السبت, 2024-11-23, 7.08.09 PM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2008 » نوفمبر » 24 » خانزاد.. دووجار زوڵم و نەهامەتی
3.57.01 PM
خانزاد.. دووجار زوڵم و نەهامەتی


خانزاد   ناوی خوازراوی ئەو كیژەیە كە چیرۆكی بەسەرهاتی ژیانی خۆی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە..
ئەو كاتەی لە پۆلی سێی ناوەندی بووم هاتووچۆی ماڵی (دەریا)م دەكرد كە هاوڕێی قوتابخانەم بوو، لەماڵی ئەو برادەرم (فریاد)م ناسی كەخزمی ماڵی (دەریا)بوو. ئەوەی بیرم لێ نەدەكردەوە خۆشەویستی و پەیوەندی دروستكردنبوو لەگەڵ كوڕدا، خەونی من تەنها خوێندن و تەواوكردنی خوێندنبوو، لەماڵی (دەریا) چەند جارێك من و (فریاد) یەكترمان بینی و ئەو یەكتر بینینە هێواش هێواش خۆشەویستی لێدروستبوو، خێزانەكەی ئێمە خێزانێكی داخراوو دڵپیسبوون، براكانم رێگەیان پێنەدەداین تێكەڵی خەڵكی بین و هاتووچۆی دەرەوە بكەین بۆیە لە قوتابخانە دەریانكردم، براكانم دەیانگووت كچ قوتابخانەی بۆچییە بەیانی شوودەكاو تەنها ئەركی بەخێوكردنی ماڵ و منداڵە..
پەیوەندی خۆشەویستی من و فریاد پێیخستبووە ساڵی سێیەمەوە،. رۆژ لەدوای رۆژ خۆشەویستییەكەمان گەورەتر دەبوو، من لەبەر ئەوەی لەبنەماڵەیەكی ئاینی موحافزكاربووم دەترسام رۆژێك ئاشكراببم و دووچاری كێشەببمەوە، نەك هەر ئەوە دڵنیابووم كە خوێنم دەكرایە كاسەوەو بێ گیانیان دەكردم. ئەوە بوو داوام لە (فریاد كرد كە بێتە خوازبێنیم، فریاد بەهەموو دڵێكەوە منی خۆشدەویست و قەد بێدڵیمی نەدەكرد، سەرەتا (فریاد)كابرایەكی بێدەربەستبوو، ئامادەنەبوو هیچ لێپرسراوەتییەك وەربگرێ، ئەو موچەیەی كە وەریدەگرت هەمووی لە شتی بێكەڵك و بێسووددا خەرج دەكرد، جگەرەی دەكێشاو مەشروبی دەخواردەوە، سەرەڕای هەموو ئەوانە زیانی بۆ كەس نەبوو بەرێكوپێكی دەوامی خۆی دەكردو لەناو خەڵكدا رێزی هەبوو. (فریاد) زۆر بەقسەمی دەكرد ئەوە بوو زۆر هەوڵمدا لەگەڵیدا، وازی لە جگەرەكێشان و مەشروب خواردنەوە هێنا، دەستی كرد بەنوێژكردن و هاتووچۆكردنی مزگەوت، رێزی لەگیرفانی خۆی دەگرت و ئامادەبوو هەموو لێپرسراوێتییەك هەڵبگرێت،.
جگە لە فریاد هیچ كەسێكی تر لە بیروخەیاڵی مندانەبوو، وامدەزانی تاقە كوڕە لەسەر گۆی زەوی، بۆیە تەنها بیروئەندێشەم لای ئەوەبوو كەكەی رۆژێك بێت من و فریاد بەیەكتری شادببین و بۆ یەك بین، باری دارایی ماڵی ئێمە زۆرباشبوو، خۆمیش موچەیەكی باشم هەبوو، بۆ كارئاسانی ژیانی داهاتوومان و بەو ئومێدەی كە رۆژێك لە رۆژان هەر بۆ یەكدەبین، بڕێك پارەی باشم بۆ فریاد نارد بەمەبەستی كڕینی هەندێ كەلوپەلی ناوماڵ بۆ ماڵی داهاتوومان، ئەویش بەو پارەیە (بەفرگر، موبەریدەو تەباخ و جل شۆرو تەلەفزیۆن و سەتەلایت و..) هەندێ شتی تری پێكڕی و لەماڵی برادەرێكیدا داینا تا ئەو رۆژەی كە پێكەوە هێلانەی ژیانێكی خۆش بنیات دەنێین.
دوای ئەوەی داوام لە فریاد كرد كە بێتە خوازبێنیم، چەند رۆژێك دواتر فریاد چەند خزمێكی خۆی بۆ ئەو مەبەستە ناردە ماڵی ئێمە، كاتێك میوانەكان ئامانجی هاتنەكەیان ئاشكراكرد ماڵی ئێمە هەموویان(4برا+دوو خوشك+دایك) وەكو ئەوەی شتێكی سەیر قەومابێ، چاویان چووە پشت سەریان، بەیەك قسە گوتیان(كچی ئێمە نابێتە بووكی ئێوەو رێی تێناچێ) ئیتر بێئەوەی پرس بەمن بكەن ئیزنی میوانەكانیاندا، دوای رۆیشتنی میوانەكان ماڵی ئێمە بووە حەشرو قیامەت، براكانم گومانیان خستەسەرم و هەرچی قسەی خراپ و نابەجێ هەبوو هەموویان پێكردم، (مرۆڤ شەرم دەكات ناوی ئەو ووشە قێزەونانە بهێنێ)، برا گەورەكەم بەشەق و پێلەقە باشی لێدام، ئەو شەوە تا بەیانی خەوم لێنەكەوت، بۆ یەیانی پەیوەندیم كرد بەفریادەوە، بەڵام باسی لێدان و قسە خۆشەكانی ماڵم لەلانەكرد!، نەوەكو خەفەت بخواو تووشی داروخان بێ، خۆشەویستی فریاد بەڕادەیەك لەدڵمدابوو، نەك لێدان و ئیهانە، ئامادەبووم خوێنی خۆمی لەسەر بڕژێنم، من ورەی فریادم بەرزدەكردەوەو پێمدەگووت كە خوا كەریمەو ئەگەر ئێمە لەگەڵ یەكدا راستبكەین ئەوا هەر بۆیەك دەبین.
بۆ جارێكی تر خوازبێنی
دوای تێپەڕبوونی چوار پێنج مانگ بەسەر خوازبێنی یەكەمدا، جارێكی تر باوكی فریادو چەند پیاوێكی تر هاتنەوە بۆ خوازبێنیم، میوانەكان زۆر هەوڵیاندا لەگەڵ ماڵەواماندا، بەڵام ماڵی ئێمە یەكلابوون و رازینەبوون بۆ جارێكی تر هەوڵەكەیان سەری نەگرت، دایك و براكانم توڕەیی خۆیان بەسەری مندا خاڵی دەكردەوە، ئەوان دەیانگووت دیارە تۆ كوڕەكە دەناسی بۆیە وازناهێنێ و دێت بۆ خوازبێنیت، دیسان هەرچی قسەی سووك و ئیهانەبوو ، وابزانم پێنج جار ماڵی فریاد هاتن بۆ داوام، بەڵام هیچ سوودی نەبوو براكانم زۆر قسەی نابەجێ و سووكیان بە فریاد دەكردو دەیانگووت كابرایەكی خراپەو ئێمە چۆن خەڵكی وەها دەكەینە زاوای خۆمان! هەروەها دەیانگووت پێیان كردم ماڵی (فریاد) لەبنەماڵەیەكی باش نین و بنەماڵەی ئێمە بنەماڵەیەكی ئایینین و موحافزكارن و حەز ناكەین تێكەڵیان بین..بەڵام هەموو ئەو قسەو قسەڵۆكانە هیچ بنەمایەكیان نەبوو تەنها بۆ ئەوەبوون كە قەناعەت بەمن بكەن كە دەسبەرداری (فریاد)بم، لەراستیشدا (فریاد) كەسێكی موسڵمان و نوێژكەربوو، باوكیشی هەروەها!
من هیچ هیوایەكەم بەوە نەمابوو كە من و فریاد بەئاواتەكانی خۆمان بگەین،چونگە ئومێدی ئەوە لەماڵی ئێمەدا نەمابوو كە دڵیان نەرمبێ و لەكەللەرەقی خۆیان بێنە خوارەوە، جارێكیان لەلایەن فریادەوە ئاگاداركرام كە بۆجارێكی تر خەڵك دەنێرێ بۆ خوازبێنیم، بەڵام من رام لەگەڵیدا نەبوو، پێموابوو هیچ سوودێكی نییە، بەڵام فریاد هەرسووربوو لەسەر قسەكەی و منیش هیچم نەوت، ئەوەبوو خەڵكی نارد بۆ ماڵمان..گفتوگۆیەكی زۆركرا لەنێوان ماڵی ئێمەو میوانەكاندا، یەكێك لەمیوانەكان بەبراكەمی گووت باشە ئێوە ئەم كچانەتان بۆ چییە بۆ نایاندەن بەشوو؟ هەروەها گووتی باشە ئەگەر (خانزاد) نادەن بە فریاد، ئاڵای بدەنێ؟. لاتان سەیر نەبێ براكانم بێئەوەی پرسی من و خوشكەكەم بكەن 180 پلە بایاندایەوەو رازیبوون!. بەڵێ، براكانم رازیبوون و زۆریان پێخۆشبوو كە خوشكەكەی دیكەم بەدەن بە (فریاد)! كە ئەو هەواڵە گەیشتە ئاڵا، لەخۆشیدا خەریكبوو باڵی دەگرت! لەكەمتر لە دوو كاتژمێردا فریادو ماڵی فریاد بوون بەبنەماڵەیەكی باش و رێزدار! براكانم پێشتر ئاگر لەچاوەكانیان دەباری، بەڵام ئێستا دەڵێی ئەوان نین وازوو گۆڕان!
چاوەڕیێ مەرگی خۆمدەكرد، بەڵام چاوەڕێی ئەوەم نەدەكرد كە خۆشەویستەكەم كارێكی وەهابكات، هەرگیز چاوەڕێی ئەوەم نەدەكرد كە خوشكەكەم شوو بەخۆشەویستەكەم بكا! باشە ئەی براكانم؟ ئەی دایكم! خۆ ئەمان هەركە ناوی فریادو ماڵی فریادت لابهێنابانا،ئەوا ئاگر لەچاویان دەباری. خۆ فریاد هەر فریادەكەی جارانەو هەر ئەو فریادەیە كە چەندین جار هاتبووە داوای من و براكانم بەكافرو تاوانباریان دەكرد! باشە ئێستا چ لەمەسەلەكە گۆڕاوە وا خەونی منتان لەباربرد! باشە بۆچی فریادو ماڵی فریاد لەماوەی دوو كاتژمێردا بوونە موسڵمان و پیاوچاك و رێزدارو بنەماڵەیەكی باش!؟
ئەوەی من قبووڵمكرد، زەحمەتە هەموو كەس قبووڵی بكا، دنیام لەبەرچاوو رەشببوو، وامدەزانی هەموو دەرگاكانی بەختەوەری لەمن داخراوە، هیچ هیواو ئومێدێكم بەوە نەما كەبۆجارێكی تر وەكو مرۆڤێكی ئاسایی بژێم و بیربكەمەوە. مردن و خۆسوتاندم بەباشترین چارەسەر دەزانی. ئەم چیرۆكەم بۆ برادەرێكی خۆم گێڕایەوە، ئەو برادەرە دڵسۆزە زۆر رێنوێنی باشی دەكردم و قەناعەتی پێكردم كە ژیانی خۆم لەپێناوی كەسانی تردا نەكەمە قوربانی، ئەو رەفیقەم بووە براو هەمووشتێك بۆمن، ئەگەر ئەو نەبووایە دەمێك بوو وەك دەیان ژن و كچی ئەم وڵاتە كۆتاییم بەژیانی خۆم دەهێنا، بەڵام ئەو برادەرە لەهەموو شتێك پەشیمانی كردمەوە..
خۆشەویستەكەم گوتی لەبەر تۆ خوشكەكەتم خواست!
دوای ئەوەی فریاد مارەی خوشكەكەمی بڕی، زۆر هەوڵمدا كە فریاد لەبیرو دڵی خۆمدا دەربكەم، هەروەها واخۆم نیشاندەدا كە هەموو شتێك ئاساییە، ئەمەش لەبەر ئەوەی نەوەكو بەهۆی منەوە كێشە دروستببێت، جارێكیان فریاد هات بۆ ماڵمان تەنها خۆم و دەزگیرانەكەی لەماڵبووین، من هیچ خۆم تێكنەداو بەشێوەیەكی ئاسایی خۆم نیشاندا، بەدزیی خوشكەمەوە فریاد پێیگوتم كە لەبەر من ئاڵای خوشكمی مارەبڕیوە تالێمەوە نزیكبێت!، ئەم قسەیەی فریاد وەكو بۆمبێكی ئەتۆمی لەمێشكمدا تەقییەوە، باشە خوشكەكەم خیانەتی لێكردم، فریاد خیانەتی لێكردم، ئێستا نۆرەی منە كە خیانەت لە خوشكەكەم بكەم! كەوایە جیاوازی نێوان من و خوشكم چییە؟ ئیتر كەمنیش وەكو ئەوبم!؟ لەوێدا هیچم نەگوت گووتم نەوەكو كێشەیەك دروستبێ. دوای ئەوەی فریاد رۆیی تەلەفونم بۆ كردو تاپێم بكرا قسەی ناشیرینم پێگووت، گووتم تۆ پیاو بوایەت و یەك زەڕە وەفا لەگیانتدا بوایە خیانەتت لەمن نەدەكردو خوشكەكەمت نەدەخواست ئەگەر بەڕاستی و پاكی منت خۆشویستایە ئەوا كاری وەهات نەدەكردو چاوەڕێی منت دەكرد یان هەر نەبوایە خۆشكەكەمت مارە نەكردایە، دواتریش كە خوشكەمت مارەكرد منت لەبیركردایەو تەنها بیرت لای دەزگیرانەكەی خۆت بوایە.
سڵ لەهەموو كوڕێك دەكەمەوە
هەرچەندە هەر پێنج پەنجەكان وەك یەك نیین، بەڵام فەشەلهێنانی یەكەم تاقیكردنەوەی خۆشەویستیم، وایلێكردووم كە گومان لەهەموو كەسێك بكەم، ئەگەر یەكێك خۆشەویستەكەی، خوشكەكەی خیانەتی لێبكا چۆن بڕوا بەكەسێكی تر بكا!؟ ئەوە رفتارو هەڵسوكەوتی براكانم بێت، دەبێ چۆن ئومێدم بەژیان و ئایندەی خۆم هەبێ!؟ ماڵی ئێمە هەریەكەیان حكومەتێكن، دایك حكومەتێكە، خوشك حكومەتێكە، پێنج براكەم هەریەكەیان حكومەتێكن، ناڕازیبوونی یەكێك لەو حكومەتانە لەمەسەلەیەك ئەوا ئیتر هەموو شتێك هەرەس دەهێنێ و سەرناگرێ. بۆیە بڕوام بەخۆشەویستی نەماوەو بڕوام بەوە نەماوە كەجارێكی تر پەیوەندی لەگەڵ كوڕێكدا ببەستم بۆ زەواج
Views: 785 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  نوفمبر 2008  »
إثثأرخجسأح
     12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz