الأربعاء, 2024-05-15, 6.43.54 PM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2009 » يوليو » 13 » كوێستانم لە كۆڵ كردەوە، نۆرەی تۆش دێت
5.08.53 PM
كوێستانم لە كۆڵ كردەوە، نۆرەی تۆش دێت

ئەگەر ئەو سێ گوللەیەی بە مل و پشتی كوێستان كەوتوون، چەند سانتیمەترێك بەرزتر چووبان، رەنگە ئێستا پرسەكەشی تەواو بووایە. كوێستان ئەو گوللانەی لەلایەن رائیدێكەوە لێدران كە 27 ساڵ لە خۆی گەورەترەو خاوەنی 2 ژنە و، دەیویست كوێستان بكاتە ژنی سێیەمی. ئەو ئەفسەرە تائێستا دەستگیر نەكراوە.
كوێستان كامل تاهیر، 23ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی سێتاقانی هەولێرەو، خاوەنی ئارایشگەیەكی ئافرەتانە، شەوی 6 لەسەر 7/6/2009 لەلایەن پیاوێك بەناوی (ز.ئ) كە ئەفسەرێكی سەربازییە، درایە بەر دەستڕێژی گوللە و3 فیشەكی بەركەوت، كوێستان ئێستا لە نەخۆشخانەی ئیمرجنسی هەولێرەو دەست و پێیەكانی لەكار كەوتوون. كوێستان دەڵێ لەبەرئەوەی رازی نەبوو شووی پێ بكات، ئەو ئەفسەرە ئەوی دایە بەر گوللە.
ساڵێك بەر لە ئێستا ماڵی كوێستان دەچێتە ئەو گەڕەكەی ماڵی ئەفسەرەكەی لێ یە و دواتر هاتووچۆ و ئاشنایەتی لە نێوانیان پەیدا دەبێ. (ز) رائیدی سەربازییە لە فەرماندەیی سەفین، وەك دایكی كوێستان دەڵێت هیچ خزمایەتی لە نێوانیاندا نییە، بەڵام ئەفسەرەكە زۆر شەو لەگەڵ ژنەكەی دەچوونە ماڵیان، دایكی درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێ " هەركە چاوی بە كچەكەم كەوت وازی لێ نەهێنا، شەوێك ژنەكەی هاتە ماڵمان، گوتی هاتوومەتە داخوازی كچەكەت بۆ مێردەكەم، سەرم سوڕما، چونكە (ز) تەمەنی 50 ساڵەو دوو ژنی هەیە، كچەكانی هاوتەمەنی كوێستانن".
هەرچەندە وەڵامی ئەوان نەخێر دەبێت، بەڵام (ز) وازناهێنێت، بۆیە دایكی كوێستان داوای لێدەكات چیتر سەردانیان نەكات، (ز) ماڵی كوێستان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە. دایكی كوێستان دەڵێت "كچەكەم هەر داخوازییەكی دەهات، (ز) لێی تێكدەدا، بەداخوازیكەرانی دەگوت كوێستان ماڵی منە".
دوو مانگ پێش ئێستا ئەفسەرەكە دەچێتە لای كوێستان لە ئارایشگەكەی، بەڵام كوێستان بەپەلە دەرگا دادەخات و بە ئۆتۆمبێلەكەی هەڵدێت، (ز)یش بەدوای دەكەوێت، دەمانچەی لێ رادەكێشێت، بەڵام كوێستان رای ناگرێت، دایكی كوێستان قسە لەگەڵ (ز) دەكات، بۆ واز لە كچەكەی ناهێنێت، بەڵام (ز) دەڵێت "من بێ ئەو كچە ناژیم، وازی لێ ناهێنم، ئەگەر ئەو كچەشم كوشت، دواتر خۆشم دەكوژم".
دایكی كوێستان گوتیشی "كێشەكەمان بردە لای كاك نیهاد بارزانی، ئەویش بەڵێننامەی بە (ز) پڕ كردەوە كە واز لە كوێستان بێنێ".
مانگێك لەمەوبەر بارزان محەممەد، 23 ساڵ، دەچێتە خوازبێنی كوێستان، ئەویش رازی دەبێت، بەڵام (ز) كێشە بۆ بارزان دروستدەكات و مارەكردنەكەی دوادەخات. بارزان گوتی "ئەو ئەفسەرە بەردەوام هەڕەشەی لێدەكردم، دەیگوت، واز لەو كچە نەهێنی هەردووكتان دەكوژم".
بارزان باسی لەوەشكرد كە ئەو شەوەی كوێستان بریندار بووە، (ز) تەلەفۆنی بۆ كردووەو هەڕەشەی لێكردووە" لە تەلەفۆن جوێنی پێدام، گوتی بۆ واز لەو كچە ناهێنی، دەمەوێت لە ژیان رابوێرم، رائیدم حكومەتم لە پشتە تۆ چیت؟ ئێستا دێم دەتكوژم".
دایكی كوێستان بەهۆی ژانی پێیەكانیەوە، ئەو شەوە بە تاكسی دەچێتە لای پزیشك، دوای تەواوبوونی، تەلەفۆن بۆ كوێستان دەكات بە ئۆتۆمبێل بچێتە دوایان، كوێستان بەبێ ئەوەی هەست پێ بكات (ز) چاودێری دەكات، دەچێتە دوای دایكی، دایكی كوێستان گوتی" لە نزیك نۆرینگەكە(ز)م دیت، زۆری پێنەچوو دەنگی گوللە هات، زانیم لە كوێستانی داوە".
هەروەها كوێستان دوای رووداوەكە بە دایكی گوتووە لەكاتی چوونی بۆ لای ئەو، (ز) و دوو لە پاسەوانەكانی بینیوە، بۆیە لە ترسان بە ئۆتۆمبێڵەكەی هەڵاتووەو (ز)یش دوای كەوتووە، دواتر بەر دەستڕێژی گوللەی داوەو سێ فیشەكی بەر كەوتووە لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەكەی كوێستان لە ماتۆڕێك و ئۆتۆمبێلێك دەدات و دواجار بە دیواری قوتابخانەیەك رادەوەستێت، پاشان (ز) تەلەفۆن بۆ بارزان دەكات پێیدەڵێت "كوێستانم لە كۆڵ كردەوە، نۆرەی تۆش دێت".
كوێستان ئێستا لە نەخۆشخانەیەو دایكی دەڵێت دەست و قاچی لەكار كەوتووەو گوللەیەكیش لە ناو پشتیدا ماوەتەوەو، نەشتەرگەریەكەی پارەیەكی زۆری پێویستە، جگە لەوەش باری دەروونی تێكچووە "شەوان دەترسێت، دەڵێت (ز)بە چەكەوە دێتە پێش چاوم".
هەروەها كوێستان لە ئیفادەی دا بۆ پۆلیس گوتوویەتی "ئەو پیاوە دوو ژنی هەیە، چەندین جار داوای لێكردووم شووی پێ بكەم، بەڵام رازی نەبووم، لەبەر ئەوە بەردەوام دەیگوت دەتكوژم".
(ز) تائێستا دەستگیرنەكراوە، دایكی كوێستان دەڵێت "بیستوومانە(ز) هەندێكجار دەڵێت پەشیمانم، خەرجی كچەكە دەكەم، هەندێكجاریش دەڵێت هەتا بارزانیش نەكوژم خۆم رادەستی پۆلیس ناكەم". تەنیا داواكاری كوێستانیش دەستگیركردنی (ز)ە كە بۆ ئەو بووەتە كابوسێك.
بەر لەوەی (رووداو) بنەماڵەی كوێستان جێبهێڵێت، برایەكی بچووكی كوێستان كە تەمەنی 4 ساڵ بوو، لەناكاو هاتە قسەو گوتی "كوڕەكەی (ز) كە هێندەی منە، گوتی بابم شەوان بە دزییەوە دێتەوە ماڵ".
Views: 715 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  يوليو 2009  »
إثثأرخجسأح
  12345
6789101112
13141516171819
20212223242526
2728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz