Main » 2008 » نوفمبر » 14 » قژی درێژو جلوبەرگی تەسكی كوڕان لە روانگەی كچانەوە
2.42.58 PM قژی درێژو جلوبەرگی تەسكی كوڕان لە روانگەی كچانەوە |
سیمایەكی رۆژهەڵاتی جوان، بەژن و باڵایەكی زراڤ، هێدی لە قسەكردن، تەمەنی
تەنها(21) ساڵێك دەبوو خۆی بە(پەری) پێناساندین، ئەو وێڕای ئەوەی مامۆستای
سەرەتاییەو پارساڵ پەیمانگای تەواوكردووە، كەچی بیروبۆچوونەكانی زیاد لە
پێویست گەنجانەو سەرنجڕاكێش بوون، پەری گوتی: "گەر كوڕێك قژی درێژ نەبێ و
جلوبەرگی كابۆیی تەسك لەبەر نەكات، هەر تەماشاشی ناكەم!!" ئەو بۆچوونەی
پەری زۆر سەرنجی راكێشام وایلێكردم پرسیاری ئەوەی لێبكەم، ئایا دەكرێ
تەنها لە رێگەی رووی دەرەوەی مرۆڤ و شێوەی جل و دەموچاو، مرۆڤەكان
هەڵبسەنگێنین، (پەری) دەڵێت: راستە ناكرێ بەڵام هەر سەردەم و رۆژگارێك
سیماو مۆدەی تایبەت بەخۆی هەیە، بە هەمان شێوە قۆناغە جیاجیاكانی تەمەنی
مرۆڤیش سروشت و تایبەتمەندی جیاواز هەڵدەگرن،(پەری) پێی وابوو پێویستە
مرۆڤ هەریەك لەو قۆناغانە بە سروشتی قۆناغەكە بژی، هەروەها گوتیشی ناكرێ
منداڵێك پێش زەمەنی خۆی بكەوێتەوەو وەك گەنجێكی(18) ساڵان بیربكاتەوەو
هەڵسوكەوت بكات، هاوكات رەوانییە گەنجێكیش پیرانە بژیت، "جلوبەرگ و مۆدەی
قژو جوانیش تەنها چەند مانگ و ساڵێكی دیاریكراو حزوریان لە ژیانی تاكەكان
هەیە ئەویش لە قۆناغی لاوێتییەو دواتر بوونیان نامێنێ" هەربۆیە پەری جەختی
لەسەر ئەوە دەكردەوە كە پێویستە دوور لە هەڵەكردن لە ژیانی گەنجێتیدا
حەزمان لە چی بێت بیكەین و كەسایەتیمان تووشی داچەپاندن نەكەین.
- قژی درێژو لەبەركردنی جلوبەرگی تەسك لەلایەن كوڕانەوە، یەك لەو دیاردە
بەربڵاوانەیە كە سەرتاپای توێژی لاوانی لە دونیادا گرتۆتەوە، ئەمڕۆ
جلوبەرگی جینزو ئەو شێوە قژە وەك مۆدێكی جیهانی لێهاتووە، هەندێك ئەو جۆرە
كوڕانە بە كوڕی مۆدێرن و سەردەمی ناودەبەن، بەڵام لە هەمانكاتدا كەسانێكی
دیكە هەن بە مۆدێل و شێوەیەكی گونجاوی بۆ كوڕان نازانن، لێرەدا ئەوەی
گەرەكمانە بە وردی لەو بارەیەوە بیزانین بۆچوونی كچان و ئافرەتانە لەگەڵ
دەسنیشانكردنی ئەو فاكتەرانەی لە پاڵ ئەو دیاردەیەوە دەوەستن.
- (فرمێسك تەڵعەت) 22 ساڵ پێی وایە گەر ئەو حاڵەتە بووبێتە دیاردەش،
بــــــــــــــەڵام دیاردەیەكی خەتەرناك نییە زۆر حاڵەت و كرداری دیكە
هەن پێویستیان بە چارەسەری بە پەلە هەیە نەك مۆدو دیاردەیەكی لەو جۆرە
(فرمێسك) كە قوتابییەكی زانكۆی كۆیەیەو تەنها ساڵێكی ماوە خوێندن تەواو
بكات هێما بۆ ئەوەش دەكات كە چۆن لەو سەردەمەدا كوڕان حەز دەكەن
جلوبەرگیان بەو شێوەیە بێ و قژیان درێژ بكەن، بە هەمان شێوە باوك و
نەوەكانی پێش ئێمەش جۆرە مۆدێلێكی جلوبەرگ و پرچ بڕینیان هەبووەو لەسەری
رۆیشتوون، هەروەها گوتیشی: هەر نەوەیەك كوڕی رۆژگاری خۆیەتی و بە بەهاو
شێوە ژیان و خەسڵەتەكانی سەردەمەكەی كاریگەرە بۆیە دەڵێت: من ئەو جۆرە
كوڕانە زۆر سەرنج رادەكێشن چونكە هەر لەسەرو سیمایان ئادگارو هێمایەك
دەدۆزتەوە لە توێژەكانی دیكە جیایان دەكاتەوە.
- بە بۆچوونی (ئەحلام حەسەن عەلی)یش قژ درێژكردن و لەبەركردنی جلوبەرگی
تەسك لەلایەن كوڕانەوە شتێكی زۆر ئاسایی و نۆرماڵە چونكە وەك (ئەحلام)
دەڵێ، نابێ ئەو ریتم و شێوە ژیانەی پیرەكان لەسەری راهاتوون و پێوەی
پابەندن بەسەر گەنجانیش گشتگیر بكرێ و ئەوانیش ناچار بكرێن، چونكە حاڵەتی
تەندروست ئەوەیە هەر توێژەو لە قۆناغ و سەردەمی خۆی بژی نەك قۆناغێكی
دواتر. (ئەحلام) كە خەڵكی شاری بەغدایەو هەنووكە بەهۆی وەزعی ئەمنی بەغدا
لە شاری هەولێر دەژییەت، ئێستا لە پۆلی شەشەمی زانستییە، باس لەوە دەكات،
بارودۆخی كوردستان لەگەڵ پارێزگاكانی دیكە زۆر جیاوازە لێرە گەنجان
بەتایبەت كچان ئازادو سەربەخۆترن بەتایبەت لەرووی جلوبەرگ پۆشین و مۆدێل و
ماكیاژكردن، (ئەحلام) بەردەوام بوو گوتی: زۆركەس و لایەن هەن لە بەغداو
شارەكانی دیكە هەوڵی لە ناوبردنی سیماكانی ژیانی مەدەنییەت دەدەن، بە
هەڕەشەو تۆقاندن بێ یان بە لێدان و كوشتن بێت گەنجان لە مۆدێل و ژیانی
سەردەمیانە دووردەخەنەوە، لە دوا بەشی قسەكانیدا ئەو كچە بەغداییە دەڵێت:
"لەگەڵ ئەوەی دەمووچاو و جلوبەرگ پێوەرنین بۆ هەڵسەنگاندنی كەسایەتی مرۆڤ
بەڵام من وەك كچێكی رۆژگاری ئینتەرنێت و سەدەی بیست و یەكەم لام گرنگ و
زەروورە كوڕان بایەخ بەو جۆرە مۆدانە بدەن و خۆیان پێی بڕازێننەوە.
- (ئەحمەد عەبدوڵڵا) گەنجێكی(18) ساڵانە ئەو وای بۆ دەچێت زێتر لە هۆكارو
فاكتەرێك هەن وا دەكەن لاوان بكەونە ژێر كاریگەری مۆدێلی قژبڕین و
جلوبەرگی ئەوروپییەوە، (محەمەد) دەڵێت: هۆكاری یەكەم چاولێكەرییە،
چاولێكەری لە ژیان و گوزەرانی گەنجانی ئەوروپا، كەسانێك هەن بەردەوام لە
TVو ئینتەرنێت بەدوای مۆدو مۆدێلكاری دەگەڕێن هەروەها سەرتاش و
بازرگانەكانی جلوبەرگیش لە پێناو بە هەڕمێنكردنی بازاڕی كڕین و فرۆشتن هەر
مۆدێلێكی جلوبەرگی نوێ یان تەسریحەیەكی پرچ بڕین لە وڵاتانی دەوروبەرو
ئەوروپا دابهێندرێ ئەوا یەكڕاست بۆ كوردستانی دەگوازنەوە، (ئەحمەد) كە
كابۆیەكی تەسك و قژێكی نیمچە درێژی هەبوو كاتێك لێم پرسی كە دەزانی
وەزعەكە بەم شێوەیەیە ئەی بۆچی كەوتیتیە بە كاریگەرییەكەی لە وەڵامدا بە
پێكەنینەوە گوتی:"چیبكەم ئەوە مۆدێلەو كچانیش ئاوایان دەوێت".
- گەر هەندێك لە كچان حەز لە كوڕی لەو جۆرە بكەن و سەرنجیان رابكێشێ كەچی كچانێكیش هەن بەشێوەیەكی دیكە بیر دەكەنەوە.
- خاتوو (نازەنین جەلال) مامۆستای ئامادەیی (28) ساڵ جیاواز لە
بۆچوونەكانی پێشوو دەڵێت: هەریەك لە پیاو و ئافرەت جلوبەرگ و شێوە بڕینی
قژی تایبەت بەخۆیان هەیە هەموومان ئەو راستییە دەزانین و پێویست ناكات
شتەكان لە خۆمان تێكەڵ و پێكەڵ بكەین"من هیچ پیاوەتی و سیمایەكی نێرانە
لەو كوڕانە نابینمەوە كە پرچیان درێژكردووەو كچانە هەڵسوكەوت دەكەن"
(نازەنین) بۆچوونی وابوو گەنجێكی زۆر بەهۆی تەقلیدكردنی ژیانی رۆژئاوایی و
خۆ دەرخستن وەك كەسێكی جوان و مۆدێرن خۆیان بزركردووە، چونكە ئەوان لێرە
نەدەتوانن تەواو وەك رۆژئاوا بژین نە دەشتوانن لەگەڵ ژیانی ئێرە هەڵكەن
بۆیە"بە هەڵپەسراوی لە نێوان زەوی و ئاسمان ماونەتەوە" هەروەها گوتیشی:
"ئەو دیاردەیە وەنەبێ هەر تەنها كوڕان بگرێتەوە بەڵكە زیاتر لەوان كچان
كەوتوونەتە بەر تەوژمەكەی و لاساییكردنەوەی كوێرانە پەیڕەو دەكەن".
- لە روانگەی (نونا موحەرەم یەعقوب)یش هەموو حاڵەت و دیاردەیەك تا ئەو
ئاستە ئاساییە كە هەڵگەڕاوەو دوور نەبێ لەگەڵ شتە باوەكانی كۆمەڵ، بەڵام
گوتیشی: دەبێ رێز لە حەزو روانگەی گەنجان بگیرێت و رێگەیان پێبدرێت
گەنجانە بژین و چێژ لەو قۆناغە بەهارییەی تەمەن وەربگرن، (نازەنین) كە
چەند ساڵێكە مێردی كردووەو ئێستا فەرمانبەرە، ئاماژەی بۆ ئەوەش دەكات هەر
سەردەم و رۆژگارێك لەرووی جلوبەرگ و قژبڕین و لووكی دەمووچاوەوە، مۆدی خۆی
هەیەو ئەوانەی زیاتر لەگەڵ مۆدێلكاریش دەڕۆن كوڕان و كچانن، بۆیە دەڵێت:
بەڕای من پێویستە حاڵەتەكە ئاسا وەربگیرێ و ئاڵۆز نەكرێ بە مەرجێك
زێدەڕۆیی نەكرێ و نەتوانین كوڕو كچ لێكتری جیابكەینەوە.
- مۆدێل و مۆدێلكاری لە هەموو سەردەم و شوێنێك بوونی هەیە تا ژیانی مرۆڤ بەردەوام بێ، ئەویش هەر لە گۆڕان و بەردەوامیدایە.
- توێژەری كۆمەڵایەتی (سۆران سەمەد) وێڕای پشت راستكردنەوەی ئەو قسانە باس
لەوەش دەكات كۆمەڵە فاكتەرێك هەن تەحەكوم بەو دیاردانەوە دەكەن لە پێشی
هەموویانەوە لایەنی بازرگانی ئینجا حەزی مرۆڤ بۆ گۆڕان و جوانكاری،(سۆران)
زیاتر بابەتەكەی شرۆڤەكردو گوتی: مەبەستم لە رووە بازرگانییەكە ئەو
كۆمپانیاو كارگانەیە كە تایبەتن بە بەرهەمهێنانی ماكیاژ و جلوبەرگ، ئەوان
ناوە ناوە لە پێناو زیادكردنی رێژەی فرۆشتن گۆڕان لە جۆرو شێوەی
جلوبەرگەكان دروست دەكەن، لایەنی دووەمیش مرۆڤ هەر بە سروشت حەزی لە گۆڕان
و جوانكارییە هەستی لاساییكردنەوەی تێدا زاڵە، هەروەها گوتیشی:"لە رووی
دەروونییەوە سەلمێندراوە مرۆڤ بەتایبەت گەنج حەز ناكات لەسەر یەك لووك و
جۆرە جلوبەرگێك بەردەوام بێ، چونكە گۆڕان، نوێبوونەوەو ئاسوودەیی بە
دەروون دەبەخشێ".
(سۆران) لـــــــــــــە كۆتـــــایی قـــــسەكانی دەڵێت: هەر مرۆڤەو كوڕی
رۆژگارەكەی خۆیــــــــــەتی بۆیە وا باشە ئەو شتانە بە سادەو ئاسایی
وەربگیرێت.
|
Views: 777 |
Added by: kurdsh
| Rating: 0.0/0 |
|