السبت, 2024-11-23, 6.53.12 PM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2008 » نوفمبر » 15 » نێرگز .... منداڵێكی ناشەرعی... چارەنووســێكی خەمناك
2.25.37 PM
نێرگز .... منداڵێكی ناشەرعی... چارەنووســێكی خەمناك

لای زۆربەمان بەزحمەت بارودۆخی منداڵێكی دایك و باوك نەزانراو(واتە ناشەرعی) مان بۆ هەزم دەكرێ، بێ ئاگا لەوەی كە لەم هەڵوێستەماندا دووجار هەڵە دەكەین، یەكێكیان غەدر و ستەم لەو منداڵە دایك و باوكە نەزانراوە دەكەین، ئەویتریشیان خۆمان دەخەینە ناو دۆخێك كە تیایدا حوكم بەسەر چارەنووسی مرۆڤێكی بچكۆڵەی لا نەواز و بێ دەسەڵات دەدەین، بێ ئەوەی ئەسڵەن ئەو هەقەشمان هەبێت... حوكمی ئێمە و حوكمی كۆمەڵگەش بێ بنەما و زاڵمانەن، هەر وەك ئەوەی بەسەر(پەرژین)دا هات، كە قەدەر ئەوی وەك منداڵێكی دایك و باوك نەزانرا و هێنایە دونیا و ئاخیرییەكەشی هەر بێ دایك و باوك، بێ كەس و بێ نەوا مایەوە.
دۆزینەوەی منداڵێكی دایك و باوك نەزانراو
بەیانییەكی زوو بوو كە(تاریق) وەك رۆژانی دیكەی ئاسا، لە خەو رابوو، بێ ئەوەی بەرچایی بخوات، جلی خۆی گۆڕی و هاتە دەرەوە، هەر كە بستێك دەرگای كردەوە، دەنگێكی كز و باریكەڵەی منداڵێكی ساوای هاتە بەرگوێ، ساتێك بە واق ورماوییەوە هەستی خۆی راگرت و سەیری تەنیشتەكانی خۆی كرد، هیچ شتێك سەرنجی رانەكێشا، بەڵام لەپڕ نوزەیەكی گوێ لێ بوو، كە سەری بۆ بەرپێی خۆی خوار كردەوە، چ ببینێ، منداڵێكی سپیكەڵەی خڕپن، كە روومەتەكانی بەهۆی سەرماوە سوور هەڵگەڕابوون، لە ناو قۆنداغێكی سپی تووند شەتەك درابوو، هەر نقەنقی بوو، دەبزواو و ئۆقرەی نەدەگرت، بەڵام پێشدەچوو لەسەرمان و لەبرسانیش تاقەتی نوزە و گریانی نەمابووبێ،(تاریق) كە دیمەنی منداڵەكەی بینی، بەبێ ویستی خۆی، خۆی خواركردەوە و لەسەر چۆكان دانیشت و دەستی بۆ منداڵەكە درێژ كرد و بەهێواشی هەڵیگرت، لەگەڵ هەڵگرتنەوەی خزاندییە بن باغەڵی و لەو كزە بایە ساردەی كە ئەو بەیانییە هەڵیكردبوو، پاراستی،(تاریق) بەو پەڕی سۆز و جگەرسۆزییەوە، ماچێكی نەرمی لە روومەتە سڕبووەكانی كرد و بە پرتاو بردییە ژوورەوە، لەو لاشەوە لە سووچی كۆڵانەكەی ئەو سەرەوە ئافرتێك، بەعەبایەكەوە وەستابوو، تەماشای ئەو دیمەنەی دەكرد، كە كابرا منداڵەكەی بردە ژوورەوە، تاوێك وەستاو هەناسەیەكی ئارامی هەڵكێشاو پاڵی بە دیوارەكەی پشتیەوە ناو دوو دڵۆپ فرمێسكی گەرم لە چاوەكانی هاتنە خوارەوە و رۆیشت...
منداڵێك دیاری خودایە
(رووخۆش)ی ژنی(تاریق) تازە لە خەو هەڵسابوو، خەریكی هەڵگرتنەوەی نوێن و دۆشەكەكان بوو، كاتێك(تاریق) ی بینی، منداڵێكی لە ناو قۆنداغەێك پێچراودا بەدەستەوەیە و دێتە ژوورەوە بە چاوی ئەبڵەقەوە، سەرسامانە لێی پرسی ئەو منداڵە چییە لە باوەشتەوەیە؟ (تاریق) هەر ئەوەندەی گوت:
دیارییەكی خودایە بۆ ئێمە.
(رووخۆش و تاریق) چوار ساڵ بوو، ژیانی هاوسەرێتیان پێكەوە نابووە، بەڵام منداڵیان نەدەبوو، هۆیەكەش، بە قسەی پزیشكان لە (رووخۆش) بوو، دیتنەوەی ئەم منداڵە ئەگەر بۆ(رووخۆش) رێككەوتێكی خۆش بوو، بەڵام بۆ(تاریق)ی مێردی خۆشتربوو، بۆیە هەر ئەو دەمە هەردووكیان لە دڵی خۆیانەوە بڕیاریان دابوو كە وەك جگەرگۆشەی خۆیان بەخێوی بكەن.
هەر ئەوكاتەی(رووخۆش) دەستی بەرزكردەوە و داوای لە هاوسەرەكەی كرد كە منداڵەكەی پێ بدات، ئەویش بۆی درێژ كرد و بە میهرەبانییەوە خستییە باوەشی ژنەكەی،(رووخۆش) دووپەنجەی دەستی بە نەرمی وەك ئەوەی پەمۆبن، لە روومەتە گچكەكانی منداڵەكە خشاند، ئەویش وەك غەریزە دەموچاوی بۆ لای پەنجەكان سووڕاند، (رووخۆش) بە مێردەكەی گوت كە خێرا بچێ مەمە شیرێك و قوتوە شیرێكی نیدۆی بۆ بكڕێ وەك بروسكە بگەڕێتەوە، پاش چەند خولەكێكی كەم مێردەكەی بە پرتاو گەڕایەوە و قوتووە شیرەكە و مەمە شیرەكەی پێ دا، ئەویش لە چاوتروكانێكدا شیرێكی بۆ گرتەوە، سەری مەمەكەی خستە دەمی منداڵەكە، لە چاوتروكانێكدا منداڵەكە نیوەی شیركەی خوارد و دواتر وردە وردە تەواوی شیرەكەی مژی و كەوتە خەوێكی قوڵ.
گەورەبوونی منداڵەكە
(رووخۆش و تاریق) ئەوەیان لەبیر نەمابوو كە ئەو منداڵەی بڕیاریاندا بوو بیكەنە منداڵی خۆیان، منداڵێكی بێ دایك و باوك بوو، هەر وایاندەزانی هی خۆیان، منداڵەكە كە (كچ) بوو رۆژ بەرۆژ لە ئامێزی ئەو ژن و مێردە بەوەفایە گەورە دەبوو، ئەوان هەر هەمان رۆژ كە دیتبوویانەوە، ناویان نابوو،(نێرگز)ساڵان هات و رۆیی، نێرگز وردە وردە گەورەبوو تا تەمەنی گەیشتە دوانزە ساڵان، قەدەر وابوو(رووخۆش) بەرووداوی ئۆتۆمبێڵ كۆچی دوایی بكات نێرگز و تاریقی باوكی بە تەنیا مانەوە، بەهۆی فشاری خەڵك و ناچاری و پێویستی ، تاریق ناچاربوو، ژنێكی تربێنێ، بەڵام ژن چ ژن بەڵایەك بوو بۆ خۆی ، تا بڵێی نەزان و كەللە رەق و كیناوی بوو، هەر لە یەكەم رۆژەوە بەربەرەكانێی ئەو كچە بەستەزمانەی دەكرد، مامەڵەی خراپ، جنێوپێدانی بەردەوام، كارپێكردنی هەمیشە و تاقەت پڕوكێن، ژیانی(نێرگز) كە لە سایەی (رووخۆش) ی دایكی بەسەری بردبوو، لەبەهەشتێكدابوو بۆ خۆی، بە هاتنی ئەو ژنە قین لە دڵە، ئەو بەهەشتەی لێ كرابووە، دۆزەخێكی بێ ئامان، چوار ساڵی رەبەق لەگەڵ ئەو ژنە دڵ رەقەدا ژیانێكی كوڵەمەرگی بەسەر برد، هەموو رۆژێك بە منداڵە زۆڵەكە بانگی دەكرد، ئەم ناونانە ببووە وێردی سەر زاری ئەو ژنە، تاوەكو رۆژێكیان(تاریق)چیتر بەرگەی ئەو هەموو سووكایەتی پێكردنەی ژنەكەی بەو كچە ناگرێ و داركارییەكی باشی دەكات و وشەی منداڵی زۆڵیشی پێ تەرك دەكات.
ئیتر رێكەوت وا دەكات چەند جارێك ناسیاوێكی ماڵی خەزوورانی پێشتری واتە باوانی رووخۆش ژنە كۆچ كردووەكەی بەهۆی كارێكەوە هاتووچۆیان بكەن ئەوانیش كوڕێكی گەنجیان لەگەڵدا دێت، نێرگز و ئەم كوڕە وردە وردە سەرنجی یەكتر دەدەن، پاشان دڵیان دەچێتە یەكتر و حەز لەیەك دەكەن، پاشان چەند مانگێك لەو یەكتر لە دوورەوە خۆشویستنە، ئێوارەیەكی رۆژی پێنج شەممە ماڵی باوكی ئەو كوڕە كە ناوی(نەجدەت) دەبێ، بۆ خوازبێنی كردنی(نێرگز) دەبنە میوانی ماڵی(تاریق) هەردوو لا رێكدەكەون و كچ و كوڕەش بەیەك رازی دەبن(تاریق) بە ژنەكەی دەڵێ كە نەكا هەڵەی وا بكات، بەو ماڵە بڵێت كە نێرگز منداڵێكی دیتراوەیە و بە ئەسڵ كەس نازانێ دایك و باوكی كێن، یا بە هەر جۆرێك بێ ئەو زانیارییە بەوان بدات.
هەر چۆنێك بێت دوای نزیكەی مانگێك(نەجدەت) تەدارەكی زەماوەند ئامادە دەكات و ناوی خوای لێدێنێ و(نێرگز) دەگوازێتەوە.
تەڵاقدانی نێرگز
نزیكەی هەشت مانگان(نێرگز) لە ماڵی مێردی دەبێ، نیوەڕۆیەكی درەنگ(نەجدەت) بە پرتاو ، بە ڕەنگی پەڕیوو و توڕەییەكی لە رادە بەدەرەوە دێتەوە ماڵەوە و یەكسەر خۆی بە ژووردا دەكات و بە (نێرگز)دەڵێ: پێمبڵێ كێ دایك و باوكی تۆیە ئایا راستە(تاریق) باوكی راستەقینەی تۆ نییە؟ لێرەدا تا نزیكەی كاتژمێرك و نیوێك، (نەجدەت) دەكەوێتە لێپرسینەوەی (نێرگز) دواجار دەگاتە بنج و بنەوانی مەسەلەكە و تێدەگات كە چ قەوماوە، ئیدی ئەویش بڕیاری خۆی دەدا و رێك(نێرگز) تەڵاق دەدا و رادەستی ماڵی(تاریق) ی باوكی دەكاتەوە، كە (تاریق) دێتەوە، دەبینێ(نێرگز) لەسەر دەم كەوتووە و هۆڕ هۆڕ دەگریێ، هەر ئەوەندە بە (تاریق) دەڵێ:
خودایە چ دەبوو، ئەگەر تۆ باوكی راستەقینەم بای بەڵام ئەگەر هەر كەسێكی تر بێت، و بڵێ من باوكی تۆم، تفێكی گەورەی لە نیوچەوانی دەكەم چونكە باوكی راستەقینەی من ناوی (تاریق)ە و بەس
Views: 689 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  نوفمبر 2008  »
إثثأرخجسأح
     12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz