە رازی نەبوو و ئامادەنەبوو ماڵی جیام بۆ بكات، بەڵام لەدڵەوە خۆی حەزی بەوە هەبوو كەلە ماڵی باوكی جیابێتەوە، هەستم نەدەكرد كە من ژنی ئەو پیاوەم و ئەركم لەسەری هەیە، بەڵكو ئەو بەهەموو شێوەیەك منی فەرامۆش كردبوو، رۆژێك من و مێردەكەم بووە دەمەقاڵێمان، دایك و خوشكەكانی پەلاماریاندام و بەهەموویان گەلە كۆمەكییان لێكردم، بەهەزار حاڵ خۆم لەدەستیان رزگاركرد، ئەوەبوو تۆرام و گەڕامەوە بۆ ماڵی باوكم.
نزیكەی مانگێك لەماڵی باوكم مامەوە، چەند خزمێكی مێردەكەم یەك دوو سێ جار هاتن بەدوامدا بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە لای مێردەكەم، منیش ئەوەم پێڕاگەیاندن كاتێك دەگەڕێمەوە دەبێ ماڵ و خانووم بۆ جیابكاتەوەو ناتوانم لەگەڵ ماڵی باوكیدا ژیان بەرمەسەر، بەڵام مێردەكەم لەترسی دایكی و خوشكەكانی بەمداوایە رازینەبوو، باوكم پیاوێكی تێنەگەیشتووبوو زۆر پابەندبوو بە عادات و تەقالیدە كۆنەكانە، ویستم پەنا بۆ دادگا ببەم بۆ چارەسەركردنی كێشەكەم، باوكم كە گوێی لە وشەی (دادگا)بوو چاوی چووە پشتی سەری و رازی نەبوو سكاڵا لەمێردەكەم بكەم، باوكم پێی عەیببوو كچەكەی بچێتە دادگا بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانی و ئەمەی بە نەنگی و عەیبە دەزانی، بۆیە بەهیچ شێوەیەك رازینەبوو بچمە دادگا..
نزیكەی دوو مانگێك لەماڵی باوكمدابووم، باوكم دەیویست بەوشێوەیەی خۆی پێیباشبوو كێشەكە چارەسەربكات بێئەوەی گوێ بەبەرژەوەندی من بدا، بە كەسێكی بە ماڵی مێردەكەمی راگەیاند كە یان ماڵم بۆ جیابكەنەوە یان تەڵاقم بدەن، ماڵی مێردەكەم دەمێكبوو رازینەبوون كە ماڵم بۆ جیابكەنەوە، بۆیە مێردەكەم تەڵاقی پێباشتربوو تا ماڵ بۆ من جیابكاتەوە، من نەمدەویست سەرلەخۆم بشێوێنم و لە مێردەكەم جیاببمەوە، هەروەها منداڵەكەم بێ دایك یا بێ باوك ببێ، بەڵام كەللەڕەقی باوكم و ترسنۆكی مێردەكەم بارودۆخەكەی بەو ئاقارەدا برد كە من چاوەڕێم نەدەكرد، ئەوەبوو مێردەكەم تەڵاقنامەیەكی بۆ ناردم و تەڵاقیدام و منداڵەكەشی برد.
بەهیوای ژیانێكی نوێبووم
نزیكەی دوو ساڵ لە ماڵی باوكمدا مامەوە، باوكم وەك ئاژەڵێك مامەڵەی لەگەڵمدا دەكرد، دەرچوون و گەڕان و چوونە ماڵە خزمان قەدەغەبوو، ئەگەر میوانێكیشمان بهاتایە ئەوە بۆمن نەبوو خۆم نیشانبدەم و بچم بەخێرهاتنیشیان بكەم، ماڵ لە زیندان دەچوو باوكمیش لە جەلاد.
جارێكیان كوڕێكی ناسیاومان هاتە ماڵمان و باسی لەوەكرد كە كوڕێكی برادەری هەیەو زۆر باش و رێكوپێكەو داوای لەمنكرد كە شوویپێ بكەم، لە راستیدا ئەو كەسەی كە ئەو ناسیاوە باسیكرد خاوەن ژن و سێ منداڵبوو، من لە سەرەتادا بە تووندی رەفزمكردو ئامادەنەبووم شوو بەكەسێكی وەها بكەم، بەڵام كە ئەو ناسیاوەمان مەسەلەكەی لای باوكم و خوشك وبراكانم باسكرد، هەموویان پێیان باشبوو كە شوو بەو كەسە بكەم، هەرچۆنێك بێت رازیانكردم، بەڵام تاڕادەیەك بەنادڵی.
مێردی نوێم گواستمییەوە بۆ شارێكی تر دوور لە شارەكەی خۆم و بۆ لای ماڵ و منداڵی ژنی یەكەمی، ژیانێكی نوێم دەستپێكرد، مێردەكەم خانوویەكی دوو قاتی هەبوو، خێزان و ماڵ و منداڵی یەكەمی لە قاتی خوارەوەدابوون و منیشی لە قاتی دووەمدا دانا، پەیوەندی من و ژنی یەكەمی زۆر ئاسایی و خۆشبوو، زۆر رێزی یەكترمان دەگرت، تەنانەت ئەگەر بۆ شوێنێك بۆ گەشتێك یان سەفەرێك بڕۆیشتینایە ئەوە من و هەوێكە شەڕمانبوو لەسەرئەوەی كە دەبێ ئەو لە پێشی سەیارەكە دابنیشێ و ئەویش دەیگووت نابێ تۆ تازە بووكی لەراستیدا وەكو دوو خوشك و هاوڕێ وەهابووین، نەك هەوێی یەكتری..مێردەكەمانیش رێزی هەردووكمانی دەگرت و جیاوازی نەدەكرد لەنێوانمان. من بەمە زۆر دڵم خۆشبوو وامزانی ئیتر دەرگای بەختەوەری و خۆشی و شادی لەمن، هەموو ئێشوئازارەكانی رابردووم لەیادچووبوو، بۆ ئەوەی ژیانێكی خۆشتر ببەینەسەرو، لەدڵسافی خۆم هەرچی ماڵ و ئاڵتونم هەبوو كە لەمێردی یەكمەوە بەرمكەوتبوو بەپێی یاسا، هێنام بۆ ماڵی مێردی نوێم، یەك پیكاپ ماڵم هێنا، بیست مسقاڵ ئاڵتونم هێناو كردمە دەستی مێردەكەم، مێردەكەم فرۆشتی و لەگەڵ سەیارە كۆنەكەیدا سەیارەیەكی نوێی پێكڕی. هەشت مانگ ژیانێكی خۆش و بێكێشەمان بردەسەر، ئەوەی ناوی كێشەوگرفتبوایە لەماڵی ئێمە نەبوو.
سەرەتای نەهامەتییەكی تر
دوای هەشت مانگ ژیان بردنەسەر لەگەڵ مێردی نوێمدا، هەستم دەكرد مێردەكەم رۆژ بەرۆژ دەگۆڕێ و وەكو جاران مامەڵەی باش نییە لەگەڵمداو ساردوسڕە، من هەر گوێم پێنەداو بەشێوەیەكی ئاسایی وەرمگرت و گوتم لەوانەیە كێشەیەكی تایبەتی خۆی هەبێ و پەیوەندی بەمنەوە نەبێ، بۆیە من هیچم نەگووت و نەمویست هیچی لەگەڵدا باس بكەم، رۆژێكیان نیوەڕۆبوو هاتەوە بۆ ماڵ زۆر توڕەو پەست دیاربوو لەگەڵ لووتی خۆی شەڕی دەكرد، ویستم لێی بپرسم كە كێشەكەی چییە؟، بەڵام ئەو ئاگر لەچاوەكانی دەباری، و هیچی نەگووت، بۆ ئێوارەش هەروەهابوو، بۆیە خۆمنەگرت و پرسیم پیاوەكە كێشەكەت چییە بۆوا توڕەو ناڕحەتی؟ بەڵام ئەو قیژاندی بەسەرمداو هەندێ قسەی ناشیرینی پێگوتم، بۆ بەیانی سەروچاوی مێردەكەم باش نەدەهاتە بەرچاو توڕەیی و پەستی بەنێوچاوانییەوە هەر مابوو، هەستم دەكرد قسەیەكی پێیەو ناتوانێ باسی بكا، یان نایەوێ باسی بكا، منیش بۆ ئەوەی بارودۆخەكە لەوەزیاتر ئاڵۆزنەبێ، بەمێردەكەم گوت"تۆ ئەوە دوو رۆژە بارودۆخت تەواونییەو توڕەی، تادەگەڕێیتەوە سەرخۆت بممبەرەوە بۆ ماڵی باوكم" ئەمەم بەهەنگاوێكی باش داناو گوتم نەوەكو بارودۆخەكە لەوەزیاتر ئاڵۆزبێ و قسەیەك لەو و قسەیەك لەمن مێردەكەم بەتەواوی كۆتنڕۆڵی تێكبچێ و كێشە لەنێوامدا دروست ببێ، بۆیە من ئەوەم پێباشبوو بۆ چەند رۆژێك بگەڕێمەوە بۆ ماڵی باوكم تا مێردەكەم دێتەوە سەرخۆی، هەر ئەو رۆژە مێردەكەم بەسەیارەكەی خۆی هێنامییەوە بۆ ماڵی باوكم و لەماڵی باوكم باسی هیچمان نەكردو واخۆمانیشاندا كە سەردانێكی ئاساییە، تەنانەت بۆ نێوەڕۆش مێردەكەم لەماڵی باوكم نانی خواردو دوای عەسر گەڕایەوە بۆ ماڵی خۆی لەشاری(...).
ئەوەی چاوەڕێم نەكرد روویدا
هەفتەیەك دەبوو لە ماڵی باوكم بووم، مێردكەم هیچ دەنگوباسێكی نەبوو، تەنانەت تەلەفۆنیشی بۆ نەكردم، منیش رۆژێكیان تەلەفونێكم بۆ كرد تا دەنگوباسێكی بزانم، بەڵام سەرم سوڕماو خەریكبوو تێكبچم، ئەو بەشێوەیەك قسەی دەكرد وەكو ئەوە وابێ ژنی نەبم و نەمناسێت! ئەوەی وەكو بۆمبێك تەقییەوە وشەی (تەڵاق)بوو،بەڵێ مێردەكەم وتی من تۆم ناوێ و تەڵاقت دەدەم! نەیهێشت بپرسم، بۆچی و چی بووەو لەسەرچی تەڵاقم دەدا، مۆبایلەكەی بەروومدا داخست و ئیتر ئەوە دوا قسەو پەیوەندی من و ئەو بوو..
چەند رۆژێكی پێچوو باوكی مێردەكەم هات بۆ ماڵمان و باسی كێشەكەیان كرد لەگەڵ باوكمدا، باوكی مێردەكەم بەباوكمی گوت كە كوڕەكەم كچەكەتی ناوێ و تەڵاقیداوە، باوكیشم بێ ئەوەی یەك و دوو بكات و بڵێ لەسەرچی و هۆكارەكەی چییەو بۆچی تەڵاقی دەدا!؟ گوتبووی باشە كە تەڵاقیداوە با تەڵاقنامەیەكی بۆ بنێرێ، ئیتر بێ ئەوەی گوێ بە راوبۆچوون و شعوورو و مافەكانی من بدات، لەجیاتی من هەموو شتێكی تەواوكرد! ئەوانیش لەخوایان دەویست كەبەو ئاسانییە رزگاریان بێت، دوای چەند رۆژێك مێردەكەم تەڵاقنامەیەك(كەلەلای مەلا نووسرابوو) بەباوكیدا ناردو دایە دەست باوكم، ویستم تۆڵە لەپیاوەكەم بكەمەوە، بەڵام لەدادگاو بەشێوەیەكی یاسایی، بێ ئەوەی باوكم بزانێ كێشەكەم رووبەڕووی مافی مرۆڤ و ژنان كردەوە، باوكم رازی نەبوو هیچ كەس و لایەنێك بەوەبزانێ كە كچەكەی تەڵاقدراوە، لەرێگەی موبایلەوە كێشەكەم بۆ مافی مرۆڤ و ژنان باسكردو داواملێكردن كە قسە لەگەڵ باوكمدا بكەن تا رازیبكەن و رێگەم سكاڵا لەدادگا لەدژی مێردەكەم تۆماربكەم، ئەوەبوو دوای چەند رۆژێك مافی مرۆڤ و ژنان بەجیا هاتنە ماڵمان و قسەیان لەگەڵ باوكم كرد، بەڵام باوكم كەللەی لە بەرد رەقتربوو بەهیچ شێوەیەك رازی نەبوو كە لەماڵ بچمە دەرو سكاڵا تۆماربكەم. باوكم پێشتر هەڕەشەی ئەوەی كردبوو ئەگەر لای مافی مرۆڤ و ژنان بڵێم وازم لە مافی خۆم نەهێناوەو سكاڵا لە مێردەكەم تۆمار دەكەم ئەوا یان من دەكوژێ یان خۆی دەكوژێت!
چاوەڕێ دەكەم باوكم بمرێت
ئێستا ئەوە نزیكەی شەش مانگە لە ماڵی باكمم، هەندێ جار بیر لە خۆكوشتن و خۆسوتاندن دەكەمەوە، مردن زۆر لە ژیانێكی تاڵ و بێئەنجام باشترە، زۆرجار بیردەكەمەوە ئاخۆ من بۆچی بژیم و ژیانی من چ سوودێكی هەیە!؟ بوون و نەبوونی من چ لەم دنیایەدا دەگۆڕێ؟ كاتێك بیر لە خۆم و رابردوو دەكەمەوە، ئایندەم زۆر لێڵ و تاریك دێتە بەرچاو، ئاخر من دوو جار پیاو غەدری لێكردم، دوو جار باوكم بووە هۆی ئەوەی كە نەتوانم مافی خۆم وەربگرمەوە، ئێستاش چاوەڕێی مردنی باوكم دەكەم، مردنی باوكم دەبێتە هۆی ئەوەی دەرگای ئازادی بە رووی مندا بكرێتەوەو بەهەر شێوەیەك بێت مافی خۆم لە مێردی دووەمم وەربگرمەوە، بەڵام دەترسم من پێش باوكم بمرم و مێردەكەم وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەربچێ و سزای تاوانەكانی وەرنەگرێت!!

سه‌رچاوه‌ی مه‌ڵپه‌ری گوڵان مێدی

ئا: سەڵاح گەرمیانی
Views: 761 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  أوكتوبر 2008  »
إثثأرخجسأح
  12345
6789101112
13141516171819
20212223242526
2728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz