الخميس, 2024-05-16, 1.11.40 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2009 » يوليو » 13 » باوكێك كچە تەمەن(18) ساڵەكەی دەكوژێت و هەڕەشەش لە دایكی كچە دەكات
5.05.05 PM
باوكێك كچە تەمەن(18) ساڵەكەی دەكوژێت و هەڕەشەش لە دایكی كچە دەكات


تاوان دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی ترسناكە و كاردانەوەیەكی نێگەتیڤانەی لەسەر تاك و كۆمەڵگا هەیە، بێگومان تاوان لە هەموو كۆمەڵگاكانی جیهاندا بوونی هەیە و كاریگەری خراپیشی دەبێت لەسەر خەڵك، ئەو كەسانەی تاوان دەكەن، ئەگەر جاران سیما و بەهایەكی بە نرخیان لە نێو كۆمەڵگادا هەبووبێت، دوای ئەنجامدانی هەر تاوانێك پێچەوانەوە خەڵكی بە چاوێكی سووك و نزمەوە سەیریان دەكات و ئەو پایەیان نامێنێ كە پێش ئەنجامدانی تاوانەكە لە نێو كۆمەڵدا هەیانبووە، چونكە بوونەتە هۆی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و لادان لە یاسا و رێنماییەكانی ئایین و شەریعەت، جا ئەو تاوانبارە پیاو بێت یان ئافرەت هەمان مامەڵەی لە نێو كۆمەڵگادا لەگەڵ دەكرێت، بەڵام ئەو تاوانانەی تاوەكو ئێستا دەكرێن 90%ی لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێن، ئافرەت بە حوكمی پێكهاتەی فسیۆلۆژی ناتوانێ هاوشێوەی پیاو دەستی بێچتە تاوان كردن هەروەكو چۆن لەو رووداوەدا دەیبینین كە باوكێك كچە تەمەن(18) ساڵەكەی دەكوژێت و هەڕەشەش لە دایكی كچە دەكات تا تاوانەكە چەواشە بكات (ناسكە) لەگەڵ ئەو هەموو زوڵمەی كە باوكی لێی دەكرد، دوای شكایەت لێكردن چووە دادگا لە داواكەی خۆی پەشیمان بووەوە و نەرمی بۆ باوكی نواند، بەڵام باوكی تاوانێكی گەورەی بەرامبەر ئەنجامدا و كۆتایی بە ژیانی هێنا.

ماندوێتی و خەم و پەژارە سەرتاپای گیانی گرتبۆوە زۆر كز و لاواز و بێ تاقەت دیاربوو، هاواری دەكرد بەڵام دەنگی زۆر بە كزی لە قورگی دەردەهات و دەیگوت(باوكی تاوانبارە، كچەكەمی كوشت جەرگی سوتاندم ماڵی وێرانكردم ، كچەكەم بێتاوان بوو لەگوڵ پاكتربوو ماڵیان وێرانبێ كە ماڵیان وێران كردین ئەوكات نەمتوانی بگەمە راستی بەسەرهاتەكە تەنیا ئەوە نەبێ كە زانیمان باوكێك كچەكەی خۆی كوشتووە بەڵام لەسەر چی و بۆچی؟ ئەوە و دەیان پرسیاری دیكە لە مێشكم دەخولایەوە بۆیە بەیانی زوو بەرەو هەمان شوێن كەوتمە رێ بەنیازی گەیشتنم بەڕاستی رووداوەكە، دیاربوو كەمێك لە رۆژی پێشتر هێورترببووەوە، بۆیە حەزمان كرد لەسەر زاری خۆی گوێمان لە هۆكار و چۆنییەتی رووداوەكەبێت و بزانین چۆن باوكێك دەستی چووە كوشتنی جگەرگۆشەكەی خۆی و لە نێو خوێنی خۆی گەوزاند، ئەم دایكە جەرگ سوتاوە بەمجۆرە گوزارشتی لەبێ دەسەڵاتی خۆی و كچەكەی بەرامبەر مێردە بێ ویژدانەكەی دەكرد و دەیگوت:

كچەكەم كە ناوی(ناسكە) بوو تا بڵێی كچێكی رەوشت بەرز و پاك بوو، تەمەنی(18) ساڵان بوو ئەویش وەكو زۆر لە كچانی نێو ئەو كۆمەڵگایە حەزی لە قوتابخانە بوو خەونی بە دوارۆژێكی گەش دەبینی رۆژێك دابێت كۆلێژ تەواوبكات و ببێتە خاوەن بڕوانامە و مووچەی خۆی هەبێ و پێویستی بەكەس نەبێت، لەسەرەتادا باوكی لەگەڵ چوونی بۆ قوتابخانە نەبوو، بەڵام من زۆر لەبەری پاڕامەوە و گوتم: منداڵە با ئەویش لەگەڵ منداڵانی گەڕەك بێت، بە هەرحاڵ بێت(ناسكە) وەكو قوتابییەكی زیرەك تا پۆلی پێنجەمی ناوەندی بڕی بەڵام رۆژانە شەڕ و ناخۆشی هەبوو لە ماڵماندا لەسەر چوونی(ناسكە) بۆ قوتابخانە، باوكی نەیدەویست خوێندن تەواوبكات هەرگیز لەگەڵ چوونی كچ نەبوو بۆ خوێندن و دەیگوت: كچ و خوێندنیان نەگوتووە، كچ بەیانی شوو دەكات و دەبێ ئاگاداری ماڵ و منداڵی خۆی بێت، دیاربوو ماڵی برای پیاوەكەشم دەوری سەرەكیان هەبوو لەم گرفتانەی نێوانمان ، هەردەم هانی باوكی(ناسكە) یان دەدا بۆ ئەوەی(ناسكە) لە قوتابخانە دەربهێنێت و بیدات بە یەكێك لە كوڕەكانی، بەڵام (ناسكە) سووربوو لەسەر ئەوەی كەوا بەهەر نرخێك بێت دەبێ قوتابخانە تەواو بكات، لەگەڵ دەربڕینی هەر وشەیەك دایكەكە دڵۆپ دڵۆپ فرمێسك لە چاوەكانی دەهاتنە خوار، بەدەم هەڵكێشانی ئاخ و ئۆفەوە بەردەوام بوو لە قسەكردن و دەیگوت بەڵام بەداخەوە ماڵی مامی رۆژ لە دوای رۆژ رق و كینەیان لەمن و (ناسكە) ئەستوور تردەبوو باوكی بەردەوام بەسەرمانا دەیقیژاندو هاواری دەكرد، چەندین جار كتێبەكانی(ناسكە)ی دڕاند بەڵام ئەو بە هەر جۆرێك با لە هاوڕێكانی وەری دەگرتەوە و سوورتر دەبوو لەسەر خوێندن، تا وەكو پۆلی شەشەم هیوای زۆری بە ژیان هەبوو، لەگەڵ ئەمانەشدا شەوێك مامی لەگەڵ هەندێك لە خزم و كەسەكانی هاتن بۆ ئەوەی بە زۆر (ناسكە) لە كوڕەكەی مارەبكات، بەڵام ئێمە رازی نەبووین و گوتمان: ئەگەر ئێوە وا بكەن ئێمەش ناچار دەبین سكاڵاتان لە پۆلیس لەسەر تۆمار بكەین، بۆیە ملی رێگایان گرت و رۆیشتن ، زانیان هەموو هەوڵەكانیان لەگەڵ ئێمە بێ سوود بوو، كەوتنە پلان گێڕان دژی من و (ناسكە) و بووختان هەڵبەستان بۆمان جارێك دەیانگوت:(ناسكە) مان بینیووە لە پارك لەگەڵ كوڕێك و جارێكی دیكە دەیانگوت : دایكی بۆ خزمانی خۆی دایناوە و هەر رۆژێ قسەیەكیان بۆ هەڵدەبەستاین، باوكیشی ئەم قسانەی بەڕاست دەزانی و دەیگوت دیارە قسەكانیان راستە بۆیە بە كوڕی مامی رازی نابێ، كەوتە هەڕەشە و جنێودان تا دەهات ئەزموونەكانی پۆلی شەشەمیش نزیك دەبۆوەو(ناسكە) نەیدەزانی چی بكات، كێشە و گرفتەكان و هەڕەشە و جنێودانی باوكیشی مێشكیان لێ تێكدابوو، رۆژێكیان درەنگانێكی شەو باوكی هاتەوە ماڵ و كردی بە هاتو هاوار و پێی گوتین، بۆ ناڕۆن یەخەم بەرنادەن مادام ئێوە بە قسەم ناكەن بڕۆن وازم لێ بێنن بۆ كوێ دەڕۆن بڕۆن و پەلی من و(ناسكە)ی گرتوو بەو درەنگانەی شەو ئێمەی فڕێدایە كۆڵان و دەرگاكەی داخست، ئەو شەوە لە ماڵی یەكێك لە دراوسێكان ماینەوە، تاوەكو بەیانی شەو لە چاوەكانم تۆراو و هەربیرم لەو بەختە رەشەی خۆم دەكردەوە، بەیانی دراوسێكان چوون بۆ ئەوەی ئێمە بگەڕێیننەوە ماڵ بەڵام باوكی(ناسكە) رازی نەبوو، بۆیە چووینە بنكەی پۆلیس سكاڵامان دژی تۆماركرد و بەگرتنماندا، پاشان لە هەمان رۆژدا هەر خۆمان چووین لە داواكەی خۆمان پەشیمان بووینەوە و ئازادمان كرد بەنیازی ئەوەی لاپەرەیەكی نوێ لە ژیان هەڵدەینەوە ئەویش وەكو باوكێك مامەڵە بكات، بەڵام بەداخەوە دوای ئازادكردنی رق ئەستورتر بوو، خراپتر ئازاری دەداین، ئێمە هەردانمان بە خۆمان گرت، شەوان درەنگ دەهاتەوە بۆ ئەوەی ئێمە نەبینێ، شەوێك درەنگانێكدا ئێمە خەوتبووین لەگەڵ بۆڵە بۆڵی ئەو خەبەرم بۆوە نەمدەزانی چی دەڵێت، بۆیە گوێم پێ نەداو دووبارە چاوم لێك نایەوە بەڵام هەر ئەوەندەم زانی دەنگی تەپەیەك لە تەنیشتمەوە هات(ناسكە) لە تەنیشتم خەوتبوو، كە ئاوڕم دایەوە ویستم هاوار بكەم دەمی گرت و گوتی: قسە بكەیت ئێستا تۆش دەكوژم، چیم بینی بلۆكێكی بەردا بۆوە سەر (ناسكە) ئیتر خۆم لە دەستی رزگاركرد و(ناسكە)م گرتە باوەش ئەو لە خوێن سوورببوو گیانی تیانەمابوو، هاوارم كرد خەڵكی بەو نیوەشەوە لێمان كۆبوونەوە من ئیدی لە هۆش خۆم چووم ئاگام لە هیچ شتێ نەما ئێستاش نازانم كەی و لە كوێ تەرمی كچە بێتاوانەكەمان ناشتراوە، باوكە تاوانبارەكەش لەكوێیە، گیراوە یان رایكردووە، ئەو دایكە جەرگ سووتاوە تا ئامادەكردنی ئەو بابەتە هەر دەیگوت ماڵیان وێران كردم جەرگیان سوتاندم، خوا ماڵیان وێرانبكات، جەرگیان بسوتێ، بوختانیان بۆ هەڵبەستانین خوا لێیان هەڵنەگرێ
Views: 720 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  يوليو 2009  »
إثثأرخجسأح
  12345
6789101112
13141516171819
20212223242526
2728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz