الثلاثاء, 2024-05-14, 8.35.46 PM
Welcome Guest

kurdsh.ucoz.com

Main » 2008 » نوفمبر » 11 » خیانەتی خۆشەویستەكەم وایلێكردم دوور لەحەز و ویستی خۆم مێرد بكەم
3.12.53 PM
خیانەتی خۆشەویستەكەم وایلێكردم دوور لەحەز و ویستی خۆم مێرد بكەم

خۆشەویستی راستەقینە جوانترین كلیلی بەختەوەربوونی ژیانی هەڤژینی و هاوسەرایەتییە، ئەوانەی بە ویژدانەوە مامەڵە لەگەڵ خۆشەویستیدا دەكەن و خیانەتی لێناكەن یەكەمین و دوایین كەس هەر خۆیان قازانجمەند و بە ختیار دەبن، بەڵام بەداخەوە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا زۆربەی كات خۆشەویستی دەكرێتە پرد و بەردەبازێك تاكو خەڵكێكی خراپ و خیانەتكار پێیدا بپەڕنەوە خیانەتكردن لە خۆشەویستی وا نەبێت تەنیا لایەك لە كچان و كوڕان پێی هەڵسن و لایەكەی تر زیانمەند بێت، بەڵكو كچان و كوڕان زۆر جاران لە پەناو پەسیوی خۆشەویستیدا دەستی یەكتر دەبڕن، و یەكتر بێ چارە دەكەن بۆیە كاتێ خۆشەویستی دوو كەس لە یەكتر نزیك دەكاتەوە لەسەرەتاوە هیچ لەو دووانە نازانن لایەكەی تر چ نیازێك لە دڵیدایە، جا ئەوەی لەم بەسەرهاتە واقعییەدا دەیخوێننەوە چیرۆكی خۆشەویستی"شەهێن"ە لەگەڵ كوڕێكی هاوكلاسی خۆی لە زانكۆدا بەڵام شەهێن چوزانێ ئەم كوڕە لە بەرهەمی ئەو خۆشەویستییە پاكەی ئەمدا لە جیاتی هاوسەرگیری خیانەتی لێدەكات.
باوكم خوشكەكەمی چارەڕەش كرد!!
شەهێن كچێكی گەنم رەنگی باڵا مامناوەندیە و خەڵكی كەركوكە، ئێستاش لە دووزخورماتوو دادەنیشێ ئەو بەسەرهاتی خۆی ئاوا گێڕایەوە:
من و كەناری خوشكم دوو كچی دایك و باوكم بووین و برامان نەبوو كەنار بەساڵێك لە تەمەن لەمن گەورەتر بوو باوكم پیاوێكی تابڵێی عەشایەری و دواكەوتوو بوو ئینجا دڵپیسی و زەیلیەكەشی لەولاوە بوەستێ، ئێمە پێشان ماڵمان لە ناو كەركووكدا بوو ماڵێك دراوسێمان بوون سێ كوڕی عازەبیان هەبوو باوكیشم زۆر دڵپیس بوو گومانی زۆری دەخستە سەر ئەو كوڕانە كاتێكیش لە ماڵ دەردەچوو دایكمی دەكردە جاسووس بەسەرمن و كەناری خوشكمەوە، رۆژان هاتن و رۆیشتن باوكم پیشەی بەننایی و دروستكردنی خانووبەری گرتەدەست ئیتر لە ترسی ئەو سێ كوڕە گەنجەی دراوسێمان باوكم دیواری حەوشەی وەها بەرز كردەوە بردی بە تاقی ئاسماندا بە رۆژی نیوەڕۆ حەوشەكەمان دەتگووت قەبرستانە تەنیا ئاسمانمان لێوە دیار بوو خۆر چ حەدی هەبوو لە وەرزی زستاندا بێتە ژوورەوە، رۆژێكیان جامی تەحەموولم پڕ بوو لێی رژا بە دایكم گوت توخودا دایكە ئەوە راستە ئەوەی باوكم بەرامبەر من و كەناری داماو دەیكات خوا رۆژ دەكاتەوە لەم سجنەداین هەتا ئێوارە، ئەوە من قەیدیناكا تاقێك دەچمە مەكتەب و تۆزێك هیچ نەبێ دونیا دەبینم بەڵام كەناری بەستەزمان باوكم هەر لە ئەوەڵەوە چارەڕشی كرد و نەیناردە مەكتەب ئێستاكەش وەك كوێر وایە راست و چەپی خۆی لێك ناكاتەوە ئەوەتا دایكە سەیری سیمای بكەیت رەنگی مردوویی قەبرستانی لێ نیشتووە، ئاخر دوایی ئەو كچە تووشی نەخۆشی نەفسی ببێت چی لێدەكەن، هەر كەسیش ئامادە نییە مارەی بكات شەهێن دەڵێت، بە دایكم گووت باوكم ئەگەر وا رقی لە كچ و مێینەیە با هەر لە منداڵیەوە هەردووكمانی زیندەبەچاڵ كردایە وەك ئەوەی نەفامەكانی زەمانی جاران دەیانكرد بەخودا سەدجار خۆشتر بوو لەم زیندانە، كە ئەم قسانەم كرد دایكم زۆر دڵی پێمان سووتا گوتی كچەكەم منیش لە بەرامبەر باوكتدا هیچم لەدەست نایەت ئەو زۆر دڵی پیسە بە قورعان سوێندتان بۆ دەخۆم زۆر جاران لەسەر ئێوە گوایە من چاودێریتان ناكەم و چاوتان لێ دەپۆشم، جنێوی سووكی پێداووم و ئیهانەی كردووم.
هەموو جار هەڕەشەی ئەوەم لێدەكات و دەڵێت من رۆژتا ئێوارە لە ماڵ نیم تۆ دەبێ شوانی ئەو كچانە بێت و نەهێڵی هەنگاوی غەڵەت هەڵبگرن گەر هەرشتێكیان بەسەر دابێت یان ببیستم عیلاقە و میلاقەیان هەبێ لەگەڵ كوڕ و كاڵدا قەسەم بەخودا سێ بەردەی تەڵاقت لەدەست دەنێم ئیتر كچەكەم بۆ گلەیی لەمن دەكەیت خۆت دەزانی بابت تووند تەبیعەت و دڵكرمنە و دونیا هەمووی بگۆڕێ ئەو هەر میكڕۆبی عەشایەری لەناو دڵ و مێشكیدا دەسووڕێتەوە، شەهێن بەردەوام دەبێت و دەڵێت: رۆژێكی تر تازە باوكم لەماڵ دەچووبوو بۆ كاركردن منیش بە قسەی خۆش چووم بە دایكم گووت با ئەمڕۆكە كەناریش لەگەڵمدا بێت بۆ مەكتەب و دوایی لەوێوە دەچین بۆ بازاڕ دایكم گووتی بە قوربانتان بم زوو بگەڕێنەوە، ئەگینا باوكتان بێتەوە و ئێوە لەماڵ نەبن یەكەم كەس من تێهەڵدان دەخۆم و پاشان ئیتر خراپیش بەسەر ئێوە دێنێت، ئەوە بوو من و كەناری خوشكم بەجووتە لە دوای تەواوبوونی دەوامی مەكتەب چووین بۆ بازاڕ، چووین بۆ دووكانی ئەو دراوسێیەمان كە سێ كوڕی عازەبیان هەبوو هەرسێ كوڕەكەشی لەسەر دوكانەكە بوون كە دوكانی جوانكاری كەمالیات بوو.
یەكێك لەو كوڕانە زۆر جوان و كەشخە بوو براگەورەی هەموویان بوو گووتی كەنار ئێمە چەندین ساڵە دراوسێی یەكترین بەڵام خوا حاجی خدری باوكت بگرێ كە نەمانتوانیوە یەكتری ببینین، ئەو پیاوە خوانەناسەی باوكتان ئێوە بە بەشەر نازانێ و حیساب بۆ دوا رۆژتان ناكات، ئەو كوڕە كە ناوی ئەحمەد بوو گووتی فرسەتێكی زۆر چاكە، كە دەمەوێ هەندێ قسەی دڵی خۆم هەیە بە بەرچاوی خوشكەكەتەوە پێتی بڵێم، ئەحمەد گووتی: من دەمەوێ ژن بهێنم جا هەرچەندە سەر دێنم و دەبەم كچێكی وەك تۆ جوان و رێك وپێكم دەست ناكەوێ زۆر موعجیبی تۆم جا نازانم باوكت تۆ دەدا بەمن یان رەفزم دەكاتەوە كەناری خوشكیشم هەڵیكێشا و گووتی كاك ئەحمەد من باوكم باوك نییە ئەژدهایە و ئەژدیهایەكی حەوت سەرە بەكەس چارەسەر ناكرێ، ئەو دیواری حەوشەی بردوە بە تاقی ئاسماندا تا سەرو سمای ئێوە نەبینێ ئێستا هیچ ناكات من دەدا بەتۆ ئەمە لە خەونێك دەچێت قەت نایەتەدی شەهێن دەڵێت منیش كە گوێم لەم قسانە بوو گوتم كاك ئەحمەد كەناری خوشكم راست دەكات، تۆ لە ماڵی ئێمەدا نیت و نازانی باوكم چ دۆزەخێكی بەردەوامی بۆمان هەڵخستووە، بەڵام گوتم كاك ئەحمەد قەیدیناكا تۆ مەترسە و شانس و بەختی خۆت تاقی بكەوە لەگەڵ ماڵەوەت وەرنە پێشەوە بەڵكو ئەمە خوایە باوكم دڵی نەرمبێت، ئەوە بوو ئەو ماڵەی دراسێمان شەوێك لە شەوەكان لە دەرگایان دا و هاتنە ماڵمان" بەڵام خۆزگە قەت نەهاتبان" هەر كە مەسەلەی داواكردنی كەناری خوشكمیان كردەوە باوكم وەكو سەگی هار بە روویاندا تەقیەوە، ئێوە عەیب ناكەن چاوتان بڕیوەتە نامووسی من جیران ودراوسێیەتی كەی وایە من هەر لە زووەوە دەمزانی ئەحمەد و كوڕە حەرامزادەكانی دیكەتان چاویان بڕیوەتە كچەكانم، بۆیە لە ترسان ئەم دیوارەی حەوشەم ئاوا بەرز هەڵچنیوە، بڕۆن یاڵا هەڵسن لە ماڵی من و ئیتر دوو پێتان نەیەتەوە بەم ناوەدا، شەهێن بەردەوام دەبێت لەسەر گێڕانەوەی بەسەرهاتی خێزانەكەیان و دەڵێت: دوای ئەم داخوازیەو ئیتر باوكم بە تەواوی كێچ كەوتە كەوڵییوە و بەڕاست و بە چەپ جنێوی پێدەداین و چەندین جاریش بە تووندی لە كەناری دەدا و دەیگووت هەبێ و نەبێ هەر پەیوەندیت هەیە لەگەڵ ئەو هەتیوە بۆیە هاتۆتە داخوازیت ئیتر هەمووی مانگێكی پێ نەچوو، باوكم خانووەكەی كەركووكی فرۆشت و ماڵمان باری كرد بۆ دووزخورماتوو، ئەوەبوو كە هاتینە دووز باوكم بە پەلە كەناری خوشكمی دا بە شوو ئەویش بە پیاوێك 18ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو، باوكم زۆر زاڵمانە دەیگوت من ئێوە نادەم بە گەنج و لاوی نەفام، ئەم جۆرە پیاوانە باش و دونیادیدەن، ئەوە بوو كەناری خوشكم هەمووی شەش مانگ لای پیاوەكەی نەبوو بەهۆی نەگونجانە و پیاوەكەی تەڵاقی دا و دیسانەوە هاتەوە ماڵی باوكم و تائێستاكەش هە بە بێوەژنی و چارەڕەشی ژیان دەباتە سەر و كەسێكی واشیاوو نییە ژیانی هاوسەرگیری بۆ دروستكاتەوە.
ئەو خۆشەویستەی خۆمم بۆی دۆڕاند
شەهێن بەردەوام دەبێت و دەڵێت: دوای ئەوەی من قۆناغی ئامادەییم تەواوكرد ساڵی 2006ناوم لە زانكۆی كەركووك دەرچوو باوكم زۆر رێگر بوو لەبەردەم ئەوەی كە من بچمە زانكۆ دەیگووت قەت ویژدانم رێگەم نادات كچ بنێرمە ئەم شار و ئەو شار چونكە هیچ متمانەیەكم لەسەر كچ نییە و زەعیفەن و زوو فریو دەخۆن بەڵام خاڵە رەحمانم كە پیاوێكی قسەزان و رۆشنبیربوو گوتی: ئەوە بەراستتە حاجی خدر شەهێن وەك هیچ كچێكی تر نییە ئەو تابڵێی كچێكی مەردە و هەر حیساب بۆ پیاو ناكات وازی لێبێنە با بڕوا خوێندنەكەی تەواو بكات بەڵكو ئەمە خوایە لە دوارۆژدا كەسێكی دەست رەنگینی لێ دەرچێت و سەری هەموومان بەرز بكاتەوە. ئیتر بەم قسانە باوكم قەناعەتی هێناو منیش بەخۆشی خۆشی دەستمكرد بە خوێندن، بەڵام باوكم دەیگووت نابێ لە ماڵان و بەشی ناوخۆیی بمێنیتەوە دەبێ هەموو رۆژێك هاتوچۆ بكەیت، ئەوەبوو لە بەدبەختی و چارەڕەشی من، جاسمی ئامۆزام كەرقی دونیام لێیبوو شڕەتاكسیەكی هەبوو لە هێڵی نێوان كەركووك و دووزكاری دەكرد ئەم ئامۆزا ناحەزەم كە باوكم زۆر خۆشی دەویست وەختی خۆی زۆر داوامی كرد بەڵام من شووم پێی نەكرد جاسم چوو ژنێكی تری هێنا هەمووی ساڵێك بەلایەوە نەبوو لەگەڵ یەكتردا نەگونجان و تەڵاقی دا، بۆیە كە ژنەكەی تەڵاقدا دووبارە مەیلی پیسی هاتەوە سەر من منیش دەمگووت ئەگەر تۆ راست دەكەی بۆ ناچی كەناری خوشكم بخوازی ئەو بێوەژنە و تۆش بێوە پیاوی چیت لەمن داوە منیش بۆ خۆم دەمەوێ ژیان لەگەڵ گەنجكی هاوپۆل و هاوشانی خۆمدا هەڵبژێرم، بەڵام جاسمی ئامۆزام هەرگیز ئەو قسانەی بە گوێدا نەدەچوو، دەیگووت هەتا پێیمكرێ داوا لە حاجی خدری مامم دەكەم كە تۆ بدا بەمن، بەڵام من هەموو جارێك جاسمم تەریق دەكردەوە و دەمگووت تۆیەكی نەخوێندەواری عەشایری و منێكی قوتابی زانكۆ كوجا مەرحەبا، بەڵام ئەو هەرگیز وازی نەدەهێنا كە لە زانكۆی كەركووك وەرگیرام ئیتر ناچار بووم بۆ هاتووچۆكردن بەشڕە سەیارەكەی ئەو بچمە زانكۆ و نیوەڕۆیان بگەڕێمەوە، ئیتر بەم شێوەیە هەموو رۆژێك دەبوایە بەناچاری تا لە دووزەوە دەچووم بۆ زانكۆ لە كەركووك دەبووایە دوو بە دوو لەگەڵ جاسمدا بهاتبام ئەویش لە رێگادا هەزار قسەی پوچ و بەلاشی دەكرد و هەمووكات ئەوەی دووپات دەكردەوە كە دەبێ بە زووترین كات زەماوەند بكەین و یەك دوومنداڵیشمان ببێت، شەهێن دەڵێت من زۆر گاڵتەم بەقسەكانی جاسم دەهات و قەت رۆژێكیش لە رۆژان تەسەورم نەدەكرد مێرد بە كەسێكی وا ناحەز بكەم رۆژان هاتن و رۆیشتن ساڵی یەكەمی زانكۆم تەواو كرد لە ساڵی دووەمی زانكۆدا كوڕێكی هاوپۆلی خۆم ناسی بەناوی فەرهاد ئەو كوڕە زۆر چووە دڵمەوە حەزم دەكرد لەگەڵیدا پەیوەندیم هەبێ، ئیتر رۆژدوای رۆژ پەیوەندیمان گەشەی كرد ئەو داوای ئەوەی لێكردم كە زانكۆم تەواو كرد مێردی پێ بكەم منیش بەڵێنیم پێدا ئەوە بوو وەك دوو عاشقی یەكتر هەرگیز بێ یەك نەدەژیاین، ئەو فەرهادە زۆر خەفەتی دەخوارد و غیرەی لێم دەكرد كاتێ من هەموو رۆژێ دوای دەوام لەگەڵ جاسمی ئامۆزامدا سواری سەیارەكەی دەبووم، بەڵام من پێم دەگووت: مەترسە فەرهاد، دڵی من هەر تەنیا جێگەی یەك فەرهادی تێدا دەبێتەوە.
رۆژێكیان كە دەوامی زانكۆم تەواو بوو تەلەفۆنم بۆ جاسم كرد گوتم وەرە شوێنم، ئەویش گووتی ئەمڕۆكە ناتوانم بێم وا بەرەو سلێمانی دەڕۆم، هەر خۆت بە پاسەكان بە نەفەرات بچۆرەوە فەرهاد ئەوكاتە لە تەنیشتمەوە راوەستابوو گووتی: بەڕاستی پێم خۆشە ئەمڕۆكە ئەو رەزاگرانە نایەتە شوێنت من بەسەیارەكەی خۆم دەتبەمەوە، هەر چەندە من گوتم فەرهاد گیان نابێ و باش نییە ئێمە بە تەنیا بە یەكەوە بین و شەیتان زەفەرمان پێدەبات بەڵام ئەو گووتی دەبێ هەر بتبەمەوە.
ئەوە بوو پێكەوە بە رێكەوتین لە كەركووكەوە بەرەو دووز، بەڵام جاسم لە تەلەفۆنەكەدا درۆی لەگەڵ كردبووم بەڵكو لە دەرەوەی كۆلیژەكە موارەقەبەی كردبووم تاكو بزانێ لەگەڵ چ كەسێكدا هەڵسوكەوتم هەیە ئەوە بوو بە سەیارەكەیەوە دوور و نزیك دوای سەیارەكەی فەرهاد كەوتبوو، ئەوە بوو كە من و فەرهاد گەیشتینە نیوەی رێگا لە شوێنێكی چۆڵەوانیدا فەرهاد لە جادە گشتییەكە لایدا و كەوتە سەر رێگایەكی خۆڵ، گوتم فەرهاد ئەوە چی دەكەی بیكە بە خاتری خوا گووتی كچێ مەترسە هەر كەمێك پێكەوە پیاسە دەكەین و رادەبوێرین، ئەمە فرسەتێكە و دووبارە نابێتەوە گووتم ئاخر باوكم بزانێ هەر بەچەقۆ سەرم لە لاشەم جیا دەكاتەوە.
ئا لەو ساتەدا فەرهادی ناپاك سەیارەكەی راگرت و ویستی دەستم بۆ ببات من قیژاندم، تا توانی شەقەزلەیەكی لێدام و گووتی ئێستا خۆم دەزانم چیت بەسەر دێنم، ئا لەو قسانەدا بووین سەیارەیەك لە دوور هات، فەرهاد لە ترسان لە سایارەكەی خۆی منی فڕێدایە خوارەوە و سواری سەیارەكەبوو بۆی دەرچوو منیش زۆر گریام و هاوارم كرد بەجێم مەهێڵە فایدەی نەبوو، ئەو سەیارەكەی تریش هەر لێم نزیك دەبوەوە، كە زیاتر هاتە پێش سەیرم كرد جاسمی ئامۆزامە، دابەزی لە سەیارەكە و گووتی توخودا داناڕزێی بمری باشترە تۆ تەلەبەی جامیعەی چۆن بەدەستی ئەو سەگبابە هەڵخەڵەتای خۆ من نەبوومایە كار لە كارترازابوو، بۆكوێ دەچێت هەر دەیدۆزمەوە سەركەوە لە گەڵمدا هەی داوێن پیس، شەهێن دەڵێت: كە جاسم وای پێی گوتم دەستم بەگریان كرد و گووتم من هیچ گوناهم نییە من چوزانم ئەو ناپاكە دەیەوێ خیانەتم لێ بكات جاسم گووتی من ئەو شتانە نازانم تەنیا بەیەك شەرت بە باوكت ناڵێم كەشووم پێ بكەی ئەو وەخت من ئەو نهێنی و ئابڕووچوونەت دەپارێزم، ئەوە بوو منیش لە ترسی باوكم كەنابادا بمكوژێ بە ناچاری مێردم بە جاسمی ئامۆزام كرد ئەویش نهێنییەكەی لای خۆی پاراست، فەرهادیش بە یەكجاری وازی لە زانكۆ هێنا بەڵام من كە ئەوە ماوەی دوو ساڵە مێردم بە جاسم كردووە تەنانەت بەقەد یەك زەڕە لای بەختەوە نەبوومە و هەرگیز خۆشم ناوێت من ئێستا دوومنداڵم لێی هەیە، بەڵام خۆزگە منداڵم لەسەگ بوایە نەك جاسم، من تەنانەت بۆ یەكە جاریش هەستم بە چێژ نەكردووە لەگەڵ ئەو پیاوەدا، بۆیە چاوەڕێمە رۆژێك لە رۆژان هەر تەڵاقی خۆم لێوەرگرم و لێی جیا ببمەوە، چونكە ژیانی من لای ئەو پیاوە بێ مانایە، و ئەگەر تەڵاق وەرنەگرم لەوانەیە بۆشاییە عاتیفییەكانم بە رێگای تر پڕ بكەمەوە و تووشی خیانەتی گەورە بم لە دەرەوەی خێزاندا.
دەرەنجام
سەبارەت بەم رووداوە خاتوو (دڵگەش خالید) توێژەری كۆمەڵایەتی وەها قسەی بۆ كردین:
ئەم رووداوە شتێكی ناوازە و دەگمەن نییە و چەند كەرەتی تر و بەشێوەی تر لەپێشدا روویداوە و گۆشەگیركردنی لە چوارچێوەی ماڵ و داب ونەریتی عەشایەریدا و هەروەها رێگرتن لەوەی هاوسەری ژیانی بەدڵی خۆی هەڵبژێرێ ئەمانە سەرجەم دەبنە فاكتەرێكی گەورە بۆ ئەوەی كچان راستەڕێ نەگرن و سەریان لێ بشێوێ، ئەو باوكەی كە كچی گەورەی خۆی بەناوی كەنار كردە قوربانی و دای بە پیاوێكی بەتەمەن، ئەم رەفتارەی وایكرد كە كچی دووەمی بەناوی شەهێن بترسێ هەر زوو بێ بیركردنەوەی عەقڵانی كوڕێك هەڵبژێرێ بەناوی فەرهاد، ئەمە چییە چونكە هاوتەمەنی خۆیەتی، بەڵام لەو هەنگاوەیدا فەشەلی هێنا چونكە كوڕەكە خیانەتی لێكرد و ئەو كەسە نەبوو ئەو خۆشەویستە راستەقینەیە نەبوو كە ئەم هەڵیبژارد.
هەر ئەویش وایكرد كە جاسم داشی سوار بێت و شەهێن ناچار بكات كە مێردی پێ بكات، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین گەر هەر شتێك زۆر ببێ خۆشەویستی و خۆشویستنی كەسێك بە زۆر ناچەسپێت هەر بۆیە ئەمڕۆ دوای دووساڵ زەواجكردن و دوای دوومنداڵ كەچی هێشتا شەهێن دەڵێت من بەختەوەر نیم و دەمەوێ جیا ببمەوە دیارە ئەم ئافرەتە هەست بە بۆشاییەكی زۆری سێكسی و عاتیفی دەكات بۆیە دەڵێت: (دەترسم تووشی خیانەت بم) لە كۆتاییدا دەڵێم دڵپیسی و دواكەوتوویی باوكی شەهێن و خیانەتی فەرهاد دوو فاكتەری گەورەی نەهامەتیەكانی شەهێنن، كە ئەو كچەیان بەرەو هەڵدێر برد
Views: 832 | Added by: kurdsh | Rating: 0.0/0
Total comments: 0
Only registered users can add comments.
[ Registration | Login ]
Tag Board
200
Our poll
بابه‌ته‌كانی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌مانت بیَچوونه‌
مجموع الردود: 100
Statistics
Search
Calendar
«  نوفمبر 2008  »
إثثأرخجسأح
     12
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
Entries archive
Site friends
  • Create a free website
  • Copyright MyCorp © 2024 | تستخدم تكنولوجيا uCoz