الثلاثاء, 2024-05-14, 8.22.57 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2009 » مايو » 11 » روداوێكی‌ سه‌یر
5.31.11 PM
روداوێكی‌ سه‌یر


پێش نیوەڕۆ بوو كە (هۆگر) مۆڵەتی كاتژمێرێكی لە فەرمانگەكەی وەرگرت و بەرەو ماڵەوە رۆیشت، ئەو رۆژە دەبوو هۆگر ناسنامەكەی لەگەڵ خۆی ببردبایە بۆ فەرمانەگە، چونكە بەشی كارگێڕی فەرمانگەكەی داوایان لێكردبوو، ئەویش لەگیرفانی كراسێكی تری بەجێهێشتبوو، بۆیە ناچار بوو مۆڵەت وەربگرێت و بگەڕێتەوە ماڵەوە، كە گەیشتە نزیك دەرگای ماڵەوە، دەرگاكەی كردەوەو یەك دوو هەنگاوی هاویشت و گوێی لەدەنگی ژن و پیاوێك بوو، وەك ئەوەی بڵێی خەریكی كاری سەرجێی بن، بە ئەسپایی نزیكبۆوە، گوێی بەجوانی لەدەنگەكان راگرت،سەرەتا بڕوای نەكرد كە یەكێك لە دەنگەكان هی خێزانەكەی بێت، دوای دڵنیابوو لەوەی كە ئەوە دەنگی خێزانیەتی، بەڵام ئەدی ئەو دەنگە گڕە نێرانەیە هی كێیە؟ یەك دوو قۆناغی تر چووە پێشەوە و دەرگاكەی بەنەرمی و هێواشی پاڵداو سووچێكی كردەوە خەریكبوو شێت دەبوو، رەنگ و رووخساری گۆڕا، ترپەی دڵی زیاتر بوو، لێشاوێك لە كەف و كوڵی توڕەیی بەنێو دەمارەكانیدا رەتبوو، بڕوای نەدەكرد ئەوەی دەیبینێ راستە، چۆن وادەبێ، ئەوە سیانزە ساڵە ژنیەتی و چوار منداڵی لێی هەیە، شەوو رۆژ راكەراكەیەتی بۆ ئەو خێزانە، كەچی ئەویش وا لەباوەشی پیاوێكی ترەو خەریكی هەوەسبازییە، ساتێك راماو شریتی هاوسەرێتی ئەو سیانزە ساڵەی وەك فلیمێكی سینەمایی بە بەرچاویدا گوزەری كرد و ئاهێكی زۆر خەفەتبارانەی لەدەم هاتە دەرەوەو بڕیاری خۆیدا، لە پڕ دەرگاكەی كردەوە هەردووكیان بە نیمچە لەشی رووتەوە كە لەوپەڕی قاقای پێكەنین و تریقانەوەو خۆشی و لەزەت دابوون، وەك دوو ماری ئاشق و مەئشوق تێكئاڵابوون، هیچ حسابێكیان بۆ سەرەنجامی ئەو كارەیان نەكردبوو، دەرگای حەوشەیان لەبیركردبوو دابخەن، دەرگای ئەو ژوورەشی كە لێی بوون، هەر تەنها داخرابوو، بێ ئەوەی قفڵی بدەن لەناو ئەو خۆشییەدابوون كە لەناكاو دەرگاكەیان لێ كرایەوەو ئاوڕێكیان بەلای دەرگاكە دایەوە، ئیتر هەردووكیان، سیمایەكی تاڵی تێكەڵ بە پاڕانەوەو هەستكردن بەگوناهـ و تاوان و پەشیمان بوونەوەلەچاویان دەركەوت و وەك بروسكە نیشتە سەر رووخساریان و هەرچی پێكەنین و خۆشی و تریقانەوە هەبوو، كەپێش ساتێك نوقمی ببوون، هەموو بوونە هەڵم و نەمان، هۆگر پەلاماری كابرای داو وەك گورگێكی بریندارو هارو دڕ تاوی دایە كابرا، بەمست و بە چڕنووك و بەشەق، بەهەرچی لەتوانای لەشیدابوو، لێیدا، تا دەستی لە قورگی گیركرد بیخنكێنێ، بەهەردوو دەستەكانی تووند قورگی گرت و كوشی، كابرا رەنگی سپی بوو، چاوی دەرپەڕین و ئەبڵق بوون، دەتگوت ئێستا نا ئێستا دەتەقن، ژنەكەی كەزانی كابرا خەریكە دەمرێت كراسەكەی بە پەلە خستە بەرخۆی و پاڵێكی بەمێردەكەیەوە ناو بەریدایەوە، بەو پاڵنان و بەردانەوەیە كابرا لەژێر دەستی دەرهات و ئەویش دەستی لە هەوكی بەربووە ئینجا ژنەكە رایكردە دەرەوەو خۆی گەیاندە كۆڵانەكەیان و هاواری دەرو دراوسێیانی كرد، بەپەلە یەك دووپیاوی گەڕەك بەهانایەوە چوون و لێیان پرسی چی بووە؟ ئەویش گوتی هۆگر لە ژوورەوەیەو خەریكە كابرایەك دەخنكێنێ، یەكێك لەو پیاوانەی گەڕەك كە دراوسێی ماڵی هۆگر بوو، ناوی ئەحمەد بوو، ئەحمەد و پیاوێكی تری كۆڵان تاویان دایە ژوورەوە دواتر چی بوو، چی روویدا، با ئەحمەد خۆی ئەو ساتانەمان بۆ بگێڕێتەوەو لەزاری ئەویشەوە بزانین دواتر كێشەكە بەچی گەیشت.... ئەحمەد بۆی باسكردین و گوتی: كە ئێمە چووینە ژوورەوە، هۆگر پڕی دەدایە كابرا كە ئێمە نەماندەناسی كێیە!! چونكە هی گەڕەك نەبوو، ئیتر بەمست لێیدەدا بە پێلەقەو بەهەرچی بۆیكرابایەو بكەوتایەتە بەردەستی پیایدەكێشا، پەرداخێك لەو ناوە بوو دیاربوو هۆگر بەو لەسەری كابرای دابوو، بۆیە هەم سەری كابرا شكابوو، كە خوێنی لێدەچۆڕا هەمیش پەرداخەكە شكابوو، كابرا تەنها دەرپێیەكی لەبەربوو، جلكانی دیكەی لەنزیك پەنجەرەی ژوورەكە كەوتبوو هەر چۆنێك بوو كابرامان لەژێردەستی هۆگر دەرهێنا، چ هۆگر و چ كابراش هەردووكیان شەڵالی ئارەقە ببوون، هەناسەیان سوار ببوو، كابرا زارترەك ببوو، رەنگی لەبەر نەماوبوو، خوا خوای فریاد رەسێك بوو لەو مردنە مسۆگەرەی رزگاری بكات، بەهەر جۆرێك بوو كابرامان لەژێردەستی دەرهێنا، هۆگر هاواری لێكردین كە ئازادی نەكەین، چونكە ئەو نایەوێ ئەگەر بەخۆشی نەیتوانی بیكوژێت وەها بەئاسانی لەدەستی دەربازی ببێت، هیچ نەبێ دەبێ دەستگیر بكرێت، بۆیە داوای لێكردین كە پەیوەندی بەپۆلیسەوە بكەین، ئێمەش لەسەر قسەی خۆی كابرامان لەسووچێك راگرت و یەكێكیشمان پەیوەندی بە پۆلیسەوە كرد و دوای ماوەیەكی كورت ئۆتۆمبێلی پۆلیس گەیشتن كابراو ژنی هۆگرمان رادەستیان كردو هۆگریش بە ئۆتۆمبێلێكی تاكسی بەدوایاندا رۆیشت، ئێمەش وەكو دراوسێیەكی دەرگای ژوورەكانمان داخست و دەرگای حەوشەشمان شیشدا، پرسیاری منداڵەكانمان كرد، دیار بوو یەكێ لەدراوسێیەكانمان گوتی لەگەڵ منداڵەكانی من چوونەتە قوتابخانەو ئەمڕۆ دەوامی بەیانیانن، دوای نزیكەی كاتژمێرێك من و حەمەسووری دراوسێ بۆ بنكەی پۆلیس بانگ كراین، دیار بوو هۆگر سكاڵای لەدژی تۆمار كردبووین و ئێمەشی كردبووە گەواهیدەری رووداوەكە .
گەواهیدانەكەمان چۆن بوو؟
ئەحمەد بەردەوام دەبێ لەسەر گێڕانەوەی ئەو كێشەیەو دەڵێ: كە ئێمەیان بانگ كرد، دیار بوو پێشتر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ ژنەكە و كابرا كردبوو، هۆگر لە گوفتاری خۆیدا گوتبووی كە هەردووكانی لەسەر جێگە بەرووتی بینیوە و خەریكی هەوەسبازی بوونە، ئێمەشی كردبووە شایەتی ئەو رووداوە، لەراستیدا ئێمە ژن و پیاوەكەمان پێكەوە بە رووتی بینیبوو، بەڵام دیتمان ژنەكەی هاتبووە كۆڵان و هاواری لێكردین بگەینە مێردەكەی خەریكە پیاوێك دەخنكێنێ، ژنكەی رووت نەبوو، بەڵام تەواو شپرزە دیار بوو، كەچی ئێمە چووینە ژوورەوە كابرا تەنها دەرپێیەكی لەبەردابوو، هۆگریش خەریكی لێدانی بوو، شایەتییەكەی ئێمە وەرگیراو رۆیشتین
پاشان دوای دوو كاتژمێرێكی دیكە هۆگر لەبنكەی پۆلیس هاتەوە، لێی چووینە پێش و لێمان پرسی چی بوو مەسەلەكە بەچی گەیشت..؟
گوتی: كە گوفتاری منیان وەرگرت هی ئەوانیشیان وەرگرت، ژنەكەم گوتی ئەوەی كردوومە راستە هەڵەبووە، بەڵام ئەم كوڕەم خۆشدەوێ و لەو پێناوەشدا ئامادەم باجی هەڵەكەشم بدەم، بەڵام كابرا سەرەتا نكوڵی لێكردبوو، دیارە لێكۆڵەرەوەكە زیرەك بووە، توانیویەتی قەناعەتی پێبكات دان بە راستی رووداوەكە دابنێ و گوتوویەتی: من دوكانی كەمالیات و كەرەستەی جوانكاری ئافرەتانم هەیە، نزیكەی ساڵێك پێش ئێستا ئەو ژنە هاتە دوكانەكەم و هەندێ سۆراوو بۆنی كڕی و پارەكەیدا، دوو سێ رۆژی تر دیسان هاتەوە، ئەو جارە هەندێ شتی گران بەهای كڕی و نیوەی پارەكەی داو نیوەكەی تر گوتی چەند رۆژێكی تر دەیدەم، ئیتر بەو شێوەیە هەفتەی جارێك دووان دەهات و نزیكەی نیوكاتژمێر هەندێكجار كاتژمێرك و زیاتر دەمایەوە، ئینجا دەكەوتینە گفتوگۆن زانی كە من ژنم نییەو سەڵتم، باری داراییم باشە پەیوەندییەكەی لەگەڵم توندو تۆڵتر كرد، ئەوە بوو هەندێكجار بەنیوەڕۆ دەهات كە دوكانەكەم چۆڵ دەبوو منیش شوێنێكی پەنام هەبوو، جار جارە بۆ چەند خولەكێك بەتەنها دەچووینە ئەو پەنایە ئیتر بەو شێوەیە پەیوەندییەكەمان پەرەی سەند و چەند جارێك لەماڵی خۆیان ژوانی بۆ دادەنام و منیش دەچوومە ماڵیان، بۆچی ئەو پەیوەندییەمان دروست بوو؟ راستییەكەی هەردووكمان یەكترمان خۆشدەوێت و ئامادەشم ئەگەر مێردی تەڵاقی بدات بیخوازم، ئەوە بوو تا ئەو رۆژەی كە بەسەریەكەوە لەماڵی خۆیان گیران، ئێمە هەر بەردەوام بووین لەگەڵ یەك راستی پەیوەندییەكەمان ئەوە بوو بۆیە ئەگەر سزاش بدرێم بەندیش بكرێم من ئەو ژنەم هەر دەوێت و هەر دەشیخوازم بەو مەرجەی مێردەكەی تەڵاقی بدات
بڕیاری تەڵاقدان و بەندكردن بۆ ماوەی دوو ساڵ
ئەحمەد دەرەنجامی كێشەكەمان بەو شێوەیە بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێ: كاتێك لێكۆڵینەوە تەواو بوو دۆسییەی كێشەكە رەوانەی لای دادوەری لێكۆڵینەوە كرا، ئەویش بڕیاری بەندكردنی كاتی هەردووكیانیدا تا لێكۆڵینەوە تەواو دەبێ، دوای نزیكەی 3 مانگێك رەوانەی دادگای كەتن كران و دادوەری ئەو دادگایە هەردووكیانی بەدوو ساڵ بەندكردن سزا داو هەموو مافێكی شارستانی و هاوسەرێتیشی بۆ هۆگر مسۆگەر كرد، كە بەدوو ساڵ بەندكردن سزا دران، هۆگر داوای لێكجیابوونەوەشی لەدادگای باری كەسی تۆماركردو حوكی لێكجیابوونەوەی لەویش وەرگرت و هەر چوار منداڵەكەشی بۆ خۆی گێڕایەوەو لە هەموو مافێكیش كە ژنێك هەیەتی، داداگا بێبەشی كرد، دوای ئەوەی بەتەواوەتی لێكجابوونەوە، هێندەی نەبرد، هۆگر ژنێكی تری هێناو ئەو ژنەی هاتە سەر ماڵ و منداڵەكانیشی وەكو گوڵ بۆ بەخێو دەكردو سەرپەرشتی دەكردن، بەڵام هۆگر هەر وەك بەخۆی بۆی باس دەكردین هەر ساتێكی ژیان لەو كۆڵانەو لەو خانووەی كە تیایدایە، مردنێكە بۆخۆی كابرا زۆر شەرمی لەخۆی دەكردو زۆر بەسەرخۆیدا دەشكایەوە، بۆیە بڕیاریدا كۆڵانەكە بەجێبهێڵێ هەرچەندە زۆرمان لەگەڵ هەوڵدا واز لەو بیرۆكەیە بێنێ، بەڵام هەر نەمانتوانی پەشیمانی بكەینەوە، بۆیە خانووەكەی فرۆشت و سەری خۆی هەڵگرت، ئێستاش نەمانزانی چووە چ گەڕەكێك یان چ شارێك بەڕاستی كابرایەكی سادەو دڵساف بوو، ژن و منداڵەكانی زۆر بەجوانی بەخێودەكرد، قەت نەشمانزانیبوو، لەگەڵ ژنەكەی ناكۆكی و ناخۆشی هەبووبێ، بەڵام ژنەكەی بۆ وایكرد، بۆ دوای چوار منداڵ و سیانزە ساڵ ژن و مێردایەتی ئەو شتەی كرد، نازانم؟
Views: 576 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  مايو 2009  »
إثثأرخجسأح
    123
45678910
11121314151617
18192021222324
25262728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz