الثلاثاء, 2024-05-14, 8.10.25 AM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2009 » مايو » 5 » به‌زوَر په‌رده‌ی‌ كچێنیان كونكرد
7.13.07 PM
به‌زوَر په‌رده‌ی‌ كچێنیان كونكرد


نەسرین) تازە پێی نابووە تەمەنی(16) ساڵی، كچێكی تا بڵێی جوان و نازەنین بوو، ئەو ئەگەرچی جلێكی ئاسایی لەبەر دابوو، بەڵام باری دارایی ئێستایان زۆر باش بوو، بەتایبەتی پاش ئەوەی دایكی دووبارە مێردی كردبۆوە، كچە بەسەر و پۆتەڵاكێكی تێكئاڵاو و سەروسیمایەكی شێواوەوە دوای نیوەڕۆیەكی درەنگ چووە بەردەم بنكەی پۆلیس، كە گەیشتە ئەوێ لە پاسەوانەكەی بەر دەرگای پرسی، كە پیاوێكی تا ڕادەیەك بە تەمەن بوو بەڵام بەسەر و سیمایەوەی دیار بوو كە هێشتا حەزی لێیە وەك پۆلیس لە وەزیفەدا بمێنێتەوە و خانەنشین نەكرێت، (نەسرین) داوای لێكرد كە ژووری ئەفسەری پیشانبدا، ئەویش پێی گوت: ئەفسەرت بۆ چییە؟ (نەسرین) یش گوتی: دەمەوێ شكایەت لە زڕباوكەكەم بكەم و بە گرتنی بدەم، پاسەوانەكە گوتی: بڕۆ ژوورەوە بەلای راستدا بڕۆ، پرسی كام ژوورە؟ گوتی:(ئەوەی لە گۆڕی باوكمە)، ئاخیر زەمانە ئاخیر زەمانی دنیا چی بەسەر هاتووە خودایە، ئاخر بڵێ تۆ بۆ شكایەت لە زڕباوكت دەكەی، چ جیاوازی لەگەڵ باوكت هەیە، جاران كێ لە ئێمەمان دەمانوێرا لەبەردەم باوكمان سەریشمان بڵند بكەین، ئێستاش تەماشا بكە دنیا چی بەسەر هاتووە.

(نەسرین)بە قسەی پاسەوانەكە بەلای راستدا رۆیی و دەرگای ژوورێكی بینی، یەكسەر چووە ژوورەوە، بە دەنگێكی نزمی لەرزۆكەوە بە ئەفسەرەكەی گوت: دەمەوێ شكایەت لە زڕباوكەكەم بكەم و بە گرتنی بدەم، ئەفسەرەكەش پرسی بۆ؟ لێتی داوە؟ كچەكە خۆی پێنەگیرا و دەستی بە گریان كرد، ئەفسەرەكە تۆزەك هێمنی كردەوە و لەسەرخۆ لێی پرسییەوە لە دایكتی داوە؟ یان دەری كردووی؟

كچەكە گوتی: نەخێر لێمانی نەداوە ، دەستدرێژی لێكردووم، ئەفسەرەكە گوتی: كوا ئەو شوێنەی كە لێتی داوە كوێندەرتە؟ كچەكە گوتی: دەستدرێژی كردۆتە سەرم و لاقەی كردووم، ئەفسەرەكە بە وشەی(لاقە) داما و قورگی وشك بوو، ساتێك دۆش داماو بەبێ دەنگییەوە تەماشایەكی كچەكەی كرد، پاش دەمێك تێڕامان لێی پرسی: چیتر؟ كچەكەش گوتی: دەمێكە دەستدرێژی دەكاتە سەرم و یەكەمجاری نییە، ئەفسەرەكە گوتی: لەسەرخۆبە، پێش ئەوەی قسەكانت وەرگرم ناوی تەواو و تەمەنت و ناونیشانی ماڵەكەتانم پێ بڵێ؟ كچەكە گوتی: ناوم(نەسرین)ە، و باوكم ناوی(س)ە و ماڵمان دوو كۆڵان لە پشت بنكەكەتانە، نزیك باخچەی گەڕەكێكین، ئەفسەرەكە كە ئەوانەی تۆماكرد، ئینجا داوای لێكرد تەواوی كێشەكەی خۆی بگێڕێتەوە ئەویش گوتی: چوار ساڵ دەبێ باوكی خۆم مردووە ، دایكم دوای سێ مانگ لە مردنی باوكم مێردی بە پیاوێكی دەوڵەمەند كرد كە ئێستا مێردییەتی، ئەو زڕباوكەم پیاوێكی مەی خۆرە و زۆربەی شەوان بەسەرخۆشی دەگەڕێتەوە ماڵەوە پیاوێكی زل و زەبەلاح و بە خۆوەیە و دەست و باسكێكی بەهێزی هەیە.

ئەو رۆژەی دەستدرێژی لێكردم چاكم لەبیرە، دایكم و دوو براو خوشكەكەی ترم بەسەردان چووبوونە ماڵی خاڵم و من بە تەنیا مابوومەوە لە ماڵ، زڕ باوكم بە نیمچە سەرخۆشییەوە بە نیوەڕۆ هاتەوە ئەوەندەی نەخواردبۆوە، كە قسەی هەلەق و پەلەق بكات یا نەترە بكات، وەكو دەڵێن تەنیا مەست ببوو، پێی گوتم: كوا دایكت گوتم لەگەڵ خوشك و براكانم چوونەتە ماڵی خاڵم، دوای ئەوە بانگی كردمە ژووری نووستنی خۆی و دایكم و لەوێ بە زۆر پڕی دامێ.... دیسان(نەسرین) دەستی بە گریان كردەوە و لەوەندەی كە گێڕایەوە وەستا و چیتری پێنەگوترا، ئەفسەرەكە لێی پرسییەوە باشە دوای ئەوەی بە دایكت و براكانت و خوشكت نەگوت؟ (نەسرین) گوتی: نەخێر، لە زڕ باوكەكەم دەترسام، ئەویش ئەو ترسەی منی قۆزتەوە و پاشان چەند جارێكی تریش وایلێكردمەوە، هەر جارێكیش كە دایكم و خوشك و براكانم دەچوونە ماڵی خاڵم، ئەو دەرفەتەی دەقۆزتەوە ،سێ رۆژ پێش ئێستاش والێكردمەوە ، دوێنێ بە دایكم و خوشك و براكانم گوت: ئەوان باوەڕیان پێنەكردم ، نازانم ، هیچیان لەگەڵ نەكرد و نەگوت، مەسەلەكەیان لەگەڵ یەك باس دەكرد، ئەوڕۆ چیتر خۆم پێنەگیرا بۆیە هاتمە ئێرە، بەڵكو ئێوە بتوانن لەو كردەوەیەی رابگرن و بیگرن.

ئەفسەرەكە گوتی: كوا زڕ باوكەكەت ئێستا لە كوێیە، ئەویش گوتی: لە دوێنێەوە چۆتە شاری(بەغدا) هەفتەیەكی تر دەگەڕێتەوە ئەفسەرەكە گوفتارەكانی نووسیەوە و دۆسییەكی بۆ كردەوە، بە كچەكەی گوت: بە كەس مەڵێ هاتوویتە ئێرە، كە باوكت هاتەوە، وەرەوە ئاگادارم بكەوە ئێستاش هەستە بڕۆوە ماڵی خۆتان، كچە هەستا و ئەویش فایلەكانی خستە ناو دۆڵابەكە و كلیلی دا.

دەستگیركردنی زڕ باوك

هەفتەیەكی پێچوو، زڕ باوكەكە(س) هاتەوە، كە هاتەوە وەختەكەی درەنگە شەو بوو،(نەسرین) ئەو شەوە خۆی كڕكرد و بەیانییەكەی چاوەڕێی كرد زڕباوكەكەی بچێتە دەرەوە نیوەڕۆ بێتەوە ماڵەوە ئەوكاتە بچێ ئاگاداری ئەفسەرەكە بكات، وا بوو زڕباوكە كە بەیانی لە ماڵ دەرچوو، نیوەڕۆ هاتەوە و دایكی( نەسرین) پاش تاوێك پشوودان، نانی نیوەڕۆی لەبەردەم دانا، دوای نیو كاتژمێر، لە دەرگادرا، بینی(نەسرین) سێ پۆلیس و رێپێدراوێكی لەگەڵ خۆی هێناوە، داوایان لێكرد لەگەڵیانە بچێتە بنكەی پۆلیس، ئەویش داوای دەرفەتی لێكردن تا خۆی دەگۆڕێ، لەو ساتانەشدا بەردەوام پرسیاری لە مێشكدا دروست دەبوو بنكەی پۆلیس بۆ؟ چ كاریان بە من هەیە و چیم كردووە؟(نەسرین)چ دەكا لەگەڵیان و بۆ بەگەڵیان كەوتووە؟، كاتی ئەوەنەبوو ئەو پرسیارانە لە زاری بێتە دەرەوە، پۆلیسەكان ئەو بوارەیان پێنەدا، كە ئامادەبوو، چۆوەلای پۆلیسەكان و گوتی: فەرموون، رێپێدراوەكە كە لەپچییەكی لە دەست كردوو بردیانە بنكەی پۆلیس، نزیكەی دوو كاتژمێر لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كرا، ئەفسەری لێكۆڵینەوە ناردی بەدوای دایك و دوو براكەی، ئەوانیش قسەكەی(نەسرین)یان دووپات كردەوە و گوتیان(نەسرین) ئەوهای پێگووتینە، بەڵام كەس لە ئێمە بە چاوی خۆی نەیدیتیە، گوفتارەكانیان تۆماركرا(س) ی زڕ باوكیان لە ژوورێكی بنكەی پۆلیس توندكرد و(نەسرین)ی لای خۆی لە ژوورەكەی خۆی گل دایەوە و فەرمانی كرد دۆسییەكەی بنێردرێتە لای دادوەری لێكۆڵینەوە، دادوەر كە سەیری دۆسییەكەی كرد، تۆزێك راما و بە وردی بە گوفتارەكاندا چۆوە و فەرمانی كرد(نەسرین) و(س)ی، زڕ باوكی بە نۆرە لەبەردەمی ئامادە بكەن، یەكەمجار(نەسرین) یان بردە بەردەم دادوەر، چی لە پێش ئەفسەرەكە گوتبوو، هەمان شتی دووبارە كردەوە، ئەویان بەڕێكرد، ئینجا(س)ی زڕ باوكی بردرایە بەردەم دادوەر، دادوەر پرسیاری چۆنییەتی ئەنجامدانی كارەكەی لێكرد و داوای لێكرد بە باشی و بە جوانی روونی بكاتەوە(س)یش گوتی: جەنابی دادوەر گوناهتان دەگاتێ، ئەو تۆمەتەتان خستۆتە پاڵ من، چۆن شتی وا دەكەم؟ ئاخر نازانم ئەو بێویژدانانە بە چ حەقێك بوختانی وا گەورەم بۆ هەڵدەبەستن، لێرە دادوەر لێی پرسی : ژن و زڕ كوڕەكانیشت دووپاتی قسەی ئەو دەكەنەوە؟(س)یش گوتی: گەورەم من ئەو ژنەم بە بێوەژنێتی خواستووە هەم لەبەر ئەوەی خۆم لە تەمەنێكم هی ئەوە نیم كچێكی بیست ساڵی بخوازم، هەمیش لەبەر ئەوەی هیچ منداڵێكم نەبووە و ویستوومە ئەو منداڵانە بكەمە منداڵی خۆم، من لەگەڵیان زۆر باش بوویمە، هەرچیان پێویست بووبێت بۆیانم دابین كردووە، كە پێشتر قەت شتی وایان بۆ دابین نەكراوە.

پێشتر هەر لە كرێچیاتیدا ژیاون، من بردوونە خانووی خۆم، ئۆتۆمبێلیان نەبوو ، من ئۆتۆمبیلم بۆ دابین كردوون، من شەو و رۆژ خەریكی كاروكاسبیم كەی دەرفەتی كاری وام هەیە، بە كورتی ئەوانە تەماحیان لە موڵك و ماڵم كردووە و دەیانەوێ تووشی فەرتەنەیەكم بكەن بۆ ئەوەی دەست بەسەر سامانەكانم دابگرن، هیچ شتێكی تر لەم شكایەتە بێ مانا و عەیبەیان نازانم، دادوەر تا درەنگانێك خەریكی پرسیاركردن و بە قسە هێنانی (س)ی تۆمەتبار بوونە كە تەواوبوو فەرمانی كرد، بۆ ماوەی (8) رۆژ بەند بكرێت و لەگەڵ كچەكەش بنێردرێتە پزیشكی دادوەری بۆ پشكنین، دۆسییەكە گەڕێندرایەوە بنكەی پۆلیس و بۆ بەیانی (نەسرین) یان بردە پزیشكی دادوەری، لەوێ دوای پشكنین دەركەوت كە كچە دەستدرێژی كراوەتە سەر و پەردەی كچێنی بە تەواوەتی پچڕاوە، بەڵام هیچ شوێنەوارێكی سكپڕی و تۆواوی پیاو لە ئارادانییە.

دادگاییكردن و حوكمدان

دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوە دۆسییەكە رەوانەی دادگای تاوان كرا و دەستكرا بە دادگاییكردنی لەوێ(نەسرین) یان بانگ كردەوە و گوتەیان لێوەرگرتەوە و هەمان قسە و شكایەتی پێشووی كردەوە.

ئەوجا دایك و براكانی و پاش هەڵسەنگاندن و تاوتوێكردنی بەڵگەكان، گوفتاری زڕ باوكەكە(س) وەرگیرا و ئەویش هەرچی خرابووە پاڵی رەتیكردەوە ، چەندین جاری تر دادگایی كردنەكە بۆ تەواوكردنی قۆناخەكانی دادگاییكردن، دووبارە بۆوە، دواجار دادگا بڕیاری زیندانیكردنی هەتا هەتایی بۆ(س) ی زڕ باوكی (نەسرین) بڕیەوە، بەهۆی ئەوەی كە دەستدرێژی كردۆتەو سەر زڕ كچەكەی و پەردەی كچێنی پچڕاندوو(س) لە ناو هۆڵی دادگا هاواری دەكرد و بەدەنگی بەرز دەیگوت: بێ گوناهم، هیچ تاوانێكم نەكردووەتەوە؟ ئێوە بۆچی لە هیچ و خۆڕایی ژیانم بەندی نێوبەندیخانە دەكەن؟ من بە ژیانم كاری وام نەكردووە.. دوای ئەو هاتوو هاوارەی دادگا بڕیاری دا بیبەنە دەرەوە و یەكسەر بنێردرێتە بەندیخانە و دۆسییەكەش بچێتە دادگای پێداچوونەوە بۆ لێوردبوونەوەی یەكجارەكی.

هەڵوەشاندنەوەی حوكمی زیندانی هەتا هەتایی

كە دۆسییەكە چووە دادگای پێداچوونەوە، دوای دوو مانگ دادگای پێداچوونەوە ئەم بڕیارەی دەركرد: دوای ورد بوونەوە لە دۆسییەكە و هەڵسەنگاندنی هەموو ئەو بەڵگانەی كە دادگای تاوان پشتی پێبەستووە بۆ حوكم دان بەسەر تۆمەتبار(س) كە گوایە دەستدرێژی كردۆتە سەر زڕكچی خۆی، دەركەوتووە كە ئەگەرچی راستە كچەكە پەردەی كچێنی نەماوە و ئەمەش بە راپۆرتی پزیشكی سەلمێندراوە، بەڵام هیچ شوێنەوارێكی جووت بوون لە رێگەی كۆمەوەی لێدیار نەكەوتووە، شایەتی شایەدەكانیش، بە گوێ لێبوون لە خودی دادخواز(نەسرین) بووە، نەك بە چاوی خۆیان كارەكەیان بینیبێ، تۆمەتباریش لە هەموو قۆناخەكانی لێكۆڵینەوە تۆمەتەكەی كە خراوەتە پاڵی رەتكردۆتەوە، بۆیە هیچ هۆیەك نییە وا لە دادگای تاوان بكات ئەو حوكمە قورسە بدات، هەربۆیە لەبەرنەبوونی بەڵگەی تەواو لەسەر تۆمەتبار(س) بڕیارماندا بڕیاری دادگای كەتن هەڵوەشێنینەوە و تۆمەتباریش دەموودەست ئازاد بكرێت، پاش دەرچوونی ئەو بڕیارە ، هەواڵ گەیشتە(س) و خەریك بوو لە خۆشیان باڵ بگرێت و هاوڕێكانی بەندیخانە هەموو ماچیان كردو پیرۆزباییان لێكرد، كە ئازادیش كرا و هاتە دەرەوە چۆوە ماڵەوە و دەموودەست ژنەكەی تەڵاقدا، پێی گوت چیت هەیە و بە هەقی خۆتی دەزانی لەو ماڵە بیبە و بڕۆ، ئەگەریش ناڕۆی، هەر شتێك هی من بێ دەیبەم و دەڕۆم، كابرا چی هەبوو، چی هی خۆی بوو، لۆرییەكی گرت و بە دوو سێ كرێكاران باری كردن و سەری خۆی هەڵگرت و رۆیشت.

چارەنووسی (نەسرین)؟

كە دادگای پێداچوونەوە گوتی بەڵگەی تەواو لەسەر تاوانباربوونی (س) نییە و، ئەو بڕیارە بەس بوو بۆ ئەوەی ئەو خێزانە هەڵبوەشێتەوە و هەر یەكەی بەلایەكدا سەرگەردان بێت، دوای ئازادبوونی(س)،(نەسرین) یش لە چاوتروكاتێكدا ون بوو، كچێكی شانزە ساڵی ، لە بەهاری تەمەنیدا كەس نەیزانی سەری خۆی بۆ كوێ هەڵگرت، ئەو پرسیارانە كە بێ وەڵام مانەوە ئەوانە بوون، ئەگەر زڕباوكەكە ئەو كارەی نەكردبێ ئەی كێ بوو دەستدرێژی كردبووە سەر(نەسرین)؟ بۆچی تاوانباری راستەقینە ئاشكرا نەبوو؟ دایك و براكانی(نەسرین) بۆچی هیچ هەڵوێستێكیان لەو كێشەیە نەبوو..؟ چارەنووسی(نەسرین) بەچی دەگات و رووی لە كوێ كرد
Views: 643 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  مايو 2009  »
إثثأرخجسأح
    123
45678910
11121314151617
18192021222324
25262728293031
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz