السبت, 2024-11-23, 7.27.45 PM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2008 » نوفمبر » 25 » تەڵاق..دوا بزمار لە تابووتى بەیەکەوە ژیان
2.58.20 PM
تەڵاق..دوا بزمار لە تابووتى بەیەکەوە ژیان

نورى بێخاڵى
شتێکی سروشتییە کە مرۆڤ (نێر یان مێ) هاوسەرگیرى ئەنجام بدات، بەڵام لەوێدا پڕۆسەکە نا ئاسایى دەکەوێتەوە، کە لەماوەیەکی کەمى دواى هاوسەرگیرى، پێش شەوى پەردە، یان چەند رۆژێک پێش ئەو ماوەیە، یاخود لە ساڵەکانى سەرەتایى گرێبەندەکە هەڵبوەشێتەوە و هاوسەرەکان جیاببنەوە، لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە ئەو جیابوونەوە زووەى هاوسەران ببێتە دیاردەیەک، کە بەهۆیەوە خێزان بکاتە یەکەیەکى لەرزۆکء کاریگەرى خۆى بەسەر تەواوى کۆمەڵگادا رەنگ بداتەوە، بە جۆرێک کۆمەڵگا لە بەرامبەر ئەو دیاردەیەدا لاوازء بێهێز بێتء نەتوانێ پارێزگارى لە ئەندامەکانى خۆى بکات ء سروشتی پەیوەندییەکانى بپارێزێ.. ئەو بابەتەى لە بارەیەوە دەدوێین، کە لێکجابوونەوەى هاوسەرانە لە کاتێکی زوودا دیاردەیەکە خەریکە تا دێت لە کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان تەشەنە دەسەنێ، بێگومان ئەم دیاردەیەش کەمء زۆر، لێرە و لەوێ لە کوردستانیش هەستی پێدەکرێ، دیارە لە پشتی ئەم دیاردەیەشەوە هۆکار گەلی زۆر هەن.
بە هەرحاڵ بە گوێرەى دوا راپرسیء لێکۆڵینەوەکانى ئەم بوارە دەرکەوتووە، کە لە پەنجا ساڵى رابردوو رێژەی دیاردەکە لە زیادى داوە لە (7% بۆ 40%) و رێژەی زۆریش لەوانە ئەوانەن، کە لە تەمەنێکی زوودا شویان کردووە، بە تایبەتى لە تەمەنى نێوان (16 تاکو 30) ساڵیدا.
رەنگە ئەزموونى ئەو کچانەى لەو تەمەنەدا جیابوونەتەوە دەروازەیەکى گونجاوبێت بۆ ناسینەوەى هۆکارەکانى پشتی دیاردەى زوو هاوسەرگیرى بەستنء زووتر جیابوونەوە.. بۆیەش هەوڵم دا لەو بەدواداچوونەدا رای ئەوانە وەربگرم کە زوو شویان کردووە و زۆری نەبردووە جیابوونەتەوە، ئەوانیش راشکاوانە هۆکارەکانى جیابوونەوەى خۆیان باسکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەوانەى دواندمن پرۆسەی هاوسەرگیریان لە سەر بنەماى جیاواز ئەنجامدابوو، کەچی دوا چارەسەرء ئەلتەرناتیف بۆ بەردەوامى خوێنبەربوونى هەستە مرۆییەکان گوللەى لێک جیابوونەوە و تەڵاق بووە، پرۆسەیەک رەنگە ئەگەر هۆکارەکانى لەبەرچاو نەگیرێن ء لەبەر رۆشناییاندا چارەسەری گونجاویان بۆ نەدۆزرێتەوە، تەقینەوەیەکى مەزنى کۆمەڵایەتىء لەباریەک هەڵوەشانەوەى خێزان ء بێسەرپەرشت بوونى منداڵی بێتاوان ء تێکچوونى شیرازەى پەیوەندییەکان ء چەندین نەخۆشی ترى کۆمەڵایەتى لێ بکەوێتەوە.
یەکێک لەو خاوەن ئەزموونانە (س) گووتى (( بۆ راکردن لە دەست هەژارى ء برسێتی ء جەورى باوەژن، لە تەمەنى شانزە ساڵى شووم کرد، دواى ئەوەى دایکم کۆچی دوایی کردء باوکم ژنی دووەمى هێنایەوە و بەناوى کار و بازرگانى خۆى لەبەرپرسیارێتی سەرپەرشتی کردنى ئێمە شاردەوە.. بەرهەمى شوکردنەکەیشم دوو منداڵ بوون لە تەمەنى خونچەییدا، زۆری نەبرد ژیانم بەرە و تاڵیء نەهامەتی چوو، دواى ئەوەى پیاوەکەم خوی دایە قومار ء پەنابردن بۆ بەکارهێنانى ماددەى بێهۆشکەر، ئیدى جگە لەوەى بەوپەڕی توندوتیژی مامەڵەى لەگەڵ دەکردم، خۆشی لە بەخێوکردنى منداڵەکان ء دابینکردنى پێداویستیەکانیان دزیەوە، لە دانیشتنێکدا بۆ گفتوگۆء چارەسەرکردنى گرفتەکەمان ء دەستگرتنی بۆ وازهێنان لەم کارە، زۆر خۆى هیلاک نەکرد و خێرا هەر سێ تەڵاقی فڕێدا ء دەرگاى چارەسەرییەکانى داخست، ئەمێستا بەو تەمەنە بەهارییەم، کە بیستء یەک ساڵم بە تەڵاقدراوى ناچار منداڵەکانیشم گرتۆتە باوەش)).
یەکێکی تر بە چاوێکی پڕ گریان کە (ف)ى ناوبوو، لەوپەڕی بێزارى ء بێهودەیدا چیرۆکی تراژیدیاى ژیانى هاوسەریەتى خۆیى بۆ گێڕامەوە، کە تەنها دوو مانگ بەسەر هاوسەرگیریان رەت ببوو ، گوتى ((زانکۆم تەواو کرد بۆ ئەوەى رێگاى ژیانێکی کردارى سەرکەوتوو و ئاسۆیەکى گەش ببڕم، ئەوە بۆ من پەنجەرەیەک بوو بۆ روانین بەسەر ئەو جیهانەى لەمێژبوو خەونم پێوە دەدى، تاکو ببمە کاراکتەرێکی بەهێزء ئەکتیڤ لەنێو کۆمەڵگادا، بەڵام قەدەرى خێزانە نەخوێندەوارەکەم کە پێیان وابوو چارەنووسی کچ ماڵ ء مێردە و ئیش ء خوێندن شتێک بۆ ئەو ناکەن، لە کوڕێک مارەیان کردم، کە پێیان وابوو باشە و دەتوانێ خێزان ء ماڵ بەیەکەوە بنێ، ناچار و بێ دەسەڵاتی خۆم رووبەرووى ئەو چارەنووسە کرامەوە لەگەڵ کەسێک کە بۆ هەموو شتێ باش بێت، بۆ هاوسەرى نەدەشیا، دواى دوو مانگء لەبەر ئەوەى نەمتوانى لەگەڵی بەردەوام بم ء لە کۆیلەیەک زیاتر سەیرى نەدەکردم، داواى جیابوونەوەم لێکرد، ئەویش زۆر بێ منەتانەء سێو دووى لێ نەکردء سێ بەردى خستە دەستمء تەڵاقی دام، تەنها لەبەرئەوەى پێم گوت کار و کاسبیەک بکات، تا وەک دوو هاوسەرى خۆشبەخت بژین)).
ئەوەى تر (خ) لە هەژدە ساڵیەوە و باوکى بۆ تێرکردنى مەرامەکانى ژن بە ژنی پێدەکات ء دەڵێ ((من تاقانەى باوک ء تەمەن هەژدە ساڵان بووم، کە باوکم بۆ خۆمی بەژندام، دایک ء براکانم دەسەڵاتیان بەسەردا نەدەشکا، تەنها بۆ تێرکردنى خۆى کە ژنى چوارەمى بوو (یەکێکیشیان مردبوو) دوو برامی ناچارکرد ماڵ ء نیشتمان جێ بهێڵن ء سەریان هەڵبگرن لە تەمەنى هەرزەکاریدا، کە ئێستاش سۆراخیان نازانین.. لە پیاوێک مارەى کردم کە سێ تەمەنى منى هەبوو، بەنا بەدڵی گواستمیانەوە، ئەویش ژنێکی ترى هەبوو، دواى زیندانیکردن لە ماڵەوە و تێهەڵدان ء سوکایەتی پێکردن، پاش چوار ساڵ تەڵاقی دام ء جگەرگۆشەکەشمی لە سۆزى دایکایەتى بێبەشکرد)).
ئەوانە نموونەى دەیان حاڵەت ء ئەزموونى دیکەن، کە رەنگە هۆکار و پاڵنەرەکانیان هەمەچەشن بن، کە بە رۆڵی خۆیان ناچار بە پرسیارمان دەکەن دەربارەى دیاردەى جیابوونەوە و تەڵاق.
بەلاى خۆیەوە راوێژکارێکی پزیشکى دەروونى لە بارەى هۆکارەکانەوە دەڵێ ((هەژارى ء نەخوێندەوارى، هەندێ جاریش نازکێشان ء رەفاهیەت لەوانەیە ببنە هۆکارى ئەو جۆرە جیابوونەوانە، بەڵام هۆکارى سەرەکى نیین.. لەگەڵ ئەوەشدا زوو جیابوونەوە بەرهەمى زوو هاوسەرگیرییە، واتە ژن ء مێرد لەوانەیە لە تەمەنێکی بچوکدابن ء هێندە ئەزموونیان لە ژیاندا نەبێت، بە تایبەتیش کە گیانى بەرپرسیارێتی لاى پیاو ون بوو، ئیدى ئەو گرفتانە روو دەدەن)).
هەروەها وتى ((زۆرجاریش فشارکردن ء زۆرکردنە سەر کچ کە بێ ویستى خۆى بە کەسێک رازی بێت، جۆرێک لە دڵەڕاوکێ لەلاى دروست دەکات ء بەسەرخۆیدا دادەخرێء رێگا چارەی تر شک ناباتء ناچار رووبەڕووى ئەم حاڵەتە دەبێتەوە، کە ئەمەش ئاستی هوشیارىء رۆشنبیرى خێزان رۆڵ لە دروستکردنیدا دەگێڕن)).
بەلاى خۆیشیەوە مامۆستایەکى دەروونناسی گوتى ((بەشێویەکى گشتی رێژەی لێکجیابوونەوە لە زیادبووندایە، دیارترین هۆکارەکانى تەشەنەسەندنى ئەو دیاردەیەش بۆ لایەنى کۆمەڵایەتى دەگەڕێنەوە، وەک نەگونجانى تەمەن ء ئاستى هوشیارى، سەرنەکەوتن لە دەستنیشانکردنى کەسی بەرامبەر، خێرا بڕیاردان.. هتد، هەموو ئەوانە دواتر کەسەکە دووچارى شۆک دەکەن، ئەویش لەبەر لەگەڵ یەکتر نەگونجانى سروشت ء میزاج ء ئارەزووەکانیان، بەمەش دابڕانێکی دەروونى لە نێوانیان دروست دەبێت ء کۆتاییەکەى بە تەڵاق دێت)).
هاوکات دەڵێ (( هەندێ هۆکارى بایۆلۆجیش رۆڵ لە دەرکەوتنى ئەو دیاردەیەدا دەبینن، چونکە هاوسەرگیرى جگە لەوەى سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە، هەروا سێکسیشە، لەبەرئەوەى سێکسیش چەشنی خواردن ء خواردنەوە غەریزەء پێداویستى مرۆڤە، کاتێکیش لەم رووەوە نەگونجان روو دەدات، بەهۆیەوە بۆشایی دەکەوێتە نێو پەیوەندى هاوسەرەکان، ئەوەش بەلاى خۆیەوە کەموکورتیەک دروست دەکات، هەر بۆشاییء کەموکورتیەکیش لە ژیانى هاوسەرگیریدا ئەگەر لەسەرخۆء زانستیانەء بە عەقڵ مامەڵەى لەگەڵدا نەکرێ، پرۆسەکە بە شکست کۆتایی پێ دێ)).
وەکوتریش ئافرەتێکی کۆمەڵناسء شارەزای بوارى پەروەردە وتى ((تەڵاق زیاتر لەنێو چینە دەوڵەمەندء خۆشگوزەرانەکان روو دەدات، وەک لەنێو چینی ناوەڕاست ء هەژار، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونى هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دەگەڕێتەوە، جگە لەوەش کە ئەم دیاردەیە لەنێو چینە هەژارەکاندا کەمە، لەبەرئەوەیە کە هەمیشە کۆمەڵگا بە چاوێکی ناشیرین سەیرى ئافرەتى تەڵاقدراو دەکات، هەتا ئەگەر ئەو راستیش بێتء لەسەر رەوایی بێت، بۆیە تا پێی دەکرێ بەرگەى ئازارء سوکایەتیش دەگرێ بەس بۆ ئەوەى نازناوى تەڵاقدراوى پێوە نەلکێ، پیاوەکەى چینی هەژار و ناوەڕاستیش دونیایەک حسابات دەکات، بۆیە تا پێی دەکرێ خۆی دەپارێزێ ء لەولاش هەوڵی سەلماندنى پیاوەتى خۆى دەدات لە بەرامبەر ژنەکەیدا
Views: 658 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  نوفمبر 2008  »
إثثأرخجسأح
     12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz