Main » 2009 » أبريل » 19 » چۆن لە پرۆسەی ژنهێنان فێڵم لێكرا ؟
3.04.01 PM چۆن لە پرۆسەی ژنهێنان فێڵم لێكرا ؟ |
لوقمان) كە تەمەنی گەیشتبووە سی وپێنج ساڵی و
هێشتا ژنێكی بەنسیب نەبووبوو، چی داخوازییەكیشی كردبوو دواجار رەتیان
كردبۆوە، جا یان كچەكە رەتیدەكردەوە یانیش ماڵەكە، دایك و باوكی پێی
رازی نەدەبوون، هۆیەكەشی تەنیا ئەوەبوو وەكو خۆی دەیگوت: كاكە وەڵڵا
تەنیا و تەنیا بەدبەخت و چارەڕەشم ئەگەرنا ئەوەتا دەمبینی چ خەوشێكم
هەیە..؟ بۆیە زۆر بێئومێد ببوو كە كچێكی دەستكەوێت
ئیتر یەك دوو برادەری بە گوێیاندا چرپاندبوو لەوانە(عیسا)ی نزیكە
هاوڕێی پێی گوتبوو: كاكە دیارە بەخت و نسیبی تۆ وایە، كچت بەنسیب نەبێ،
واباشە بۆ خۆت بێوەژنێك بخوازیت... ئەویش لە بێ دەسەڵاتیان و لە
بێئومێدیان تەسلیمی ئەو بیرۆكەیە دەبێت.. ئەم بەسەرهاتەی دەیگێڕینەوە
بەسەرهاتێكی راستەقینەی پیاوێكە خۆی بەسەری هاتووە، كابرایەك وا
نیشاندەدات كە گوایە خوشكێكی بێوەژنی هەیە و دەیەوێ بەمێردی بدات،
رێكەوت وا دێتە پێشەوە قسە لەگەڵ(لوقمان) بكات و بیداتە ئەو، لەسەر
هەموو شتێ رێكدەكەون بەتایبەتیش بڕی مارەیی پێشەكی كە لەسەر (3)ملیۆن و
بیست مسقاڵ زێڕ پێكدێن، (لوقمان)ی بەدبەختیش دوای دوو رۆژ لە
رێكەوتنەكەیان مارەییەكە ئامادە دەكات و پوختە و جوانیش لەدەست كابرای
گوایە برای ژنە بێوەژنەكەی دەكات، بەڵام چارەنووسی ئەو بڕەپارەیە و
زێڕەكان چی لێدێت و حەقیقەتی ئەو كابرایەی كە گوایە خوشكە بێوەژنەكەی
داوەتێ چییە؟ با لە زاری (لوقمان) خۆی بزانین.
دەستنەكەوتنی ژنێكی گۆنجاو
كابرا لە تەمەنێكدا دەبێت لای خۆمان پێی دەگوترێ پیرەكوڕ، كە لەو
قۆناغەی ژیانیشی رێكەوتی كچێك نەكات بیخوازێت دیارە دووچاری جۆرێك لە
هەستكردن بە نائومێدی دەبێ، بەهەرحاڵ با خۆی بەسەرهاتی خۆیمان بۆ
بگێڕێتەوە و بزانین چی بەسەرهاتووە (لوقمان) دەڵێ: من لە خێزانێكم سێ
برای لەخۆم بچوكتر پێش من ژنیان هێنا و منیش هیچ لارییەكم لەوەدانەبوو،
تا تەمەنی(30)ساڵیش لەو بڕوایە دابووم باجارێ پەلەی ژنهێنانم نەبێت،
بەڵام كە گەیشتمە تەمەنی(35)ساڵی بەخۆكەوتم، چونكە كە دایكم و خوشكێكی
بەمێردم بۆ هەر داخوازییەك دەنارد كە دەیانگوت تەمەنی ئەوەندەیە ناڕازی
دەبوون، یان دەیانگووت داواكاریمان ئەو شتانەیە و منیش ئەگەر
داواكارییەكانم پێ هەڵنەسووڕابا، دەبوو بەخۆمان واز لەمەسەلەكە بێنین و
پاشەكشە بكەین و چیتر نەچینەوە بەدوایا، زۆر كچم داخوازیكرد ئیتر لەبەر
یەكێ لەو هۆیانە، یان هۆی تر كە نەمدەزانی چییە رێك نەدەكەوت و
مەسەلەكە شكستی دەهێنا و منیش هێندەی دیكە نائومێد و بێ هیوا دەبووم،
یەك دوو هاوڕێم هەبوو تەگبیری ئەوەیان بۆ كردم كە هەوڵدەم بێوەژنێك
بخوازم ئەوەیان باشترە لەو كچانەی كە داواكاریان زۆرە و بەمن
هەڵناگیرێت، بیرۆكەكە سەرنجی راكێشام و بیرم لێكردەوە و دواجار لەمێشكم
چەسپا، من ئێواران دەچوومە دوكانی یەكێ لە برادەركانم كە ناوی(عیسا)
بوو، ئەو برادەرەم نووسینگەیەكی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووی هەبوو،
ناوە ناوەش پیاوێك دەهاتە ئەوێ و گوایە خانووی بەكرێ دەوێ، دەهاتە ئەوێ
نیو كاتژمێرێك دادەنیشت و گوێی لە قسەی ئێمە دەگرت.
كابرا ئامادەیی خۆی دەربڕی كێشەی ئەو برادەرە چارەسەر بكات
(لوقمان) لە قسەكانی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: رۆژێ پاشنیوەڕۆ سەرودڵم زۆر
ناڕەحەت بوو، ئەو رۆژە دایكم و خوشكم چووبوونە داخوازی كچێكی قەیرە
كەچی داوای (50)مسقاڵ زێڕیان وەك نەخت كردبوو، منیش گوتم ئەی قوڕم
بەسەر ئەوە قەیرەیە ئەو داوایەی هەیە ئەگەر كچێكی چواردەساڵی بایە
داوای چی دەكرد، یەكێ لە برادەركانم گوتی: وەڵڵا كاك(لوقمان) چارەی
دەردی تۆ تەنیا ژنێكی جاحێڵی قەیرەیە و بەس، ئەو كابرایەی كە هەموو
رۆژێ دەهاتە نووسینگە ئەو رۆژی كە ئێمە لەو قسانەدابووین لەوێ
دانیشتبوو دوای تەواوبوونی قسەكانم بەمنی گوت كاك(لوقمان) ئەگەر زەحمەت
نەبێ تا دەرەوە بێیت دوو قسەم لەگەڵت هەیە، منیش گوتم باشە واهاتم كە
چووینە دەرەوە كابرا گوتی: ناوم(سەلاح)ە و چەند رۆژێكیشە هاتووچۆی ئەو
نووسینگەیە دەكەم و خاوەنەكەی دەزانێ ماڵمان لە كوێیە لەم گەڕەكە، من
تۆم زۆر بەدڵە و كابرایەكی راستگۆ و دڵپاكی بەڵام بەڕاستی لە ژنهێنان
بەختت نییە، جا مادام پیاوێكی واباشی و نیازی ژنهێنانت هەیە، من
ئامادەم بەهەموو شێوەیەك یارمەتیت بدەم..
منیش گوتم ئاخر چۆن، بەچی یارمەتیم دەدەی، گوتی: من زۆر حەز دەكەم
خزمایەتی لەگەڵ پیاوێكی وەك تۆ بكەم و پێی سەربەرز بم، من خوشكێكی
بێوەژنم هەیە و هەمووی یەك مانگ لەلای مێردەكەی بووە و بە رووداوی
ئۆتۆمبێل گیانی سپارد، تەمەنی هەر(30)ساڵێك دەبێ و ئادگاریشی جوانە و
زۆریش كابانە، لە ناو ونابانگیشمان بپرسە بزانە چۆن بنەماڵەیەكین،
مادام تۆ پیاوێكی خاوەن كەسایەتی خۆتیت من خوشكەكەی خۆمت پێشكەش دەكەم
ئەگەر تۆ رازی بیت تەنیا نەختەكەی پێشەكی بدە و بۆ خۆی ناوماڵەكە و
جلێكی خۆی بكڕێ هیچی تری ناوێت... منیش بەڕاستی قسەكانیم زۆر پێ ماقووڵ
بوو، بە كابرایەكی زۆر بەڕێزم هاتە پێش چاو و چەندی دەمكرد نەمدەزانی
چۆن سوپاسی لێبكەم، پێمگوت: كاكە وەڵڵا زۆریشت لێ مەمنوون دەبم و پێ
سەربەرز دەبم ئەگەر تۆ ئەو پیاوەتییەم لەگەڵ بكەی، بەس با تۆزێك بیریشی
لێبكەمەوە، گوتی باشە ئەوەبوو هەربۆ بەیانی گەیشتمە بڕیاری خۆم و گوتم:
كاكە دەتوانم خوشكەكەت ببینم، گوتی: بەڵێ با بچینە ماڵەوە بیبینە، ئەوە
بوو پێكەوە چووینە ماڵیان، ژنە زۆر زیرەكانە خۆی رازاندبۆوە بە جۆرێك
هەم جوان دەربچێ و هەمیش خۆی گران نیشان دەدا، كە چاوم پێیكەوت بێ
بیركردنەوە بەكابرام گوت كاكە رازیمە، مارەییەكەییم پێ بڵێ با بزانم
چەندە، گوتی:(3) ملیۆن و بیست مسقاڵ زێڕە، بێ لێكدانەوە و بیركردنەوە
گوتم رازیمە، دەستمان لەناو دەستی یەك ناو ناوی خوامان لێهێنا، بەڵام
گوتی یەك شەرتم هەیە، گوتم: چییە؟ گوتی: یەكەم جار تەنیا خۆت وەرە
داخوازی و خۆت و خوشكەكەم بیبڕێننەوە تا ئەگەر ژنەكان پێی رازی نەبوون
نەتوانن تێكیبدەن ئیتر كابرا رۆیشت و رۆژی دوایی پارەكە و زێڕەكەم هێنا
و چووینە ماڵی ئەوان و وەكو چۆن لەگەڵی پێكهاتبووم وامان كرد و بڕە
پارەكە و زێڕەكەم پێدا، بڕیاریشماندا بۆ دوو رۆژی تر ژن بێن و مەلاش
لەگەڵ خۆیان بێنن بۆ مارەكردن و گێڕانی ئاهەنگی شەكراوخواردنەوە.
من بەو پەڕی بێ ئۆقرەیی و خۆشییەوە چاوەڕێی هاتنی رۆژەكەم دەكرد، جوان
جوانیش خۆم لەلای سەرتاش رێك وپێك و رازاندبۆوە، رۆژەكە هات و منیش
دایكم و پورەكانم و خوشكمم لەگەڵ خۆم برد بۆ داخوازیكردنی كچەكە، كەچی
چ ببینم؟ كە لە دەرگای ماڵەكەمان دا، كەس دەرگای لێنەكردینەوە چەند
جارێكی تریش پیامان كێشا هەر كەس نەیكردەوە.
ئەوەبوو لەگەڵ لێدانەوەی دەرگاكەیان ئافرەتێكی دراوسێیان هاتە دەرەوە و
گوتی: ئەوانە لەماڵ نین و خانووەكە چۆڵە، گوتمان: یانی چی چۆڵە دوو رۆژ
پێش ئێستا ئێمە هاتووینەتە ئەم ماڵە چۆن چۆڵە!؟ ژنەكە گوتی: دوێنێ
ئەوان لۆرییەكیان هێنا و كەلوپەلەكانیان باركرد و لێیاندا رۆیشتن،
ئەمڕۆ خاوەن خانووەكەش هاتبوو لێیانی پرسی، گوتمان رۆیشتوون باریان
كردووە، كابرا دەیگووت ئەوە سێیەمین مانگە كرێی خانوویان نەداوەمەتێ
بڕیار وابوو دوێنێ شەو بۆی ببات كەچی شەوەكە باریان كرد و رۆیشتن، بە
ئێمەشیان گوت كرێمان داوە بەڵام خاوەن خانووەكە داوای كرێی زیادی
كردووە، گوتم باشە ئەی خوشكەكەی ئەویش لەگەڵی رۆیشتووە؟ گوتی: خوشكی چی!
كابرا تەنیا خۆی و ژنەكەی بوون، ژنەكەشی منداڵی نەبوو، گوتم: چۆن خوشكی
چی، من خوشكێكم مارە كردووە و نەختیشم داوە، ئەوە دایكم و خزمەكانمن
هاتووین بۆ مارەكردنی ئەمڕۆ رۆژی مارەكردنیەتی، ژنە هەر سوور بوو لەسەر
قسەی خۆی و گوتی: ئەوە نزیكەی ساڵێكە لێرەن من نازانم كابرا خوشكی
هەبووە یان نەء، ژنەكەشی ئافرەتێكی ئاوابووە، ئیتر وەسفی ژنەكەی كرد،
كتومت ئەو ژنە بوو كە گوایە خوشكێتی و من خواستوومە و ئەمڕۆش بۆ
مارەكردنی هاتووم، قسەكانی ژنە دراوسێیەكەیان هی ئەوە نەبوون بڕوا
نەكرێ یان گومانی لێبكرێ، ئیتر هەر لە شوێنی خۆم سڕ بووم و دەستەوئەژنۆ
دانیشتم.
دایكم و خوشكم چەندی كردیانە پرتە پرت و بۆڵە وجنێودان، بەڵام من كە
زانیم چ سوودی نییە پێمگوتن ئێوە پێویست ناكات ئەو قسانە بكەن، من ئیتر
بێوەژنیش ناخوازم، با بگەڕێینەوە بۆماڵ
|
Views: 585 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|