الثلاثاء, 2024-05-14, 5.14.32 PM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2009 » مايو » 11 » كاتێك چاوی بەو كچە كەوت، یەكسەر حەپەساو تووشی شۆك بوو
5.40.50 PM
كاتێك چاوی بەو كچە كەوت، یەكسەر حەپەساو تووشی شۆك بوو


بەڵێن) دوای دوو ساڵ لە تەواوكردنی كۆلیژ، بەخت یاوەری بوو توانی لە كۆمپانیایەك دابمەزرێت و كاری ژمێریای وەربگرێت، بۆ خۆی كەسێكی زیرەك و لە بوارەكەی خۆیدا بە توانا و سەلیقەبوو، خۆشی هەمیشە حەزی بە ئیشكردن و كۆشش كردن بوو لە ئیشكردندا، بۆیە بە ماوەی ساڵێك كرا بە بەرپرسی بەشەكەی خۆی، وایلێهات زۆربەی جاران لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە بوو، هەروەها دەسەڵاتێكی كارگێڕی زۆریشی پێدابوو، دوای ئەوەی كە زانی زوو پێشدەكەوێ و لە كاتی پێویستیدا بڕیاری دروستدەدات، كردی بە بەڕێوەبەری بەشێكی كۆمپانیاكە، ئەو بەشەی كە پەیوەندی بە لایەنی ژمێریاری كۆمپانیاكەوە هەبوو، ئیتر وردە وردە باری دارایشی گۆڕانی بەسەرداهات و بەتەواوەتی بوژایەوە و توانی ئۆتۆمبێلێك و خانوویەكی بچكولەش بۆ خۆی بكڕێت، ئەو ژیانێكی ئارام دەژیا و جار جارەش بیری لە ژنهێنان دەكردەوە، بەڵام تا ئەو ساتیش نەیكردبووە راستی، لە ئەنجامی كارێكی تازەی كۆمپانیا پێویستیان بە پڕكردنەوەی چەند شوێنێك هەبوو كە تەنیا بۆ رەگەزی مێ دیاریكرابوو، ئەوەبوو رێكلامیان لەیەك دوو رۆژنامە بڵاوكردەوە و رۆژی چاوپێكەوتنیشیان دیاریكردبوو
لەم كارەدا( بەڵێن) خۆی سەرپشك كرابوو كێ هەڵبژێرێ و بڕی مووچەكە و شوێنەكەی و كاتی كاركردنی دابنێت، ئەوان(6) كەسیان دەویست كەچی پتر لە (30) كەس داوكاریان پێشكەش كردبوو... لەو(30) كەسە نزیكەی(20) كەسیان بەڕێ كرد و ئەوەی مابوونەوە مەرجی وەرگرتنیان تێدابوو، بەڵام دەبوو لە نێو خۆیاندا پێشبڕكێ بكەن و چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا بكرێت، بەشەكەش تایبەت بوو بە بواری كۆمپیۆتەر كە دەبوو باشیان لێبزانیبایە، یەكە بە یەكە چاوپێكەوتن كران، تا نۆرە گەیشتە هەشتەمین كەس كە كچێك بوو بە ناوی (پڕشنگ) ، كاتێك بۆ چاوپێكەوتن هاتە ژوورەوە،(بەڵێن) كە بەخۆی چاوپێكەوتنی دەكردن بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە توانای ئەوانەی كە ئەو كارەیان پێدەسپێردرێت و دادەمەزرێن، كاتێك چاوی بەو كچە كەوت، یەكسەر حەپەساو تووشی شۆك بوو، دەمێك بوو كچە لە بەردەم دەرگا راوەستا بوو چاوەڕێی فەرمووی دەكرد لێیبكرێ، كەچی ئەوەی بەرامبەری دەمی ببووە تەڵەی تەقیو هیچی پێنەدەگوترا، چاوی تێبڕی بوو سەیری دەكرد، فەرمانبەرەكەی تەنیشتی هەستی پێكرد و پێیەكی لە پێی ناو و ئاگاداری كردەوە، ئەویش هاتەوە سەرەخۆ، بەڵام گۆڕانێكی راستەقینە بەسەرو سیمای(بەڵێن) داهات و وەكو گوڵێك كە تێر ئاو درابێ و گەش بووبێتەوە، ئاوا گەش بۆوە، هەندێ پرسیاری ئاسایی و سەر پێی لە كچەكە كرد و ناوی نووسی بۆ دامەزراندنی، بەڵام پێشی گوت، كە نەڕوات، دوای تەواوبوونی چاوپێكەوتنەكان بمێنێتەوە دەیەوێ لە رووی كردارەكییەوە تاقی بكاتەوە، ئەوەبوو كاری چاوپێكەوتنەكانی بە زووترین كات تەواو كرد و كارمەندەكانی تری ئیزندا كە بچنەوە سەر كاری خۆیان و كچەكەشی بانگی ژوورەكەی خۆی كرد
لەگەڵی دانیشت و پرسیاری خێزانەكەی و ئەندامانی خێزانەكەی لێكرد و تێگەیشتن كە مێردی نەكردووە و جارێ پرۆژەی هاوسەرێتی لە خەیاڵدا نییە، ئەو زانیارییانە هێندەی دیكە دڵی(بەڵێن)ی خۆشكرد، جۆری پرسیارەكان و شێوەی چاوتێبڕینی(بەڵێن) وای لە كچەكە كرد كە لە نیازی(بەڵێن) بگات، بۆیە ئیتر بە پارێزەوە وەڵامی دەدایەوە و سەری هەڵدەبڕی، نزیكەی نیو كاتژمێر لەگەڵ كچە دانیشت و ئەویش داوای بەخشینی كرد ئەگەر كاری پێ نییە ئەو دەبێ بچێتە ماڵەوە و ئەركی سەرشانی هەیە ئەو رۆژە(بەڵێن) خەریكبوو لە خۆشیان باڵ بگرێت، نەیدەزانی چی بڵێت و چی بكات... دەیویست تا زووە ئەو كچە بكاتە موڵكی خۆی، بەهەر چەشنێك بێت بۆ خۆی بێت، خشتەی كاركردن و كاتی دەست كردن بە ئیش ئەوها بوو دەبوو دوای سێ رۆژی تر دەست بەكاربكات، ئەو سێ رۆژە بۆ(بەڵێن) ببووە سێ ساڵ، تا سێ رۆژەكە بەسەرچوو خەریكبوو شەق ببات، ئۆقرەی لەبەر بڕابوو... رۆژی دەستبەركاربوونی ئەو كارمەندە تازانە دەستیپێكرد و ئەویش چاوەڕێی هاتنی(پڕشنگی) دەكرد كە هات یەكسەر بانگی كردە لای خۆی و لە ئۆفیسی خۆی بوو كاری پێدا، ئەو رۆژە بۆ بەڵێن كورتترین و خێراترین رۆژ، تەنیا بە زمانی گوڵ و دڵ دەدوا، قسە خۆش، رووخۆش، گەشبین، بە زەوق و سەلیقەتر بوو(پڕشنگ) زانی خۆشی ویستووە، بەڵام ئایا نیاز و مەبەستی چییە و كۆتاییەكەی بەچی دەگات نەیدەزانی هەفتەیەكی پێنەچوو پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوان ئەو دووانە دروستبوو، بەڵام هەر زوو دوای هەفتەكە(پڕشنگ) هەستی بە جۆرە دڵپیسییەك كرد كە (بەڵێن) هەیەتی، لە راستیدا تۆزێك نیگەرانی كرد، بەڵام هی ئەوە نەبوو لێی بترسێت
خۆشەویستی ئەو دووانە رۆژ بە رۆژ زیاتر و زیاتر دەبوو، جوانییەكەی (پڕشنگ)یش رۆژ بە رۆژ دەدرەوشایەوە و زیاتر دەبوو(پڕشنگ) تازە پێی نابووە(23) ساڵی و(بەڵێن)یش لە (29) ساڵیدا بوو، ئەوانە بوونە دوو دڵدار و لەمیانەی دوو مانگی پەیوەندییدا هەموو كارمەندەكان زانیان و تێگەیشتن كە پەیوەندییەكەیان بە زەماوەند كۆتایی پێدێت و(بەڵێن) دەچێتە خوازبێنی (پڕشنگ).. بەڵام ئەوەی كە ئەو پەیوەندییەی شڵەقاند هاتنی بەڕێوەبەرێكی دیكەی بەشێكی دیكەی كۆمپانیایەكە بوو بۆ ئەو بەشەی كە(بەڵێن) تیایدا بەڕێوەبەر بوو، ئەویش چاوی بڕیە(پڕشنگ) و دوور بە دووری سەرنجی دەدایێ،(بەڵێن) هەر زوو هەستی بەمەكرد، بۆیە زۆر زوو پەیوەندی نێوان(بەڵێن) و ئەو بەڕێوەبەرە تازەیە تێكچوو ، ململانێ و جۆرە هەستیارییەكی زەق لە نێوانیاندا دروستبوو... تا وایلێهات كێشەیان بۆ یەك دروست دەكرد، یەكێ لەو كێشانەش بەڕێوەبەرە تازەكە داوای(پڕشنگ)ی دەكرد، بچێتە بەشەكەی و(بەڵێن) یش قبوڵی نەدەكرد
یەك دووجار لەگەڵ یەك تێك گیربوون، كێشەكە گەیشتەوە بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیا و ئەویش بە وردی لە مەسەلەكەی كۆڵییەوە لەگەڵ(بەڵێن) و پڕشنگ) دانیشت و پێیانی گوت ئەگەر بەڕاستی یەكتریان خۆشدەوێت پێویستە بڕیار بدەن كە بچنە ناو ژیانی هاوسەرێتییەوە و كۆتایی بەم كێشەیە بێنن، ئەگەر نا دەبێ دەستبەرداری كێشەكەیان بن، ئەوەبوو هەردوولا(بەڵێن و پڕشنگ) بڕیاری یەكلایی كەرەوەیاندا كە زەماوەند بكەن و(بەڵێن) بچێتە خوازبێنی و داوای دەستی(پڕشنگ)بكات،.. پاش هەفتەیەك (بەڵێن) و(پڕشنگ)ی مارەكرد .. بەڵام ناكۆكی نێوان(بەڵێن) و ئەو بەڕێوەبەرە تازەیە هەر كۆتایی پێنەهات، هەر چەندە ناكۆكییەكە كەمتر ببۆوە، پاش مارەكردن هەردوولا خۆیان بۆ رۆژی زەماوەند ئامادەكرد و رۆژەكەیان دیاریكرد و زەماوەندییان گێڕا
دوای بەهاوسەربوون
كە زەماوەندییان كرد و بوونە هاوسەری یەكتر دوو هەفتە پشوویان وەرگرت، پاش دوو هەفتەكە گەڕانەوە سەركار، بەڵام نێوان(بەڵێن) و بەڕێوەبەرە تازەكە هەر ناخۆش و هەستیار بوو(بەڵێن) وا تێدەگەیشت كە بەڕێوەبەرە تازەكە هێشتا لە خەیاڵی خۆیدا دەستبەرداری(پڕشنگ) نەبووە، بۆیە هەر پەیوەندییەكی بە بەشكەی(بەڵێن) بكردایە شێتگیر دەبوو، كە بەڕێوەبەرە تازەكە هەستی بەمەكرد، زانی كابرایەكی لە رادەبەدەر گومڕەش و هەستیارە و زۆریش لەسەر خێزانەكەی خۆی، وەك دەڵێن دەلەزرێت، ناچار هەوڵی دا لە (بەڵێن) بگەیەنێت كە ئەو هیچی بەرامبەر ئەوان بەتایبەتیش بەرامبەر بە (پڕشنگ) نییە و ئەو(غیرە) و گومڕەشییەی بێ بنەمایە و ناماقووڵە، بۆیە رۆژێك خۆی چووە ئۆفیسەكەی(بەڵێن) و زۆری هەوڵدا كە لە(بەڵێن) بگەیەنێ باواز لەو ململانێیە بێنێ و ئەو هیچ نیاز و مەبەستێكی نییە، بەڵام(بەڵێن) گوێی لێنەگرت و دەرگای گفتوگۆی لێنەكردەوە، ئەویش بەنا دڵی چووە دەرەوە و نەشیتوانی ئەوەی دەیویست پێیڕابگەیەنێ، چەند رۆژێكی پێچوو، ئەو جارەش چۆوە ئۆفیسەكەی(بەڵێن) بەڵام ئەمجارەیان(بەڵێن) لەوێ نەبوو،بەڵكو(پڕشنگ) خۆی لەوێ بوو، دوای سڵاوكردن باسەكەی لەگەڵ(پڕشنگ) كردەوە و تێیگەیاند كە ئەو هیچ نیازێكی خراپی لە دڵدا نییە بەرامبەر بەوان، ئەوان لەو قسانەدابوون كە لە ناكاو(بەڵێن)، بەژووركەوت كە چاوی پێكەوتن دانیشتوون ، ئاگر لە چاوەكانی بارین و هەناسە بڕكێ گرتی و شێت و هار بوو، یەكسەر تاوی دایە و كەوتە سەروگێلاكی بەلێدان ، ئەویش هەر هاواری دەكرد رابووەستێ مەسەلەكەی تێبگەیەنێ، كەڵكی نەبوو، لە پڕ(بەڵێن) ئاسنێكی تیژی كەوتە دەست، رایوەشاند و لە تەختی نێوچەوانی بەڕێوەبەرە تازەكەی دا و دەموودەست كوشتی ئیدی كار لە كارترازا و كارەساتێكی گەورەی خوڵقاند، كە هاتەوە سەرەخۆ لەگەڵ دەنگ و هەرای(پڕشنگ) بەهۆش خۆی هاتەوە كە چ تاوانێكی گەورەی كرد، بێ ئەوەی دەرفەت بدات گوێ لە قسەی كەس بگرێت، تازە هات و هاوار سوودی نییە،(بەڵێن) دەستگیركراو دوای دادگاییەكی چەند مانگی دادگا(3) ساڵ زیندانی بۆ بڕیەوە، ئەوە جگە لەوەی ناچاربوو خانووەكەش هەڕاج بكات بۆ ئەوەی بە پارەكەی مەسڵەتی لەگەڵ ماڵی باوكی بەڕێوبەرە تازەكە بكات
Views: 520 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  مايو 2009  »
إثثأرخجسأح
    123
45678910
11121314151617
18192021222324
25262728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz