الثلاثاء, 2024-05-14, 10.58.39 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2009 » مايو » 14 » ئەوجا زانی ئەو كچە مرۆڤێكە و كوژراوە و لێرە فڕێدراوە
2.39.08 PM
ئەوجا زانی ئەو كچە مرۆڤێكە و كوژراوە و لێرە فڕێدراوە


نیوەڕۆیەكی ساردوو باراناوی بوو كابرایەكی(45)ساڵی كە بەڕێكەوت رێی بەو كۆڵانەدا كەوتبوو، لەگەڵ پێچ كردنەوەی، رەنگی سووری گۆماوە بچووكەكەی بەردەمی سەرنجی راكێشا و ساتێك وەستا و وردتر دیقەتیدا، ئەمجا لەسەرەخۆ و هیواشتر بەرەو گۆماوەكە چوو، سەری نەویتر كردەوە و بەرەو ئەو شوێنە دەڕۆیشت كە خوێناوەكە رەنگە سوورەكەی تۆختر دەبوو، لەپڕ وەستا، بینی لە سووچی دیوارێكدا كچێكی(20)ساڵەیی هەتا بڵێی جوان و شۆخ پشتی بە دیوارەكە داوە و ملیشی لار بۆتەوە، رێك وەك ئەوەی حەزی كردبێ لەبن ئەو دیوارە لە ژێر دڵۆپەی بارانی ئەو كاتە سەرخەوێك بشكێنێ، وەها كەوتبوو دەتگوت تازە خەوی لێكەوتووە
كابرا تۆزێك لە كچە راما و ویستی بڵێ كچم ئەوە بۆ لێرە لەبەر ئەو بارانە خەوتووی هەموو لەشت تەڕ بووە، كەچی لەپڕ وەك بروسكە ژانێك بەنێو دڵی داهات و چاوی كردەوە یا راستترە بڵێین بەخۆداهاتەوە و چاوەكانی ئەبڵەق و زەق بوون، سەرنجی لە جل وشانیدا، دەستێكی درێژكرد و ویستی بزانێ خوێنەكە لە كوێی دێت، هەر زوو دەستی گەڕاندە دواوە و هەستی بە ترسێكی كوشتندە و یەكجار رەشبین كرد. تازە هاتبۆوە سەرهۆشی خۆی، ئەوجا زانی ئەو كچە مرۆڤێكە و كوژراوە و لێرە فڕێدراوە.
كچە هێشتا خوێنەكەی گەرمبوو، ئەوەندە خوێنەی لەلەشی مابوو، زۆر لەسەرخۆ لە شوێنی گوللەكە دەچۆڕاو دەهاتە دەرەوە، كابرا بەڕاستی ترسی گەیشتێ خودایە چی بكەم، ئاخر ئەو كچە جوانەیان بۆ كوشتووە، كەسێك ئەوەندە مرۆڤ كوژ و بێویژدان و دڵڕەق بێت، كچە جوان و جاحێڵێكی وەها بكوژێ، حەتمەن ئێستا لە شوێنێك خۆی مات داوە و منیش دەبینێ، ئەوسا ئەگەر عەقڵی گرتی لەوانەیە گوللەیەك بنێ بەمنیشەوە هەتا زووە بابڕۆم... كابرا ئەو قسانەی لەدڵی خۆی كرد و چەند هەنگاوێك رۆیشت تۆزێك راوەستا، دەموچاوی سوور هەڵگەڕاو مووەكانی لەشی رەپ بوون، دەمووچاوی گرژبوو هەناسەی تووندتربوون و دڵی زیاتر لێیدەدا، گەڕایەوە دواوە و بە رقێكی زۆرەوە سەیری گۆماوە خوێنەكەی كردوو بڕیاری خۆیدا
ئاگاداركردنەوەی پۆلیس
كابرا مۆبایلەكەی گیرفانی دەرهێنا و زەنگی لێدا، دوای نزیكەی چارەگە سەعاتێك دووسێ ئۆتۆمبێلی پۆلیس بە چەند پۆلیس و رێپێدراو و ئەفسەرێكەوە گەیشتنە شوێنەكە و كابرا چووە پێشەوە و خۆی پێناساندن و گوتی: ناوم خۆشەوییە، ئەم نیوەڕۆیە، كە هەمووی 20خولەكێك دەبێ بێرەدا رەتبووم و بەرێكەوت ئەم تەرمەم لێرە بینی و زەنگم بۆ ئێوە لێدا.. قسەكانی خۆشەوی تۆماركرا و دەستكرا بە پشكنینی شوێنی رووداوەكە و هەرچی لەوێ هەبوو هەمووی تۆماركرا و پاشان تەرمەكە بردرایە پزیشكی دادی و لەوێ پشكێنرا، لە پشكنین دەركەوت نزیكەی دوو كاتژمێرێك دەبێ كوژراوە، گوللەیەك لەملی دراوە، بۆڕی خوێن و ماسولكەكانی ملی هەڵزڕاندووە و دوو بڕبڕەی ملیشی شكاندووە، دەورووبەری كونی گوللەكە شوێنی باڕووت و سووتان هەیە ئەمەش نیشانیدەدات كە زۆر لە نزیكەوە گوللەكەی لێدراوە، دوای تەوابوونی پشكنینی پزیشكی راپۆرتەكە بە پەراوەكەی كە بۆی كرابۆوە بەسترا، لێكۆڵینەوەیەكی دووروودرێژیش لەگەڵ (خۆشەوی) كرا، دەرەنجامی لێكۆڵینەوە دەریخست كە(خۆشەوی) تەنیا هەواڵدەری رووداوەكە بووە و بەس، هیچ پەیوەندییەكی بە تاوانەكەوە نییە دوای چەند رۆژێك لە لێكۆڵینەوەی چڕوپڕ دەركەوت كە ئەو كچە پێشتر بە دوو رۆژ لە بنكەی چاكسازی نێوجەوانان بووە، هەر كە هاتۆتە دەرەوە رۆژی دوایی كوژراوە.
لەنجە كێ بوو؟
كە پۆلیس بە ناوی بنكەكەدا رۆیشتەوە، دەركەوت ناوی (لەنجە)یە و وێنەكەشی لە لیستەكە درابوو، هۆی مانەوەشی لەو بنكەیە تەنیا بۆ پارێزگاری لێكردنی بووە و هیچی تر، بەڵام چۆن هاتۆتە ئەو شوێنە؟ توێژەری كۆمەڵایەتی بنكەكە ئەم شێوەیە گێڕایەوە و گوتی: راستییەكەی برادەرانی پۆلیس لەسەر بڕیاری دادوەری تایبەتمەند (لەنجە)یان هێنایە ئێرە، (لەنجە) لەماڵی براكەی دەژیا، ماوەیەك بوو گومانی لەبراژنەكەی خۆی هەبوو كە دەستی لەگەڵ كوڕێك هەبوو، كاتێك(لەنجە) دەچووە پەیمانگا (چونكە قوتابی پەیمانگا)بوو، براژنەكەی ژوانی لەگەڵ كوڕەكە دادەنا، یەك دووجارێك (لەنجە) خۆی لە بۆسەدابوو بۆی، رۆژێك بە براژنەكەی گوت: ئەمڕۆ زوو دەچمە پەیمانگا چونكە تاقیكردنەوەمان هەیە دەچم لەوێ دەخوێنم تا كاتی تاقیكردنەوەم دێت، براژنەكەشی گووتی: باشە بڕۆ كە ڕۆیشت، لە سووچێكی كۆڵانەكەیان خۆی مەڵاس دەدا، دوای كەمێك كوڕێك بەدیار دەكەوێ كە پێنج شەش ساڵێك لە براژنەكەی بچووكتر دەبێت، یەكسەر خۆی بە ژووردا دەكات و براژنەكەشی دەرگای حەوشەكە دادەخات (لەنجە)ش بەخێرایی دەڕوا و بەتووندی لەدەرگا دەدات، پاش تۆزێك برژانەكەی دەرگاكە دەكاتەوە،(لەنجە) بەپرتاو خۆی بەژوور دادەكات و یەكە بەیەكەی ژوورەكان دەگەڕێ دەبینێ كەسی لێنییە، بەهاواروقیژەوە بە براژنەكەی دەڵێ كوا ئەو كوڕەی هاتە ژوورەوە لەكوێت شاردۆتەوە، براژنەكەشی خۆی لێ نەزان دەكات و بەتوڕەییەوە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێ: كچێ جارێكی تر قسەی وا نەكەی، ئەوە ماڵەكە لە پێشتە بگەڕێ تا دەیدۆزییەوە، ئەگەر دۆزیتەوە حەیام ببە، ئەگەر نەتدۆزییەوە هەرچی خراپ بێت پێتی دەكەم، ئەم مشتومڕە ماوەیەك دەكێشێ و(لەنجە) لە دۆزینەوەی كوڕەكە بێئومێد دەبێت و پێی دەڵێ: دەزانم بەسەربان بەڕێت كرد، بەس وەرە پێم بڵێ بۆ وادەكەی براكەم چ خراپییەكی بۆ تۆ هەیە..؟ ئەگەر پێی ناڕازی خۆ جارێ منداڵتان نەبووە، ئاساییە داوای تەڵاقی لێبكە و جیابەوە لێی بۆ خیانەتی لێدەكەی...(لەنجە) بەنیازبوو بە قسەی خۆش دانپیانانی لێوەربگرێت، هەر وەك خۆی بۆ ئێمەی باسی كردووە قسەكانیشی لای ئێمە بەشێوەیەكی یاساییانە تۆماركراوە، بەهەرحاڵ وەك خۆی پێی گوتین: مەبەستم ئەوەبوو دان بە هەڵەكەی خۆی بنێ و ئینجا وای لێبكەم واز لەوكارە هەڵەیەی بێنێ، چونكە لەوانەیە سەری تیابچێ و ئابڕووی ئێمەش بچێت، بەڵام قسەكردن لەگەڵی بێسوود بوو، ئەو هەر سوور بوو لەسەر نكوڵی كردن لێی، ئەوەبوو منیش بڕیارمدا و گوتم: سوێندبێت، كە من بە چاوی خۆم ئەو كوڕەم بینی، هەر دەبێ بەسەر تاوانەوە بتگرم و لەدەمی خۆت دانپیانان ببیستم.
ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە لەسەر قسەكانی دەڕوا و دەڵێ: بەڕاستی (لەنجە) كچێكی تا بڵێی بەحەیا و بەئەدەب بوو، هەڵەی باوك و براكانی گەیاندییە ئێرە، ئەگەر كەللەرەقی و بێ عەقڵی و نەزانی باوك و براكانی نەبووایە، پۆلیس ناچار نەدەبوو ئەو كچە لێرە دابنێ بۆ پاراستنی، ئەوە تەنیا هەفتەیەك لێرە مایەوە، بەڵام شەو و رۆژ دەگریا و دەیناڵاند و دەیگوت: توخوا من شوێنم ئێرەیە، براژنەكەم تاوانی كردووە من چی بكەم... بەهەرحاڵ (لەنجە) سووربوو كە كارە هەڵەكەی براژنەكەی بە بەڵگەوە ببینێ، ئیتر چەند جارێكی تر خۆی لێ مەڵاس داوە، رۆژێك دەڵێ دەچمە پەیمانگا و بە براژنەكەی دەڵێ دەرگاكە لەدوای من داخە، بەڵام كە دەڕوا كلیلی ژوورەوە لەگەڵ خۆی دەبات، لە شوێنێك خۆی مەڵاس دەدات و دەبینێ هەمان شتی جارانە، ئەمجارە دەچێتە ماڵی دراوسێیەكەیان و دەڵێ كەسمان لەماڵ نییە و كلیلیشم لە ماڵەوە لەبیر كردووە بەسەربانی ماڵی ئێوە دەچمە سەربانی خۆمان و دەرگای ماڵەوەمان دەكەمەوە، ئەوانیش دەڵێن بڕۆ، لەسەربان بەرمیلێك دێنێ و بەسەری دەكەوێ تا بتوانێ بەسەر دیوارەكەوە بكەوێ، بەهەرحاڵ بەهەر زەحمەتێك بێت بەسەردیوارەكە دەكەوێ و خۆی بۆ سەربانی خۆیان تێهەڵدەدا لەوێ بەهێواشی و بەپارێز دێتە خوارەوە و گوێی لەدەنگە دەنگێكی نزم دەبێت كە هی هەردووكیان دەبێ، وردە وردە و بە نەرمی دێتە خوارەوە و لەدەنگەكە نزیك دەبێتەوە تا دەزانێ لەكام ژوورە، ژوورەكە نیوەی دەرگاكەی كرابۆوە، لەسەرەخۆ سەری دەباتە پێشەوە و دەرگاكە بە ئاستەم لەسەرخۆ دەكاتەوە و لە سوچێكی كەمی دەرگاكە بەشێكی لەشی هەردووكیان دەبینێ كە رووتن، ئیتر دەزانێ كە ئەوان وا تێكئاڵاون و ئاگایان لەكەس نییە و پێكەوەن، ئەویش بڕیاری خۆی دەدا و لەپڕ وەكو بروسكە دەرگاكە دەكاتەوەوە و رووبەڕووی هەردووكیان رەق رادەوستێ، سەیرێكی براژنەكەی دەكات و تفێكی رووبەڕووی لێدەكات و بەكوڕەكەش دەڵێ هەستە كوڕی ناپیاو هەتا بەكوشتنم نەداوی لەو ماڵە بڕۆ دەرەوە و ون بە، كوڕە بەپەلە پەل جلوبەرگەكانی كۆ دەكاتەوە و لە دەرەوەی ژوورەكە لەبەری دەكات و بە براژنەكەشی دەڵێ: ها رەنگ زەرد و پەرێشان و بێ دەم و زار ماوی، بۆ قسەناكەی، بۆ نكۆڵی ناكەی؟
پاشان (لەنجە) بڕیار دەدات بە براكەی بڵێ بەڵام نایڵێ، هەر چۆنێك بێت چەند رۆژێك ئەو مەسەلەیە لەمێشكی دەخولێتەوە، ئینجا بڕیار دەدات بە براكەی بڵێ، بەڵام تا ئەو بە براكەی دەڵێ، براكەی بەخۆی گومانی لێدەكات و دواتر بەڵگە لەسەر ژنەكەی خۆی بەدەست دەكەوێ، براكەی و براكانی تری و باوكیشی دێنە سەر ئەو بڕوایەی كە (لەنجە)ش لەگەڵ براژنەكەی دەستی تێكەڵە و ئەوكارانە دەكەن، هەر چەند هاوار دەكا و دەقیژێنێ كە ئەو چاكە و تەنیا ژنەكەی ناپاكی لێكردووە و مەسەلەكەی زۆر گەورە بووە لەلای بۆیە نەیتوانیوە دەمودەست بڕیار بدات كاروكردەوەی براژنەكەی ئاشكرا بكات، هەموو ئەو قسانە بێسوود دەبێ و بڕوای پێناكەن، ئیتر كە كۆدەبنەوە و بڕیار دەدەن هەردووكیان بكوژن، دایكی بە مەسەلەكە دەزانێ و دراوسێیەكیان هەواڵ بۆ (لەنجە) دەنێرێ كە بڕواتە بنكەی پۆلیس و خۆی دەرباز بكات و شكایەت لە براكانی بكات كە بەبێ گوناه و تاوان دەیانەوێ بیكوژن، كە(لەنجە) هەواڵەكەی پێدەگات دەچێتە بنكەی پۆلیس، پۆلیسیش لەسەر بڕیاری دادوەر لە بنكەی چاكسازی دادەنێت بۆ پاراستنی، پاش ئەوەی هەفتەیەك دەمێنێتەوە كە دێتە دەرەوە بەو شێوەیە دەیكوژن كە زانرا، دیارە براژنەكەشیان كوشتووە، بكوژیش برای (لەنجە)یە و هەڵاتووە، ماڵی باوكیشی هەموویان ماڵیان باركردووە و كەس نازانێ بۆ كوێ چوو
Views: 508 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  مايو 2009  »
إثثأرخجسأح
    123
45678910
11121314151617
18192021222324
25262728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz