Main » 2009 » مارس » 15 » شاهۆ خییانهتی له تریفه کرد
2.10.47 PM شاهۆ خییانهتی له تریفه کرد |
ئێمە لەخێزانی خۆماندا(4)چوار خوشكین و
برامان نییە، هەمیشە دایە گەورەم واتە دایكی باوكم بە دایكمی دەگووت
دەبێت زۆر ئاگاداری كچەكانت بیت، چونكە برایەكیان نییە ئاگای لێیان بێت
بۆ ئەوەی تووشی هەڵە نەبن، هەر ئەم قسانە وای لەدایك و باوكم كرد زوو
بیر لەوە بكەنەوە ئێمە بچینە پرۆسەی هاوسەرگیریەوە و ماڵ و حاڵێكی
باشمان بۆ بدۆزنەوە، تا لەدوارۆژدا گرفتێك بۆ ئەوانیش نەیەتە پێش.
بەداخەوە هەرزوو باوكم بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، سەرجەم ئەرك و
خەمەكانی خێزانەكەمان بۆ دایكم بەجێما، دایكیشم فەرمانبەربوو بنكەیەكی
تەندروستی، بەهەزار فەقیری و داماوی ئێمەی پێگەیاند و خوێندنی پێ تەواو
كردین، هەریەكەمان لەكۆلێژ و پەیمانگایەك وەرگیراین. من لە پەیمانگای
مامۆستایان وەرگیرام، رۆژێك (شەهلا)ی هاورێم پێی گووتم (فریشتە) من و
تۆ دوو ساڵە هاورێی یەكترین و لەنزیكەوە هەردوولامان بە خێزانی یەكتر
ئاشنایین، من پێشنیارێك بۆ تۆ دەكەم، ئیتر نازانم وەڵامەكەی چی (شەهلا)
گووتی: فریشتە گیان خۆت دەزانی (شاهۆ)ی برام كوڕێكی چۆنە لەرووی
ئەخلاقەوە تەنانەت ئاستی ئابووریشى زۆر باشە، ئێمە پێمان خۆشە تۆی بۆ
داوا بكەین نازانم رات چییە؟ گووتم: راستە شەهلاگیان شاهۆی برات كورێكی
تا بڵێی بە رەوشت و باشە، بەڵام ناتوانم هیچ بڵێم تا پرسێك بە ماڵەوە
نەكەم، دواتر وەڵامت دەدەمەوە. كاتێك لەلای دایكم و خوشكەكانم و دایە
گەورەم باسم كرد زۆریان پێی باش بوو، بەڵام گووتیان تا خوێندن تەواو
نەكەیت نابێت هاوسەرگیری ئەنجام بدەیت.بۆ رۆژی دوایی وەڵامی (شەهلا)ی
هاوڕێم دایەوە ماڵەوەمان پێیان باشەو حەز دەكەن بەو مەرجەی تا خوێندن
تەواو دەكەم
لەدوای تەواو كردنی خوێندن، ماڵی (شاهۆ) هاتنە داوام و مەسەلەكەمان
كۆتایی پێی هێنا و چومە ماڵی خۆمەوە، بێگومان هەموو قوتابیەك دوای
تەواو كردنی خوێندن چاوەرێی ئەوە دەكات لەشوێنێك دابمەزرێت بۆئەوەی
سەرچاوەیەكی ئابووری تایبەت بەخۆی هەبێت. لەسەرەتا (شاهۆ) پێی خۆش
نەبوو من وەك پیشەی مامۆستایی دابمەزرێم، زۆر رێگری بۆ دروست
دەكردم،ئەو كاتەش وەك ئێستا دامەزراندن قورس نەبوو زۆر بە ئاسانی
بەتایبەت مامۆستا دەیتوانی دابمەزرێت، چەندم پێ دەگووت شاهۆ من بۆیە
خوێندنم تەواو كردووە بۆئەوەی دابمەزرێم نەك لەماڵەوە بم ئەویش هەر پێی
دەگووتم ئەوەی تۆ مانگانە وەك موچە دەستت دەكەوێت من پێتی دەدەم ئیتر
بۆچی دەتەوێت دابمەزرێیت، چەندم لەگەڵدا دەگووت هیچ سودی نەبوو، تا
رۆژێكیان بە باوكی شاهۆم گووت كە بە شاهۆ بڵێن رێگەم لێنەگرێت بۆ
دامەزراندن، باوكیشی هەرچۆنێك بێت رازی كرد
پاش ماوەیەك دەستم كرد بە مامەڵەی دامەزراندن و ناوم لە گوندێك هاتەوە
كە زۆر دوور بوو لەسلێمانیەوە نەمدەتوانی هاتووچۆ بكەم ناچار بووم
بمێنمەوە، زۆر هەوڵمدا گواستنەوەیان بۆ نەكردم، چونكە من تازە
دامەزراوبووم دەبوایە پاش چەند ساڵێك لەدەرەوەی شار بم دواتر داوای
گواستنەوەی راژە بكەم، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوسەرگیریم ئەنجام دابوو
بۆیان كردم بۆ گوندێكی نزیكتر بەڵام ئەویش بەهۆی سەختی رێگەكەوە نەم
دەتوانی لەوەرزی زستاندا هاتووچۆ بكەم،بۆیە هەر ناچاربووم بمێنمەوە.
پێویستی دەكرد بە شاهۆ بڵێم مەسەلەی دامەزراندنەكەم ناچاری كاری لەو
چەشنەم دەكات، كاتێك شاهۆ ئەمەی بیست بەهیچ جۆرێك رازی نەبوو، دەیووت
چۆن دەبێت ئافرەتێك كە شووی كرد شەوان لەدەرەوەی ماڵ بمێنێتەوە و خوا
دەزانێت چی دەكات؟ بەراستی من ئەم بۆچونەی شاهۆم زۆر سەخت بوو بەلامەوە
چونكە ئێمە پەروەردەی خێزانێك نەبووین كە شاهۆ ئەو بۆچونە هەڵەیەی بۆم
هەبێت، دووبارە ئەمەش بوو بەگرفتێك بۆ بەهەمان شێوازی پێشو بە باوكی
شاهۆم گووت، بەڵام ئەمجارە ئەویش رای لەگەڵ ئەوەدا نەبوو من بە تەنها
بمێنمەوە بۆیە ئەو پێشنیاری ئەوەی كرد شاهۆش لەگەڵمدا بێتە ئەو
گوندە.شاهۆ بەمە رازی بوو، چونكە لەدوایدا بۆم دەركەوت شاهۆ دڵی لەمن
خراپەو ناشتوانێت قسەی باوكی بشكێنێت بۆیە وازی لەكاسبی خۆی هێنا كە
دوكانی كەرەسەی كارەبایی هەبوو، لەگەڵ مندا هات بۆ ئەو گوندە، بۆ
دوكانەی كە سێكی لەشوێنی خۆی داناو هەفتەی جارێك دەهاتەوە بۆ
سەرپەرشتیكردنی دوكانەكەی. بەهەرحاڵ بەشی پێداویستی خۆمان كەلوپەلمان
كۆكردەوە و چوینە ئەو گوندە، لە قوتابخانەی گوندەكە سێ مامۆستای كچی
تری لێ بوو. لەسەرەتا زۆر خۆشحاڵ بووم كە لەشوێنێكی نزیك دامەزراوم و
دواتر هاوڕێكانم كەسی باشن، بەڵام بەداخەوە ئەم خۆشيیە زۆری نەخایاند
كەلەدوایدا ئەو دامەزراندنە لەو گوندە بووە مایەی نەگبەتی و ماڵ وێرانی
بۆ من
تا دوو مانگ هیچ كێشەو گرفتێكمان نەبوو تا بڵێیت ژیانێكی خۆشمان
هەبوو،هەمیشە مامۆستا هاوڕێكانم دەیان گووت (فریشتە) كە سەیری تۆ و كاك
شاهۆ دەكەین حەز ئەكەین ئێمەش زەواج بكەین، ئێوە لە دوو هاوڕێی زۆر
خۆشەویست دەچن و كێشەكان لەرێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەكەن، بەڵام
لەبەرامبەر خەڵكی بێ وەفادا هیچت پێناوگترێت، دواتر شەهلا بۆی باس
كردین كە لەو گوندە بێوەژنێك هەبوو هەتا بڵێیت جوان بوو بەڵام لەرووی
رەوشتەوە كەسێكی باش نەبوو وەك باسیان دەكرد هەر لەسەر ئەو مەسەلەیە
بووە تەڵاقدراوە، ئەم ژنە ناوی (بێخاڵ) بوو تەمەنی (21) ساڵ بوو
كورێكیشی هەبوو، زۆر هاتوچۆی ماڵی ئێمەی دەكرد هەرجارەی بە بیانوی
شتێكەوە دەهاتە ماڵمان، ئێمەش زۆر رێزمان لێدەگرت و هەرچیەكی بویستایە
كە دەچووینەوە بۆ سلێمانی بۆمان دەكری و چەندین جا پارەشمان
لێوەرنەدەگرت!!! بێخاڵ تا دەهات خۆی زۆر لە شاهۆ نزیك دەكردەوە چەند
جارێك لەسەر ئەم مەسەلەیە لەگەڵ شاهۆ دەمانكردە دەنگە دەنگ و ناخۆشی
ئەو پێی دەگووتم تۆ دڵت لە من پیسە لەكاتێكدا شاهۆ نەیدەهێشت جگەلە
قوتابخانە بۆ هیچ شوێنێكی تر بڕۆم ئەگەر بشچومایە لەدوایدا لێمتوڕە
دەبوو، بەڵام بۆ خۆی ئاسایی بوو پاش ماوەیەك دەستی كرد بە هاتوچوۆ بۆ
ماڵی (بێخال) و دایك و باوكی بێخاڵیش زۆر شاهۆیان خۆشدەویست. ئەم
خۆشەویستی و هاتوچۆیە تا دەهات گەرمتر دەبوو، لەمەوە پەیوەندی من و
شاهۆ بەرەو ناخۆشی و لاوازی چوو، تا كار گەیشتە ئەوەی بریاڕمدا بچمەوە
ماڵی باوكم تا چارەسەرێك بۆ ئەم گرفتە دەكەین. كاتێك چومەوە بۆ ماڵەوە
دایكم پێی گووتم هەوڵ بدە خۆت نقل بكەیتەوە بۆ سلێمانی بۆئەوەی لەو
گوندە نەمێنیت، زۆر هەوڵمدا بۆیان نەكردم گووتیان تا منداڵت نەبێت
ناتوانین بۆت بكەین بێگومان منیش لەپشوی هاویندا منداڵم ئەبو نەك لەو
كاتەدا بۆیە هیچم بۆ نەكرا، ماڵی باوكی شاهۆ كە زانیان من هاتوومەتەوە
بۆ ماڵەوە، هاتن بۆ ماڵی باوكم و لەگەڵ دایكمدا قسەیان كرد منیش مەرجی
ئەوەمەم هەبوو بۆ رۆیشتنەوەم كە شاهۆ هاتوچۆی ئەو ماڵە نەكات، شاهۆ بەم
مەرجە رازی بوو. ئەم وەعدە هەمووی دووی رۆژی نەخایاند رۆژێكیان لەیەكێك
لەمامۆستاكانم بیست كە ئاگام لەشاهۆ بێت چونكە خەڵكی گوندەكە بەباشی
باسی ئەو و بێخاڵ ناكەن و زۆرشتی خراپی لێ باس دەكەن، بەشاهۆم ووت،
ئەویش گووتی فریشتە هەموو ئەو قسانە راستە بۆیە ناچارم مارەی بكەم،
گووتم چۆن شتی وا دەبێت، شاهۆ گگووتی من دایك و باوكی بێخاڵ پێیان
گووتوم كە دەبێت بێخاڵ مارە بكەیت ئەگەرنا خراپت بەسەر دێت چونكە تۆ
ئابڕوی كچی ئێمەت بردووە، ناچارم هەردەبێت ئەم كارە بكەم. منیش
نەمتوانی ئەم بڕیارە پەسەند بكەم، بۆیە بڕیارمدا جیاببینەوە،
هەرئەوەندە من هاتمەوە ماڵی باوكم شاهۆ بێخاڵی مارەكرد، پاش ماوەیەك
خوای گەورە كچێكی پێداین، دایكیشم بۆ تەنها چركەیەك نەیهێشت ئەو منداڵە
لەلای من بێت گگووتی دەبێت بۆیان بنێریتەوە، زۆر گریام و لەدایكم
پاڕامەوە كە نەینێرمەوە، بەڵام دایكم رازی نەبوو
ماڵی باوكی شاهۆش تا سێ مانگ بەخێویان كردبوو، دوایى بە شاهۆیان
گووتبوو كە دەبێت بۆ خۆتان بەخێوی بكەن، بەهەر شێوەیەك شاهۆیان رازی
كردبوو، بەڵام بەداخەوە ئەو منداڵە چارە رەشە چارەنوسی زۆر لەمن خراپتر
بوو چونكە ئەو زمانی نەبوو باس لە ئازارەكانی بكات و خۆی لەو نەهامەتیە
رزگار بكات، ئەوەندە پشت گوێ خرابوو لەلایەن باوك و زڕدایكەكەیەوە تا
لەنەخۆشی و لەبرسانا گیانی سپاردبوو
سەبارەت بەم رووداوە خاتوو " ئارەزوو نوری" توێژەری كۆمەڵایەتی بەم
شێوەیە باسی لەرێگریەكانی دووبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە حاڵەتانە كرد:
مرۆڤ بۆ دابین كردنی بژێوی ژیانی ناچارە دەبێت پەنا بۆ هەموو شتێك
بەرێت، بەڵام ئەوەی(فریشتە) كردوویەتی كارێكی هەڵە نەبووە مەلەسەی
دامەزراندنەكەی مافێكی خۆیەتی، بەڵام دەكرێت مرۆڤ ژیرانەتر مامەڵە
لەگەڵ رووداو گرفتەكاندا بكات، بەتایبەت دایك دەبێت زۆر هەوڵ بدات
گرفتی منداڵەكانی چارەسەر بكات نەك لەحاڵەتێكی لەو شێوەیە بەبێ
بیركردنەوە پشتگیری لەكچەكەی بكات بۆ جیابوونەوە لەوەش قورستر
ناردنەوەی ئەو منداڵەیە بۆ ماڵی خەزوری كچەكە، ئەو منداڵە ساوایە تەنها
دایك لەئازاری منداڵەكەی دەگات، هیچ مرۆڤێك ناتوانێت لە گریان و
پێكەنینی منداڵ بگات جگەلە دایكی، لەكاتێكی ئاوا ناسكدا بڕیاری لەو
چەشنە هەڵەیەكی گەورەیە، دەكرا فریشتە زیاتر ئارامتر بوایە لەسەر ئەو
مەسەلەیە بەتایبەت بۆ جیابوونەوەكەی و هەوڵی زیاتر بدایە، چونكە هەردوو
هاوسەر تا چەند لەگەڵ یەكتردا لێبوردە بن ئەوەندە بەختەوەری بەرجەستە
دەكەن و زیاتر خۆشەویست دەبن لەلای یەكتر، هەرچەندە شاهۆش هەڵەیەكی
گەورەی كردووە كە بەو شێوە رەفتاری كردووە، بەڵام لەم كۆمەڵگەیەدا
هەردەبێت ئافرەت قوربانی بدات و خۆراگرتر بێت بۆ گرفتەكان، بۆئەوەی
رووداوی لەم چەشنەی فریشتە دووبارە نەبێتەوە
|
Views: 579 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|