Main » 2009 » مارس » 15 » رووداوێكی دڵ پڕوكێنەر لە زەماوەندی گواستنەوەی ڤیاندا
1.52.26 PM رووداوێكی دڵ پڕوكێنەر لە زەماوەندی گواستنەوەی ڤیاندا |
ڤیان كە تەمەنی گەیشتە بیستوو دووساڵی،
فەرمانی دەرچوونی وەك فەرمانبەرێك لە فەرمانگەیەكی حكومی بۆ دەرچوو،
ئەو بەدڵ حەزی دەكرد دەستی لە وەزیفەیەك گیر بێت و پاشان مێرد بە كەسێك
بكات كە خۆشیویستبێ، ساڵێك دەبوو لە فەرمانگەكەیان دامەزرابوو، ژیانی
ئاسایی خۆی بەڕێدەكرد
تارۆژێك كوڕێكی گەنج، لە تەمەنی خۆی، بەكارێك رێیدەكەوێتە
فەرمانگەكەیان و كارەكەی دەكەوێتە لای(ڤیان)، كوڕە كەناوی (خەسرەو)دەبێ،
تۆزێك دیقەتی(ڤیان) دەدات و سەرنجی دەداتێ، هەردووكیان بۆ چەند ساتێك
چاو دەبڕنە یەك، دەتوانێ هەر ئەو رۆژە كارەكەی بۆ تەواو بكات، بەڵام
زۆر حەزی دەكرد جارێكی تریش ئەو ببینێتەوە، ئیتر ئەوە بوو بە زمانێكی
شیرین و میهرەبانییەوە داوای لە كوڕەكە كرد كە بەیانی ئەگەر دەتوانێ
بێتەوە كارەكەی بە تەواویكراوی دەداتێ، كوڕەش خەندەیەكی بۆ دەكات و
رازی دەبێت، ئەو رۆژە(ڤیان) گۆڕانێكی سەیری بەسەردادێت، بە درێژایی ئەو
رۆژە دڵخۆش و گەشبین، دەم بەخەندە و پێكەنیناوی بوو، خەیاڵی دەموچاوی
كوڕە و ساتەكانی بینینی هەمیشە لەبەرچاوی بوو.
بەهەرحاڵ ئەو رۆژەی بەو خەیاڵانەوە بەڕێكرد، بۆ بەیانییەكەی بەر لەوەی
بچێتە فەرمانگەكەیان نزیكەی كاتژمێرێك لەبەر ئاوێنەوە خەریكی خۆی بوو،
چەندی پێبكرابایە حەزی دەكرد خۆی جوان بكردایە.. كە گەیشتە فەرمانگە
چاوی هەر لەسەر كاتژمێرەكە بوو، بزانێ كەی دێت، ئەو كارەكەی بە
جوانترین شێوە بۆ تەواوكردبوو، هەر ئەوەندە بوو بێتوو بیداتەوە دەستی،
كاتژمێر گەیشتە نزیكەی دوونیو كوڕە نەهاتبوو، تۆزێك دڵی تووند لێیدا تا
كاتژمێر یانزەونیو هەر نەهاتبوو، گڕوتینی (ڤیان) خەریكبوو وردەوردە
خامۆش دەبۆوە و جۆرە دڵتەنگی و بێئومێدییەك هوڕووژمی بۆ هەناوی دەهێنا..
ساتێك كوڕەی لەبیرخۆبردەوە، لەپڕ هاتە ژوورەوە و سڵاوێكی بەگەرمی
لێكرد(ڤیان) رەنگوڕووی گۆڕا و جۆش و خرۆشییەكەی پێشتری هاتەوە بەرەخۆی،
كارە تەواوكراوەكەی دایە دەستی و بەبیانووی ئیمزاكردنی لەلایەن
بەڕێوەبەرەوە لە ژوورەكە هاتە دەرەوە و بۆی بردە لای بەڕێوەبەر و هاتە
لای، ئیتر تا نزیكەی دەرگا لەگەڵی چوو، لەم ماوەیە ئەو شتانەی دەبوو
بگوترێت لەگەڵ یەكیان گوت، ئەوان چەند جارێكی تریش یەكتریان دیتەوە و
دواتر پەیوەندییەكی خۆشەویستی تووند هەردووكیانی بەیەكەوە گرێدا.
زەماوەندێكی نابەدڵی
پەیوەندی نێوان(ڤیان)و(خەسرەو) پەیوەندییەكی زۆر بەهێز و تووندوتۆڵ بوو،
بەڵام ئەو پەیوەندییە هەر چەند مانگێكی خایاند، (خەسرەو) بەدڵ و بەگیان
حەزی دەكرد بچێتە داخوازی(ڤیان)، بەڵام لەبەرهیچ شتێكی نەبوو، خۆی تازە
لە وەزیفە دامەزرابوو داخوازی و ماڵ پێكەوەنان كارێكی ئەوها سانا نەبوو
بۆی، بۆیە بەنابەدڵی پرۆژەی زەماوەندیان دواخستبوو، لەو ماوەیەش یەكێ
لە خزمەكانی باوكی(ڤیان)، كە لە خێزانێكی زۆر دەوڵەمەند و بە ئیمكانیات
بوو، داوای دەستی (ڤیان)ی كرد، باوكی (ڤیان) زۆری پێیخۆش بوو كچەكەی
خۆی بداتە ئەو خێزانە، بەڵام(ڤیان)بەبیانووی ئەوەی كە جارێ نایەوێ مێرد
بكات ئارەزووی مێركردنی نیشان نەدابوو، باوكی زۆری هەوڵی لەگەڵدا،
سەرەتا بەخۆشی و بەهێمنی هەوڵیدا، بەڵام بێسوود بوو، (ڤیان) رازی
نەدەبوو، باوكی(ڤیان) نەیدەزانی هۆیە راستەقینەكە چییە، بەڵام ئەوەشی
پێگووت: كچم تۆ بەرژەوەندی خۆت نازانی جارێ كەم ئەزموونی، تۆ هەر دەبێ
مێرد بكەی جا بەیەكێكی دەوڵەمەند و ساماندار بیكەی باشتر نییە لەوەی بە
یەكێكی هەژاری نەبوو شوو بكەی!؟ كە حەسرەتت هەموو شتێك بێت.. ئەمڕۆ
ژیان زۆر قورسە وا بەئاسانی دابین نابێت، دەردی كرێچییاتی گرانە و مرۆڤ
پیر دەكات، جارێ زۆریشت لێناكەم، بۆخۆت بیربكەوە و قسەكانیشم بە باشی
هەڵسەنگێنە، دوای تەواوكردنی قسەكانی(ڤیان)ی بەجێهێشت و رۆیشت (ڤیان)
بەتەنیا مایەوە و دەستی بەگریانێكی هێمن كرد ئەو لەو بڕوایە دابوو،
خۆشەویستی هەژاری و دەوڵەمەندی ناناسێ، ئەوەی خۆشم دەوێ با نەبوو و
هەژار بێت چی تێدایە، ئەو وای بیردەكردەوە كە باوكی تەنیا لەرووی
مادیاتی ژیانەوە سەیری مێردكردن دەكات و بەس، نەك لە روانگەی
مرۆڤایەتییەوە بەهرەحاڵ (ڤیان) لە خێزانێكدا بوو كە تەنیا باوك
بڕیاردەری ژیانی ئەندامانی خێزان بوو، نەك خودی كەسەكان خۆیان،
نەیدەتوانی تەنانەت قسەی باوكیشی بشكێنێ، چ جای ئەوی پێچەوانەشی
بووەستێتەوە، ئەو نەرمەفشارەی باوكی وایلێكرد تا درەنگی شەو بیر
بكاتەوە و دواجار گەیشتە ئەو بیرۆكەیەی لەگەڵ (خەسرەو) رێكبكەون، كە
بێتە خوازبێنی و مارەی بكات، تانزیكەی ساڵێك بوەستن تا خۆیان بەباشی
پێدەگەیەنن و خۆیان كۆ دەكەنەوە، بەیانییەكەی لەگەڵ(خەسرەو) باسەكەیان
كردەوە، چەند كاتژمێرێك پێكەوە گفتوگۆیان كرد و نەگەیشتنە هیچ
دەرەنجامێك، چەند رۆژێك دووبارە دەستیان بەگفتوگۆكردەوە دەرەنجام هاتنە
سەر ئەوەی كە دوای چەند رۆژێك(خەسرەو) ژن بنێرێتە ماڵی باوكی و داوای
دەستی بكات... وەك رێككەوتبوون بەمشێوەیان كرد، كاتێك باوكی(ڤیان)
لەكاروكاسبی و توانای دارایی (خەسرەو)ی پرسیبوو، ئەوانیش گوتبوویان كە
جارێ ئیمكانیاتی نییە ژن بگوازێتەوە، دوای دەخەین تاوەكو بڕە پارەیەك
كۆدەكاتەوە بۆ ماڵ دانان و زەماوەندكردن، ئێستا تەنیا مارەی دەكەین، كە
باوكی(ڤیان) ئەو قسانەی بیست، یەكسەر بێ ئەملاو ئەولا، داخوازییەكەیانی
رەتكردەوە و پێشی گوتن با چیتر نەیەنەوە و كچەكەمان بەمێرد نادەین..
ئەم وەڵامە وەڵامێكی دەمكوتكەرانە و یەكلاییكەربوو، وایلێكردن ببڕاببڕ
جارێكی تر بیر لە هەوڵی دووبارە داخوازیكردن نەكەنەوە
كە (ڤیان) هەڵوێستی باوكی دێت، دنیایەك خەفەتبار و سەرگەردان بوو،
ئەوشەوە تا بەیانی نەخەوت و ژیانی بەتەواوەتی لێ تاڵ بوو، بەڵام
باوكیشی لەولاوە بڕیاری خۆی دابوو، دوای دوو رۆژ هەواڵی بۆ ماڵە
دەوڵەمەندەكە نارد كە بێن بۆ داخوازی (ڤیان) ئەوە بوو ژنان هاتن و
بەشێوەیەكی رەسمی داخوازی (ڤیان)یان كرد، سەیر لەوەدابوو كە(ڤیان) مات
و مەلوول و بێدەنگ بوو، هیچ هەڵوێستێكی رەتكردنەوەی نەنواند.. دواتر كە
رۆژی مارەكردن هات، (ڤیان) و كابرای داخوازیكەر یەكتریان دیت و پێكەوەش
چەند خولەكێك قسەیان كرد، بەڵام داخوازیكەرەكە هەستی كرد كە كچە
تەواوێك خەمبار و خەمۆكە، بەجۆرێك ناچار بوو كەلێی بپرسێ بۆچی وا
دڵتەنگ و مات دیارە، ئەویش لەوەڵامدا پێی گوتبوو كەوا ئەو چەند رۆژە
تۆزێك شەكەت و هیلاك بووە و هیچی تر، كابرای داخوازیكار قەناعەتی
بەقسەكەی هات و چیتر لێی نەپرسییەوە، پاش ئەوە رۆژی زەماوەند دیاریكرا
و ماڵی زاواش كارتیان دابەشییەوە و خزم و كەسوكاریان داوەت كرد، كە
رۆژی ئاهەنگ گێڕان هات (ڤیان) چاوەڕێی كرد و تا زاوا هات، دوای ئەوەی
پێشتر بردبوویانە ئارایشگا و رازاندبوویانەوە جلی بوكێنییان
لەبەركردبوو، هەر بەو جلانەوە لە ژوورێك بەتەنیا دانیشتبوو، پێش ئەوەی
هەواڵەكەی بدەنێ مستە حەبێكی كۆكردبۆوە و لەناو دەستی خۆی نابوو، كە
هەواڵەكەیان پێدا ئەویش حەبەكانی قووت دا و بەكڕی هەڵسایەوە سەرپێ،
ژنانی ئەوێندەر بانگیان كرد و لەدەرگەیان دا و دوو ژن چوونە لای و بە
هەلهەلە لێدان دەستیان گرت و بردیانە حەوشەی ماڵەكە، ئەوسا زاوا هات و
دەستی گرت، تاوێك راوەستان تا وێنەیان گرتن، كەسوكاری هەردوولاش بە
چەپڵەڕێزان و هەلهەلە لێدان ئەو ناوەیان پڕجۆش و خرۆش كردبوو، كەچی (ڤیان)
وردەوردە رەنگی زەرد هەڵدەگەڕا و بێ تاقەت و بێهێزتر دەبوو، هێڵنجی
دەهات و بەرچاوی تاریك دەبوو، هەستی بەسەرئێشەیەكی تووند و سەرسووڕان
دەكرد.. ئەوەندەی پێنەچوو وەك تەنێكی قورس كەوتە سەر زەوی، لەگەڵ
بەربوونەوەی ئەو، چەپڵەڕێزان و حەشامەتەكەی ئەوێ شڵەژا، بووە قیژە و
هاوار و باوكەڕۆ بەپەلە بردیانە ناو ئۆتۆمبێلێك و گەیاندیانە نەخۆشخانە،
لەوێش چەند پزیشكێك لەدەوری كۆبوونەوە و نزیكەی نیوكاتژمێرێك خەریكی
بوون، بەڵام نەك هەر نەیانتوانی بەهۆش خۆی بهێننەوە، بەڵكو دوایی دڵیشی
لەلێدان كەوت و مرد، پزیشكەكان گوتیان بەو حەبانەی كە خواردویەتی
جەستەی ژاراوی بووە
|
Views: 586 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|